په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٨\٢٠١٢

وێنەیەک لە بەرەکانی جەنگ!


سەرکەش       


ئەگەر ئێوارەی ڕۆژی ٢٩\٧\٢٠١٢ هەر کەسێک بینەری کەناڵی ئاسمانی زاگرۆس و ک تێڤێ بووبێ ، ئەوا بێ سێ و دوو گەلی باشووری کوردستانی لە ڕوو بە ڕوو بوونەوەی هەڕەشەیەکی مسۆگەری شەڕێکی گەورە و گران دیوە، بە پێی هەواڵنێری ئەم کەناڵانە و لە نێوان کامێرای ئەم دەزگایانەی ڕاگەیاندن شەڕێک لەدەرگە وەستابوو، شەڕێکی نەخواستراو، شەڕێک لەگەڵ سوپای داگیرکەری عێراق(بە پێی نوچەی ئەوان) بۆیە دەبوو ئاگرەکەی خۆشکرێ، هەوڵی ڕەوا بوونی بدرێ، کە لە ڕاستیدا شەڕەکە هێشتا هاودەنگی لە سەر وەرنەگیرابوو، ڕەهەندەکانی هێشتا زۆر ئاڵۆز و نادیار و پێچاو پێچ بوون.


دیمەنی بەرەی جەنگ و سەنگەر لە یەکگرتنی حکومەتی بارزانی و حکومەتی مالیکی لە گوندی قاهیرەی ناوچەی زومار، وێنەیەک لە بەرەکانی جەنگی داسەپاو و نەخواستراوی هەشت ساڵەی عێراق - ئێرانی دەهێنایەوە بەرچاومان١.


خۆ ئامادەکردن، ڕەوایی پێدان، هاودەنگی و کۆ دەنگی بۆ وەرگرتن، بە فەرمی کردنی شەڕ لە جڤینی سەرۆکی هەرێم لە هەولێر لەگەڵ پارت و لایەنەکان، درەنگتر و پاش سەنگەر گرتن، دامەزران بۆ شەڕی یەکلایەنە هات، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا کێشەکە ئاڵۆزتر دەکا، بە پێچەوانەی کارهاسانی دەستەبەرکا.


چاودێرێکی ئەم ڕووداوە کت و پڕە، ئەگەر بیهەوێ لە چەقی ئەم قەیرانە، ئەم گرفت و کێشە ئاڵۆزە ڕابمێنێ، لێهوورد بوونەوەبەکی خێرای بکا دەیان پرسیاری گرنگی لا پەیدا دەبێ:


- ماشێنی جەنگی سوپای داگیرکەری عێراق لە لایەن هێزی شەڕکەری ئەمریکاوە تێکشکێنرا، دواتر لە سەرلەنوێ بونیاد نانەوەی ئەم دەزگا سەرکوتگەرە کێ ڕۆڵی بەرچاو و سەرەکی بینی؟ چ پارت و لایەنێک بەگەرمی پێشوازی لە دامەزراندنەوەی دەکرد؟
- ئەگەر ئەم سوپایە سوپا و لەشکری حکومەتێکی داگیرکەرە بۆ لە بونیادنانەوەی سەرلەنوێی بەشداری کرا؟!
- ئایا ئەم سوپایە هەر تەنێ سوپای پارتەکەی نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراقە؟
- پێکهاتەی درووستی ئەم سوپایە چۆنە؟
- ڕێککەوتن/ تەوافقی پدک و ینک لە سەر و بەندی دروستکردنەوەی ئەم هەژدیهایە لە سەر چی بووە؟ ڕۆڵ و شوێنی کورد لەم پرۆسەیە، لە نێو ئەم سوپایە چی بووە؟
- ئەگەر نهێنی کاریەک لەم بار و بوارەدا هەبووە بۆ سەرانی بڕیار بەدەستی کورد تا ئەمڕۆ و تا ئەم ڕوو بە ڕوو بوونەوەیە هیچ سەرەداوێکیان نەداوەتە دەست؟
- ئەو سوپایەی لەسەنگەری ڕوو بە ڕوو بوونەوەی سوپای عێراق نمایش دەکرا سوپای گەلی کوردستانی باشوور بوو؟ یا تەنیا دەزگای سەربازی پدک یە؟ ئەگەر بەلانی کەم سوپای یەکگرتووی هەردوو پارتی دەسەڵات، خودان ڕێککەوتننامە ستراتیژیەکەش بێ، نەک سوپای یەکگرتووی هەرێمی باشووری کوردستان، ئەدی ڕاگەیاندنی ینک بۆ مێشی میوان نەبوو؟ لەم بەرەیەی جەنگە کەسی دیار نەبوو؟ کامێرای میدیاکانی ئامادە نەبوون؟ یان هەر ئەمارەتێک و سوپا و لەشکر و دەزگای هەواڵگری و میدیایی خۆی بۆ خۆیەتی؟
- ئایا قسەیەکی ینک لەگەڵ ئەم سەنگەر گرتن و لێدانی کەڕەنای جەنگە بووە! کە هاوپەیمانی ستراتیژی و برابەشی حکومەت و پەرلەمانە؟ ئەگەر جارێ باسی هوردە پارتەکانی تری ناو پەرلەمان هەر نەکەین! کە وەک ئاسایی پێویست بە پرس پێکردنیان ناکا!!
- لە هەمووی گرنگتر ئایا مارەبڕینەوەی سەرلەنوێ هەرێمی باشووری کوردستان لە حکومەتی ناوەندی عێراق، دڵسۆزی پێشاندان بۆ یەکپارچەیی خاک و گەلی عێراق، سوێند خواردن بە جودا نەبوونەوە لە عێراق و خۆ بە عێراقی زانێکی عەیار ٢٤ بڕیاری خودی مەسعود بارزانی و تاڵەبانی نەبووە؟ یا چۆن بووە؟
- ئەم پرسیارانە و گەڵێ پرسیار و تێبینی تر هەن ... کە وەڵامیان گەرەکە وەڵام!

_____________________________________________________

١. دیمەنەکانی ئەم سەنگەر لەیەک گرتنە و شێوازی هەناردە تەلەفزیۆنییەکەی زاگرۆس تێ ڤێ زۆر وێکچوو بوو بە (ێور من المعرکە) ی ئەو هەشت ساڵە پڕ لە مەینەتیە لەبن نەهاتووەی کە ڕووپەلی تەلەفزیۆنی بە جارێ لێ زەوتکردبووین.


٣١\٧\٢٠١٢ - ئوپسالای سوێد
ماڵپه‌ڕی که‌ریم سه‌رکه‌ش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک