په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٤\٢٠١٩

وەڵامێک بۆ نووسینە چەواشەکارییەکەی عەبدولڕەحمان فەرھادی!


سەدیق سەعید     


ماوەیەکە لەمەوبەر، وتارێکم لە بارەی پەرتووکێکی نووسەرێکەوە نووسی و چەند رەخنەیەکم لە پەرتووکەکەی گرت و لە رۆژنامەی ھەولێردا بڵاومکردەوە. کەچی دواتر عەبدولڕەحمان فەرھادی کە خۆی پێ (ئەراگۆن)ی کوردییە!! بە بێ ئەوەی ھیچ پەیوەندیی بە پەرتووکەکەوە یاخود نووسینەکەی منەوە ھەبێ، بە داخەوە لە فەیسبووکی خۆی ئەو لاپەڕەیەی کە وتارەکەمی تێدا بڵاوبۆتەوە، ھاتووە (سکان)ی کردووە و ھەموو وتارەکەی بە قەڵەمی سوور نیشانە کردووە. کە گوایە رەخنە لە من دەگرێ و وا خوێنەر چەواشە دەکا کە من ھیچ لە زمان و نووسین و رەخنە نازانم. لە ڕاستیدا، بە ھیچ شێوەیەک مەبەستم نەبوو وەڵامی فەرھادی بدەمەوە، چونکە کاتی ئەوەم نییە بە نووسینی بێ واتا خۆم سەرقاڵ بکەم و ئەگەر کات قەرزکرابایە، قەرزم دەکرد بۆ ئەوەی فریای خوێندنەوەی پەرتووکی زۆرتر بکەوم. وەلێ چونکە بەشێک لەو کۆلکە نووسەرانەی من پێشتر رەخنەی لۆژیکیم لە پەرتووکەکانییانەوە گرتووە و خۆیان بوێری ئەوەیان نەبووە وەڵامم بدەنەوە، بە دەرفەتیان زانیوە و ھاتوون بەو نووسینە چەواشەکارییەی فەرھادی شاگەشکە بوونە (وەک ئەو پەندە کوردییەی دەڵێ: دوژمنی دوژمنم دۆستمە) کەوتوونەتە نووسینی کۆمێنت لە دژی من و بە داخەوە ھەندێکییان پەلاماری کەسیەتیشیان داوم، ئیدی بە پێویستم زانی کورتە وەڵامێکی بدەمەوە بۆ ئەوەی واز لەو چەواشەکارییانە بێنێ، لە خوارەوەش سەرنجەکانم دەخەمە ڕوو:

١- فەرھادی وتارەکەی لە فەیسبووکی خۆی نووسیوە، چونکە دەزانێ بە ئاسانیی بۆی دەچێتە سەر و تێدەپەڕێ، خۆزگە کەمێک ئازایەتی و بوێریی ئەوەی ھەبووایە، لە رۆژنامەی ھەولێر سەرنجەکانی بنووسێ!!!

٢- لەگەڵ ئەوپەڕی رێز و خۆشەویستییم بۆ ھەموو ئەوانەی فەیسبووکییان ھەیە و بەکاریدێنن، بەڵام سێ بەشی ئەو نووسینانەی لە فەیسبووک بڵاودەکرێنەوە، لای من بەھایان نییە، چونکە فەیسبووک سەکۆیەکی بێ دایک و باوکە و ھیچ فلتەر و سانسۆرێکی نییە و ھەموو کەسێک دەتوانێ چەواشەکاریی، ناوزڕاندن، جوێن، رەتکردنەوە، وتاری بێ واتای لێ بڵاوبکاتەوە. بۆ نموونە: من لە فەیسبووک دەنووسم (شێرزاد حەسەن چیڕۆکنووس نییە، بەختیار عەلی رۆماننووس نییە، مەریوان قانع رووناکبیر نییە، ئازاد عەبدولواحید رەخنەگر نییە، عەبدولموتەلیب عەبدوڵا لێکۆڵەر نییە، عەتا قەرەداغی نووسەر نییە... تد کێ دەتوانێ ڕێگرییم لێ بکا؟ بەڵام ئاخۆ دەتوانم ئەوانە لە رۆژنامەیەک یان گۆڤارێک بنووسم؟

٣- خۆزگە فەرھادی بوێریی ئەوەی ھەبووایە لە رۆژنامەیەک وتارەکەمی شەن و کەو بکردایە و خاڵ بە خاڵ ھەڵەکانی دیاربکردایە، نەک بۆ چەواشەکردن، ھەمووی بە هێڵی سوور وەک قوتابییەکی قۆناغی بنەڕەتیی تێوەربدا. چونکە ئەو ھێڵی بە ژێر وشەی وەھا داھێناوە، کە ھیچ ھەڵەیەکییان تێدا نییە.

٤- خودی فەرھادی، بە واژۆی خۆی دیوانە شیعرێکی بۆ ناردووم بە بێ ئەوەی بیناسم. من ئەگەر لە بارەی دەردە دڵەکانییەوە نەک شیعرەکانی، وتارم نووسیبا و بە شان و باڵی ئەوم ھەڵبدایە، دڵنیام ئەگەر ھەموو نووسینەکانیشم ھەڵە بان بێ دەنگیی لێ دەکردم.

٥- من تا ئێستا کەم رۆژنامە و گۆڤار ھەیە، وتارم لێ بڵاونەکردبێتەوە. تۆ بڵێی فەرھادی لە ستافی ئەو بڵاوکراوانە رۆشنبیرتر و بە تواناتر و زمانزانتر بێ؟ رێی تێدەچێ کەسێک ھیچ لە زمان و رێنووس نەزانێ و بە سەدان وتاریشی بڵاوکردبێتەوە؟

٦- فەرھادی لە کاتێکدا رەخنە لە لایەنی زمانەوانی و رێنووسی وتارەکەی من دەگرێ، بەڵام ھەر خۆی لە (چۆڕاوی تریفەدا) وشە ھەیە بە دوو شێوە و بە دوو رێنووسی جیاواز نووسیویەتی.

٧- لە راستییدا، لە ھەرێمی کوردستان زمانێکی ستاندار و یەکگرتوو نییە تاکو وەک فۆڕمێکی جێگیری نووسین ھەمووان پەیڕەوی بکەن، بۆیە ھیچ کەس ناتوانێ رێنووسی خۆی گشتاندن بکا بە سەر نووسەرێکی دیکە. تەنانەت بەشێک لە چەمک و دەستەواژەکان، لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێ. بۆ نموونە: ئێمە لە رواندز دەڵێین: (تەنشت) واتا پیتی (ی) تێدا نییە.


٨- فەرھادی بە لایەوە سەیرە کە من فەیسبووکم نییە و دەڵێ چۆن دەبێ نووسەر فەیسبووکی نەبێ!! ئەو بەڕێزە، بە داخەوە ھێندە بێ ئاگایە لە دنیا، نازانێ دانان و دانەنانی فەیسبووک، بەشێکن لە ئازادیی و ژیانی کەسیی و تایبەتی ھەر مرۆڤێک. وەک چۆن ئەو فەیسبووکی ھەیە و چەواشەکاریی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ھەمان شێوە دەبێ باوەڕیشی بەوە ھەبێ کەسانێک ھەبن فەیسبووکییان نەبێ. بەڵام من ئەو ھەڵوێستەی فەرھادیم بەلاوە ئاساییە، چونکە دەزانم بەشێکی زۆری بە ناو نووسەران و بە ناو رووناکبیرانی کورد، ھەموو سمێڵ سوورێک لایان ھەمزە ئاغایە، بۆیە لاشیان وایە ئەگەر کەسێک فەیسبووکی نەبوو ئیدی نووسەر نییە بە تێگەیشتنی خۆیان!!


٩- لە راستییدا، نووسینەکەی فەرھادی نیگەرانی نەکردم، ئەوەندەی کۆمێنتی بەشێک لە کۆمێنتچییەکان (ھەڵبەتە ھەموویان نا) ئازارییان دام. چونکە ئەوان بە بێ ئەوەی نووسینەکەی منیان بینیبێ و خوێندبێتەوە، بەبەغایانە (لەگە عامێ بڕۆ شامێ) کەوتوونەتە ستایشکردن و دەستخۆشانە لە فەرھادی، کە باش دەزانم ئەمانە شینەکەیان بۆ چییە. لەو کۆمێنتچییانە ھەیە شاعیر نییە، ھەیانە پەنجا ساڵە چیڕۆک دەنووسێ، بەڵام لە ھەولێر کە شارەکەی خۆیەتی کەس نایناسێ!! ھەیانە پسپۆرییەکەی بواری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنانە و فڕی بە سەر ئەدەب و زمان و رەخنە و رێنووسەوە نییە، کەچی نووسیویەتی سەدیق ھیچ لە زمان نازانێ. من ئێستا، ھیچ قسەیەکم بۆ ئەوان نییە، بەڵام لە داھاتوودا خوا یاوەرم بێ یەک بە یەک نووسینەکانییان شڕۆڤە دەکەم، ئەو کات بە بەڵگە بۆ ھەموو لایەک دەردەکەوێ و ساغ دەبێتەوە، کە کێیە لە نووسین و رەخنە نازانێ؟ من یان بەشێک لەو کۆمێنتچییانە؟

١٠- ھیوادارم فەرھادی، رێز لە کاتی من بگرێ و سەرقاڵم نەکا بە وەڵام و وەڵامکاریی، چونکە ئەو ھەرچییەک بنووسێ، ئیدی لای من وەڵام نادرێتەوە. چونکە (حەمە سەعید حەسەن) کە رەخنەگرێکی ھەرە بە توانای کوردە و فەرھادیش چاکی دەناسێ! بەو پێیەی پێشتر لە بارەی شیعرەکانی ئەو نووسیویەتی، قسەیەکی جوانی ھەیە و دەڵێ: (نووسەرانێک ھەن وتارت لە سەر دەنووسن، باست دەکەن، ناوت دەھێنن، بۆ ئەوەی تۆش وەڵامیان بدەیتەوە و لە نووسینەکانتدا ناویان بھێنی، تاکو لە پەراوێزی ناوی تۆوە بناسرێن).

لەگەڵ رێزم بۆ خوێنەران و داوای بەخشین دەکەم ئەگەر لە شوێنێکدا کاردانەوەیەکم ھەبووبێ، چونکە بلێسە لە گڕ ھەڵدەستێ!

 

 

sadiqrwandze@yahoo.com


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک