٧\٩\٢٠١٣
واقیعی کورد لە
ئەرمەنستان.

رەمەزان کەریم*
- بەشی دووەم -
کوردەکانی ئەرمەنستان کە زیاتر لەلادێ دەژیان، بەدرێژایی دەیان ساڵ
لەژێر ھەلومەرجی سەختی ئابووریو کۆمەڵایەتیدا، برسێتیو نەھامەتییان
چەشتووە. سەرەڕای ئەوەی لەسەدەی ١٩ھەمدا کوردەکان لەناوچەکانی (ئەلیکساندراپۆل،
شەرور-دەرەلەز، نەخجەوان، نۆڤۆبایازیت)ی سەر بەئەیالەتی یەریڤان ژیانی
نیشتەجێیان دەبردەسەر، بەڵام لەقەزاکانی یەریڤان، ئەچمیەدزینو سورمەلی
ژیانێکی نیوە کۆچەرییان ھەبوو و بەئاژەڵدارییەوە سەرقاڵ بوون.
ئەو کوردانەی ژیانێکی جێگیریان ھەبوو، ٤٠٪یان
خاوەنی بەرھەمی خۆیان نەبوون. بەشێوی وەرزی، لەسەر زەویو زاری
ئەرمەنییەکان بەکرێ کاریان دەکرد. لەگوندەکانی «کوچو جەنگی (سەنگەر)،
پامپا کورداو میراک»ی سەر بەقەزای ئەلیکساندراپۆل، نزیکەی ٢٠٪ی
کوردەکان مەڕو ماڵاتیان نەبوو. ئەم دۆخە وای لێکردبوون کە لەناوچەکانی
تر بەشوێن کاردا بگەڕێن. سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، کۆڵانو شەقامەکانی
یەریڤانو تبیلیس پڕبوون لەکرێکاری کورد. میللەت بێ پەروەردە بوو،
لەڕووی خوێندەوارییەوە لەدۆخێکی زۆر دواکەوتوودا بوون. بەرەبەری جەنگی
یەکەمی جیھانی، لەئەیالەتی یەریڤان کە ژمارەی کوردەکانی دەگەیشتە ٤٠
ھەزارو ١٥٩ کەس، تەنھا لەدوو گوند خوێندنگەیان ھەبوو.
لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمیشدا، کوردەکان لەڕووی کۆمەڵایەتیو
سیاسییەوە ھیچ جۆرە گەرەنتییەکیان نەبوو. کوردەکان کە بەگشتی وەکو
کۆچەر دەژیان، بەھۆی زەختو زۆری دەرەبەگە خۆجێییەکانو نەتەوەپەرستی
ئەرمەنی کە بەخێرایی پەرەی دەسەند، بەردەوام ناچار دەبوون جێگۆڕکێ بکەن.
لەلایەکی دیکەشەوە، بەدواداچوونەکانی تورکیاش کۆتایی نەھاتبوو. لەگەڵ
پەیمانی برێست-لیتۆڤـ لە ٣ی ئاداری ١٩١٨، ھەندێک لەو خاکانەی کە
روسەکان لەتورکەکانیان سەندبوو، گەڕێنرایەوە. بەمجۆرە، گوشارێکی نوێ
لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر ئەو خەڵکە ئەرمەنیو کوردە ئێزدییانە دەستی
پێکرد کە نیشتەجێی ئەو خاکانە بوون. ساڵانی ١٩١٨
- ١٩٢٠ کە سوپای تورکەکان بەشێکی
خاکی ئەرمەنستانیان داگیر کرد، لەناو کوردەکانی قەزای ئەلیکساندراپۆل
پیاوەکانیان گرتو رایانگواستن بۆ تورکیا. تەنھا لەگوندی «کوچوک پامبا
کوردا» نزیکەی ٨٠ کوردیان راگواست کە دواتر چەند کەسێکیان توانی
بگەڕێتەوە.
لەئەرمەنستان، لەسەردەمی دەسەڵاتی حزبی «داشناک» -
١٩١٨ تا ١٩٢٠، ئەو مافە سیاسییانە درایەوە بەکوردەکان کە لەلایەن
حکومەتی «چار»ەوە (١٨٦٩) لێیان زەوت کرابوو. نوێنەرێکی کوردەکان بۆ
پەرلەمانی کۆماری ئەرمەنستان ھەڵبژێردراو ژمارەیەک کورد پلەی سەربازیی
بەرزیان پێدرا. ئەو یەکینە سەربازییە خۆبەخشانەش کە لەکوردەکان
پێکھاتبوو، خرایە ژێر فەرماندەیی خودی کوردەکانەوە.
_______________
*
کوردی سۆڤێتی پێشوو.
__________________________________
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/waqihikyrdlee1.htm
٣\٩\٢٠١٣
ماڵپەڕی رەمەزان کەریم
|