په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

وەڵامی تورکیا لاى گەریلاکانە ، یان سیاسیەکان ؟


محه‌مه‌د حوسێن    


ڕٍۆژى 2/12/2007 بەیانێکی کۆنگرەى گەل بڵاو بوەوە کە تیایدا ئامادەیى خۆیانیان نیشانداوە بۆ پابەندبون بەئاگربڕ و دواتریش چەکدانان بەگوێرەى چەند مەرجێک ، کە لەناو مەرجەکاندا ، داننان بەشوناسی کورد ، بەردانی زیندانیە سیاسیەکان ، چەسپاندنی زمانی کوردی وه‌کو زمانی دووەم لەوناوچانەى کە زۆرینەى کوردن ، داواکارى ئازادی بیروڕاى سیاسی ، وازهێنانی دەوڵەت لەچەکدار کردنی کوردەکانی تورکیا دژ بەشۆڕش (سیستەمی جاشایەتی ) و دواتریش ئازادکردنی سەرکردە گیراوەکانی pkk ، بەڵام وەک ئەوەى کە چاوەڕێ ئەکرا تورکیا هیچ بەدەنگەوەهاتنێکی خێرى بۆئەم دەستپێشخەریەى pkk نەبوو ، چونکە ئەوان هەر لەسەرەتاوە ئەوەیان قبوڵ نیە pkk وەک نوێنەرى کێشەى کورد لەباکور بناسن ، بەڵکو بەپێی خواستى جەنراڵەکان ، تەنها وەک کێشەی گروپێک چەکدارى یاخی بو لەدەوڵەت و کەیسێکی کرمیناڵى ئەیانەوێـت مامەڵەى لەگەڵدا بکەن ، نەک کەیسێکی سیاسی و پێویستى دۆزینەوەى چارەسەرى سیاسیانە .


کەواتە دەستپێشخەریەکەى pkk هەر لەسەرەتاوە مەحکومە بەتێکشکان گەر وەک هەنگاوێک بۆنزیکبونەوە لەچارەسەریە سیاسیەکانی کێشەى کورد لەباکورى کوردستان تەماشاى بکەین ، بەڵام ئەگەر وەک مەسیجێکی ئاشتیخوازانە لێی بڕوانین لەدوولاوە زۆر گرنگە ، یەکەم : گرنگیەکی میدیایى زۆرى هەیە ، گەر میدیاکارەکانی کورد بتوانن کارى لەسەر بکەن ، بەتایبەتی لەو دەزگا میدیاییانەى بەزمانە ئەوروپیەکان پەخش و بڵاو ئەبێـتەوە ، ئەم بەیانە بابەتی وەبەرهێنانێکی گەورەى سیاسیە بۆکێشەى کورد . چونکە لەهەموو شتێک زیاتر مەغزا مرۆییەکانی کێشەى کورد نیشان ئەدات . هەمو ئەوداواکاریانەیش لەم بەیانەدا خراوەتە ڕو تاڕادەیەکی زۆر واقعی و پراگماتیانەیە ، بەجۆرێک قەت لەداواى بزوتنەوەیەکی چەکدارى ناچێت کە نزیکەى 30 ساڵە دەستی داوەتە چەک بۆبەدەست هێنانى مافی نەتەوەیەک ، ئەوەندەى کە لە داواى ڕێکخراوێکى ngo ى ئاشتیخوازانە ئەچێت .


دووەم : ئەم مەسیجە ئاشتیخوازانە تاڕادەیەکی باش پشتیوانێکی هەڵوێستى ئەو هێزو لایەنە ئاتشیخوازانەى ناو تورکیایە کە چارەسەرى سیاسی کێشەى کوردیان لەڕێگە سەربازیەکان پێ باشترە ، بەتایبەتی ، کەسایەتی و ناوەندەکانی نزیک لەحیزبی داد و گەشەپێدان . ئەکرێـت ئەم پەیامە وەک بەدەنگەوە هاتنێکی ژیرانەى pkk بۆهەوڵە ئاشتیخوازەکانی ئەوان تەماشابکرێـت ، کەنابێـت لەتەماشاکردنی ئەم هاوکێشانەدا گرنگی ڕۆڵى ئەم لایەنانە ڕەچاونەکرێت .


دواى کۆبونەوەکەى ئەردۆگان--- بۆش ، ئارامیەکی بارگاوی لەترس و گومان باڵی کێشایە سەر ڕەوشەکەدا ، ئەوەى لە ڕاگەیاندنەکانەوە ئەوترا تەنها ئەوە بوو شەڕ لەهەرێمی کوردستانی عیراق دورکەوتۆتەوە ، ئیتر کێشەى کورد - تورکیا ، چی بەسەر دێت و چۆن دێزە بەدەرخۆنە ئەکرێت ، چۆن شەهوەتی شەڕی جەنراڵەکان تێر ئەکرێت و لەکوێ شەڕ بۆئەو سوپا سەد هەزاریەى سەر سنور ئەدۆزرێتەوە ؟؟ ئەمانە پرسیارە بێ وەڵامەکان بون . دواى ئەو چاوەڕوانیە ڕۆژى 1/12/2007 تورکیا بەشێوەیەکی سنوردار لەبنکەکانی گەریلاکانی دا ، ڕۆژى 2/12/2007 ئەم بەیانە سیاسیەى pkk لەمیدیاکاندا بڵاو بوەوە ، شەڕ و دەستدرێژیەکانی سوپاى تورکیا ئەگەرچى گەریلاکان گونجاوترین لایەنن بۆ وەڵامدانەوەى ، بەڵام ئەوەی پێویستە مناوەرە سیاسیەکان بیکات نابێـت فەرامۆش بکرێت . پرسیارە سەرەکیەکە ئەمەیە ، تورکیا شەڕی گەریلاکانی پێ باشە یان دەستپێشخەریە سیاسیەکانی باڵی سیاسیى pkk ؟ ، ئایا لەلایەنی تورکیاوە ئەوانەى دەخوازن چارەسەرێکی سیاسی کێشەى کورد بکەن بەهێز و نفوزن ، یان ئەوجەنراڵانەى نزیکەى سێ دەیەیە خویان بەشەڕى کوردەوە گرتووە . لەدیوی تورکیاوە ئەم ململانێیە هەر بەردەوامە ، لەدیوی کوردیشەوە پێویستە تەدابیر و ئامادەباشى بۆ هەردوو ئەگەرەکە بکرێت . لەم نێوەدا ئەوەى خاڵی نەگۆڕو سەقامگیرە لەهاوکێشەى کوردا بەهای چەکی گەریلاکانە ، هەر شەڕ و ئاشتیەک لەئێستاو داهاتویشدا بکرێت ، بەگوێرەى هێزو قورسایى چەکەکانی گەریلاکان خواست و داواکانی کوردی تیا لەبەرچاو ئەگیرێـت .


سەرەتاى سەرلەنوێ هەڵگیرسانەوەى قەیرانەکە تورکیا هەڕەشەى هاتنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانی ئەکرد ، ئاشکرایە ئەمە چ ماڵکاولیەکی پێیە بۆ کورد ، بەڵام لەمە خراپتر، یاخود خراپترین ئەگەر ، شەڕی کورد کورد بوو ، خۆشبەختانە تائێستا سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان ئەم ئەگەرەیان دور ڕاگرتووە ( کە هیوادارم هەمیشە ئەگەرێکی دوربێـت ) . لەدەرەوەى هەرێمی کوردستان ، بەڕەچاوکردنی ئەو هەڵوێست و لێدوانانەى تورکیاى حیزبی داد و گەشەپێدان و جەنراڵەکان ئەینوێنن ، بەپێی ئەو هاوکێشە تازانەى هێزە سیاسیەکانی دواى هەڵبژاردن لەتورکیا دروستیان کرد ، شەڕتەنها بژاردەى pkk یە ، دەرکەوت حیزبی داد وگەشەپێدان بێ ئەوەى بەڕاستى هەنگاوى چارەسەری کێشەى کورد بنێت ئەتوانێت کێبەرکێى کاندیدە کوردەکان بکات ، گەر ئەو سەقامگیریە ئەمنیەى لەباکورى کوردستاندا هەیە بەو جۆرەى ئەمڕۆ بەردەوام بێت و pkk یش هەروا لە ساردکردنەوەى ئەو ئاڵۆزیە سیاسیەى کێشەى کورد لەباکورى کوردستان هەیبوو بەردەوام بێت ، ئەوا تموحاتی حیزبی داد و گەشەپێدان بەرەو ئەوە ئەڕوات بیەوێت pkk لەبزوتنەوەیەکی خاوەن پرسێکی نەتەوەییەوە بکاتە قەیرانی کۆمەڵە چەکدارێکی شاخاوی کە هەموو داوایەکی هەر ئەوەیە لێبوردنێکی گشتى بۆئەندامەکانی دەربکەن .. بەردەوامی ئەو ڕەوتە تەنها لەبەرژەوەندی پارتیى داد و گەشەپێدان و ئەو حیزبە میانڕەوە ئیسلامیەدا ئەبێـت کە بەم دواییانە دەنگو باسى دروست بونی هاتۆتە ئاراوە . بەو دیویشدا تادێت هەنگاوەکانی دابڕین و گۆشەگیر کردنی pkk لەکۆمەڵگاى کوردی باکور بۆدەوڵەتی تورک ئاسانتر ئەکات . pkk لەدایکبوی ئەو قەیرانانەیە کێشەى نەتەوەیى کورد لەباکور دروستى کردووە ، گەر ئەم کێشە بەهەر ئاقارێکدا ببرێـت و شوێندەستی pkk ى تیا دیار نەبێـت ئەوا سەرەتاکانی مردنی ئەم بزوتنەوە سیاسیە گەروە دەست پی َئەکات کە تائێستایش جێگەى ئومێدی تەواوى کوردە ، لەدەرەوەى pkk یش هەر هێز و ئۆرگانێکی ترى کورد بەشدارى هەبێـت بۆهێمن کردنەوەى ڕەوشى کوردستان لەسەرحسابی دورخستنەوەىpkk لەمێزی دانوستاندن negotiation ئەوا حەتمەن ڕۆڵی لایەنی لاواز بەو کوردە ئەدرێـت کە ئەیەوێـت ببێـتە جێگرەوەى pkk بۆدەوڵەت . بەکورتی بۆشەڕو بۆئاشتیش باکورى کوردستان هەر pkk ى هەیە ، خاڵی بەهێزی ئەم بزوتنەوە نیشتمانیەش لەوەدایە هەم وەڵامی سیاسیانەى پێیە ، هەم سەربازیانەیش ، ماوەتەوە تورکیا چ وەڵامێکی قبوڵە ، گەریلاکان ، یان سیاسیەکان ؟ یان خەڵکی هەرێمی باشور و پارچەکانی تر چیان پێ دەکرێـت بۆئەم بزوتنەوە نیشتمانیە ؟ هاریکارى و پشتیوانی مادی و مەعنەوی ، یان خۆشلکردن بۆئەوەى جاسوسەکانی میت لەدواوە بێن و خنجێرى زەهراویان لێ بوەشێنن .

 

 

muhemedhusen@yahoo.com