٢٩\١١\٢٠١١
وەرزێک
لە تریفەی مانگ و
نێرگزێک لە جوانیی
بەھار .

کەژاڵ ئیبراھیم
خدر
پێشکەشە بە
ھاوڕێی ھەمیشە ئازیزم مامۆستا پێزان.
١
لە نێو پرووشەی ھێمنی باران و
سپێدەی رووناکی تریفەی مانگ و
نەسیمێک لە گەڵارێزانی وەرینی گەڵا
و
جەژنانەیەکی غەمگین بە نائومێدی
بۆت دەگەرێم و پێت دەڵێم
دڵم وەک سێوێکی پایزی،، دوولەت بووە و
رۆحیشم بۆتە نێرگزێکی بێ ئاوی بەھار و
رێبوارێکی بێ وەرزی باخچەی گوڵ و
مانگەشەوێکی تۆراوی ئەستێرەی دڵتەنگ
بۆنی کۆستی سپیەتی تۆدەکەم و
وا دەزانم ھەرگیز ماچم نەکردووە
پەپولەی گۆڕغەریبێکی وێڵم و
مەراسیمی ئارامی شەوم و
خەویش ناگاتە رۆحم
دنیا لە لام یاخی بووە.
٢
بۆت دەگەڕێم
لە شەوەزەنگی پەڵەی ھەورێکی پڕ
بارانی رۆحمدا
لە نێو پەنجەی دەستی مۆسیقارێکی پڕ نۆتەدا
خەیاڵ بە دەم رووباری
گریانەوە
دەرویش بە تەریقەتی سەربادانەوە
وا ھەست دەکەم
دنیا لەلام وێران بووە.
٣
بۆت دەگەڕێم
وەک پەپولەیەکی ناسکی بەھار
بە وێنەی ئاھەنگی گوڵێکی جوان
پڕ لە شکۆفەی
چاوەڕوانی
بەوێنەی ھەتاوی میھرەبانی
بە وێنەی دەستی پڕی رەنگاڵەیەکی ژنێک و
پێت دەڵێم
نیشتمانم یادەوەریی چنارێکە و
لەژێر ھەتاوی سێبەری باڵاتدا
بتکەم بە کازیوەی بەیان و
بۆنی رەیحانەی پیری و
تریفەی رووبار و
لە چواردەوری ماڵەکەمدا بەندت بکەم.
٤
زۆر حەزدەکەم
لە پەرژینی پەنجەرەی دڵمەوە
بە وێنەی گۆرانیەکی غەمگین
وەک چرایەک داتگیرسێنم
تاکو بتکەم بە پەیکەرێک
لە ژوور سەرما
وەک کاتژمێرێک ھەڵت واسم
تاکوو رێگەی دووری کۆتایی دێ و
بۆ ھەمیشە، یادت بکەم.
٥
من دەمەوێ
وەک کیژۆڵەیەکی سپی و ساکار
وەک دەستە سڕەکانی وەرزی بەھار
تاڵێ لە قژتم بدەیتێ و
تێکەڵ بە شەپۆلی روباری بکەم
چەند بمەوێت ماچت بکەم.
٦
من دەمەوێ
شەوی مەرگی، پەرژینی بەفر نەبینم
کە شەونمی جوانیەکانی
لە رۆحمدا سوتاندووە
من دەمەوێت
نمەیەک لە عەتری ھەناسە
و
نیگای چاوانت و
شەوانی تەنھایی پرئازارەکانی
بۆنی سینەت بنەخشینم
خۆم بکەمە پەیکەرساز و
بەدڵی خۆم بت چوێنم.
٧
من دەمەوێت
لە ئاوێنەی غەریبی رۆحمەوە
وەکو شەونمی گەڵا و گوڵ
بە دیار باخچەیەکی رووخاوی
شعرێکەوە
ماچت بکەم
تاکو جوانترین تابلۆی زستانی بەفر
لە نێو تاڵەکانی قژتا بنەخشێنم.
٨
من دەمەوێت
لە زستانی پڕباران و
دڵنەوایی گەڕانەوەی ئومێدوو
تەمەنی وەرزی گەڵارێزانەوە
ئاوێنەی درەختی باڵات جوانتربێ و
عەتری روخساری جەستەت
پڕبێ لە نوور و
سیمات گەشتر وەک پەلکەزێرینە و
رۆحت ببێتە بڵێسەو
دەنگم رەنگی تۆ بگرێ،
تێکەڵاوی مەستت ببێ
بارانی سۆز سەما بکا و
تیشکی رۆژیش زەردترببێ.
٩
من دەمەوێت
ئاوێنەی دڵی شکاوی خۆم
لەبناری چاوەکانتا دابنێم
تاکو دوا ساتەکانی ئارامی
ببێتە تروسکایی و
لەباوەشتا بمێنمەوە
دەتۆش وەرە
ناوبرینەکانی جەستەم و
تا لە دوای تۆ کەسێ نەبێت
عاشقم بێ و لە دەریاچەی
دەریای رۆحم بخواتەوە.
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|