١٦\١\٢٠١٣
وەرچەرخانێک لە
خەباتی نەتەوەی کورد!

جەمالی عەلیالی
دەسەڵاتی تێڕۆری داگیرکەرانی کوردستان لە حەوتووی ڕابووردوودا، ژیانی
سێ ژنی سیاسەتمەداری کوردی بە کۆتایی گەیاند. ئەو تێڕۆرە لە پاریس، یەک
لە پێتەختەکانی ئوروپای سەردەمی نۆێ هاتە جێ بەجێ کردن. تێڕۆری جەستەیی
بەرهەلستکاران بۆ ئەو دەسەڵاتانەی کە کردەوەی نامرۆڤانە بەرامبەر بە
گلانی ژێردەست دەکەن دیاردەیەکی تازە نیە بەڵکوو کردارێکی لەمێژینەی
ئەوانە. بەڵام ئەوەی کە جێگەی سرنجە ئەوەیە کە ئەو تێڕۆرە لە کاتی
دەسپێکی جیدی وتووێژدا دێتە ئاراوە. ئەوە دەتوانێ لە لایەکەوە گوزارە
لە پێکهاتنی فاکتەری نۆێ لە کێشەی دێمۆکراتی لە تورکیا دەگەڵ نەتەوەی
کورد بدات، لە لایەکی ترەوە گوزارە لە کێشەی دێمۆکراتی نەتەوەی کورد لە
ڕۆژهەڵاتی ناوین بدات.
بە گۆێرەی مێژووی سەردەمی نۆێ، نەتەوەی کورد تەنیا زۆرینەی ڕۆژهەڵاتی
ناوینە کە خاوەنی کەیانی فەرمی خۆی نیە بەڵام لە کاتی هەنووکەییدا لە
سەر دێمۆکراتیسم وەک شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی لە گشت نەتەوەکانیتر
شێلگیرترە. ئەو گوتارە دەتوانێ پێشمەرجێک بێت بۆ پەرەگرتنی باوەرمەندی
ناونەتەوەیی بۆ نەتەوەی کورد. ئەو پێشمەرجە بە هۆی ئەوە کە خاکی
کوردستان پاش شەڕی یەکەمی جیهانی دابەشی چوار وڵاتی پێکهێندراو بوو،
دەتوانێ سەنگی زیاتر بەخۆوە بگرێ. فاکتەرێکی دڵتەزێن ئەوەیە کە تا
ئێستا هەرگیز نەتەوەی کورد هێرشی نەبردۆتە سەر هەر یەک لەو چوار
داگیرکەرە کە هەر دەم لە راوودووی کورد دابوون و ژیانیان بەو نەتەوەیە
تاڵ کردووە.
واپێ دەچێ کە خەباتی نەتەوەی کورد بۆ ئازادی و دێمۆکراتی لە ناوچەکەدا
گەیشتۆتە دەمێکی ئاستەم کە دەکرێ وەکوو خاڵێکی وەرچەرخان ناوبرێ. بەو
گۆێرەیە ڕەنگە ئاڵ و گۆڕێکی فرەلایەنە لە خەباتی نەتەوەی کورد چاوەڕوان
بکرێ. کۆمەڵێک ئاڵ و گۆڕ کە دەتوانێ هێمنی و ئاسایش بۆ ناوچەکە
دەستەبەربکات یان بە پێچەوانە ئاڵۆزی ناوچەکە زیاتر بکات.
ئەو تێرۆرە نامرۆڤانەیە کۆمەڵێک وزە و هێزی نەتەوەی کوردی وەڕێ خست کە
لە چەند ڕۆژی پاش تێرۆرەکە دا بینیمان، هەزاران کەس لە شٶینە
جیاوازەکانی جیهان کەوتنە شەقامەکان و پرۆتێستۆی ئەو کردەوە
نامڕۆڤانەیان کرد. دەگەڵ ئەوەش زۆر سەیر نیە ئەگەر بەشێکی ئەو هێز و
تاقەتە متمانەی خۆی بە چارەسەری لە رێگەی ئاشتیەوە لە دەس بدات.
نەتەوەی کورد تا ئێستا هەر بە تەمای چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکە بووە
کە هیچ بەرهەمێکی نەبووە. بە بڕوای نووسەر ئەوەندەی عەقلی لایەنە
سیاسییەکانی کۆمەڵگەی کوردی پێی گەیشتووە تا ئێستا تەنیا خەباتی
چەکداری وەکووتاقە ریگە چارە، تاقی نەکراوەتەوە ئەگینا هەرچەشنە
شێوازێک تاقی کراوەتەوە بەڵام مخابن گشتی ئەو هەوڵانە بێ ئاکام
ماوەتەوە.
لە کۆتایی ئەو بابەتە کوورتەدا پێویستە وەبیرمان بێتەوە کە خەباتی
نەتەوەی کورد بۆ ئازادی و دێمۆکراتی یەک لە دێمۆکراتترین جووڵانەوەکانی
سەردەمە بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە بەر ئەوە کە ئێمە دەبێنین
رێژەی ژنان لە جووڵانەوەکەدا لە ئاستێکی بەرزدایە. بەرئاوردێک لە نێوان
ڕێژەی ژنانی بەشدار لە دامودەزگای بەڕێوەبەرایەتی هەر یەک لەو
دەسەلاتەکانی داگیرکەر، وڵاتانی دەڤەرەکەشی دەگەڵ بێت لەگەڵ ڕێژەی
بەشداری ژنان لە ناو خەباتی نەتەوایەتی گەلی کورد ئەو راستییە دەخاتە
بەرچاو.لە لایەکی ترەوە تێرۆری نامرۆڤانەی پاریس دەتوانێ ئەو گوتارە
مسۆگەر بکات. بەرپرسیارێتی تاک و لایەنی سیاسی لە ناو کۆمەڵگەی
کوردەواریدا لەو قەیرانەدا گرینگە، ئایا نەتەوەی کورد بە تاک و بە
ڕێکخراوە سیاسییەکانیەوە توانایی خۆێندنەوەی ڕاست و درووستی لە دۆخەکە
هەیە؟
١٤\١\٢٠١٣
ماڵپهڕی جهمالی عهلیالی
|