په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٢\٢٠١٤

واشەنتۆن ئاخری گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە کێ پشتگیریی قاعیدە دەکا!


وشەجاڕ        


کاتێ وەزارەتی دارایی ئەمەریکا لە سەر دەستوەردان لە کار و باری سوریا لە ڕێگای لقێکی سەربازیی قاعیدە (داعش) و نوێنەریی فەرمیی واتە "یاسین السوری"یەوە، پەتی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئێرانی توندتر کردەوە، هەموان واق و وڕ مان! وەزارەتی خەزێنە و دارایی ئەمەریکا سەلماندی کە چۆن سەرمایەی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارە نەزانە کوەیتییەکان سەرەتا دەگاتە دەستی "السوری" لە ئێران و لەوێوە بۆ سوریا دەگوازرێتەوە!


ئەگەر زۆربەی موسوڵمانە سوننییەکان بە ڕاستی و حەقیقەتی پێوەندیی نێوان ئێران و قاعیدەیان بزانیایەت، ئەو گروپە زۆر زووتر و خێراتر دەفەوتا و ئەوەی کە لە چەن حەفتەی ڕابردوودا بە سەر گروپی تیرۆریستیی «دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام»، واتە (داعش)ی سوریادا هات، پێمان دەڵیت کە دەکرێت قاعیدەیش هەر بەو شێوەیە بە ئاسانی بفەوتێندرێت و بسڕدرێتەوە.


بڕێ لە سوننییە توندڕەو و بناژۆخوازەکان وادەزانن کە داعش گروپێکی قارەمانە و لەگەل هێزەکانی ئەسەددا شەڕ دەکات، بەڵام لەم دواییەدا کۆمەڵێک لە مێدیاکان بە بەڵگەوە سەلماندیان کە داعش گروپێکی تیرۆریستی بێ ئابڕووی سەر بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەدە و کارگێڕ و فەرماندەی یەکەمی هەمان بەشاری خوێنمژە و ئەرکی کوشتینی بەرهەڵستکارانی بەشار ئەسەد و داگیرکردنەوەی ناوچە ڕزگارکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوانی پێ سپێردراوە. ئەگەر هەر بەو شێوەیە بسەلمێندرێت کە قاعیدەیش لەگەل ڕژێمی ئێراندا پێوەندیی هەیە و ئێران کارگێڕی قاعیدەیشە، شەرعییەت نامێنێت و تەواوی سەرچاوە ئابووری و داراییەکانی وشک دەبن. بەڵام ئایا بەڕاستی وەهایە؟


ئێمە ناتوانین بە ئاسانی وێنای پێوەندییەکانی نێوان ڕێکخراوەی تیرۆریستیی قاعیدە و ڕژیمی بناژۆخوازی شێعەی ئێران بکەین. ئاڵۆزیی مەسەلەکە لەوێدایە کە ساڵانی سەرەتای دروستبوونی قاعیدە، تەواوی گومانەکان ڕوویان لە ڕژێمی پاشایەتیی سعودی بوو کە سەرچاوەی ئیسلامی سوننیی توندڕەو و یاسا توندوتیژەکانی ئیسلامە. سەرەڕای ئەوە؛ بێن لادەن خۆی خەڵکی ئەو وڵاتە بوو.


سەرەتای گومانەکان.


بە بەشداریکردنی ١٦ کەسی خەڵکی سعودیا لە هێرشە تیرۆریستییەکانی ١١ سێپتامبردا، گومانەکان دەستیان پێکرد. هەڵبەت پێشتریش پێوەندیی نێوان دەسەلاتدارانی ئەو ولاتە لەگەل جیهادییە توندڕەوەکانی ئەفغانستاندا سەلمێندرابوو. هەروەها کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی سعودی خەریکی بانگەشە و کۆکردنەوەی یارمەتیی بۆ گروپی تیرۆریستیی قاعیدە بوون.


سەرەڕای هەموو ئەوانە پاش ماوەیەک هەندێ هەواڵی سەیروسەمەرە بڵاو بوونەوە کە هەموانی حەپەساند. لە ساڵانی شەڕی قاعیدە لە ئێراقدا، بینیمان کە ئامانجەکانی ئەو گروپە و ئێران لە هێرشەکانیان لە دژی بنکە و بەرژەوەندییەکانی "سعودیا" و "یەمەن" و "ئەردەن" و "ئەمەریکا" و "ئەوروپا" یەکێکن. هەندێ زانیاری بڵاو کرایەوە کە دەیان کەس لە ئەندامانی قاعیدە پاش هەڵاتن لە ئەفغانستان، پەنایان بۆ ئێران بردووە و لەو ولاتەدا جێگیر بوون. سەرەڕای ئەوانە ڕژێمی ئێران ئەو تۆمەتانەی ڕەت نەکردەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو ولاتە ڕایانگەیاند کە "سیف العدل"؛ کوڕی بێن لادەن و "سلیمان ابوغیث" لە ئێراندا دەستبەسەر کراون.


لە سالانی دواتریشدا بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێ زانیاریی دیکە لە سەر چالاکییەکانی قاعیدە و کوژرانی دەستبەسەرکراوان، خەڵک و دەسەلاتدارانی وڵاتانی ناوچەکەی زیاتر گەیاندە ئەو ئەنجامەی کە ڕژێمەکانی ئێران و سوریا ڕێکخەری سەرەکیی چالاکی و هێرشە تیرۆریستییەکانی قاعیدەن.


گاڵتەکردن بەو خوێندنەوەیە!


دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا گاڵتەیان بەو خوێندنەوەیە دەهات کە ئێرانی بە یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکان و ڕێکخەرانە پڕۆگرامەکانی قاعیدە دەزانی و ئەو بڕوایە بە لایانەوە مەترسیدار بوو و زۆر جار بە تەشەرەوە دەیانگوت: ئێمە (سعودییەکان) دمانەوێ دژبەر و هاوچاوەکانمان - ئێران و سوریا و قاعیده - بکەینە یەک خانەوە.


ڕۆژاواییەکان ناتوانن بڕوا بەو بۆچوونە بکەن کە لەوانەیە گروپێکی بناژۆخوازی سوننی لەگەڵ گروپێکی بناژۆخوازی شیعەدا کۆ ببنەوە و بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەبێت. بەڵێ! وەرگرتنی ئەو بۆچوونە بەلایانەوە ئەستەمە چونکە بە لایانەوە وەک ئەوە وایە کە بڵیین ئەمەریکا پشتگیریی گروپە کۆمۆنیستەکان دەکات و لە باری ئابورییەوە یارمەتییان دەدات! هەرچەندە پێشتر زۆر لەو بارەیەوە قسەم کردووە بەڵام دیسان دەیڵێمەوە کە پێویستە لە ناوچەکەی ئێمە واتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە چاوێکی کراوەوە سەیری هەموو ئەگەرەکان بکەین. ڕژێمەکانی ئێران و سوریا گروپە توندڕەوە سوننییەکانی وەکوو حەماس و جیهادی ئیسلامی لە فەلەستین و فەتحولئیسلام لە لوبنان بەکار دەهێنن و لە لایەکی تریشەوە پشتگیریی گروپە دژە سوننییەکانی خەلیج و وڵاتانی عەرەبی دەکەن. لەوانەیە لە ڕواڵەتدا ئەو بۆچوونە بە هەڵە بزانین بەڵام ئەوە ڕاستی و حەقیقەتی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەراستە.


بڕیاری وەزارەتی دارایی و خەزێنەی ئەمەریکا و وردەکارییە سەرنجڕاکێشەکانی، تەنیا لیستێکی کۆمپانیا و کەس و وڵاتە گەمارۆدراوەکان نیە، بەڵکوو بەڵگەیەکی گرنگی دژەقاعیدەیە و دەبێت یەکەم هەنگاو بەرەو ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوەی شەڕی دژە تیرۆریسم لە دنیادا بێت.
 

ماڵپه‌ڕی وشەجاڕ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک