په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٠\٢٠١٨

وەفاداریی.*

 

  بەلقیس ئەلروبەیعی

وەرگێڕانی: جەلال دەباغ

بە دریژایی کاتەکە خۆی لە ناو جێگەکەیدا هەڵدەگیڕایەوەو، خۆی خستە سەرپشت و ئاخێکی هەڵکێشا، بە قاچەکانی لێفەکەی لەسەرخۆی لاداو بە گرانی هەناسەیەکی هەڵکێشا، وەک هەوایەکە بەشی نەکات. لە جێگەکەیەوە بازێکی داو چرایەکەی هەڵگیرساندو، دەستەکانی لە سنگی خۆی ئاڵاندوبەبێدەنگی تەماشای وێنەکەی سەرمێزە گچکەکەی تەنیشت جێگەکەی دەکردو چاوەکانی تێبڕیبوو، هەرتەماشای دەکرد تا لەبەر خۆیەوە ورتەیەکی کرد و لەگەڵ خۆی دەدوا:


بەڵێ.. بەڵی ژیانم لەگەڵ تۆ هەمووی بەختیاری بوو، جارێکیتر خۆی فڕێدایە سەرجێگەکەی و چاوی داپۆشی و بیری بۆ دوور رۆیشت و ئەوجا لە گەشتێکی درێژی پڕ لە بیرەوەریدا بیری رۆیشت.. سبەینێ یادگاری سی و سێیەمین ساڵەی شەوی یەکەم تێپەڕدەبێت،ئەو شەوەی کە سەرەتایدامەزراندنی ژیانی خێزانیی بەختیارییانبوو دوای چیرۆکێکی خۆشەویستیی دەساڵە کەلەچاوی کونجکۆڵان و ئەوانەی مەبەستیانە شتبزانن و لە چاوی بەخیل و پیاوخراپانیان شاردۆتەوە، دەساڵی ئەشقی راستەقینە کە خۆی لە خۆیدا ئەزمونێکی ناوازەیە، ماندوکارە بەڵام خۆشە، پێش دەستگیرانیی کورتیان و ئەو چرکەساتانەی پێکەوە بەسەریان دەبرد، لەکاتی سەردانەکانیدا لەماڵی باوکی کیژەکە، پاش ئەوەی لەکارەکەی دەگەڕایەوە. کیژەکە ئەو کاتە هەستی بە ئاسودەییەک دەکرد کە خۆی بۆ دیداری ئامادەدەکرد تا جوانترین وشەی خۆشەویستیی بە گوێدا بچرپێنێت، باسی ئاوات وخەونەکانی ئایندەی بۆبکات بۆپێکهێنانی هێلانەیەکی جوانی هاوسەرگیری.


بیرەوەرییەکانی وەبیرهێنایەوە کەکیژێکی گەنجبوو، لێوانلێو لە ژیان و چالاکی وخۆشەویستیی دوارۆژبوو، کاتی سەرەتای ژیانی لاوێتی هاتەوەیاد کە لە دواناوەندی دەیخوێند، ئەو یادگارییانەی کە رۆژانە دێنەوە بەرچاوی وهیچ لە دووبارەبوونەوەیان بێزارنابێت، کاتێک کە برادەرانی پۆلەکەی بە تامەزرۆیی لەدەوری کۆدەبوونەوە، بەڵام تەنیا یەکێکیان کە زیرەکترینیانبوو چووە ناودڵی. بیرەوەری گەیاندییەوە یەکەمین رۆژ کەهەردووکیان بەرانبەر یەکتر راوەستان و لاوەکە بەگوێیدا چرپاندو گوتی:

- خۆشمدەوێی.. خۆشمدەوێی و تا دوا ساتی تەمەنم هەر خۆشمدەوێی..


بەوپەڕی ئابڕومەندییەوە زەردەخەنەیەکی هاتێ و پێیگوت:

- رەنگبێ وەک تۆ وتەی شیرین نەزانم،بەڵام منیش هەموو هەست و نەستێکتلەگەڵ دەگۆڕمەوە کەتۆ بەرانبەر من هەتە ، خۆ ئەگەر گوێ لە چرکەکانی دڵم بگریت دەبیستی بەزمانت دەدوێ و هەست بە سۆزەکانت دەکات.. وەک هەردوو گیانمان ژوانێکیان هەبێت کە لە دێرینەوەبۆمان دیاری کرابێت.

- ئەگەر دەزانیت چەند من بەتۆ بەختیارم؟! تۆ پەرییەکیت و لە رێگەمدا نیشتیتەوە.. تۆ ئەو ئاواتەیت کە گیانم دەیخوازێت و کۆششم بەبەردا دەکات و ئیلهام دەداتە هەنگاوەکانم و، دوارۆژی خۆم لە ناوچەوانتدا دەبینم..

هێشتا کیژەکە ئەوەی لەیادە کە چۆن لاوەکە هەردوو دەستی ڕاکێشایە ناودەستەکانی خۆی و ماچێکی درێژی کردن کە گەرماییەکەی بەناو خوێنیدا تێپەربوو، بەشەرمەوە سەری بەرەوخاک شۆڕکردەوەو بەگوێیدا چرپاند: " منیش تۆم خۆشدەوێ و تا مردن لەناو دڵمدا دەمێنیتەوە...

سەرلەنوێ لە جێگەکەیەوە بازێکی دا، چاوی مێزەکەی کردەوە، نامەکانی دەرهێنا، دەستی بە خوێندنەوەیان کردەوە.چاوەکانی لەسەر یەکێک لەنامەکانی قەتیس ما کە شیعرێکی بۆ نووسیبوو تێیدا دەڵێت:

سی ساڵم تێپەڕاند
قژی سەرم سپیی تێکەوت
بەڵام دڵم
شادیی ساڵانی جێنەهێشت...
ئەم ساڵانەی تەمەنم
ئەم دڵەم
ئەوی کە ماومە لەتەمەنم
تەرخاندەکەم و دەبەخشم
تاببنە یەک
لەخەو هەڵدەستم
دەتبینم
روخساری خڕکەڵەت
یەکجار جوانە
وەک ئەو رۆژانەی من
کە تێپەڕبوون

تەماشاتدەکەم پێڵوەکانت
لەناکاوێکدا بازدەدەن
وەک پەپولەکان، نووستن راودەنێیت
وەک خۆر لە هەڵهاتنیدا
ئاسودەیی دەورم دەدا
...خۆشەویستم...بەیانیت باش
.....تۆ خۆت
هەمووجارێک
ماچێکیت لەسەر لێوان
بەیانی رۆشندەکەیتەوە
مانایەک دەبەخشیتە بەیانیم
* * *
سپێتی ردێنی داگرتم
بەڵام هەرچەند
لە سیی ساڵی تێپەربووم
هەست بە هێزو توانادەکەم
بۆ هەموو ئەم ساڵانە
...ئێستاکە ژیانم خۆشە
ئایا لەبەر ئەوەیە کە خۆشم دەوێیت؟
* * *
لە پێناو سەرخەوێکی تۆدا
لەسەر باڵەکانم..گیانم
ژیانم خۆشدەوێت
... چاوەڕوانم
چاوەڕوانمبە خۆشەویستەکەم
بەتۆ خاوەن بەختبووم
هەمیشە...تینوی پێگەیشتنتم
بەختەوەرم، کە دەتبینم
...چاوەڕوانمبە...نەء
لەیەک جودا نابینەوە
نابینەوە...


لە ناوەوەی هاواریکرد بەڵێ لەیەک جودانابینەوە...تۆ بەلاشە لێمدوورکەوتیتەوە، بەڵام یادگارییەکانت لە ویژدانمدا هەڵکۆڵراون، خۆشەویستیت بە قوڵایی گیانمدا دەڕوات.. بەڵکو لە قوڵایی.. قوڵایی گیانمدایە و.. تا هەتایە...

___________________________________________________
* ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ بەسەر شەهیدکردنی چەند پێشمەرگەی ئازای مەفرەزەکەی ئەبوهەدیلدا تێپەڕدەبێت کە پێشمەرگەی قارەمان دکتۆر ئەبو زەفەریشیان لەگەڵ بوو بەرەو چیاکانی کوردستانی ىاشوور دەگەڕایەوە. کورتەچیرۆکی (وەفاداریی) لە کۆمەڵە چیرۆکی (طیف الغائب) لە نووسینی هاوڕێ (بەلقیس ئەلروبەیعی) هاوسەری شەهیدی نەمر دوکتۆر محەمەد بشيشی ئەلزەوالم (ئەبو زەفەر)ە کە ساڵانێک دوکتۆر یپێشمەرگە بوو، کاتێک لەگەڵ مەفرەزەیەکی پێشمەرگەکانی حیزبی شيوعی عیراق لە قامیشلۆوە بەرەو کوردستانی باشوور بەڕێکەوتن و لە کاتی پەڕینەوە لە روباری دەجلە رۆژی ٢٧/٩/١٩٨٤ کەوتنە بۆسەی جاش و سوپای رێژیمی فاشیستی بەغداوە و چەند پێشمەرگەیەکی قارەمان لەوانە هاوڕێ ئەبو هەدیل بەرپرسی مەفرەزەکە شەهیدبوون.
 

 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک