په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٣\٢٠١٢

وازھێنانی مامۆستا سەلاحەدین به‌هادین، داھێنان نییە لە سیاسەتی کوردیدا.


عەلی مەحمود محەمەد  


بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین به‌هادین ٣٠ ساڵە لە سەروی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوەیە ، ١٢ لە پێش راگەیاندنی یەکگرتوو،١٨ە ساڵیش پاش راگەیاندنی یەکگرتووە (( برایانی یەکگرتوو پێیان وایە ئەوان لە ساڵی ١٩٩٤ یەکگرتویان راگەیاندووە نەک دامەزراندووە ، پێشتر یەکگرتوو وەک درێژکراوەی ئیخوان لە پەنجاکانەوە لە کوردستان ھەبووە ، لە ساڵی ١٩٨٢ ەوە مامۆستا سەلاحەدین به‌هادین لە سەروی ئەم بزووتنەوەیەوە بووە )) ،تەمەنی سەرۆکایەتی مامۆستا سەلاحەدین کەمتر لە ٦ ساڵ تەمەنی سەرۆکایەتی تاڵەبانی لە ناو ینک ، ٣ ساَڵیش کەمتر لە تەمەنی سەرۆکایەتی بارزانی لە ناو پارتییە (( بن عەلی و عەلی عەبدوڵا ساڵەح و موبارەکیش .... تەمەنی سەرۆکایەتیان لە ٣ دەیەدا بوو )) .

بۆچی یەکگرتوو زووتر پەندی لە حیزبی ئیسلامی عێراق وەرنەگرت.


لە دوای روخانی حیزبی بەعسەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ ، پارتی ئیسلامی عێراقی کە پارتی دەستە خوشکی یەکگرتووە لە ئاستی عێراق و درێژکراوەی ئیخوان موسلمینە لە عێراق ، لە ماوەی ئەم ٩ ساڵەدا ئەو پارتە سیاسییە تا ھەنووکە بە پراتیک ٢ سەرۆکی خۆی گۆڕیووە کە یەکێکیان کورد بوو، لە سەرەتادا مامۆستا د.موحسین عەبدوالحەمید سەرۆکی پارتەکە بوو، پاشان پارتی ناوبراو تاریق ھاشمی جێگیری سەرۆک کۆماری ھەڵاتووی ئێستای عێراق لە کۆنگرەدا کرد بە سەرۆکی خۆی لە جێگای د.موحسین ، بەمەش بوو بە سەرۆکی دووەمی پارتی ناوبراو ، لە کۆنگرەی داھاتوودا د.ئوسامە تکریتی پۆستی سەرۆکایەتی پارتی ناوبراوی وەرگرت لە جێگای تاریق ھاشمی ، تا ھەنوکە بەردەوامە .

لە ئاستی کوردستان ئەی چی ؟

ئەگەر توێژینەوەی وردترم بکردایە دەمتوانی نموونەی زیاتر لە سەر دەستاو دەستکردنی سەرۆکایەی حیزب لە ئاستی باشوور و ھەر چوار پارچەی کوردستان پێشکەش بکەم لە سەرەتای پەیدا بوونی ژیانی سیاسی لە کوردستاندا تا ھەنووکە، دیارە ئەگەر یەک نموونەش ھەبێت لەو بوارە ئەوا ناوبردنی نیەتی مامۆستا سەلاحەدین بۆ واز ھێنان لە پۆستەکەی وەکو داھێنان لە سیاسەتی کوردی لە گۆڕ دەنێت .


لە ھەردوو دەیەی چل و پەنجاکان گواستنەوەی سەرۆکایەتی لە سەرۆکێکەوە بۆ یەکێکی لە ژیانی سیاسی کوردستاندا دیاردەیەکی ئاسایی بووە لە ناو ریزەکانی پارتی و شوعی نموونە زۆرە ، بەڵام پاش بە دەسەڵات گەیشتنی بەعس پارتە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان رەنگی بەعسیان گرت لە میانی سەرۆکایەتی کردنی حیزب تا مردن .


