په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٩\٢٠١٠

وا پێدەچی ئەمەریکا و ئێران

لە سەر بەڕێکردنی مالیکی ڕێککەوتبن.

مەهدی کاوانی   


جێگری سەرۆکی ئەمەریکی جۆزیف بایدن لە بەغدا بوو و سەردانی یەکە یەکەی کوتلە براوەکانیشی کردووەو لە هەولێریش سەرۆکی هەرێمی بەڕێز مەسعود بارزانی بینیوە . ئەو زیارەتەی بایدن لە ئان و ساتی بەڕێکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکیە لە عیڕاق لە گەڵ هەول و تەقەلاکانی بۆ پێک هێنانی حکومەتی عیڕاقی . دیارە ئەو بەڕێزە بۆ هەمان مەبەستی پێک هێنانی حکومەت ، چەند هەفتە لەمەو بەر هەمدیسان سەردانی عیڕاقی کردبوو بەڵام وا پێدەچی ، ئەو جارەیان بڕیاری تەواوی واشنتۆن و تارانیشی لە مەڕ ئەو پێک هێنانە حکومیە پێ بێ . وەک هەندێ سەرەداوی جۆری ئەو پێکهێنانە حکومیە خۆی گەیاندبێتە ناو ڕاگەیاندنەوە بەوەی کە ئەمەریکاو ئێران لە سەر ئەوە ڕێک کەوتوون کە مالیکی پۆستی سەرەک وەزیرانی دووبارە پێ بدرێتەوە ، بەڵام حکومەتەکە تەوافقی دەبێت و دەشبێت ڕیز لە دەرئەنجامی هەلبژاردنەکان لە ناو ئەو پێکهێنانە حکومیە بگیرێت .


ئۆبامە لە میانەی پیشوازی کردنی لە گەڕانەوەی هێزەکانی بۆ خاکی ئەمەریکا ، ئەوەی ڕاگەیاند کە ئێمە ئەرکمان وەک هێزێکی شەڕکەر لە عیراق کۆتایی هاتووەو ئەو ٥٠ هەزار سەربازەی کە هێشتوتیشمانەوە ، تەنیا بۆ مەشق پێکردنی هێزەکانی عیڕاق و هەندێ کاری لوججستیو تەنسیقی ئەمنیەوە دەبێت ، دەبێ لە کۆتایی ساڵێ ٢٠١١ خاکی عیڕاق بەجێ بهێلین . یارمەتی دانیشمان بۆ عیراق هەتا هەتایەو داکۆکیشیان لێ دەکەین لە هەر کارێکی مەترسیدار . بەشێک لە ئاخاوتنەکانیشی باس لە مەلەفی ئەفگانستان دەکرد کە ئەو وڵاتە پێویستی بە ناردنە ناوەوەی زیاتری هێزەکانمان هەیە .


ئەو پەیوەندیە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤانەی ئەمەریکاو ئێران وەک گەمەی شەترەنجی لێ هاتووەو زەمەنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەردو شەڕی ئەمەریکا لە ئەفگانستان و عیڕاق .


ئێران گلۆپی سەوزی بۆ هاتنە ناوەوەی ئەمەریکی لە ئەفگانستان وعیڕاقیش پێ کرد و لەو سەردەمیشەوە تاوەکو ئێستا ئەو دوو وڵاتە لە ناو گەمەی دژایەتی کردنی یەکترو هاوکاریە ئاشکەراو نهێنیەکانیانن ، هەردوکیان نە پێک دەکەن و نە لێکیش دەکەن . کە سیاسەتەکانی ئۆباماش وەک بۆشی پێشتر هەندێ جودایی تێکەوتووە لە گەڵ ئەو قەیڕانە ئابووریە کوشندەیەی ئەمەریکی ، زیاتر کەفەکە بەلای ئێران دا دەکەوێ کە ئەمەریکا بە ناچاری دەبێ زۆر شتی لێ قبوڵ بکا .


ئەمەریکا هەرچی کردی کردی و بەردەوامیشە لە سەر گوشار بۆ دروست نەکردنی چەکی نەوەوی ئێران و لە بەرامبەریشدا ئێران گوێی پێ ناداو لە گەڵ ڕوسیاو چینیش ، گرێبەست لە دوای گرێبەست لە بواری نەوەوی وپیشەسازیە عەسکەریەکان و بازرگانیەکان دەبەستێت .


ئەمەریکا زۆر هەوڵی ئەوەی دەدا کە کارتێکردنی ئێران لە کاروباری عیڕاق کەم کاتەوە ، بەڵام ئێران زیرەکانە مامەلەی لە گەڵ بارەکە کردو توانی لە ڕێگای بەکار هێنانی نفوزی شیعە لە عیڕاق وهاوپەیمانێتی درێژخایەنی لە گەل سوریاو حیزبو للە نەک هەر تەنیا ئاگرە سوورە لە خۆم بەدوورە بکات بەلکو توانی کارتێکردنەکانی قاعیدەش لە عیڕاق و ناوچەکەش بە قازانجی خۆی وەری چەرخێنێتەوە . ئەو ئێرانەی کە ئەمەریکیەکان لە قاعیدەش زیاتر بە مەترسی دەزانن لە دژی بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەکە ، ئێستاکە دەیەوێ بیکات بە شەریکە بەش لە بەڕێوەبردنی عیڕاق ، شتی وەها زیاتر ئەو مانایەت دەداتە دەست بەوەی ئەگەر هەبیت هەیت و دەشخوێندرێیەوە .


دیسان ئەو گرژیەی لە نێوان کوردو سوننەی عەرەبی دایە ، هەم دیسان بارەکەی ئێران پێیەوە دەچێتە پێشەوە . ئەمەریکا ئەوەی کردی لە دژی ڕژێمی پێشوو لە داڵدەدانی ئۆپۆزسیۆن و ڕێک خستنی ، کردی ، کەچی شتێکی ئەوتۆیان بۆ مجاهدینی خەلق و کوردی ئێران و بەرەی ئۆپۆزسیۆنیان نەکرد . بە کورتیەکەی ئێران لە سەر ناوەندێک دابەش بووە ، زۆربەی شتەکان بە قازانجی خۆی دەکەوێتەوە ، کوردو عەرەبی سوننە لە گەڵ یەکتری ناڕێکن ، کارە تیڕۆڕستیەکانی قاعیدەو توندڕەوی ئایینی ، پشێوی لە ناوچەکە دروست دەکات و پێیەوە پەنا بۆ ئێران دەبردرێ . ئەمەریکا کە ناتوانێ قاعیدەو تالیبان لەبەر یەک دەربێنێ ، بە هۆیەوە پێویستی بە ئێرانەوە دەبێت . تورکیا کە لە دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا کارو کاردانەوە دەکات ، پێیەوە ئەمەکەی یەکەم ناچار دەبێت بۆ ئێران شل کات . ئێرانیش لە ناوچەکە هاوکاری هەموویان دەکات و هەمووشیان دەگەزێنێ .


دیموکراتەکان و ئۆباما شەڕی هەلبژاردنی کۆنگریسی ئەم ساڵ و خولی دووبارە هەلبژاردنەوەی ئۆبامایان لە پێشە کە دەبێ بۆ دووساڵی تر بکرێ . ئەوان پێیان وایە ئەگەر شەراکەتی ئێران لە بەڕێوە بردنی عیراق بەڕێوە بەرن ئەو کات ئێرانیش لە دژی تالیبان و قاعیدە دەستباریان بۆ دەگرێ و لە ڕێگەیەوە کارئاسانیەک لەو دوو وڵاتە بۆ ئەمەریکیەکان دروست دەبێ . ئۆباما زۆر بە راشکاوییه‌وه‌ لە لێدوانەکەی لە بەردەم سەربازە ئەمەریکیە گەڕاوەکان دەیگۆت بارمان لە ئەفگانستان زەحمەتە . ئەو لێدوانەی زیاتر ئەو مانایە دەگەیەنێ ، ئەگەر لە گەڵ ئێران ڕێک نەکەوین لە ئەفگانستان و عیڕاقیش دەدۆڕێنین وکۆماریەکانیش هەلبژاردنمان لێ دەبەنەوە .


بە بۆچوونی خۆم توا نست و نەتوانستی مالیکی لەو خولە زیاتر پابەند دەبێ بەچۆنیەتی دابەش بوونی دژەکانی لە لیستی ئەیاد عەلاوی وکوتلەی سەدرو تا چەندیش مامەلە کردنەکانیان لە گەڵ لیستی کوردان ، دەرئەنجامی باشی لێ دەکەوێتەوە . لە هەردوو خولی پیشتری جەعفەری ومالیکی هیچ بەرەوپێشەوە چوونێک لە دۆزی کوردان بەدی نەکرا و بە قەناعەتم بۆ ئەو خولەش ئەگەر کوردەکان لە خۆیان نەپێچنەوە ، هەروا دەمێننەوە . ئەیاد عەلاوی ئەگەر پۆستی سەرۆکی حکومەتیشی نەدریتێ ، پۆستی سەرۆک کۆمار یان ئەمنی قەومی دەدرێتێ وهەمیشە لە تواناشی دا دەبێت هەستی کوتلەکانی تر لە بابەت سەدرو بگرە کوردەکانیش لە دژی مالیکی ببزوینێ . لیستی کوردەکان ئەگەر حیواری ئاشتیانە لە گەڵ سوننەکان و نزیک بوونەوەیان لە عەلاوی و ئەمو ئەویتر لە پێناو ئەوەوە بێت کە مادەی ١٤٠ بە ئامانج بگەیەنن ، لە قازانجیانە . ئێستاکە لە هەموو کاتی زیاتر، ئەمەریکیەکان پێویستیان بە کوردەکان هەیە بۆ ڕاگرتنی تەوازنیان لە بەرامبەر بە شیعەکان . ئەگەر لە گەڵ سوننەکانیش بەباشی بەڕێبکەون لە ڕیگایەوە هاوکێشەکان مەعقولیەتێک بەخۆوە دەگرێ . مەسەلەی کەمبوونەوەی کارتێکردنی ئێران لە کاروباری عیڕاقەوە ، پابەندە بە نێوانی کوردو سوننە . بە مەزندەی من زۆری هەول و تواناکانی ئێران بۆ ئەوەیە کە کوردو سوننە نێوانیان باش نەبێت و بە پیچەوانەشەوە ئەمەریکیەکان هەولی باش بوونی نێوانیان دەدەن . لە حالەتی باشبوون دا کارتێکردنی ئێران بە سەر عیڕاق کەمتر دەبێت وە بە خراپ بوونیشی بەپیچەوانمەوە دەبێت . ئێستاکە و لە هەموو کاتەکان زیاتر ئێران پەیوەندی باشێ لە گەڵ یەکیەتی و پارتی و دەسەڵاتی کوردیەوە هەیە و لە ڕێگەشیەوە نیگەرانیەکی لە ناوەندی سونەو وڵاتانی عەرەبی دروست کردووە . بە مەزندەی من ئەو کاتانە مادەی ١٤٠ بەرەپێشەوە چوون بەخۆوە دەگرێ کە نێوانی کوردو سوننە باش بێتو حیواری کورد و جیهانی عەرەبیش پێشکەوتنی باش وەدەست بێنێ .


2\9\2010
ماڵپه‌ڕی مه‌‌هدی كاوانی