٢٨\٨\٢٠١٣
واقیعی کورد لە
ئەرمەنستان.

رەمەزان کەریم*
- بەشی
یەکەم -
دەستەواژەی «کوردەکانی ئەرمەنستان»، وەکو
پێناسەکردنی «کوردەکانی ئازەربایجان»، «کوردەکانی جۆرجیا» و «کوردەکانی
سۆڤێت»، دوای دامەزرانی حکومەتی سۆڤێت، لەقەفقاس سەریھەڵداوە.
لەسەردەمی ئیمپراتۆریی روسیا، دانیشتوانە رەسەنەکەی ئەو خاکانە وەکو
«کوردەکانی ژێر دەسەڵاتی روسیا»، «کوردەکانی قەفقاس»، «کوردی
ئەیالەتەکانی یەلیزاڤێتپۆل، یەریڤانو تبیلیس» دەناسران.
بەڵگەی مێژوویی تێروتەسەل لەبەردەستدان سەبارەت بەوەی کە چەندین ھۆزی
کوردی جیاواز لەنێوان سەدەی ١٠ بۆ ١٢ دا لەسەر خاکی ئەرمەنستانی ئێستا
ژیاون.
پێش زایینو دواتریش، لەسنووری دەوڵەتی ئەلبانیدا کە بەشێک لەخاکی
ئەرمەنستانیشی دەگرتەوە، کوردەکان ھەر لەو خاکانەدا بوونو دەوڵەتی
میخرانیش کە دەوڵەتێکی کوردی بووە (سەدەی ٦ بۆ ٧) ناوچەکانی نەخشەوانو
زەنگەزوری لەخۆگرتووە. کاتێک ھەموو ئەمانە دێنینە بەر چاوی خۆمان،
دەزانین کە مێژووی کورد لەسەر ئەو خاکانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی زۆر
کۆن. دەمارێکی کوردی کە لەچیای ئاگری-یەوە دەست پێدەکاتو تاکو گەنجە
درێژ دەبێتەوە، پاشان لەناحیەکانی ڤەدیو ئاڕاڕاتی ئەرمەنستانەوە
تێدەپەڕێتو دەگاتە قەزای زەنگەزووری ئەمڕۆ، ئەوە کوردستانی سوورەو
دەیسەلمێنێت کە کورد لەسەر خاکی ئەرمەنستانی ئێستا، مێژینەیەکی کۆنیان
ھەیە.
کوردەکان لە سەدەی ١٩ھەمدا، لەو قەزایانەی ئەرمەنستان نیشتەجێ بوون کە
سەر بە ئەیالەتی یەریڤانی کۆنن: «شەرور-دەرەلەز، ئەلیکساندراپۆل،
نەخجەوان، نۆڤۆبایەزید، یەریڤان، ئەچمیەدزین و سوورمەلی».
بەھۆی پێشکەوتنە سیاسیو سەربازییەکانی ناوچەکە، کوردەکان لەنێوان
ئەرمەنستانو کوردستانو ناوخۆی وڵاتیشدا کۆچی بەکۆمەڵیان زۆر کردووە.
لەئەنجامی ئەو کۆچانەدا، ساڵی ١٨٣٠ لەئەرمەنستان ١٥ ھەزار و ٢١٥ کەس
(٩.٤ی ژمارەی گشت دانیشتووان) کورد بوون، لە ١٨٥٠دا ئەو ژمارەیە
دابەزیوە بۆ ٨ ھەزار و ٨٩ کەس (٣.٤ی ژمارەی گشت دانیشتووان). بەم
ئامارەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ٧ ھەزارو ١٢٦ کورد لە جێی خۆیان نەماونو
کەم بوونەتەوە.
دوابەدوای شەڕی کڕم (١٨٥٣-١٨٥٦) و شەڕی روس - تورک (١٨٧٧-١٨٨٨)،
کوردەکان لەو جوگرافیایە ژمارەیان بەرز بۆتەوە. کوردە ئێزدییەکانیش
بەھۆی موسڵمان نەبوونیانەوە، لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە زەختو
زۆرێکی زۆریان لێکراوەو خێرا بەرەو قەفقاس کۆچیان کردووە. بەتایبەت
لەساڵی ١٨٨٥دا ژمارەی ئەو ھۆزە کوردانەی کە لەدەست عوسمانییەکان
رایاندەکردو بەرەو قەفقاس دەڕۆیشتن، زۆر زیادی کردووە. سەرەتاکانی
سەدەی بیستەم، ئیمپراتۆریی روسیا لەقەفقاس ٦٥ ھۆزی کوردی لەخۆ گرتبوو.
لە نێوان ساڵانی ١٩١٤-١٩١٨ لە تورکیا چەوساندنەوەی ئەرمەنییەکان دەستی
پێکردو ئەم زوڵمو زۆرە کوردە ئێزدییەکانیشی گرتەوە. لەو ساڵانەدا، ئەو
کوردە ئێزدیانەی کە لەعەنتاب، قارسو وان-ەوە رایانکردبوو، لەگەڵ
ھاوڕەگەزەکانیان لەقەفقاس یەکیانگرتەوە.
لەسەرەتاکانی سەدەی نۆزدەھەم، لەویلایەتی ئەرمەنستان ژمارەی کوردەکان
دەگەیشتە ١٠ ھەزارو ٧٣٧ کەس، لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەھەمدا، ئەو
ژمارەیە گەیشتبووە ٣٦ ھەزار و ١٨٨ کەس.
بەگوێرەی ئەنجامی سەرژمێرییەکانی سنووری ئیپراتۆریی روسیا لەساڵی ١٩٠٣،
لە کۆی ٣٧ ھەزارو ٦٨ کوردی ئەیالەتی یەریڤان، ١٥ ھەزار و ١٥٢ کەسیان
لەسوورمەلی، ٦ ھەزار و ٤٦١ کەسیان لەئەچمیەدزین، ٣ ھەزار و ٩٦٢ کەسیان
لەئەلیکساندراپۆل، ١١ ھەزارو ٤٩٣ کەسیان لەقەزاکانی یەریڤان،
نەخجەوانو شەرور-دەرەلەز نیشتەجێ بوون. بەگشتی ٣٠%ی کوردەکان
دانیشتووی رەسەن بوون و ٧٠%ی کۆچبەر بوون.
_______________
*
کوردی سۆڤێتی پێشوو.
٢٧\٨\٢٠١٣
ماڵپەڕی رەمەزان کەریم
|