په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٢\٢٠١٣

وێنه‌کان ئه‌دوێن!!!

نه‌هێ خوشکه‌لام    

وێنه خۆڵه‌مێشیه‌کانی مه‌ڵبه‌ندی من به قه‌د باڵای به‌رزی بێده‌نگی مێژوو ئه‌دوێن!


نامۆ بوون له گه‌ڵ وڵاتێکدا که تێایدا ده‌ژیت و هی تۆ نییە، به‌ڵام وڵاتی منداڵه‌که‌ته، وڵاتێکی جوان و ئاوه‌دان که ڕه‌نگه‌کانی وه‌ک تابلۆ ده‌چن و ماڵه‌کانی وه‌ک ماڵه‌کانی ناو کارتۆنی منداڵانه، وڵاتێکی هه‌میشه سه‌وز، به‌ڵام شه‌قامه‌کانی خه‌می تۆ له خۆی ناگرێت و هه‌تاوه‌که‌ی گه‌رمت ناکاته‌وه، وڵاتێک به دونیایێک گوڵی جوانی ڕه‌نگاوڕه‌نگی بێ بۆن، وڵاتێک که ترپه‌ی دڵی لەگه‌ڵ دڵی تۆ لێ نادات و ئیواره جه‌سته ته‌زیوه‌کانی هه‌موو ساتێک بیرت ده‌هێنێته‌وه که تۆ میوانی و ڕۆژێک له ڕۆژان ده‌بێت بڕۆێت، وڵاتێک که چیرۆکی ناو خه‌ونه‌کانی خه‌ڵکه‌که‌ی وه‌ک هی من نین، وه‌ک هی تۆ نین، چون من، چون ئێمه خه‌ڵکی وڵاتی وێنه‌ خۆڵه‌مێشیه‌کانین، خه‌ڵکی وڵاتێک که هیواکان، که گۆرانیه‌کانی هه‌موو ڕۆژێک له خاج ئه‌درێت!


هه‌ر چه‌ند مانگ جارێک ئالبومی وێنه‌کانی پێشووم ده‌رده‌هێنم و سه‌رله‌نوێ ته‌ماشای ده‌که‌م، نازانم ئایا هه‌ست به بێتاقه‌تیه یان ترسه له‌وه‌ی که له‌و ڕابردووه، ئێش و ئازاره داببڕێم، ئه‌م جاره‌یان بێری کچم له گه‌ڵم ته‌ماشا ده‌کات و نیگای له سه‌ر وێنه‌‌ی شه‌هید ناسری برام ڕاده‌وه‌ستێ و ده‌پرسێت: "ئه‌مه شه‌وی ده‌سگیرانی خاڵه ناسره یان زه‌ماوه‌نده‌که‌ی؟" وه‌ڵام ئه‌ده‌مه‌وه: بێری گیان، ئه‌وه شه‌وی ده‌سگیران‌گرتنه‌که‌یه‌تی ئه‌و فریا نه‌که‌وت زه‌ماوه‌ند بکات.


لاپه‌رێیکی نوێ ده‌که‌مه‌وه ئه‌مجاره‌یان ده‌پرسێت:" ئه‌مه مه‌زاری کێیه"؟
وه‌ڵام ئه‌ده‌مه‌وه‌: ئه‌مه مه‌زاری کاک ناسره...
"چه‌ند ساڵی بوو"؟ ٢٥ ساڵ....
پرسیار دەکات و ، بۆ"؟... بۆکان نابڕێنه‌وه.


وێنه‌کان ئه‌دوێن پێوست به وشه ناکات، ئه‌دوێن و ئه‌م‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ناو زه‌ریای خه‌یاڵی ڕابردوویێکی خه‌ماوی و نوقمم ده‌که‌ن که تارا به پێکه‌نینه‌وه به‌ره‌وڕووم دێت و وێنه‌یه‌یکی چوار کەسیمان واتا من و باوکی و بێری و خۆی ئه‌هێنێت و، ئه‌یخاته پاڵ وێنه‌کانی‌تر و به زمانێکی نیوه کوردی، نیوه ئاڵمانی ئه‌ڵێت: " بۆ هه‌مێشه و هه‌تا هه‌تایه پێکه‌وه ده‌بین".


به ده‌م بزه‌ی 'تارا'وه منیش پێده‌که‌نم و له گه‌ڵی ده‌ڵێمه‌وه بۆ هه‌میشه پێکه‌وه. تارا به یه‌ک ڕسته وێنه‌ی ئاسۆی پڕ له هیوای خۆی پڕڕه‌نگ و به‌رجه‌سته کێشایه‌وه و ده‌زانم که ئه‌گه‌ر شتێکی نائاسایی نه‌یاتهبه‌ر، ئه‌گه‌ر ڕووداوێکی ناخۆش پێش نه‌یات ئه‌وا ئاواته‌کانی ئه‌و به دی دیت.


ئه‌و وینه که تارا بۆ داهاتوی کێشاوه، پڕ له مانا و پڕ له په‌یام بوو، ڕامده‌کێشی و ده‌مباته‌وه ناو زه‌ریای بیره‌وه‌ری منداڵه ‌بێ‌وێنه‌کان، منداڵه بێ ‌هیواکانی مه‌ڵبه‌نده‌که‌م!
نازانم بۆ له‌و کاته‌دا (پردی) شاری بانه که‌وته‌وه یادم، بێری ئه‌و منداڵانه‌ی که ده‌مه‌وبه‌یان باوکه‌کانیان که به ته‌قینه‌وه‌ی مین ده‌ست و قاچیان په‌ڕیبوو ئه‌خسته سه‌ر گاریێه‌‌ک و ده‌یانهێنان بۆ سواڵ کردن وله به‌یانیه‌وه له سه‌ر پرد سه‌قامگیر ده‌بوون و تا ئێواره له‌وێ ده‌مانه‌وه و ده‌مه‌وئێواره به لار‌ه‌ملی به‌ره‌و کولانه‌کانیان ده‌گه‌ڕانه‌وه. پێم خۆشه بزانم ئاسۆی خه‌یاڵی ئه‌و منداڵانه چی تێدایه،پێم خۆشه بزانم ئه‌و ڕه‌نگانه‌ی که ئه‌و منداڵانه نیگاری وێنه‌کانی دونیای خه‌یاڵیانی پێ ده‌کێشن جلۆنن؟ مێژووی وێنه‌کانی ناو ئالبۆمی مێشکم ئه‌م‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ڕابردوو، بۆ ئه‌و ڕابردوه‌ی که ئێستاش هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه به بێ گۆڕان، وێنه‌ی وڵاتێک که ئێستاش مه‌ودای ئه‌و ‌کاره‌سات تا ئه‌و کاره‌سات ده‌پێوێت و له ئامێزی به‌ژنی ئه‌نجن ‌ئه‌نجن کراوی هه‌ر ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یێک، هه‌ر ده‌نگی فڕۆکه‌یێک ده‌توانێت مانای چرپاندنی میلودی مه‌رگ به گوێی وڵاتدا بدات.


له وێنه‌ی لە سێدارەدانی ١١ کەسە له فڕۆکه‌خانه‌ی شاری سنه ده‌ست پێ ده‌که‌م، وێنه‌ی کوژراوانی قاڕنێ و قه‌ڵاتان ئه‌دوێن، ئه‌دوێن به قه‌د باڵای به‌رزی بێده‌نگی مێژوو، وێنه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و ته‌رمی ئه‌و دایک و منداڵه‌ی که ئێستاش منداڵه‌که ده‌می له مه‌مکی دایکیدایه، وێنه‌ی گۆڕستانه ئاوه‌دان کراوه‌کان، وێنه‌ی دارستانه سوتاوه‌کان، وێنه‌کان دێن و ده‌ڕون و مێژوو ده‌گێڕنه‌وه، و چه‌نده سه‌یره ئێستاش وێنه‌کانی مه‌ڵبه‌ندی من هه‌ر ئه‌و چیرۆکانه‌ی پێشوو ده‌گێڕنه‌وه، وێنه‌ی فه‌رزاد و هاوڕییه‌کانی ده‌خه‌مه پاڵ وێنه‌ی کاک ناسر و وێنه‌ی ٥٩ کەس له مه‌هاباد و ٨ کەس له سه‌قز و له ...‌ هتد، وێنه‌ی سۆلینی بچکۆلانه که له ئامێزی دایکیدا بۆته قه‌قناس ده‌خه‌مه پاڵ وێنه‌کانی هه‌ڵه‌بجه و قاڕنێ و قه‌ڵاتان، وێنه‌ی شین و شه‌پۆری دوای مه‌رگی ڕۆڵه‌کان ئه‌خه‌مه پاڵ هاواری بێ ناو و نیشانی درێژخایه‌نی دایکم و دایکه‌کان و خۆشکه‌کان و براکانیتری ئه‌م مه‌ڵبه‌نده...، وێنه‌ خۆڵه‌میشیه‌کانی مه‌ڵبه‌ندی خۆین ساڵیانی ساڵه ئه‌دوێن و یه‌ک چیرۆک ده‌گێڕنه‌وه و ته‌واو بونی نیه! به بێ وشه خۆیان ئه‌دوین و ساڵیانێکی درێژه هه‌وێنی دونیای خه‌ونی منداڵانه ئاوێته‌یه له گه‌ڵ ژیان له ژیر ده‌واری ڕه‌ش!


