په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

وەرە پیاسەیەک بکەین جەنابی سەرۆک.


کازیوە ساڵح  

'' تۆڕەیی تەنها لە ئامێزی گەمژەکاندا دەنوێ - ئەلبیرت ئەنیشتاین '' 


وەرە جەنابی سەرۆک با وتەکەی جۆرج ئەڵیوت '' هەڵبژاردن بەڕێوەیە ، بانگەشەی ئاشتی جیهانی دەکرێ و رێویەکانیش خواستیەکی ڕاستگۆیان هەیە بۆ پاراستنی ژیانی پەلەور '' ڕاڤەبکەین و پیاسەیەک بە تەنیشت خواستەکانی ئەنیشتاینەوە بکەین و لە گەڵیدا بڵێن '' لە یەک کاتدا ناتوانیت جەنگ قەدەغە بکەیت و ئامادەکاریشی بۆ بکەیت '' '' کۆڵانەکانی ئاشتی تەی بکەین و جەنگاوەرە حەشاردراو و ئامادە دۆڕاوەکانی جەنگە بێهودەکان چەک بکەین . لە بری سیناریوی هێز و دەسەڵات ، پانۆرامای لۆژیک و پێکەوە ژیانیان پێ حونجە بکەین . لە بری دروشمی ئاگراوی - دەسەڵاتێک بە هێز وەرمانگرتووە بەهێزیش دەیپارێزین - لە بری نان بڕینی هاوڵاتی لە سەر ئازادی بیروڕا - لە بری لاپەڕەی کۆن هەڵدانەوە و کۆش کردنەوەی بۆ هەموو مەیمونەکان - وانەی '' بەهای مرۆڤ لەوەدا دەبیرنرێت چی دەتوانێت پێشکەش بکات نەک چی دەتوانێت وەربگرێت '' .1 و '' مرۆڤ پێویستە بۆ ئەوە بگەڕێت کە هەیە ، نەک ئەوەی پێ وایە پێویستە هەبێت '' یان فێر بکەین و واز لە گازندەی پڕ توندوتیژی بهێنن و سەروەریەکانی خەڵک بهۆنینەوە . ئەو سەروەریانە لە گەڵ هێنانەوەی تانک و پۆستاڵ و ڕیش و عەمامەی دوژمنیشدا ئامادە نەبوو بەر نەفرەتی توندوتیژتان بخات و هەر وتی خوایە وەتەن ئاوا بکەیت بە ڕۆڵەی خۆییەوە جوانە ، ئەو سەروەریەی لە ململانیەی شەڕەکانی ئێوەدا برا برای کوشت و ئێستاش کە ئێوە بوون بەبرا، ئەوان لە بێ براکردنی خۆیان نەپرسی و گوتیان خوایە ئەوان بکەی بە برا و وەتەن لە ئاژاوەیان بپارێزی چش لە بێ برای ئێمە ،ئەو سەروەریانەی دایکی شەهیدان دەیانگووت دە کوڕی دیشم هەبێت دەیدەم بە کوشت وەتەن بە سەروەری مام و کاکەکانی خۆمانەوە جوانە ، ئەو سەروەریانەی لە خراپترین بار و برسیترین دۆخدا ئامادە نەبوو گروپە هاوردەکانی ناو کورد بکات بە ئامانج و ئەو متمانەی بە کەسانی هەڵقوڵاوی بزوتنەوەی کوردایەتی بەخشی.


وەرە و لە پیاسەیەکی دوور لە ڕیایی واتاکان ، چەمکی دیموکراسی ڕاژەنین و گەر مەیلت گریانی مناڵی دیموکراسی نەیهەژاند خۆت یەک لابکەرەوە و چیدی ئەو فۆرمە لە نیو دەنکە گەنمی بانگەشەکاندا دەرخواردی باڵندەکانی سەر لە ئێوارە مەدە .گەر لە گەڵ ئیلنۆر هۆڵمز نورتنیش توانیت بڵێت ''  تەنها ڕێگەیەک بۆ ئەوەی دڵنیا بیتەوە ئەوانەی کۆکی لە گەڵیان پشتگیری ئەکەن ئەوەیە کە پشتگیری لە مافی ئەو خەڵکە بکەیت تۆ کۆک نیت لە گەڵیاندا.'' ئەو کات هەرچی تەوتەم و شیڕە شیڕی شەرانگیزیە دەگۆڕین بە گۆرانیەکی شانازی و باڵای هەڵبژاردنی پێ دەڕازێنینەوە.بە گۆێی درەخت بە درەخت ، کۆڵان بە کۆڵان و کوچە بە کوچەی لە زاخۆ و هەتا شەنگار دەچرکێنین و ئەڵێن چەند جوانە وڵاتم هێشتا لە بەرهاری تەمەنیدایە و مەدالیایەکی داوە لە یەخەی ناوی دیموکراسی و هەڵبژاردنە ، مەدالیایەک عەگاڵە سەدان ساڵ تەمەنەکان و عەمامە بەر لە سەدەیەک دوراوەکان بە ناوهێنانی مەدالیای خوێن دەدەن لە یەخەی شەقامەکانیان. چەند جوانە وڵاتم کە کۆترە 2 سپیەکان بۆشاییەکی نەهێشتوەتەوە باڵندەی جۆڵا 3 هێلانەی تێدا چێ کات ،سەمای شینە شاهۆ 4 و قەقنەسەکان 5 و ئاوەدانی هەڵۆکان6 کەلاوەیەکی نەهێشتوەتەوە بۆ خوێندنی پەپۆ7  سەرمەستەکانی پاش نۆشی پێکی ویژدان. 


وەرە جەنابی سەرۆک پیاسەیەک بۆ لای مناڵە چەتونەکانی کەنار ئاوابوونی نیشتمان بکەین .دروشمە ئاگریەنەکانیان لە زمان وەرگرین و بڵێین ئەم وتانە چەند پیرۆزبوون لە ڕووی تانک و سەربازەکانی تورکیادا وچەند قێزەونن لە ڕووی ئێوەدا ، فێریانبکەین برایتان چەند بەهێز بوو کاتێک لە یەک کێشەدا سێ زمانتان بەکارئەهێنا زمانی یەکێکتان بۆ تۆقاندنی بەشێکی دوژمن و زمانی یەکێکیشتان بۆ ڕازیکردنی بەشێکی دی ویەکێکیشتان بۆ ئومێد بەخشین بە داهاتووی جیاواز. چەند نەفرەتاوین کاتێک هەمان زمان نەیەوێت ئەو نیشتمانە بە نەرمی بدوێنێ بۆبەخشینی متمانەکانی.بە زمانێکی باوکانە پێیان بڵێ لاوان ئومێدی هەلە لە دەست چووەکانن ونامەوێ لە هەلی زێڕیندا لە دەستان بدەم . وەرە با وشە بە وشەی مەیمونە ترسنۆکەکان ئەوانەی دوێنی بۆ لە یەک بوونی برایی ئێوە چەپڵەیان دەکوتا و، ئەمڕۆ بۆ یەکبوونی ولێکترازانێکی هاوشێوە هەمان چەپڵە دەکوتن بخەینە بەر چڕنوکی مشکێکی لاواز 8 فێریان بکات '' هەڵویستی لاواز هەڵکشانە بۆکەسیەتی لاواز '' وەرە بە لای دڕکەزیەکانی نیشتمان تێپەڕین و پێیان بڵێن ''  هیچ کێشەیەک بە هەمان هۆشیاری کە دروستی کردوە چارەسەر ناکرێت'' ، سڵاو لە گەڵ ئەوسەربازە بێ باکەکان بگۆڕینەوە کە زۆرداریان کردوە بە خوو پێیان بڵێ '' زۆرداری هەمیشە کەسە مۆراڵ نزمەکان بە لای خۆیدا ڕادەکێشێت ''  و نەتەوەی مۆراڵ تێکشکاویشی پێویستی بە سەرکردەو سەربازی بە مۆراڵ هەیە.

وەرە جەنابی سەرۆک لە پیاسەیەکی حکمەتاویدا، لە سپێدەی بەیانیەکی نییشتمانەوە پێ هەڵگرین، هەتا ئەو وەختەی مناڵان دەگەنە قوتابخانە و سرودی خوایە وەتەنە ئاواکەی دەدەن بە گۆێی ئاسماندا هەرچی مۆمی کوژاوەیە بە سمکۆڵانی ئەسپەکان، داگیرسێنین و هەرچی ئەسپی یاڵ سوتاوە بە ئاگری مۆمەکان، تیمار بکەین . هەموومان بە یەک دەنگ بڵێن '' پاراستنی ئاشتی لە رێگەی تێگەشتنەوەیە نەک هێز ''. پاشان بە لای بەرماڵی داخراوی بەر کانیلەیەکی بێ گوناهدا تێپەڕین وبە کرمە کەڕووگرتوەکانی ژێری بڵێن ''  خودا دۆمینە ناکات'' .


_________________________________
1 - هەموو ئەم نیشانانە''  '' کە ناو نەهاتووە لە پێشیانەوە ووتەی ئەلبیرت ئەنشتاینن.
2 - لە زانستی ئاژەڵناشی و پەلەورناسیدا زۆربەی ئاژەڵ و باڵندەکان هەڵگری سیمبولێکن - کۆتر سیمبولی ئاشتیە.
3 - باڵندەی جۆڵا، باڵندەیەکە لە هەرکوێدا هێلانەی کرد ئەو شوێنە کاول دەکات ، ئەم باڵندەیە لە ئەدەبی پۆست - کۆڵۆنیالیزمدا ، بە تایبەت لە وێژەی ئەفریقیدا زیاتر وەکو سیمبولی کۆڵنیالیزم بەکارهاتووە.
4 - شینە شاهۆ، سیمبولی زۆر ژیانە.
5 - قەقنەس، سیمبولی لێهاتوویی ، نەمریی و حوانییه‌.
6 - هەڵۆ، سیمبولی سەربەخۆییە و ئەمەریکا کردویە بە سیمبولی َخۆی.
7 - پەپۆ، سیمبولی مەرگە.
8 - مشک، سیمبولی هێز ، حیکمەت و ئاسایشە.

 

کەنەدا

16ی جوڵای 2009