لە دوای راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە بۆ ئێستا کۆمەڵێک سەرۆکی پارت لە ئاستی باشوور و ھەموو کوردستان ئەم رچەیەیان شکاندووە، ئەمەش کفنی ناساندنی بیرۆکەکەی مامۆستا سەلاحەدینە بە داھێنان لە سیاسەتی کوردید، ھەرچەندە نیازەکەی مامۆستا سەلاحەدین تا ھەنووکە نەچۆتە بواری پراتیکەوە.


لە ساڵی ١٩٩٢-١٩٩٣ ،عەزیز محەمەد سکرتێری حیزبی شیوعی عێراقی لە کۆنگرەی پارتەکەی پاشەکشەی لە سەرۆکایەتی حیزبی شیوعی عێراقیکرد. لەو کاتەوە تا ھەنووکە حیزبی شیوعی کوردستان (( عومەر شێخ ، کەریم ئەحمەد )) یان لە کۆبونەوەو کۆنگرەکانیان گۆڕیوە ، لە کۆنگرەی داھاتووی ئەم حیزبەش کە کاتی بەستنی کۆنگرەکەیان نزیکە لە کاتی بەستنی کۆنگرەی یەکگرتووەوە ، بەڕێز کەماڵ شاکیریش کە دوو خولە سکرتێری ئەو پارتەیە شوێنەکەی دەدات بە یەکێکی دیکە، چونکە لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەم پارتە ھاتووە سکرتێر دەتوانێت دوو تەنھا خول ببێت بە سکرتێر .


پارتی چارەسەر کە سەرۆکەکەی د. فایەق محەمەد گوڵپی بوو ،لە کۆنگرەی پارتەکە شوێنەکەی بۆ ھەڤاَل ھەڵمەت بەجێھێشت.


جەلال تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ رۆژنامەی ھاووڵاتی کە پێش موبادەرەکەی مامۆستا سەلاحەدین ئەنجامدرابوو بوو رایگەیاند ،بیرۆکەی ئەوەی ھەیە سەرۆک لە ناو پارتەکەی بۆی ھەبێت تەنھا دوو خول ئەو پۆستە وەربگرێت، بە وتەی ئەو ئەم بۆچوونە لە پەیڕەوی ناو خۆی ینک لە کۆنگرەی داھاتودا دەچەسپێت .


لە ئاستی ھەموو کوردستان دوای شەھید کردنی سەعید شەرەفکەندی کاک مستەفای ھیجری بووە سەرۆکی حدکا ، بەڵام لە کۆنگرە جێگای بۆ سەرکەوتنی مامۆستا عەبدوڵای حەسەن زادە خۆشکرد ، لە پەیرەوی ناوخۆی حیزبی ناوبراودا ھاتووە سەرۆکی پارت بۆی ھەیە ٢ خول خۆی بپاڵێوێت ، واتا لە کۆنگرەی داھاتوودا مامۆستا موستەفای ھیجری جێگاکەی بەجێدێڵێت بۆ یەکێکی دیکە.ھاوکات پاش جیابوونەوەی حدک لە حدکا ، خالیدی یوسفی بووە وتە بێژی حیزب و کەسی یەکەم ، کەچی مامۆستا عەبدوڵای حەسەن زادە پۆستی وەرنەگرت .


لە ریزەکانی کۆمەڵەش ئاڵوگۆڕی سەرۆکایەتی لە کۆنگرەی لە عەبدوڵای موھتەدییەوە بۆ مەنسوری حیکمەت .... ئەنجامدراوە .


یەکێتی شۆرشگێرشانی کوردستانیش پاش ئەوەی پارتی ئازادی پێک ھێنرا، سەرۆکەکەی حوسێن ئێزدان پەنا جێگاکەی بۆ عەلی قازی چۆڵ کرد .
لە باکووری کوردستان گواستنەوەی سەرۆکایەتی بۆتە کلتورێکی باو لە ریزەکانی دەتەپە ، لە رۆژئاوای کوردستانیش بەھەمان شێوە پەیەدە دەستاودەستکردنی سەرۆکایەتی لە ریزی خۆی ئەنجامدراوە .
ئەگەر ئەم نموونانە تەنھا یەکیانیش راست بێت ، ئەوە دەردەخات ، مامۆستا سەلاحەدین ھیچ داھێنانێکی لە سیاسەتی کوردی و عێراقی ئەنجام نەداوە ، ئەوەی نووسراو وترا و پیا ھەڵدرا زیادەڕۆیی یاخود نەزانی بوو .
ئێمە لە تەمەنی سیاسی مامۆستا سەلاحەدینەوە دژ بە سەرۆکی تا مردنین ،دەیان نووسینمان دژ بەو دیاردە قێزەونە نووسیووە .

ئایا جێنشینەکەی بە شێوەی دیموکراسی دیاریدەکرێت؟؟

پاش راگەیاندنی خۆ کاندید نەکردەوەی مامۆستا سەلاحەدین بۆ پۆستی ئەمینداری یەکگرتوو لە لایەن خودی خۆیەوە ، قەڵەمەکانی یەکگرتوو ھەڵمەتێکی فروانیان دەستپێکردووە بۆ ناساندنی ئەم ھەنگاوە بە دەستپێشخەری لە سیاسەتی کوردیدا ، وەک ئاماژەم پێی دا ئەم ھەنگاوەی مامۆستا تەنھا دەکرێت بە ھەنگاوی باش بدرێتە قەڵەم نەک داھێنان ،ئەگەر داھێنانیش بێت ئەوا لە ناو یەکگرتوو ئەگەر زیادە رۆیی نەبێت ئەوا لە ناو تەوژمی ئیسلامی سیاسیدا داھێنانە، ئەوانەشی بەو ئاراستەیە دەنووسن یان دەیانەوێت خۆڵ بکەنە چاوی خوێنەران و گوێگران یان دەیانەوێت لە خشتەیان بەرن و راستییەکان ئەوەی ھەیە بشارنەوە .


رۆژنامەی باس نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ، لە ریپۆرتاژێکدا کە بەڕێز ھێمن ساڵەح ئامادەیکردووە ، تیایدا ھاتووە((د.سەڵاحەدین بابەکر وتەبێژی فەرمیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند بەپێی رەشنووسی پێڕەو و پڕۆگرامی ئامادەکراو بۆ کۆنگرەی شەشەمی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان تەنھا ئەو کەسانە مافی خۆکاندیدکردنیان بۆ ئەو پۆستە ھەیە کە دووجار دەورەی مەکتەبی سیاسییان بینیبێت، گوتیشی "ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئەو مافەیان ھەیە زۆر نییە و سەرکردایەتیی یەکگرتوو ٣٥ کەسە و رەنگە ئەو ژمارەیە نیوەی ئەو ژمارەیە یان زیاتر بێت، تاوەکو ئێستەش ھیچ کەس لەوانەی کە ئەو مافەیان ھەیە خۆکاندیدکردنیان بۆ ئەو پۆستە رانەگەیاندووە")).


((١٤ بۆ ١٦ کەس مافی خۆپاڵاوتنیان بۆ پۆستی ئەمینداری یەکگرتوو ھەیە ژ(١٢٨١) رۆژنامەی ھەولێر ( چاوپێکەوتن لە گەڵ کاک مەولود باوە موراد )).کەواتە دوای وازھێنانی مامۆستا سەلاحەدین ، پرۆسەی دیاریکردنی کەس بۆ شوێنەکەی لە بازنەیەکی تەسکدا ئەنجام دەدرێت ، کە ئێستا لە ناو زۆر لە پارتە سیاسییەکانی جیھان باوە سەرجەم ئەندامانی حیزب پشکداری دەکەن لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی حیزب ، نەک تەنھا ئەندامانی کۆنگرە ، بگرە ھەر ئەندامێکی پارت بۆی ھەیە خۆی بپاڵێوێت بۆ ئەو پۆستە، بەڵام لە ناو یەکگرتووە بازنەی شەنس تەنھا بۆی ھەیە لە نێوان ١٥ کەسی موبەشەرەدا لەسەر شانی یەکیان بنیشێتەوە ،ئەمەش دورە لە دیموکراسیەتەوە بە پێوەری دەیەی دووەمی سەدەی ٢١ .

سەرۆکێکی نوێ ،یان بوکە شوشەیەک.

کاک عەبدوڵا ڕیشاوی گوایە لە باڵی ریفۆرمی ناو یەکگرتووە ،بە پێچەوانەی ریفۆرمخوازییەکەی کەچی زۆر بەم ھەنگاوەی مامۆستا سەلاحەدین به‌هادیندا ھەڵیدا و تەڕایی لە ریفۆرم بوونی خۆیدا نەھێشت ، ئیتر نازانم لەوە پێش مامۆستای لە چ بەرەیەکی ناو حیزبدا داناوە (( پارێزگار، چەپ ، راست ،لیبراڵ .... ))،تایبەتمەندی ریفۆرم خواز بوون لە ناو ھەر بزووتنەوەیەک ئەوەیە پێچەوانەی سیاسەتی باو سەرکردایەتی دەسەڵاتدار بیر بکاتەوە ،بەڵام ئەم برادەرە دەرکەت لە مەلیک مەلیکیترە.


ئەو بەڕێزانەی لەسەر ئەم دیاردەیەیان نوسیووە تا ئێستا ھیچکامیان نەھاتونە لە روانگەی ئیسلامەوە لێکدانەوە بکەن بۆ دیاردەکە ،تا بزانین ئیسلامی سەلەف بۆ شیکاری ئەم وازھێنانەی جەنابی مامۆستا چیمان پێ دەڵێت .


((دەستپێشخەریەکەی ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بۆ وازھێنان لە پۆستی "ئەمیندارێتی" ئەو حیزبە لەمانگی پێنجی ئەمساڵ لە میانەی کۆنگرەی داھاتوی ئەو حیزبەدا، دەبێتە یەکێک لە رەچە شکێنترین دەستپێشخەریەکان لە بواری ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی پۆست‌و دەسەڵات لەکایەی سیاسی کوردیدا- ئیسلامیەکان‌و دەستپێشخەریەکی دیموکراتیانە- عەبدولڵا رێشاوی- ئاوێنە )).


ھەر ئەم برادەرە ریفۆرمخوازە ، رچەکەی مامۆستا دەکاتە تولە رێگایەکی باریکی داخراو ھەمووان بزر دەکات لە گەڕان بە دوای راستییەکاند، مامۆستا لە ئەمیندارەوە بەرز دەکاتەوە بۆ کائینێکی باڵا لەناو پارتدا کەس ئیتر قسە لە قسەکانی نەکات ، دەیکاتە مەرجەعی باڵا لە بان حیزبەوە ، خۆ قەزافیش ٤٢ ساڵ مەرجەع بوو ھیچ پلەو پایەیەکی فەرمی نەبوو لە دەوڵەتدا ، ماوتسی تۆنگ بەھەمان شێوە ،بەم کارەش ئەمینداری نوێی حیزب دەکرێتە تەنھا سەرۆکایەتی تەنزیمی نموونە وەک پارتی کاری ھۆڵەندی و پارتی سۆسیالستی ھۆڵەندی ھەیانە،سەرۆکی سیاسی و سەرۆکی رێکخستن ((لە لایەکی دیکەشەوە عەبدوڵا ریشاوی گوتیشی "پێشبینیی من ئەوەیە کە لەو کۆنگرەیەدا پۆستێکی دیکە بۆ ئەمینداری ئێستەی یەکگرتوو دروست بکرێت و لەسەرووی ھەموو پۆستەکانەوە بێت، واتا پۆستی ئەمنیداری ئێستە ببێتە پۆستێکی تەنفیزی و ئەوەی دیکەش ببێتە پۆستێکی تەشریعی کە مامۆستا سەڵاحەددین سەرۆکایەتیی بکات")) .


دیارە ئەگەر حیزب ئەم پلەیەش بۆ مامۆستا دابنێت ئەم برادەرە ریفۆرم خوازە ھەر پشتیوانی دەکات ،چونکە ئەو قسەی خۆی کرد ،ئایا ئەمە دەست بەرداربوونی مامۆستایە لە پلەو پایە ، یان بە مەرجەع کردن و بەرز کردنەوەی ئەمینداری گشتییە بۆ کردنی بە دێوەزمەیەک بە بان سەر حیزبەوە ،ئەگەر یەکگرتوو و مامۆستا ئەم نیازەی ئەم برادەرە ریفۆرم خوازەیان ھەبێت ، ئەوەی کۆنگرە دەیکات تەنھا گەڕانە بە دوای تەھا محیدین مەعروفێک ، یان عەلی عەبدوڵایەکی ناو پارتی بۆ حیزب.


باشتر وایە جەنابی مامۆستا سەلاحەدین وەک مامۆستا موحسین عەبدوالحەمید و عەزیز محەمەد و کەریم ئەحمەد و به‌هادین نوری راستگۆیانە دەستبەرداری ھەموو دەسەڵاتەکانی ببێت ، ئەوجا ئێمەش بڵێین دەستتان خۆش برایانی یەکگرتوو،ھەرچەندە ھەنگاوەکە درەنگیشە ، سەرکردەی پارتە سیاسییەکان کوردستان ئارەزوومەندانە ئەم رێگایە ھەڵبژێرن باشترە وەک ئەوەی فەیس بووک راویان نێت .

ھەنگاوێک بۆ پۆز لێدان!


ئەم برادەرە نا ئاگادارە ریفۆرمخوازەمان لە ژیانی سیاسی و حیزباتی کوردستان بەناوی عەبدوڵا ریشاوی ، زوو ئەمەی کردە ڕچە شکاندن لە سیاسەتی کوردید، یەکگرتووش یان ھەر ئەوەندە ئاگای لە مێژووی ژیانی حیزبییە لە کوردستان، یان دیماگۆگیانە دەیەوێت شاباشی ئەو ناڕاستیانە بکات ، دەنا گەڕاندنەوە بۆ مێژوی نزیک و پشکنینی ئەنجامەکانی کۆنگرەو پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکانی کوردستان دەریدەخات ئەمە ھەڵا نانەوەیەکی ناڕاستە یەکگرتوو دەیکات ،حیزبە عەلمانیەکانی کوردستان((ھەرچەندە عەلمانی نین)) لە چل و پەنجاکان و لە دوایدا نەوەدەکان لەم بوارەدا ڕچەیان شکاندووە و ھەنگاویان ناوە ، یەکگرتوو دەیتوانی لە یەکەم رۆژی راگەیاندنی خۆیدا پەندو ئەزمونی لێیان وەربگرتایە ، چاوەڕوانی ٦ کۆنگرەی نەکردایە بۆ گۆڕانکاری، لاوانی فەیسبووک بە شاڵاوی رەخنەکانیان ناچاریان بکەن بۆ گۆڕانکاری ،من لەم نووسینەدا پێشتر ئاماژەم بەو ھەنگاوانە داوە لەم بوارە نراوە لە کوردستان ،بۆیە نامەوێت جارێکی دیکە دەست بکەمەوە نموونە ھێنانەوەو بگەڕێمەوە سەریان ، سەیر کەن بزانن کاک عەبدوڵا ریشاوی ریفۆرمیستخواز چی دەنووسێت،ئەمە نوسینی رۆیفۆرمیستخواز بێت ئەدی قوڕ بەسەرمان باڵی پارێزگار چۆن بەسەر پەیامەکەی مامۆستادا ھەڵبدەن ، مامۆستای ریفۆرم خوازمان دەنووسێت :


(( لەمەدا ھێزە ئیسلامیەکان دەتوانن پۆز بەسەر ھێزە "عەلمانیەکانە"وە لێبدەن: ئێمە نەریتی دیموکراتیانە دێنینە ناو وڵاتەوە، ئێمە ئەگەری بەدیموکراتی بونمان لە ئێوە زیاترە...
کەواتە چیدی دیموکراتیزە کردنی وڵات‌و چەسپاندنی بنەماکانی ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات تەنھا دروشمێک نیە ئەو ھێزانە شانازی پێوە بکەن کە خۆیان لە سەر بەرەی عەلمانیەت‌و دونیای پێشکەوتوو دیموکراتی خواز حساب دەکەن‌و راستیەکەی بونەتە عەیبەیەکیش بەسەر ئەو دونیایەوە، نەخێر، بەڵکو ئەو ھێزانە بۆ لەمەودوا لە ژێر پرسیاری جیدیدان بۆ ئاڵو گۆڕ پێکردنی دەسەڵات، لانیکەم لەناوخۆی خۆیاندا .چونکە ئەوان لە گەڵ ھەموو لاف‌و دروشمەکانیاندا کەچی بۆ تەنھا یەکجاریش بێت نەیانتوانیوە نەلەناوخۆی خۆیاندا‌و نەلەدەرەوە، ئەو دروشمە بە کردەوە بسەلمێنن، بەڵام ئەوا ئیسلامیەکان گۆڵی خۆیان تۆمار کرد، کە بێگومان ئەو گۆڵەیان لەوان کردوە.)).


((‌ ئەبێ ھێزە عەلمانیەکانی کوردستان ئاگاداری ئەوەبن کە دەستپێشخەریەکی ئەمینداری یەکگرتوو تەنھا تا مانگی پێنج بڕناکات، بەڵکو دەبێتە بەشێکیش لە پەیڕەوو پڕۆگرامی ئەو حیزبە ئیسلامیەو بۆ لەمەودواو لەکارنامەیاندا دەچەسپێت)).


لەمەشدا کاک عەبدوڵای ریفۆرم خوازی سیاسەت نەزان کورتی ھێناوە،باشترە سەیرێکی پەیڕەو پرۆگرامی حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی چارەسەری و ......چاوپێکەوتنەکەی جەلال تاڵەبانی بکات لە گەڵ رۆژنامەی ھاووڵاتی ،ئەوجا دەزانێت ئەمە دەست پێشخەری نییە بۆ یەکگرتوو و مامۆستا سەلاحەدین به‌هادین ،بۆیە تکایە پۆز لێدانەکە رابگرن ،چونکە ئێمە قوربانی پۆزی لایەنە عەلمانیەکانین بە پۆزەکانی خەباتی سەردەمی شاخ و تێکۆشانی خەباتی چەکدارییان ماڵمانیان وێرانکرد ،بەرگەی پۆزی دیکە ناگرین ئەگەر بە نوری مامۆستا سەلاحەدینیش موبارەک کرابێت.

مانیدلا و مامۆستا سەلاحەدین به‌هادین.


کاک محەمەد بەرزنجی لە نووسینێکدا سنوری پێھەڵدانەکان دەبەزێنێت بە ناوی : ((ئەمینداری یەکگرتوو ماندیلا ئاسا بریارێکی حەکیمانەو بویرانە دا ! وانەیەک بێت بۆ ئەو سەرۆکانەی کە واز لە کورسی ناھێنن.))، لە ستایشکردندا کاک عەبدوڵا ریشاوی تێدەپەڕێنێت ، مامۆستا سەلاحەدین به‌هادین بەرز دەکاتەوە بۆ لوتکەی بەرزەکان و دەیگەیەنێتە ئاستی ماندیلا و دەنووسێت :ئەمینداری حەکیم وا دیسان جارێکی تر داھێنانێکی نەوعی و ناوازەت بۆ میّژوی خۆت و قوتابخانەی یەکگرتوو تۆمار کرد . نەک ھەموو کادیرو ئەندامانی یەکگرتوو بەلکو زۆرێک لە نوسەران و رۆشنبیران و سیاسیەکانی کوردستانیش ئەم ھەلوێست و ھەنگاوە جوانەی بەرێزت گەورەو گران وەسف دەکەن . وە داوا دەکەن سەرۆکی حزبەکانی سەر ساحەی کوردستانیش وانەیەک لەم بریارە جەرئیانەی بەریزت وەرگرن .(( باوەڕ ناکەم مامۆستا سەلاحەدینیش رازی بێت جەنابی ببردرێتە ئاستی ماندیلا ، بۆیە باشترە بۆ خۆی بە پەلە ئەو پیاھەڵدانە نالۆجیکانانە کۆتایی پێ بھێنێت کە لە کانەڵەکانی راگەیاندنی حیزبەکەیدا بەسەریدا دەھۆنرێنەوە ،چونکە ماندیلا ھەڵوێست و خۆڕاگری و خۆ نەویستی و ئازادیخوازی و ملنەدانی بە زۆر و ٢٨ساڵ زیندانی و لە گۆرش نانی ئاپارتاید و .....ئەوی کرد بە ماندیلا.


ساڵی ١٩٩٤ کە یەکگرتوو راگەیەنرا ، ھەر ئەو ساڵە و دوای چەند مانگێک لە ئایاری ١٩٩٤ دا ماندیلا بوو بە سەرۆکی باشووری ئەفریقیا تا ساڵی ٢٠٠٠ لە پۆستەکەی مایەوەو خۆی کاندید نەکردەوە بۆ سەرۆک کۆماری و سەرۆکی حیزب، لەو ساوە باشووری ئەفریقیا سەرۆکێکی دیکەشی گۆڕیوە،ئێستا سێیەم سەرۆک لەسەر کورسی سەرۆکایەتی حیزب و حکوومەتە ، کەچی یەکگرتوو پاش ٥ کۆنگرە ، ھێشتا سەرۆکێکی ٣٠ ساڵەی خۆی نەگۆڕیوە،تاکە ژمارەی ھاوبەش لە نێوان ماندیلا و مامۆستا سەلاحەدین ئەوەیە ئەم ٣٠ ساڵە لە سەرۆکایەتی حیزبدایە، ئەویش ٢٨ ساڵ لە زینداندا بوو.


من لە کاک محەمەد بەرزنجی دەپرسم،لە ماوەی ٣٠ ساڵ سەرۆکایەتی مامۆستا سەلاحەدین به‌هادیندا ، ھەر پارتێکی سوئیدی چەند سەرۆکی خۆی گۆڕیوە؟؟؟، باش دەبێت ئامارێکمان پێشکەش بکەیت؟

____________________________________________
سەرچاوەکان:

http://www.awene.com/opinion/%D8%A6%DB%8C%D8%B3%D9%84%D8%A7%D9%85%DB%8C%D9%87%E2%80%8C%D9%83%D8%A7%D9%86%E2%80%8C%D9%88-%D8%AF%D9%87%E2%80%8C%D8%B3%D8%AA%D9%BE%DB%8E%D8%B4%D8%AE%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%DB%8C%D9%87%E2%80%8C%D9%83%DB%8C%E2%80%8C-%D8%AF%DB%8C%D9%85%D9%88%D9%83%D8%B1%D8%A7%D8%AA%DB%8C%D8%A7%D9%86%D9%87%E2%80%8C

 

http://www.kurdistanan.net/index.php?sid=28983

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5327

http://www.hawlati.co/babetekan/14001


لە خوارەوە سەیری ئەو ھەموو نووسینانە بکەن بەسەر ئەم ھەنگاوەی مامۆستا سەلاحەدیندا نووسراوە،داخوا دەبێت لە کانەڵەکانی دیکەی راگەیاندنی یەکگرتوو چی نوسرابێت و چی وترا بێت و چی پیشاندرابێت، بە ھەمان تەرزی پارتی و ینک و گۆڕان :

 

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5322

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5321

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5320

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5319

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5318

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5317

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5315

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5313

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5311

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5305

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5324

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5306

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5305

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5304

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5303

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5324

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5302

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5301

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5299

http://www.kurdiu.org/wtard.php?pageid=5298

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک