٢٢\٢\٢٠١٢
وەڵامەپەیامێک بۆ
رزگار شوانی و
نوکەیەک بۆ
گەندەڵکاریی ھەندێک لەخۆبەپاکیزەزانە شیوعییەکان.

ھیوا رەش
ڕزگار شوانیی ھاوڕێم کە پێکەوە پێشمەرگە بووین و ئاشنای خۆڕاگری و
ھەڵوێستی جوامێرانەیم و گومانم لە ڕاستگۆیی و پاکیی نیە ، لە ماوەی
پێشوودا - پەیام - ێکی ئاراستەی ھاوڕێیانی حیزبی شیوعی کردبوو ، ناچمە
ھەڵسەنگاندنی بابەتەکەوە و لام وایە ئەوەندە بەسە کە دەزانم لە چ
ڕوانگەیەکی غەمخۆری و دڵئێشان بۆ چارەنوسی گرژبۆوە و لە گڕێژنە دەرچووی
حیزبەکە و قوربانیدانەکانی ھاتۆتە دوان ، کۆمەڵێک ھاوڕێ بە پێی پێگە و
کەسایەتی خۆیان بەڕێزەوە سەرنج و تێبینی خۆیان لەبارەوە دەربڕیوە و بە
ڕەخنە وەڵامی ڕەخنەکانی ئەویان داوەتەوە کە ئەمەش پرەنسیپی گفتوگۆیە ،
لێ ھەندێک شامبازی لاساییکەرەوە ، شەمشەمەکوێرە ئاسا بە ناوی
خوازراوەوە کۆمێنتی بریندارکەریان بۆ نوسیوە کە ڕزگار شایەنی ئەو
ھەجووە بازاڕییانە نیە و کەسایەتیی ڕاپۆرتنووس و کۆمێنتنوسەکان لە
قولەپێی ئەودان ، دەمەوێ ئەوەش بڵێم ڕزگار فریشتە نیە و مرۆڤە و دابڕاو
نیە لە ھەڵە ، ھەروەھا دابڕاویش نیە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و
پەیوەست نیە بە ھیچ کاروکردەوەیەکی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێی عەلی ڕوسی
، ئەوانەی بەوەوە دەیبەستنەوە مەبەستیانە ، ئەو مەسەلە گرنگ و
چارەنوسسازانەی ڕزگار لە دەرگایان دەدا بە ئاقارێکی دیکەدا بیبەن ،
وەکو مانگی چواردە ڕوونە ئەوانە دەربارن و جگە لە ھونەری ماستاو و
شانتەکاندن و مامەحەمەیی و ئێشکگریی بەردەرگای شەوە سورەکانی ئەموئەو
شتێکی دیکە نازانن و زمانیشیان بۆ دووزمانی و ڕیاکارییە بۆیە ئەستەمە
لۆژیکانە بدوێن ، جا کە نەوێرن خۆیان ئاشکرا بکەن ھەقی خۆیانە و خۆیان
، خۆیان باشتر دەناسن و شارەزای پاشەڵپیسیی خۆیانن ، بۆیە ئەگەر لەگەڵ
تەواوی بڕگەکانی ھاوڕێ ڕزگاری پێشمەرگەی دانەبڕاودا ناکۆک بم لەوەدا
دەسخۆشیی لێدەکەم کە قسەی ئەوانەی کردۆتە فڵچە و گەردی پێڵاوەکانی
پێدەسڕێتەوە.
مەبەستمە بۆ وەڵامی ھەموو ئەو ھاوڕێیانەی لە دڵسۆزییەوە وەڵامی
ڕزگاریان داوەتەوە و داوای بەڵگەی گەندەڵیی دەکەن بیخەمەوە بیر ، لە
دەمەدەمی دەنگۆی خانەنشینکردنی پێشمەرگە دێرینەکاندا ، ئەو کاتەی
لیستەکان ئامادە دەکرا و ڕێگە بە کەس نەدەدرا لە بێلەکەیی و بێگەندەیی
لیستەکان بکۆڵێتەوە ، کاتێک بە خۆمان زانی ھایھووو چی کراوە ؟ ! بەندە
یەکێک لە ناڕازییەکانی لیستەکان بووم چونکە باش و جاش تێکەڵکرابوون ،
دەرباریی خرابووە سەرووی ھەڵوێست و جوامێرییەوە و بە مەحسوبیەت و
مەنسوبیەت شەقیان دابوو لە شیوعییەت ، ئەمانەم پێقووت نەچوو ، زۆرم
ھەوڵدا و لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی (ئەبوکاروان و سوبحی مەھدی) و
ھەتا - مامۆستا عەلی ڕوسی - ش کە خۆم یەکێک بووم لە قوربانییەکانی
داھێنانی نانبڕین لە سەردەمی عەرشی پاشایەتیی ئەو لە ساڵی ١٩٩٢ دا کە
ئەو کاتە بەرپرسی کۆمیتەی پارێزگای کەرکوک بوو ، بەندەش ئەندامی محەلی
بووم و وازم ھێنا ، لەگەڵ دەسلەکارکێشانەوەکەمدا موچەکەم کە تاکە
سەرچاوەی بژێویی خۆم و خاوخێزانم بوو بڕییان ، ھەرچەندە ١٩٩٤ - ١٩٩٥ -
١٩٩٦ لە لێقەومان و وەرچەرخانە دژوارەکاندا ھانایان بۆم دەھێنایەوە و
بە دەنگیانەوە دەچووم ، لێ ھەموو ئەمانە گیرفانیانی نەبزواند ئاوڕێک لە
موچەی بڕاوم بدەنەوە تا بە مەمرەوبژیش بێ ڕۆژگاری تاڵ و گرانیی خۆم و
خێزانەکەمی پپێبەڕێ بکەم ، بۆیە ناچار بووم لە دوای ١٤ ساڵ خەبات و ٦
جار برینداری و زیندانی سیاسیمەوە قایلبم بەوەی لە گومرک دامەرزرێم و
بکەومە ناو کەشێکی پڕ لە دزی و بەرتیل و گەندەڵییەوە کە مایەی ئەوە نیە
پیاو لە ڕووی بێ باسی بکا و بە پەڵەیەکی نەنگیی دەزانم کە لە لایەن
دەسڕۆییشتووانی ئەو دەمەوە لەسەر خوانی سیاسەتی گشتگەندەڵاندندا پێشکەش
دەکرا ، ھێندەم باش بوو توانیم سومعەی حیزبەکە و خۆم ( ھەرچەندە
حیزبییش نەبووم ) لە خاڵی لاواز بپارێزم کە ئەمەش زۆر سەخت بوو
لەبەرئەوەی گرانیی بێوێنەی بازاڕ و نەداریی بێھاوتای خۆم ئاوێتە ببوون
، ئەمەشم بۆ داننان بە ھەڵە و دەرخستنی پەڵەیە نەک پاساو ، دواجار
موچەی - ٦٥٠ دینار - ی ف\ەرمانبەریم کردە
قوربانی - ٣٢٠ دینار - ی خانەنشینی پێشمەرگە و قیریسیام لە ناعەدالەتیی
بەناو کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی شیوعی کرد و موچەیەکی کەمتر
لە موچەی ناشایستەیەکی بەپێشمەرگەکردووم ھەڵبژارد و لەو دۆخە پڕئازاری
دەروونییە دوور کەوتمەوە .
بەھەرحاڵ با بگەڕێمەوە پێشووتر ، لە ٢\٣\١٩٩٠
دا بە برینداری بەردەستی پیاوکوژەکانی ھەیئەی کەرکوک کەوتم و دوای ٧
مانگ و ١٨ ڕۆژ کە لە ( کەلەکە) مەوە پیساییم دەکرد و لە سنگمەوە تا
خوار ناوکم ھەڵدڕابوو و شەش سۆندە خرابووە جەستەمەوە و ھەردوو دەست و
ھەردوو پێم بە قەرەوێڵەوە سندم و کەلەپچە کرابوون و چوار پاسەوانیش بە
دیارمەوە بوون ، بەو حاڵەشەوە لە کاتی - تەحقیق - دا ئەشکەنجە دەدرام و
لە دوایین جاردا جگە لە ھەڵڕشتنی پارەیەکی بێشومار بەڵێنی گواستنەوەم
بۆ نەخۆشخانەی سەدام و دابینکردنی باشترین چارەسەر و خۆشترین کەشی
ڕابواردن ، بێسوود بوو و نھێنی حیزب و ژیانی ڕێکخستن و ھاوڕێیانم
پارێزگاریی لێکرد و لە ٢٠\١٠\١٩٩٠
دا بە حوکمی - موئەبەد - ەوە ڕەوانەی - ئەبوغرێب - کرام ، لەوێشدا کەس
بە ھەڵوێستەکانم ئاشنا نەبێ خودی مامۆستا عەلی ئاگادارە و لە
زیندانیشەوە بابەتم لە ڕۆژنامەی - ڕێگای کوردستان - دا بڵاو دەکردەوە
کە ئەمە بەڵگەی دانەبڕانمە لە حیزب ، لە ١\ ١\١٩٩٢
دا بە ڕێککەوتنی بەرەی کوردستانی لەگەڵ ڕژێم لەگەڵ سەدان زیندانی تردا
ئازاد کراین و بە پەلەپڕوزێ خۆم گەیاندەوە باوەشی حیزبەکە و ناجۆرترین
دەسپێشخەریی نامەردانەی کۆمیتەی پارێزگای کەرکوکی ئەو سەردەمە لێدانی
پلە و پایەی حیزبیم بوو ، مامۆستا عەلی ڕوسی و ئاشتی تاڵەبانی پێیان
ڕاگەیاندم کە دەبێ لە سفڕەوە دەست پێبکەمەوە ، وێڕای ئەوەی پێش گیرانم
لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٨ ەوە تا گرتنەکەم ئەرکی ئەندامی محەلیم
پێسپێردرابوو و لێپرسراوی کۆمیتەی قەزای ناوەندی ھەولێر و چەند ھێڵێکی
ڕێکخستنی دەوروبەری شار و ھێڵی ڕێکخستنی ناو شاری کەرکوک بووم ، بەڵام
ئەوەی لەگەڵ مندا پیادەیان کرد ھاوکات بوو لەگەڵ ئەوەی کۆنەبەعسی و
شیوعییە پاکانەچییەکان ڕۆڵیان دەدرایێ ، بەمە نەوترێ گەندەڵیی حیزبیی
ئەی خۆ گەندەڵی ماست نیە بە دەمەوە دیار بێ .
تا ساڵی ١٩٩١ کە دەیکردە ٩ ساڵ من و باوکم یەکترمان نەبینیبوو ، لە
زینداندا ھەواڵیان بۆ ھێنام کە باوکم کۆچی دوایی کردووە ، من ئاگام
لێنەبوو کە نەخۆش بوو ، نەشمزانیی پەلەقاژەی پێشمردنی چۆن بوو ، کاتی
مردنیشی بێئاگا بووم لەوەی چاوی چاوەڕوانیی بۆ من کراوە بوو یان بە
داخراوی سەری نایەوە ، کە مردیش نەمبینی بیشۆن ، دوای شۆردنیشی نازانم
کێ کفنی بۆ دووری و کێش لەبەری کرد ، بە خەیاڵیش نایەتە بەرچاوم لە کام
مزگەوت نوێژی لەسەر کرا ، نەشمبینی چ مەلایەک بوو تەڵقینی خوێند و بڕوا
بکەن نازانم پرسەکەشی چەند ڕۆژ بوو ؟ ؟ ؟ بۆیە دەکرێ بڵێم جگە لە قسە و
گێڕانەوەی دەماودەم و دیارنەمانی باوکم ، ئێستاشی لەگەڵدا بێ ھیچ
بەڵگەیەکی بەرجەستەم لەبەردەس نیە بیسەلمێنێ کە باوکم مردوە ، ھەتا لە
پرۆسەی ڕوخانی سەدامیشدا بردمیانە سەر گۆڕێک و پێیان وتم ئەمە گۆڕی
باوکتە و ھیچی تر ( واللە اعلم ) ، بەڵام نکوڵی ناکرێ لەوەی باوکم
مردووە و لە ژیاندا نەماوە ، جا دڵسۆزانی بیروباوەڕی شیوعییەت ، ئێوەش
بۆ ساغکردنەوەی گومانەکان وێڵی دوای بەڵگە مەبن ، لە ھەندێک لە
ئەندامانی سەرکردایەتییەکەتان و دەسوپێوەندەکانیان تەنھا ئەوەندە
بپرسنەوە و بڵێن : (من این لک ھدا ؟)، ئەگەر حیزبیان نەکردبێتە ئامراز
بۆ دەرۆزەیی گیرفانی خۆیان ، لە کوێیان پەیدا کردووە؟!
ھاوڕێیان ، ئێوە جگە لە جوانییەکانی ڕابردووی حیزبەکە کە مایەی
سەروەریی ھەمووانە ناشیرینییەکانی ئێستای نابینن ، حیزب پەرستگا و
ڕەخنە کوفر نیە ، بەراوردێکی ماڵ و حاڵی خۆتان لەگەڵ ئەواندا کە نە
مێژوویان لە ھی ئێوە پرشنگدارترە و نە نیوەی ئێوە خەباتی سەختیان بەرپا
کردووە ، ئەمە بەسە بۆ ئەوەی کەمێک دان بە گەندەڵییەکاندا بنێن ، کاتێک
ھیچم نەبوو ، تەنانەت پارەی کرێخانوش ، ماڵەکەم لە ژێرزەمینی خانووی
ھاوڕێ - مام ساڵح - دا جێکردبۆوە ، ژن و منداڵەکانم ناردبۆوە بۆ ماڵی
غەزورم ، دایکم حەواڵەی ماڵی براکەم کردبوو ، خۆیشم لەبەر بێپارەیی و
موفلیسی لە بارەگای کۆمیتەی پارێزگای کەرکوک لەسەر تەختێک لێی ڕاکشا
بووم و بێھودەیی ببووە مۆتەکەم ، لەو دەمانەدا پاداشتی زەوی بۆ
زیندانییانی سیاسی دابەش دەکرا و من یەکێک بووم لەوانەی ناوم ھاتبۆوە ،
پێیان وتم کە ھاوڕێ - حەمە عارف - ی کۆمیتەی پارێزگای سلێمانی خێزانێکی
گەورەی بەسەردا کەوتووە و حاڵیشی ھێندە شڕە لە ژێر سفڕەوەیە ، تەنازولم
بۆ ئەو قبوڵکرد و ناوی ئەو خرایە جێگەی ناوەکەم ، چونکە من جگە لە
زیندانی سیاسیی ، پاداشتی پێشمەرگەی دێرین و ئاوارەییش لە چانسمدا
مابوو ، ئەو ھاوڕێیە تەنھا چانسی زیندانی سیاسی یاوەری بوو ئەگەر ئەو
دەرفەتەی لە کیس بچوایە ئاکامی خراپ دەبوو ، لە دواییشدا وەکو
کوردەواری خۆمان دەڵێن : ( خودا خانویەکی باشی بە نسیب کردم ) ، ئەدی
بۆچی ھاوڕێیەکی قارەمانی وەکو شەھید - شاڵاو - کە لە بنەسڵاوەدا بە
نەخۆشییەوە دەتلایەوە و باوکی دوو جگەرگۆشەی چاوگەش بوو ، نەخۆشی (
زەردویی ) زەفەری پێببات و بیکوژێ ؟ ! ، لە کاتێکدا چارەسەرییەکەی
پارەی داوەتێک یان گۆڕینی چوار پێچکەی ئۆتۆمبێلە دوامۆدێل و
گرانبەھاکانی ئەندام سەرکردایەتییەکی نەدەویست و لە خۆیان نەبوارد
تۆزێک لە خەرجیی زەبەلاحی خۆیان بگرنەوە و ژیانی شەھید شاڵاوی
پێبکڕنەوە ، ئایا نابێ ئەوان لە ئێمە زیاتر ھەست بە بەرپرسیارێتی بکەن
و کەمێک تەنازول لە کەیفوسەفای منداڵە خوداپێداوەکانیان بکەن لە پێناوی
دابینکردنی پارەی لێقەومانی ھاوڕێیەکی لە خۆیان خەباتگێڕ و ماندووتر ؟
یان ئەوان لە ئاکاری شیوعییانە داشۆراون و ھێندە ناجوامێرن چاویان بە
جوامێرانی ھاوشێوەی شاڵاو و ڕزگارەکان ھەڵنایەت و لە ڕێگەی
کاسەلێسەکانیانەوە دەیانەوێ لە سەنگیان کەم بکەنەوە و بە ناوی
شارراوەوە تیری نامەردانە دەھاوێژن و لەکەداریان دەکەن ؟ ! کتومت ھەندێ
دەروێشی تەریقەت بەڵغەمی شێخەکان لرف دەکەن.
دەمەوێ بچمەوە سەر وەڵام بە داخوازی دڵسۆزان لە بە بەڵگەداریی
گەندەڵییەکان:
١ - دەتوانن بپرسنەوە بۆچی ئەندامانی سەرکردایەتیتان زۆربەیان چەندجار
زەوی و پارەی بینا کردنی خانوشیان وەرگرتووە و دەیان پێشمەرگەی دێرین و
زیندانی سیاسیی وەکو حەمەڕەشاش لێی بێبەش دەکرێن ، ئەمە لە کاتێکدایە
دەربارەکان سودمەند بوونە و بە مەزاجی گەندەڵکارانی ناو سەرکردایەتی
مافی پێشمەرگەی دێرینیان پێبەخشراوە.
٢ - دەکرێ بکۆڵنەوە لەوانەی بە پلەی ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی کە
لەسەر خوانی ئامادە خانەنشینکراون شایستەترن یان کەسوکاری شەھیدان و
ئەوانەی خوێنی خۆیان بۆ سەروەریی حیزبەکە لە کاسە نابوو ، بۆ نمونە :
پێشمەرگەی دێرین و زیندانی سیاسیی پۆڵا زیندانی کە لە پێشمەرگە
سەرەتاییەکانی کۆتایی ساڵی ١٩٧٨ ە و ١٤ ساڵی تەمەنیشی لە زینداندا بۆ
حیزبەکە کردە دیاری ، بە پلەیەک خانەنشین کراوە مەگەر ھەر شانوشەوکەتی
مشەخۆرانی ناو حیزبەکە ئەو ناھەقییە ھەڵگرێ.
٣ - دەزانن چەندین بەڵگە ( بەڵگەی ئاشکرا و ڕوون ) سەبارەت بە ھەندێ
خانەشینکراوی بەناو پێشمەرگەی دێرینم بە سەرکردایەتی گەیاند و پێم وتن
: مەرج نیە ھەرچی پێشمەرگەی شاخ بووبێ ئینجا خانەنشین بکرێ چونکە زۆرن
ئەوانەی کاری ڕێکخستن و چاوساغی و داڵدەدانی پێشمەرگەیان گرتۆتە ئەستۆ
و ژیانی ماڵومنداڵیان بۆ خزمەتی شۆڕش خستۆتە مەترسییەوە و ئەرکیان لە
ئەرکی پێشمەرگە قورستر و ترسناکتر بووە بەڵکو پێویستە وەکو پێشمەرگە
چاویان لێبکرێ و ماف و پاداشتی پێشمەرگەشیان بۆ دابین بکرێ ، بەڵام
ناکرێ و نابێ کاسەلێس و جاش و جاسوس بخرێنە خانەی پێشمەرگەوە و پشکی
پێشمەرگەیان پێببڕێ و دەبێ خزمخزمێنەش وەلا بنرێ ، بەو ھیوایەی بەری
پێبگرن کەچی ھیچ ئیجرائاتێکیان نەکرد ، تا کار بەوە گەییشت ئاشکرا کردن
و خستنە ڕووی گەندەڵییەکان بکەم بە ھەڕەشە ، بێئەوەی ڕۆژێک
پێشمەرگایەتییان کردبێ ناوی سەرکردە تێرنەخۆرەکان خزابووە پلە
نایابەکانەوە بۆیە بێدەنگی خۆیان و بێمنەتیی منیان لە خۆیانەوە پێچا ،
سەرەنجام ناچار کرام ( زنجیرە - ناو - ساڵانی خزمەتی وەھمی و پلەی
خانەنشینی ) تەواوی ناپێشمەرگە بەپێشمەرگەکردووەکان و ھەندێک لە
پیاوانی ڕژێم بخەمە سەر ڕۆژنامە و کار بۆ لێدان و سڕینەوەیان بکەم ، لە
بەرامبەردا سەراپا نقومبووەکانی گەندەڵیی بێشەرمانە کەوتنە پڕوپاگەندە
و زۆرێک لە ھاوڕێ تێکۆشەرە شایستەکانیان لێدڵگران کردم بەوەی گوایە من
ناوەکانی ئەوانم سڕیبێتەوە ، خۆشبەختانە درۆکان لەبەر تیشکی ڕاستییەکان
بوون بە ھەڵم و ھاوڕێ نزیکەکانم کە لیستەکانیان بینی تێگەییشتن - لە
دیوەخان چ باسە - ! ئێستاش ئەو بەڵگانەم لا پلرێزراون و ھەر ھاوڕێیەک
بخوازێ دەتوانێ بۆ درۆ و ڕاستیی پەیوەندیم پێوە بکا ، بۆیە ئێستاش
دوبارە نایخەمەوە بەرچاو چونکە بەگومانم لەو شەمشەمە کوێرانەی کە لە
ئاوی ڵێڵدا مەلە دەکەن و بە ناوی خوازراوەوە دەیانەوێ شەڕی نێوان
شیوعییە ڕاستەقینەکان دەم بدەن و گەرمتری بکەن.
لە کۆتاییدا دەڵێم و دەیڵێمەوە ، گوناھی ھەندێک لە کادیر و ھاوڕێیانی
حیزبی شیوعی لەوەدایە کە بە بەراورد کردنی خۆیان لەگەڵ پارتی و
یەکێتیدا ڕەوایەتی بە گەندەڵییە فیکری و سیاسی و ڕۆشنبیری و حیزبی و
کۆمەڵایەتی و داراییەکان دەدەن و پاساوی نەشیاوی بۆ دەھێننەوە کە دەبوو
لە جیاتی ئەوە سەرقافڵەی خۆپیشاندانی دژ بە گەندەڵی و خاوەنی دروشمی
چاکسازی و سەروەریی یاسا و دادپەروەری و خواستە جەماوەرییەکان بوونایە
، منیش لەگەڵ ئەوەدا نیم شیوعییەکان لە سامانی ئەم وڵاتە بێبەش بکرێن و
بە کولەمەرگی ژیان بەسەر ببەن ، بەڵام نەک پاداشت و داھاتی حیزبەکە لە
٩٠ % ی بۆ سەرکردایەتی و بنکڕەکەی بۆ خوارەوە بگشتێنرێ ، بەڵکو پێویستە
بە پێچەوانەوە بێ ، لە ھەمان کاتدا پۆستەکان بۆ سەرکردایەتی و
ئەحبابەکانیان قۆرخ نەکرێ و خۆبەدوور بگیرێ لەو پۆستانەی دەبنە قەڵغان
بۆ گەندەڵییەکانی دەسەڵات ، چونکە ئەمەش خۆی لە خۆیدا گەندەڵییەکی
مەترسیدارترە لە گەندەڵی دارایی ، ئەوەش لەولاوە بوەستێ کە بێگەڕانەوە
بۆ باکگراوندی فکریی حیزبەکە ، لەم ڕۆژانەدا مەکتەبی سیاسیی
مەولودنامەی بە بۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامەوە جاڕ دا ، ھاوار
بە ماڵم ئەگەر ئەمە پەشیمانیی لە مارکسیزم و گەندەڵیی فیکریی نەبێ ،
دەبێ پەنا وەبەر فاڵچییەک ببەین گرێی پاشەکشێی فیکریی سەرکردایەتییەکە
واڵا بکات تا ھەڵە و کەموکوڕییە زەقەکان ڕوونتر بدرەوشێتەوە.
دەکرێ و پێویستە شیوعییەکان ڕۆڵی بەرچاو بگێڕن بۆ گێڕانەوەی متمانەی
خۆیان بۆ جەماوەر ، ئەویش دەبێ خوێن بە شادەماری ڕێگەچارەکان بگەیەنن و
بیر لە کاراکردنی لیژنەی چاودێری و دامەزراندنی لیژنەی دەسپاکی بۆ
لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوە لە سامانی زۆروزەوەندی ھەندێک لە ئەندامانی
سەرکردایەتییەکان و پیاوە لەبندەستوپێکەوتووەکانیان بکەن ، بە
دڵنیاییەوە ئەوسا سەدانی وەکو ڕزگار شوانی و منیش لەبری ڕەخنە ،
دەسخۆشیتان لێدەکەین و سەرکەوتنتان بۆ بە ئاوات دەخوازین ، لە کۆتاییدا
ماوە بڵێم : چاکسازیی و پاکسازیی بۆتە ئەرکی لە پێشینەتان و ڕۆژێک
درەنگتر بکەوێ بە زیانی گەورەتر دەشکێتەوە ، زیانی حیزبی شیوعیش
ئازاربەخش دەبێ بۆ تەواوی جەستەی بزاڤی چەپ و پێشکەوتوخوازەکان ،
مانەوەی بە حاڵی ئێستاشیەوە لەمپەرە لەبەردەم خەباتی چینایەتی و بە
لاڕێدا بردنی.
زۆرباشترە لەبری ئەوەی بە ڕزگارەکاندا ھەڵشاخێن ، ڕێچکەی یاسایی لە
بەرامبەر بکوژە بەعسییەکانی دوێنێ و داڵدەدراوە بەنازڕاگرتووەکانی
ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی بگرنەبەر و بە فەرمیی سکاڵای یاسایی لەسەر مەمۆ
و سەڵاح شینە و ھێمنەڕەش و قاسماغا و ئەو خۆفرۆشانە تۆمار بکەن و
زیندووەکانیان بۆ بەردەم دادگا پەت بکەن و مردووەکانیش لە گۆڕدا بە
سزای یاسایی بگەیەنن.
ئومێدم وایە گریاندنی ئێمە بۆ ئێوە بە باشتر بزانن لە خەناندنی دەسەڵات
بۆ سەرکردایەتیتان.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|