- ٢ - ئامێره‌کانی دونیای خه‌یاڵم ماندوون! ئیتر ماندوون له لاواندنه‌وه، ماندوون له‌وه‌ی که له ئامێزی بێده‌نگیدا به ووشه‌ی مردوو سه‌مفونیای تاریکی بۆ نگیا برینداره‌کان بهۆننه‌وه، هانم ئه‌ده‌ن به‌ژنی میژوو بکه‌م به گۆڕه‌پانی نیگاری وێنه‌یێکی نوێ که ڕه‌نگه‌کانی تۆخن و به پێکه‌نینی هیواکان ڕه‌نگ‌ڕێژ کراون، بۆ کیشانی جیهانێک که ڕوانینی پشت په‌نجه‌ری نیگا له گه‌ڵ بارانی خۆزگه‌ی شنه‌بای وه‌رزی به‌هار ئاشت بوبێته‌وه، بۆیه له به‌هاره‌وه ده‌ست پێ ده‌که‌م، نه‌ورۆز ده‌که‌م به ملوانکه‌یێک و دیکه‌مه گه‌ردنی به‌رزی کویستانه‌کانی وڵاته‌که‌م، پاساره‌ کۆچه‌ره‌کان بۆ چێ کردنی هێلانه‌کانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه و به ده‌ست و په‌نجه‌ی تریفه‌ی مانگه‌شه‌وی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده زامی غه‌ریبیان سارێژ ده‌کرێت و ئۆقره ئه‌گرن. بارانی خۆزگه و چاوه‌ڕوانی، ئاوێته له گه‌ڵ مۆسیقای لێزمه‌ی فرمێسکی چاو چیرۆکی گه‌ڕانه‌وه به گۆێ دونیا ده‌چرپێنێت.


منداڵه‌کانی ناو ئه‌م وێنه‌یه نهێنیه‌کانی سروشت ئه‌دۆزنه‌وه‌ و له‌ گه‌ڵ گه‌شانه‌وه‌ی هه‌ر گوڵێک ده‌گه‌شێنه‌‌وه‌ و له‌ گه‌ڵ چرۆکردن و سه‌وزبوونی هه‌ر نه‌مامێک ئه‌وانیش سه‌وز ده‌بن و باڵاده‌کێشن.


زه‌وی وه‌ک فه‌رشێکی ڕازاوه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگه، وه‌ک لانکه‌یێک که‌ دونیاێێک گوڵی جوراوجوری له باوه‌ش گرتووه و به‌ شنه‌ بای ده‌مه‌وبه‌یان ده‌یان‌لاوێنێته‌وه‌، بۆنی گوڵه‌ سوێسن و نه‌رگیز و به‌یبون و ڕێحانه‌ دونیا له بۆنی ژیان هه‌ڵده‌کێشێ و منداڵانی مه‌ڵبه‌ندی من ڕۆح و گوییان ئه‌سپاردۆته ده‌ست شنه‌شنی بای به‌هارێکی سیحراوی که‌ به‌ تێپه‌ر بوونی به‌ هه‌ر که‌لین و قوژبنێکی سه‌وزه‌کاندا ده‌یان میلودی جوراوجۆری لێوانڕێژ له چیروکی ژیان ده‌خولقێنێت.


له‌م وێنه‌دا ئه‌گه‌ر به‌هار کۆتایی دێت بۆ ئه‌وه‌یه که ڕێگه بدات به سه‌مای شه‌پوڵانی ده‌م به بزه‌ی گه‌نم ڕوو به هه‌تاو، ئه‌گه‌ر هاوین له ده‌رکه ئه‌دات و بارگه‌ی خۆی له‌م هه‌واره هه‌لئه‌خات بۆ ئه‌وه‌یه، که له ناو ئامێزی تیشکاوی خوێدا ئه‌و تۆیانه‌ی که به‌هار ناشتویه‌تی په‌روه‌رده بکات، شه‌پولی خه‌رمانه گه‌نمی ته‌ڵایی که به ده‌ست شنه‌ی بای سه‌ر کێوه سه‌ربه‌رزه‌کانی مه‌ڵبه‌ندی خۆین سه‌ما ده‌کات بۆ ئه‌وه‌یه که مەزرای هیوای ئینسانه‌کان ببوژێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر پاییز سڵاو ئه‌کات و به سیحری زه‌رده‌خه‌نده‌ی ئه‌فسوناوی خۆی به زه‌ماوه‌ندی ڕه‌نگه‌کانی وڵات ده‌کات به بۆکێکی شۆخی ڕازاوه که به قه‌ڵه‌می گوڵ لێوه‌کانی سوور ده‌کات و پشت چاوی ڕ‌ه‌نگی ئاڵتونیه.. بۆ ئه‌وه‌یه که به‌ر و بومی ساڵانه کۆ بکرێته‌وه و ئه‌گه‌ر ئاسمان به ئاسۆ خه‌مگینه‌کانیه‌وه‌ باڵی به سه‌ر زه‌ویدا کێشاوه بۆ ئه‌وه‌یه بروسکه‌ی پشوودان بدات به زه‌وی، له‌م وێنه‌دا توڕه بونی زستان نیگه‌رانم ناکات، ده‌زانم که خاتونی به‌فر له ئامێزی خۆیدا قه‌سیده‌ی خه‌ون و چیرۆکی تازه‌ی ژیانه‌وه ده‌لاوێنێت و په‌روه‌رده‌ی ده‌کات بۆ سه‌رله‌نوێ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه، پیته‌ خه‌مگینه‌کان هۆبه‌ی چاوه‌ڕوانین بۆ هاتنه ناو به‌هارێکیتر و هه‌ر چه‌ند جلکی زستان سپیتر بێت به‌هارێکی سه‌رسه‌وزتر مزگێنی ئه‌دات و زستان له ئامێزی خۆیدا تۆی به‌هار ده‌خه‌ملێنێت و سۆزه‌کانی خاک ده‌لاوێنێت.


له‌م وێنه‌دا مێژوی وڵاته‌که‌مان چیتر مێژویێکی سه‌ربڕواو نیه له‌ناو ئه‌م ساباته ڕه‌نگاوڕه‌نگەدا، په‌پوله‌کان به بێ ترس له ده‌نگی فڕوکه‌کان هه‌ڵده‌فڕن و گه‌ر ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یێک بێت ئه‌وا ده‌نگی یاری ئاگرینه‌کانه ‌و بۆ ئه‌وه‌یه که جارێکیتر لێزگه‌ی نه‌ورۆز وه‌ک په‌له‌که زێڕینه‌یێک بکاته مل چیاکانی بڵیندی قه‌ندیل، له‌ وێنه‌ی ئه‌م جیهانه‌دا سۆلینی بچکۆلانه گه‌وره ده‌بێت و دایکی هه‌موو ساڵێک جه‌ژنی له دایک بونی بۆ ده‌گرێت، له‌م وێنه‌دا بۆنی گوڵه زه‌رد و سوره‌کانی سڵێمانبه‌گی بانه دونیا سه‌رله‌نوێ له بۆنی ژیان هه‌ڵده‌کێشێن و سڵێمانبه‌گ هه‌ر ده‌بێته‌وه به‌و شوێنه‌ی که خه‌ڵک جاران سه‌یرانیان تیا ده‌کرد....

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک