١٥\١١\٢٠١١
وهڵامی
چەواشەکارییەکەی بەڕێوەبەری ستاندەر.

حسێن حسێنی
بەرێز مەسعود عبدالخالق بەرێوەبەری سایت و گۆڤاری ستاندەر لە
فەیسبووکەکەییدا ، بەشێوەیەکی زۆر چەواشەکارانە ھێرشدەکاتە سەر کتێبی
دیزایین مەزن وەک پلانێکی گەندەڵکاران بۆ بێئیمان کردنی خەلکی موسڵمان
باسی دەکات ، جگە لەوەش بەشێوەیەکی زۆر عەوامانە رەخنە لە ستیفن
ھاوکینگ دەگرێت ، ئەوەی کە ھێرش کردنە بۆ سەر ستیفن ھاوکینگ بۆ
وڵامدانەوە نابێت ، چونکو مەسعود عبدالخالق ئەو کەسە نییە دابەزێتە سەر
کەسایەتی و مەعلوماتی زانایەکی وەک ھاوکینگ ، بەڵام ئەوەی لێرەدا دەبێت
باسبکرێت ئەو وتانەی بەرێزیانە کەسەبارەت بە ورگێرانی کتێبەکە و
چەواشەکارییە عەوامانەکەیەتی و ئەو سوکایەتیانەیە کە ھاوڕێکانی لە
فەیسبووکدا کردویانەتە سەر خودی من ، بە شێوەی یاسایی ئەدمینی ھەموو
لاپەریەک بەرپرسە لە کۆمێنتی ھاوڕێکانیشی ،سەرەتا نەمن و نەکاک کامیار
ھیچ پەیوەندیکمان بە حیزبەدەسەڵاتدارەکانەوە نییە و من بۆ خۆشم
پەیوەندییم بە ھیچ حیزبێکەوە لە سەرتاسەری ئەم جیھانەدا نییە و
لەتەمەنمدا سەردانی بنکەی ھیچ حیزبێکی فەرمی و نافەرمی کوردستان و
جیھانم نەکردووە.
سەبارەت بەبڵاوکردنەوەی کتێبی دیزاینی مەزن لەلایەن خانەی وەرگێرانەوە
کە بەڕای بەرێزیان ، بۆیە وا زوو بڵاو کراوەتەوە چونکو دژی ئایینە ،
تەرجمەی سەرەتایی کتێبەکە لەلایەن منەوە لە مانگی ١٠ و ١١ ی سالی ٢٠١٠
دا ئەنجامدرا و بە ھەشت بەش ھەموو حەفتەیەک لەلایەن سایتەکانی دەنگەکان
و ئەمڕۆوە بڵاو دەکرایەوە ، تەرجەمەی تێر و تەسل و رێک و ۆپێکێشی
بەھاوکاری نووسەر و وەرگێر کاک کامیار سابیر لە مانگی ١ی ٢٠١١ دا تەواو
بوو لە کۆتایی مانگی ٣دا بەندە بردم بۆ خانەی وەرگیران و دوایی نزییکەی
٦ مانگ ئەمجار بڵاوکرایەوە ، ئەوەی راستی بێت و من و کاک کامیار خەفتی
زۆرمان لە دواکەوتنی کتێبەکە بە ھۆی بیرۆکراسییەوە دەخوارد.
خانەی وەرگێرانیش بۆ ھەر لاپەریەک ٤٥٠٠ دیناری وەک پاداشت بە
وەرگێرەکاندا و لێرەدا ھیچ جیاوازییەک بۆ ئەم کتێبە نەکرا و رێک
بەسەرەی خۆی بڵاو کرایەوە ، کەوابوو ئەم چەواشەکارییە لەلایەن ئەم
برادەرەوە مانای چی دەگەێنێت؟
نەمن و نەکاک کامیار (لانی کەم لەدڵی خۆم ئاگادارم )ئەو بێدیینە
مولحیدە نیین کە ئەم برادرە تێگەیشتووە و دواکەوتوانی خۆی تێدەگەێنێت.
من وەک لەبەرنامەی دوتوێی کەنالی کەی ئێن ئێن (بە پێشکەشکاری کاک
یاسیین عومەر؛ یەکێک لەو رۆژنامە نووسانەی کە ئاستێکی زۆر بەرزی
خوێنەواری ھەیە ) باسمکرد، پێش ھەرشتێک ئەم کتێبە کتێبێکی زانستی ،مەزن
و بێھاوتایە و وەک لە پێشەکی کتێبەکەدا ئاماژەمان پێکردووە ئەگەر
خودایەک ھەبێت بەڕای ئێمە ھیچ کتێبێک بەئەندازەی ئەم کتێبە ناتوانێت
گەورەییەکەی دەربخات ، دیارە ئەو برادەرە بێئەوەی ئەم کتێبەی
خوێندبێتەوە بیروباوەڕ دواکەوتوانەکەی خۆی و ھاوڕێکانی بۆ ھێرش بۆ سەر
کتێبەکە بەکار ھێناوە.
لەپاڵ حیزبەکانی کوردستاندا چ ئۆپۆزسیۆنی رەسەن و چ دەسەڵات کەسانێک
خۆیان حەشار داوە کە ئامانجێکی کۆنەپەرەستانە و چەواشەکارەنەیان ھەیە
کە بەڕای من بەرێوەبەری ستاندەر یەکێکە لەوانە ؛ من ئێستا مافی خۆمە
بزانم بەڕێوەبەری ستاندەر بودجەی سایت و گۆڤارەکەی کە تەژییە لەم
بیروباوەڕانە چۆن دابیین دەکات؟!!!
من وەک سەرنووسەری گۆڤاری زانستی نوێ-لڤینی زانستی- (کە یەکێکە لە
گۆڤارەکانی کۆمپانیای لڤین ؛گۆڤارێک کە بەمەبەستی پڕکردنەوەی بۆشایی
نێوان زانکۆ و کۆمەڵگای کوردی بە ھەوڵ شەونخونی من و رۆژنامەنووسانی
کۆمپانیاکە بڵاو دەکرێتەوە )ھەموو ژمێرکانی ژمارەی ١٠ی ئەم گۆڤارە
لێرەدا دەخەمە ڕوو
خەرجی :
چاپ: ١٤٠٠٠٠٠ دینار
مووچەی سەرنووسەر: ٣٥٠٠٠٠دینار
مووچەی بەڕێوەبەری نووسیین : ١٠٠٠٠٠ دینار
مووچەی بەرێوەبەری ھوونەری: ٢٥٠٠٠٠ دینار
داھات:
فرۆش: ٢٤٦٥٠٠٠ دینار
ریکلام : ٣٠٠٠٠٠ دینار
ئەگەر کەسێک بڕوا بەم ژمارانە ناکات با لە چاپخانەی پێرەمێرد و
کۆمپانیای نێوەند بۆ بڵاوکردنەوە و بەڕێوەبەری کارگێری کۆمپانیای لڤین
لەسلێمانی بپرسێت بۆ راستی و ناراستی ژمارەکان .
جالێرەدا لە بەرێوەبەری بەرێزی دەزگای ستاندەر دەپرسم جەنابت چۆن
دەزگاکەت بەڕێوە دەبیت؟ ئایا ئەو گۆڤارەی کە یەکێکە لە گۆڤارە کەم فرۆش
و کەم ریکڵامەکان، داھاتی ئەوەندە ھەیە تاوەکو دەزگاکەی پێ ببەیت
بەڕێوە؟! یان بە زەکات و سەرفیترەی ئەو موسڵمانە دڵسافانە بەڕێوە دەچێت
کە بەم شێوە ھەڵیان دەخڵەتێنی ، ئەگەر ئەمەیان بێت دڵنیام ئەو خودایەی
کە کتێبی دیزاینی مەزن گەورەیەکەی دەردەخات دەدگرێت!. بۆ ئاگاداری ئەو
بەرێزەو خوێنەرانی بەرێزی ھاوکینگیش سێ کتێبی تری ھاوکینگ (کورتیلەی
مێژوی کات) و (کورتەی مێژوی کات) و (گەردوونناسی بۆ منداڵان) لەسەرتای
ساڵی داھاتوودا بە ھاوکاری ھاوڕێیانم تەرجەمە و پێشکەش بە کتێبخانەی
کوردی دەکەم.
ماڵپەڕی حسێن حسێنی
|