په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١\٢٠٢٠

وێنای قاسم سلێمانی وەک خۆی.


عەلی مەحمود محەمەد  


دەمەوێت جیا قسە بکەم, نە وەک گەشتیارانی شیمالی ئیران, نە وەک پڕۆ ئیرانییەکان, نە وەک ئەو نووسەرانەی لە مانای ئازادی و ئەخلاق لە نووسیندا تێنەگەیشتوون, نە وەک ئەو پرسەو شەیپورەی سیاسی و کەناڵەکانی راگەیاندن بۆ قاسمی سلێمانیان بەرپا کردووە, دەبێت مێژوو چی لەسەر ئەو نووسین و راپۆرتانە بڵێت؟, نەوەکانی داھاتوو چی دەڵێن دەبینن گەلێکی قەسابی کراو چۆن ستایشی جەلادەکەی خۆی دەکات و چەقۆکە دەلێسَتەوە.

لە ١٠ی ئازاری ١٩٥٧ لە گوندی قەنات مەلکی سەر بە شارۆچکەی رابور لە پارێزگای کرمان لە خێزانیکی جوتیاری زۆر ھەژار منداڵێک چاوی بە ژیان ھەڵھێنا ناویان نا قاسم,بەناوی قاسمی کوڕی حەسەنی کوڕی ئیمام عەلییەوە, ئەویش کە گەورە بوو وەک ھەمان قاسم پێیی وابوو مردن وەک ھەنگوینە لە پێناو عاشوراو حوسێندا, ھەنگوینەکەی بە نسیب بوو, ئەو

٥ براو ٥ خوشکی ھەبوو, یەکێک لە براکانی سلێمانی بەناوی سوھراب سلێمانی بەڕێوەبەری زیندانی تارانە, بە دڵڕەقی بەرامبەر بە زیندانیان و پێشێلکەری مافی مرۆڤ وەک جەلادێک لای ئازادیخوازانی ئێران ناسراوە, ھەروەھا خۆشی ٣ کورو ٢ کچی ھەبوو, ئەو لەبەر ھەژاری تا پۆلی ٥ی سەرەتایی خویندوو لە تەمەنی ١٣ ساڵی بۆوە کرێکاری بیناسازی بۆ ھاوکاریکردنی خێزانەکەی, دواتر لە فەرمانگەی ئاو ئاوەڕۆی کرمان بووە کارمەند, پێش شۆرشی گەلانی ئێران لەو کاتەی شۆڕش کڵپەی سەندبوو لە لایەن گەنجە چەپگەراکانی ئێرانەوە, ئەو لە رێگای مەلایەک بەناوی رەزا کامبابەوە پەیوەندی دەکات بە ئیسلامیە شیعەکانەوە, پەیوەندیەکەی تەنھا زارەکی و ھیچ چالاکیەکی نەبوو لە کاتێک وڵات کڵپەی دەداو لاوانی چەپی ھاوتەمەنی ئەو پۆل پۆل بەرەو مەرگ دەچوون بۆ روخانی رژێمی پاشایەتی, دوای سەرکەوتنی شۆرش بۆ سەرکوتکردنی بەرەی شۆرش و سەپاندنی حوکمی ئیسلامی, ئیعلانی سوپای پاسداران دەکرێت لە لایەن خومەینیەوە لە ٢٢ی نیسانی ١٩٧٩, قاسم سلێمانی لە شارەکەی خۆیان کرمان زو پەیوەندی پێوە دەکات ,٤٥ رۆژ خولی سەربازی دەبینێت و یەکسەر بە دوری زیاتر لە ١٥٠٠ کیلۆمەتر لە کرمانەوە دەچێت بۆ مھابادو ئازەرباینجانی رۆژئاوا بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان, لە شاری مھاباد و ئازەربایجانی رۆژئاوا بەشداری شەڕەکان دەکات لە ھاوینی ساڵی ١٩٧٩ دا, کە لەو ماوەیەدا تاوانەکانی ئیعدامی مەیدانی دەرەوەی دادگا و تاوانی کۆمەڵکی کوژی قاڕناو قەڵاتان و ئیندرقاش ئەنجامدران لەو دەڤەرە , لێ ئەوکات بەھۆی بەشداری چالاکانەی لە سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان, ھەرچەندە پلەی بەرز کرایەوە لێ بە ئەندازەی ئاغای ئیسماعیل قانی فەرماندەی ئێستای سوپای قودس ناو ناوبانگی نەبوو لە سەرکوتکردنەکە.

بەشداریکردن لە شەڕەکان.

قاسمی سلێمانی یەکەم کاری بەشداریکردن بوو لە سەرکوتکردنی جوڵانەوەی گەلی کورد کە بۆ خودموختاری تێدەکۆشا, ئەویش یەکێک بوو لەو جەنگاوەرانەی بە فتوای خومەینی پۆستاڵی لە پێ کرد و بەشداری کرد لە سەرکوتکردنی جوڵانەوەی گەلی کورددا, تەنانەت دوای بەنی سەدریش پۆستاڵەکەی دانەکەند, ئەمەش لە دوو ھەنگاوی دواتریدا بووە ھۆی بەرزکردنەوەی پێگەی سەربازی , بە زوویی دوای بەشدارییەکە کرایە فەرماندەی لەشکری پاسدارە کرمانیەکان , دوای ٣ ساڵ بووە فەرماندەی تیپ, دواتر لە ساڵی ١٩٩٨ لە کاتی ھاتنە سەر کاری تاڵبان لە ئەفغانستان, کە سوپای قودس دامەزرا, ئەو وەک فەرماندەیەکی مەزھەبگەرای توندڕەو و خاوەند ئەزموون لە سەرکوتکردنی گەلی کورد کرایە فەرماندەی سوپاکە, چونکە کارەکانی ھاوشێوەی کارەکەی کوردستانی بوو, بەھۆی جیایی مەزھەبەوە ئەوەندە رقی لە تاڵبان بوو شەیتانی گەورەی لەبیر بردبوەوە, لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی ئێرانی بە ئاشکرا داوایکرد ھاوکاری شەیتانی گەورە بکەن بۆ روخانی .

قاسم سلێمانی وەک باسی دەکەن فەرماندەیەکی سەربازی سەرکەوتوو نەبووە , ئەو لە کۆمەڵێک جەنگی گەورە لە ماوەی ٨ ساڵەی شەڕی عێراق ئێران بەشداری کردووە, وەلێ بەھۆی ھەڵە سەربازیەکانیەوە ھۆکار بووە بۆ بەکوشت دانی دەیان ھەزار کەس, کە خۆی لە نزیک سەت ھەزار کەس دەبینێتەوە لە شەڕەکانی " فاوی ٤, نەسری ٥ و کەربەلای ٥ " دا, موحسین رەزائی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران دەڵێت ئەو سێ جەنگە سێ کارەساتی گەورە بوو بۆ سوپای ئێران لە ماوەی شەڕی عێراق ئێراندا, ھەرسێکیشی سلێمانی ھۆکاری شکستەکان بوو, نەیارانی چونە پێشەوە سلێمانی دەگێڕنەوە بۆ نزیکایەتی بۆ خامنەئی بە " جانتا ھەڵگری مەڵا" ناوی دەبەن نەک ئەو سێڵڤیانەی دوای جەنگەکان دەیگرێت, وا باسی دەکات ھەمیشە لە دوای نیشتنەوەی شەپۆڵەکان ئامادەیە.

قاسم سلێمانی لەماوەی ھەشت ساڵەی شەڕی کۆنەپەرستانەی عێراق ئێراندا, فەرماندەی سوپای چل و یەک ی ساروڵای کرمان بووە, لە شەڕە گەورەکانی "کەربەلاکانی ١ و ٤ و ٧ , نەسری ٤ , فەتح مبین, فەجری ١ و ٣ و ٤ , رەمەزان, بیەت الموقەدەس ١ و ٧ و رێگای قودس... لە سەرتاسەری بەرەکانی شەڕ بەشداری کردووە".

قاسم سلێمانی لەو شەڕانەی بووە ھۆی ماڵوێرانی بۆ خەڵکی کوردستان و وڵاتیان کردە بەشێک لەو کارەساتە, لە پاڵ بەشێک لە ھێزە کوردیەکان باشوور بەشداری کردوە , لە شەڕی فەجری چوار لە ساڵی ١٩٨٤ لە ناوچەی پێنجوێن, شلێر تا سورێن, سەرباری ئەوەی ئەم شەڕە بووە ھۆی ئەوەی ناوچەکە وێرانبێت, ھاوکات بووە ھۆکارێک کە شاری مەریوان بە بۆردومانی فڕۆکە لە لایەن بەعسەوە کۆمەڵکوژی بکرێت , ھاوکات لە نەسری پێنج لە ناوچەی ماوەت بەشداری کرد لە ٢١-٦-١٩٨٧ , تیایدا بەھۆی ھەڵەی ئەوەوە دەیان ھەزار لە سوپای ئێرانی کوژران, ھاوکات بووە ھۆکارێک کە بەعس شاری سەردەشت کیمیاباران بکات لە ٢٨ی ھەمان مانگدا.

ئەمەو لە گرتنی شاری ھەڵەبجە و شەڕی بەیتوالمقەدەسی ٤ لە چیای شەمێران بەشداری کردووە کە دوای تاوانی ھەڵەبجە ئەنجامدرا, ئیتر تاوانی ھەڵەبجە لە ٥٠٠٠ قوربانی شارەکەو دزینی سەروەت و سامانی خەڵک تا دەگاتە لێدانی ھێزەکانی رۆژھەڵات قوربانیەکانی گوردانی شوانی کۆمەڵەو سوپای رزگاری و حیزبی دیموکرات و گرتن و ئیعدامی سەدان کەسی دیکەی رۆژھەڵاتی پێویست بە تەفسیر و شڕۆڤە ناکات, ھەموو ئەو شەڕو نەسرو شتە عاجباتیانەشی بە ھاوکاری یەکێتی و پارتی و سۆسیالست و بزووتنەوەی ئیسلامی ئەنجامدا, واتا شیوەن گێڕانی ئەمڕۆی قاسمی سلێمانی.

لە باشوری کوردستانیش لە رێگای پێشمەرگەوە لە زۆر ئیستڵاع بۆ شەڕی ھاوبەش لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان ئامادەیی ھەبووە, کە دواتر بەھۆی ئەو شەڕە ھاوبەشانەوە گەلەکەمان تووشی کۆمەڵکوژی گەورە ھات, پاشان ئێران بەشێک لەو خەڵکە لێقەوماوە بە پەناھەندە وەردە گرێت ئێستا بە فەزیلەت پێمانی دەفرۆشنەوە, کە خۆی ھۆکاری تراژیدیاکە بووە نەک ھاوکاریکەر.

قاسم سلێمانی و قودس.

قاسم سلێمانی فەرماندەی ٢١ ساڵەی فەیلەقی قودس, بەھۆی نزیکایەتی لە خامنەئییەوە ئەو پۆستەی وەرگرت, بڕیار بوو کاری سەرەکی ئازادکردنی قودس بێت, وەلێ ئەو بەرەیەی چۆڵ کردو خەریکی گەرمکردنی شەڕی عەلی و عومەرەکان بوو لە کۆمەڵێک وڵات, تەنانەت یەک فیشەکیشی لەپێناوی قودس نەتەقاند, ئەو ریمۆن کۆنترۆڵی حەشدی و شەعبی و حیزبولڵای لوبنان و حوسییەکان و ھەزارەکان و تەواوی گروپە چەکدارە شیعەکان لە دەرەوەی ئێران لە گیرفانی بوو بە حەماس و جیھادو ئەنسار ئیسلامیشەوە, وەلێ نەیتوانی یەک کار دژی جولەکە لەناو ئەرزی خۆیان بکات, بگرە تەقەیەک خۆشیشی بەسەریاندا نەتەقاند, تەنانەت ئەو کارە سەربازیانەی لە ماوەی شەڕی ئێران عێراق بەناوی قودس و بەیتوالمقەدەسیش کردی تیایدا سەرکەوتوو نەبوو,ئاکامەکەی بەوە گەیشت خومەینی پێش مەرگی بایەلۆجی پیاڵە ژەھرەکەی خواردەوە بووە ھۆی مەرگی ئایدۆلۆجی .

لێ لە سەرکوتکردنی گەلی کورد و بلوج و راپەڕینی گەلانی ئێران رۆڵی ھەبووە, پاڵەپەستۆی خستە سەر خاتەمی کە راپەڕینی قوتابیان لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٩ سەرکوت بکات " لە گەڵ ٢٣ لە کەسایەتییەکان داوای لە خاتەمیکرد راپەڕینەکە بە زویی سەرکوت بکات, وتەیەک بەناو بانگی ھەیە لەو بارەیەوە کە وتی: ئەمڕۆ سەرکوتیان بکە سبەی درەنگە ناتوانین بیگەڕێنینەوە ", ھاوکات رۆڵی ھەبوو لە سەرکوتکردنی بزاڤی سەوزەکان لە ساڵی ٢٠٠٩ دا, بە گشتی لە کوێوە ھەناسەیەک بۆ رزگاربوون لە چنگ کۆماری ئیسلامی ھەبوبێت ئەو بۆ سەرکوتکردن ئامادە بووە, تەنانەت بە عەمامە لەسەرە بە رواڵەت نەرمەکانی وەک خاتەمی و روحانیش رازی نەبووە, لە سوریاو عێراق و لوبنان و یەمەن ھۆکاری کوشتنی سەدان ھەزار کەس بووە, جگە لەو فەزا رەشەی ئەو ھێزانەی ئەو ھاوکاری کردوون دایان سەپاندووە بەسەر خەڵکدا, بۆ ئەمەش دەیان و سەدان ملیار دۆلاری خەرج کردووە, بە گشتی ئەو تارمایی کوشت و بڕو سەرکوت و فاشیەت بوو, پێگە جەماوەریەکەی پێگەی شیعەگەرایە و تواناکەی توانا مادییە کە ئەژماری بێسنوور بوو لە لایەن خامنەئییەوە , دەیان کارگاو کۆمپانا و بەندەر ... لە خزمەت پڕۆژەکانیدا بوون.

قاسم سلێمانی و نەکەوتنی ھەولێر.

لە بەر چاومە, تەنھا ٤٠ داعش مەخموریان گرت, ھێزێکی بچکۆلەی گەریلاو پێشمەرگەو مەدەنی لە باخچەی بان مەخمور مابونەوە, بە چاو داعشەکانیان دەبینی, وردە وردە ئەو ھێزە بچوکە گەورەوە بوو, ھەڵاتووەکان مەخمور ھاتنەوە, باخچە مایەوە نەکەوت, دواتر لەوێوە ھێرشی بەرپەرچ کرایەوە و مەخمور ئازاد کرایەوە, کورد نەگبەتە باسی ئەو ھێزە ناکات کە لەوێ چەقی کوردەو یەکێک لەوان ناوی پکک یە, کە دواتر بارزانی چوو سوپاسیانی کرد, یان ئەو ھێزەی لە سلێمانیەوە ھات, یان ئەو کۆنە پێشمەرگانەی بوونە فیدایی و شاخیان گرت و چەقین, خۆ سەنگەر حاجی عەوڵای نەگبەت یەکەم کەس لێدوانی دا لە بەردەم قایمقامیەتی مەخموردا پاش ئازادکردنەوەی, لەچرکە ساتەکانی یەکەمی گرتنی مەخمور کە بەرپرسانی ئێستای ھەولێر زۆریان ھەڵاتبوون بە کاکە ئاری ھەرسینیشەوە, جیفاراکەی نەتەوایەتی, چ لەکاتی ئازادکردنەوەی شتێک , دەعبایەک بەناوی قاسمی سلێمانی و ٧٠ پاسدار بوونی نەبووە, کە ئێستا فلیمەکەیان گۆڕیووە گوایا لە ئازادکردنەوەی مەخمور بەشدارییان کردووە, نەک لە نەکەوتنی ھەولێردا, دیارە لە ترسا کەس نەیوێرا بە فەرمی وەک حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی بداتەوە,پێچەوانەی ئەوە قاسم سلێمانی فەرماندەی گرتنەوەی کەرکووک و دوزو ناچەکانی دی بوو لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا, واتا نەک شوێنی بۆ کوردان ئازاد نەکردووە و نەپاراستووەو فەززیلەتی نییە بەسەرمانەوە بگرە پانتاییەک زۆری لێ داگیر کردەوە, نەک لەم قۆناغەشدا کوردستان قەرزاری نییە , بگرە بەرپرسە لەھەموو ئەو نەھامەتیانەی بەسەر گەلەکەمان لە پاش ئەو مێژووە رەشەوە ھات, ئەو لە رابردوو ئێستا مایەی نەھامەتیمان بێت ئەم ھەموو ستایش و شیوەنە لە پای چی؟, ئەو دەیزانی باشوری کوردستان پاروە چەورەکەی ساڵی ١٩٧٩ ی رۆژھەڵات نییە, بەھۆی بوونی ئەمەریکا لە عێراق دەنا بێ یەک و دوو ھەمووی قوتە دا, نەک خاڵخاڵی و حەسەنییەک دەیانی بۆ ئامادە دەکرد.

رۆستەمی زاڵە یان ئەبو موسلمی خوراسانی یان عەلی حەسەن مەجیدە.

لای شیعەکان, یان ئێرانیەکان جگە لە ناوە ئاینیە پیرۆزەکان کە لیستەکەیان زۆرە چ ئەوانەی کوژران یان ئەوانەی قەول وایە بێنەوە دوای مردن, دوو کەسایەتی وەک پاڵەوان نمایش دەکرێن کە ئەوانیش ئەبو عەباس موسلم خوراسانی " ٧١٨-٧٥٤ ز" , کە ئەمەوییە کافرە بکوژەکانی عەلی و حەسەن و حوسێنی و قاسمیش لە دەسەڵات روخاند, لە گەڵ رۆستەم و زۆرابی شانامەی فیردەوسی کە ئەبو قاسم فیردەوسی " ٩٣٥-١٠٢٠ " نووسیویەتی, ھەردووک ئەفسانەی پاڵەوانیەتی ئێرانیەکانن و لای ئەوان لە ھیزو پاڵەوانێتیدا نموونەیان لە جیھاندا نییەو نابێت, ئێستا ھەندێک قاسمی سلێمانی لە زیندوکردنەوەی خەلافەتی شیعە بەناوی مانگی شیعە دەبەنەوە سەر موسلم خوراسانی, لە پاڵەوانێتی و ھێزیشدا دەیبەنەوە سەر رۆستەم و زۆراب , لێ لە راستیدا ھیچکام لەوانە نەبوو, بەڵکە بۆ خۆی عەلی حەسەن مەجید" ١٩٤٤-٢٠١٠"ێکی شیعەگەرای ئێرانی بووە, عەلی حەسەن مەجید چۆن پێشتر نایب عەریفێکی فاشیل لە سوپای عێراق بوو, بەو دەسەڵاتە زۆرەی لەدوای ٣٠-٦-١٩٨٧ ەوە پێی درا, بە وەحشیەت و دڕندەیی توانی ژیان لە لادێکانی کوردستان بسڕێتەوە و زیاتر لە ٢٠٠٠٠٠ کورد بکوژێت و ھێزی پێشمەرگە لە باشوری کوردستان دەربکات, وەک لایەنی سەربازی ئەمە بۆ ناسیۆنالستی عەرەبی سەرکەوتنە, لێ بۆخۆی دڕندەیی و وەحشیەتێکە, لای کورد عەلی حەسەن مەجید نایب عەریفێکی فاشیلی وەحشی بوو , بۆ نەتەوەییە عەرەبیەکانیش ناوبراو فەرماندەیەکی گرنگی سەربازی بووە , بەھەمان شێوە بۆ ئێران ئیسلامییە شیعە گەراکان سلێمانی خەونی دزراوی بۆیان گەڕاندۆتەوە, فەرماندەی ئەساسی سەربازی تا مردن بووە, ئەوان لە باوەشی حوسێندا دەیبیننەوە, وەلێ بۆ ێمە دەبێت ھەر پاڵەوانەکەی شەڕی سێ مانگەی رۆژھەڵات و کەرکوک دوز بێت, ئازادی و ئەخلاق رێگامان نادات ستایشی قاتلانی خۆمان و مرۆڤایەتی بکەین, بۆ ئازادیخوازانی ئێرانیش ھەر لە جەلادێک زیاتر نییە.

ستایش بۆ قاسم سلێمانی.

قاسم سلێمانی یەکەم تەقەی بە کوردەوە نا لە سەرکوتکردنی گەلەکەمان لە رۆژھەڵاتی کوردستان و گرتنەوەی شارو شارۆچکەکانی و کۆمەڵکوژیکردنی خەڵکەکەی , ھاوکات شوێندەستی بە تەواوی تراژیدیاکانی سەر گەلەکەمانەوە لە دوو پارچەی کوردستان باشورو رۆژھەڵات لە ماوەی ٨ ساڵی شەڕی عێراق و ئێران دیارە, ھەڵەبجەو سەردەشت دوو شاری کیمیابارانکراو بەرھەمی چالاکی سەربازی ئەون سەرباری ئەنفال.

ئەوێک سەری نێزەی سەرکوتکردنی راپەڕینەکانی خەڵکی ئێرانە, سەرباری وڵاتانی دیکە , ئیتر ئەمە نە جیفارایەو نە تارماییەو نە رۆستەمی زاڵەو نە خوراسانیشە, بەڵکە تاوانکارێکە و پیاھەڵدان بەسەریدا چ وەک کوردێک کە کورد کوژ بووە تاوانە, چ وەک کەسێک بەشدار لە تاوانی گەورە بە پێوەرە جیھانییەکان, پیاھەڵدان بەسەریدا کارێکی نا ئەخلاقییە ویڕای نکۆڵیکردنە لە تاوانەکانی ھاوکات سڕینەوەو جوانکردنی تاوانەکانیشێتی, ھەقی سزا دانی ھەیە.

راستە سیاسیەکان کورد رزگاریان بوو, بە مردنی سلێمانی ھەمووو نھێنیەکانیشیانی لە گەڵ خۆیدا بردە گۆڕەوە ,ئەو لە نەخشە دانان بۆ لەناو بردنی نەیارانی نزیکی خۆی سڵی نەکردبێتەوە دەبێت چی لەم وڵاتانە و لەم عێراق و کوردستانە کردبێت, چەند تاوانی نھێنی لەگەڵ خۆیا بردبێتە گۆڕەوە.

لە کۆتاییدا بە قسەیەکی ھادی عامری کە لە یەنایەری ٢٠١٥ کردی کۆتایی پێ دێنم کە وتی قاسم سلێمانی نەبوایە عەبادی نابووە سەرۆک وەزیران, ئەمە وێنایە بۆ ھەموو ئەوانەی لە عێراق لەسەر کورسی داندران نەک ھەڵبژێردران, ھەموو تەنھا داشی شەترەنجی ئەو بوونەو بە چرای سەوزی ئەو داندراون,بە ئەوان شیوەن و قوڕ پێوان ھێشتا کەمە بۆ ئەم دڕندەیە.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک