په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١\٢٠١١

وەڵامێکی هێمنانە بۆ جنێونامە بەناو روونکردنەوەکەی ئەنجومەنی کۆمەڵەی (پ.م)ە دێرینەکانی (حشک).


رابەر رەشید   

 

کۆنە هەڤاڵێکی (حسک) پێیوتم، ئەرێ برا تۆ سەرت نایەشێ، بۆ پەڕۆی تێدەئاڵێنی؟. دوای ئەوەی لە مەبەستی گەیشتم، ئینجا وتم: ئاخر هەڤاڵی هێژا، چیبکەین ئەگەر راستگۆیانە داکۆکی لە هاوسەنگەرەکانی دوێنێمان نەکەین، ئەی کێ خەمێکیان لێبخوات و زامەکانیان ساڕێژ بکات؟. ئەمە دەق بەسەر منی کۆنە (حسک)دا هاتووە. ئێمەی پێشمەرگەو رۆژنامەنووسی سەردەمی شاخ و ئێستای شار، هەر خاوەنی هەمان رەوشتی بەرزی پێشمەرگایەتین و هەر بە هەمان گیانیشەوە مامەڵە لەگەڵ رەوتی رووداوەکاندا دەکەین، بۆیە جاران خائین و خۆفرۆشەکانی میللەت بە خانەوادەو کەسوکارەکانمانیان دەوت: (کوڕەکانتان خۆڕی بوون، بۆیە نەیانتوانی وەکو کوڕی فڵان و فیسار بۆ خۆیان ببنە جاش!!). باوکم یادی بەخێر، کاتێ لە ناوەڕاستی ساڵی (1986 لە گەلی زێوەی پشت ئامێدی و دواتریش لە کۆتایی ساڵی 1987 لە گوندی ئالکای سەر زێی بادینانی نزیک بلێ، هاتەلامان و ئەوەی بۆ گێڕامەوەو هەر خۆیشی وتی: بەو خائینانەم وتووە، کوڕی من پێشمەرگەیە، بەڵام ئەوانەی ئێوە حەرامزادەن و چەکی جاشایەتییان هەڵگرتووە). بە هەرحاڵ، ئەوەی دەمەوێ لەم چەند دێڕەدا وەڵامی بدەمەوە، ئەو قسە سووک و بێ بنەمایانەی بەناو ئەنجومەنی (پ.م)ە دێرینەکانی (حشک)ە، کە ئەوە دووەمینجارە، منی رۆژنامەنووس لە ئاکامی داکۆکیکردن لە دوو هاوڕێی غەدر لێکراویان، دەکەومە بەر تانەو تەشەری ئەوانەی زۆر بەداخەوە خۆیان بە شیوعی دادەنێن، ئاخر رەوشتی بەرزی شیوعییەت و قسەی سووک (کوجا مەرحەبا!!).

 

ئەوەی یەکەمیان لە پەنای ناوەکەی منەوە، هێرشێکی مەبەستداریان کردبووە سەر چەند بەرپرسێکی ئەو ئەنجومەنەی حشک و ئەوەی ئەمجارەش بەداخەوە خودی ئەنجومەنەکە، راستەوخۆ کردوویەتییە سەر خودی من. هەرچەندە من دوای بڵاوکردنەوەی ئەو دوو بابەتە لەلایەن دوو کەسەوە، بەناوەکانی (هاوڕێ مەجیدو هاوڕێ حەمەڕەشید قەرەداخی)، هەر یەکەو بە جووداو بۆ ماوەی چەندین خولەکەک، گفتوگۆمان لەسەر ئەو دوو بابەتە کردو، ئەوان زیاتر لە بابەتەکەی (حەمەڕەشاش) تووڕەبووبوون، نەک ئەو دوو بابەتەی من، وای من لێیان تێگەیشتم، بەڵام لەم جنێونامەیەی کە بەناوی روونکردنەوە بڵاویان کردۆتەوە، بەڕاستی هەموو سنوورێکی رەوشتی شیوعییانەیان بەزاندووەو رەپوڕاست نووسیویانە: (بەڵام بە داخەوە هەندێ کەس بەبێ زانیاری وەبێ ئەوەی بۆ پ.م دێرینی بەردیان لەسەر بەرد دانەنابێ و داکۆکیان لە مافی پ.م دێرین کردبێ و هاتبێتنە مەیدانەوە کوێرانەو بێ شەرمانەو دوور لە هەموو رەوشتێکی هاوسەنگەرو هاوڕێیانەی کۆن و بێ ویژدانانە کە تەنها فرمێسکی تیمساحاوی بۆ پ.م ی دێرین هەڵدەڕێژن دەنوسنو بەوپەڕی دڵ رەشیەوە تەشیر بە خەبات و هەوڵو هیمەتی کۆمەڵەی پ.م دێرینەکانو ئەنجومەنی باڵا بەتایبەت هاوڕێ حەمەڕەشید قەرەداغی و هاوڕێ عەتا دەکەن......تاد).

 

سەیرە هەر کەسێک ئەو دوو بابەتەی من (رابەر رەشید)ی خوێندبێتەوە، تەنها بۆ وەڵامی پرسیارێکی رەوا ناوی (هاوڕێ حەمەڕەشید قەرەداغی)م هێناوەو نە لە دوورو نە لە نزیک باسی ئەو کاکەیەی دیکەم نەکردووە!!، جا نازانم ئەو کاکەیە بۆ ناوی هاتۆتە ناوانەوە!!. هەر لێرەشەوە لە خاوەنی ئەو روونکردنەوەیە دەپرسم: تۆ خوێنی ئەوانەی خوێنی خۆیان کردە کاسەوەو ئێوەو مانان لەپەنایاندا حەوانەوە: من (کوێرانەو بێ شەرمانەو دوور لە هەموو رەوشتێکی هاوسەنگەرو هاوڕێیانەی کۆن و بێ ویژدانانە)، (تەنها فرمێسکی تیمساحاوی) بۆ پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبەکەتان هەڵدەڕێژم؟!. تۆ ویژدانتان، ئەگەر ویژدان لای خاوەنی ئەو نووسینە بوونی مابێ، من (بەوپەڕی دڵ رەشیەوە تەشیر بە خەبات و هەوڵو هیمەتی کۆمەڵەی پ.م دێرینەکانو ئەنجومەنی باڵا بە تایبەت هاوڕێ حەمەڕەشید قەرەداغیء هاوڕێ عەتا)دەکەم؟!. ئەزیزانم: من نە ئێوەم دیوەو نە دەشتانناسم، بەڵام کاتێک پێشمەرگەیەکی ستەملێکراوی کەمئەندامی خۆتان پەنا بۆ منی دەرەوەی چوارچێوەی حیزبەکەتان دێنێت، ناچارم داکۆکی لێبکەم.

 

بەڕێزان: ئێوە لە دەسپێکی بەناو روونکردنەوەکەتاندا نووسیوتانە: (بەداخەوە رۆژنامەنووس رابەر رەشید دەبوایە پێش وەخت کە ئەو بابەتەی نووسی و بڵاوی کردەوە هەندێ زانیاری کۆ بکردایەتەوە یاخود پرسیاری لێ بکردینایە). ئەرێ ئەی ئەوە لەکاتی ئاخاوتنەکانتان بە مۆبایل بۆ بەو زمانە نەرمە قسەتان لەگەڵ دەکردم و لێرەش بە بێشەرم و دوور لە رەوشتی هاوسەنگەری تاوانبارم دەکەن، ئەمەیان چەندی بەچەند؟!. ئەرێ تۆ ویژدانتان ئەگەر ئەو دوو بابەتە نەبوایە، ئەو دوو هاوڕێیە کە هاوڕێ دڵشادی کۆیەیان کەمێک دەناسم و هاوڕێ ئاشتیم لە ژیانمدا نەدیوەو نەناسیوە، بەڵام ئێستا هێندەی دنیایەک گەورەیە لام، بەبێ بڵاوکردنەوەی ئەو دوو بابەتە ئێوە داکۆکیتان لێدەکردن؟!. هاوڕێ ئاشتی خۆی دوای پەیوەندیکردنی تەلەفۆنی لەگەڵمداو ناردنی زانیارییەکانی سەرخۆی بە نامەیەک، هەروەکو لە بابەتەکەی سەبارەت بەخۆی وەکو راستییەک بڵاویش کراوەتەوە. براینە.. ئێوە هاتوون کۆنە قینی حۆتان لە خەڵکی دیکە بەسەر منی رۆژنامەنووسدا هەڵدەڕێژن!!. ئەمە رێک وەک ئەو قسە نەستەقە کوردییە وایە کە دەڵێ: (بە کەر ناوێرێ و بە کورتان رەپەڕەپیەتی).

 

بەڕێزان.. ئێوە کێ قسەتان پێدەڵێت و دێن قسەی ناشیرین بە کێ دەڵێن: بەڵام بڕوا بکەن جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە: من حیزبەکەم هەر لە هەرزەکارییەوە فێری جنێو و قسەی سووکی نەکردووم، قەڵەمەکەیشم، قەڵەمی خوێنی شەهیدانی شاخ و سەنگەرەو شەهیدیش خیانەت لەو بیروباوەڕە ناکات کە گیانی خۆی لە پێناویدا بەخشی. بەڵام لە یەک شت دڵنیابن و بڕۆن پرسیاری کوێرانەو بێشەرمانەو هەڵڕشتنی فرمێسکی تیمساحاوی منی رۆژنامەنووس لە مەکتەبی سیاسی حیزبەکەتان و تەواوی ئەندامانی سەرکردایەتیتان بکەن، تا بزانن رابەر رەشید کێیە؟. ئەوکاتە بزانن کێ کوێرانەو بێشەرمانەو بێویژدانانە داخی رەشی خۆی هەڵدەڕێژێ، منی رۆژنامەنووسی خاوەن ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی، یان ئێوەی زۆر هێژاو پایەبڵند؟!. ئای پێشینان راستیان وتووە: ئەوەی پەرێزی پاک بێت، شا بە سەپان نازانێت)، بەڵام هەر کوردیش دەڵێ: قەنقەلانشک لە خۆی بە شک!!.

 

رێزی دووبارەم قەبوڵ بکەن و ئەمەش دوا وەڵامم دەبێ بۆ هەر جنێونامەیەکی دیکە، ئەگەر بە خەیاڵتاندا هات بینووسنەوەو بڵاوی بکەنەوە. لەوەش دڵنیابن، من ئێستا تا ئەوپەڕی ئازادی، ئازادم وکۆتوبەندی هیچ حیزبێک دیل و یەخسیری نەکردووم و رێگەش نادەم لغاوی هیچ حیزبێک سەرکێشی و راستگۆیی قەڵەمەکەم لە سەنگەری راستییەکاندا بترسێنێت. هەر بۆ نیازپاکی من لە بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانە لەسەر ئەو دوو هاوڕێ ستەملێکراوانەی حیزب، لە بابەتەکەی هاوڕێ ئاشتیدا ئەمەم نووسیوە: (هەرچەندە تا ئێستا نەمبیستووە کەسێک پلەی عەمیدی هەبێ، بەڵام بە مووچەی (300) هەزار دینار، جا نازانم تۆ بڵێی لە پەیڕەو و پرۆگرامی کۆمەڵەکەدا بڕیارو یاسای وا هەبێ، ئەم پرسیارە ئاراستەی خودی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان و خودی هاوڕێ حەمەڕەشید دەکەم. بەڵام یەک تکاشم هەیە تۆ خوێنی شەهیدان بەبێ تووڕەیی، چونکە تاکە مەبەستی من لە خستنەڕووی ئەم بابەتانە بۆ چارەسەرکردنە، نەک بۆ رق هەڵگرتن، چونکە پێموایە هەموو ژیان بەشی تووڕەبوونێک ناکات). بە راستی رێزیان لە خوێنی شەهیدان گرت!!.


25\1\2011 - که‌رکوک

ماڵپەڕی رابەر رەشید