په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٤\٢٠١٢

     وەهای گوت سەردەشت !* 


کازم قادر  

 

ئەو بێدەربەست مرد.. وەک بێدەربەستیی گوللەی کوڕەکانی قەڵا لە دەمیدا
بە عەشقەوە رژا، وەک پژانی عەشقی دوعا
وەک رژانی گوناهە جوانەکانی دوعا بەرەو دۆزەخ
وای لە عەشق، وای لە چیڕۆکی تاڵی عاشق و مەرگ!

ئەو بێباک لە مەرگ، بە بزەیێکی کاڵ و تاڵ و لێوڕێژ لە ژەهر گوتبووی:
من عاشقم،ع ەشقی ژنێک لەو دیو دیوارەکانی قەڵاوە
ژنێک دەکەوێتە ئەو دیوی ژیانەوە و
ژنێک ماڵی لە گەڕەکی دۆزەخ و.. وای ژنێک هەر لە ئەزەلەوە دۆزەخیی بوو
ئەو عاشقی ژنێکی قەڵانشین بوو، قەڵاێک بەتاڵ لە عەشق
قەڵاێک هەزار مێرد و هەزار رێی تێدایە بۆ زیندانەکان
بۆ فەلاقەخانەکان و بۆ سەردابەکان
وەلێ بەتاڵ
بەتاڵ لە کوێرەڕێێک، لە رێچکەیەکی باریک.. بتباتەوە ناو ماڵی عەشق
قەڵا بەتاڵ لە ماڵی کتێبان، لە گەڕەک و قاوەخانەی شیعر
خامۆش لە گڕەگڕی گیتار و لە لورەلوری شمشاڵ و لە ناڵەی دەف.

ئەو ئەستێرەی سەر شانی شکۆ و ئازادیی بوو
بە ئاڵای پیرۆزییەکان پێڵاوی خوێناویی ئازادیی دەسڕی
"کە بە تیری راوی ئەوان پێکرابوو"
ئەو باڵی گەورەی ئازادیی بوو
هەڵقە هەڵقە زنجیرەکانی دەپچڕاند
ئەو عاشقە سەرەڕۆیە بوو
بێباک لەو پاسەوانانەی تەنها تیریان بە چرا و رووناکییەوە دەنا
بە برووسکەی عەشقی ئازادیی سنوورەکانی قەڵای موستەحیلی بڕی
ژوانی نەکەردەی لەگەڵ شازادەی بێناز و پێوەندکراودا گرێدا
لە ناو دڵی داخراوی قەڵای پڕ نهێنیی و نەگیراوی ئەواندا
حەقیقەتی گەورە و ترسناکی دۆزییەوە
ئەو کە لە دوورەوە عاشقی شازادەخانم ببوو
نەیدەزانی حەبیبە لە چ وێرانەێکدا دیلە
ئەو کە دەستی بەر جەستەی حەبیبە کەوت
وەهای هەست کرد پەنجەکانی بەر لێوی زوقمبەندی مەرگ کەوتبێت
یان ژنێک لە خۆڵەمێش..
یار.. ڕەنگی جەنگ و بۆنی جەنگ و دووکەڵی براکانی لێدەهات
بۆنی عەشقی ئەو جامانە ئەرخەوانییەی لێدەهات
"جامانە گوڵ ئەرخەوانییەکەی بابە"
ئەو جامانە ئەرخەوانییەی هەردەم دەژێ و.. هەردەم سەرمان دەخوات
ئەو لە گەڕان بە دوای عەشق و حەبیبەدا سەری بەر بەردی مێژوو کەوت
بە ناو توونێلی مێژوودا گوزەری کرد
بە سەر ئەو تەرمە وێرانانەدا کەوت
کەس نەیدەزانی لە چ گەڕەکێکی عەشقەوە راپێچ کرابوون
لە ماڵی چ کتێبخانەێکەوە، لە چ کۆڵانێکی هەژار و بێ نانەوە فڕێنرابوون
"کەس نەیدەزانی لە کام سەرای ئازادییدا دیل کرابوون".

لە پێچی جامانەی هەنار رەنگدا گشتمان ژیانێکین وەک کرم
شتێکین باڵامان لە باڵای پێڵاوەکانی سەرۆک خوارتر
کۆیلەین بە زنجیرەکانمانەوە
هەموومان لەبەر پێ و پێیڵاوەکانی سەرۆکدا مەسیحێکی گوناهبارین
سەرۆک بێ ئەوەی لە روخسارمان بڕوانێت
لە قوللەکانی قەڵاوە، خوێنساردانە وەک بێژێت گەڵاێک لە دارێک بکەنەوە
لە پێچی جامانە رەنگ خوێناوییەکەیدا
مەرگنامەمان فڕێدەداتە بەر چەکمەی جەلادەکان
لە ریتوالەکانی قەبیلەدا هەموومان مەسیحی هەڵگەڕاوەین
دەبێت بە زامەکانمانەوە خاچەکانمان تا دۆڵی مەرگ بەکێش بکەین.

لە ساڵنامەی قەڵادا هەموومان نەوەی "زۆڵ"ین
ئێمە کە ناچینەوە سەر خوانی گەنیوی هیچ قەبیلەێک
ئەو باڵندە نەفرەتییانەین
"دەبێت بە بازی کوڕە راوچییەکانی قەڵا راو بکرێین"
ئەو جڕوجانەوەرە کێوییانەین
"دەبێت پڵنگەکانی قەبیلە دەم لە گەروومان هەڵژەنن"
قەڵا حیکایەتێکی گەورەیە..."سەردەشت وەهای وت".

_________________________________________
تێبینیی:
* (وەهای گوت زەردەشت) ناوی کتێبێکی نیتشەیە، ئەو کتێبە لای من هیچ بەهاێکی نییە، هەڵبژارنی من بۆ ئەو "تایتڵ"ـە (لەبەر هەر شتێک بێت کە پێویست ناکات بیڵێم) بەڵام لە سەرسام بوونم بەو کتێبەوە نەهاتووە.

 

٢٨\٤\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی کازم قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک