په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٧\٢٠١٣

''وەرزی کەرکەدەن''ی بەھمەن قوبادی لە فیستیڤاڵی فیلمی بڕۆکسێل نمایشکرا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد بەھمەن قوبادی لە یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بڕۆکسێل نمایشکرا.


فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" لە دەرھێنانی سینەماکاری بەئەزموونی کورد بەھمەن قوبادی دوای بەدەستھێنانی شەش خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی بەشی سەرەکی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییان لە وڵاتی ئیسپانیا، خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئوسکاری ئاسیایی" لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا، خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەما بە ناونیشانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "پلووس کامێرائیمەیج" لە وڵاتی پۆڵەندا و ھەروەھا سێ خەڵاتی سەرەکی باشترین وێنەگرتن، باشترین دیزاینی بەرھەمی ھونەری و دیمەنە دەستکردەکان لە حەوتەمین خولی خەڵاتەکانی ساڵانەی سینەمای ئاسیا لە وڵاتی ھۆنگ کۆنگ، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە بەشی "پانۆڕامای" یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بڕۆکسێل لە وڵاتی بەلژیکا نمایشکرا.


فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بڕۆکسێل بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە ڕۆژانی ١٩ تا ٢٦ی حوزەێران ٢٠١٣ لە شاری بڕۆکسێلی پێتەختی بەلژیکا بەڕێوەچوو.


فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" کە لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" لە ئاستی دنیادا بڵاودەکرێتەوە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵی گرینگ لە ئاستی جیھاندا نمایشکراوە، لەوانە: لە بەشی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تۆرێنتۆ" لە وڵاتی کەنەدا، لە بەشی سەرەکی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانیا، لە ٤١مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی رۆتێردام لە وڵاتی ھۆڵەندا، لە پەنجا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تسالۆنیکی" یوونان، لە بەشی "سینەمای سەرکەوتوو" لە ٣٦مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی گۆتێنبێرگ لە وڵاتی سوید، لە ٣٧ەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ھۆنگ کۆنگ و حەوتەمین خولی خەڵاتەکانی ساڵانەی سینەمای ئاسیا، لە دەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبلین لە وڵاتی ئیرلەندا، لە ڕێوەڕەسمی کۆتایی ١٣مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "فیلمەکس"ی ژاپۆن، لە بەشی پێشبڕکێی ٤٩مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "شیکاگۆ" لە وڵاتی ئەمەریکا، لە بەشی تایبەتی ٤١مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەمای نوێ" لە وڵاتی کەنەدا، لە شەشەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ناسراو بە "ئوسکاری ئاسیایی" لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا، لە بیستەمین خولی فیستیڤاڵی پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەما بە ناونیشانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "پلووس کامێرائیمەیج" لە وڵاتی پۆڵەندا، لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی ١٢مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی مەغریب لە وڵاتی مەغریب، لە بەشی گاڵای حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی پووسان لە کۆریای باشوور، لە فیستیڤاڵی فیلمە ئێرانییەکانی بۆستۆن لە شارەکانی بۆستۆن، ھیۆستۆن و واشنگتۆن دی سی لە وڵاتی ئەمەریکا و چەندین فیستیڤاڵی دیکە.


کۆمپانیای "وایلد بانچ" کە مافی بڵاوکردنەوەی جیھانی "وەرزی کەرکەدەن"ی لە ئەستۆدایە، سەرەتا ئەم فیلمەی لە ٨٦ سینەمای شارە جۆراوجۆرەکانی وڵاتی تورکیا نمایشکرد و ھەروەھا ھاوکات لەگەڵ جەژنی نەورۆز لە سینەماکانی ھۆڵەندا چووە سەر پەردەی سینەماکان و بە پێی بەرنامەی ڕاگەیێندراوی ئەم کۆمپانیایە لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەم فیلمە لە سینەماکانی وڵاتی نەرویجیش نمایش دەکرێت.


"وەرزی کەرکەدەن" بە ڕۆڵ بینی ئەکتەری ناوداری سینەمای جیھان مۆنیکا بلووچی لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی بەھمەن قوبادی، لە بەشی تایبەتی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆسمۆراما لە چەندین سانسی جیاوازدا لە سینەمای نۆڤای شاری ترۆندھایم لە وڵاتی نەرویج نمایشکرا.


نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆسمۆراما بە نمایشی بەرھەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لەوانە: ئەرژەنتین، ئیسپانیا، بڕازیل، ئەمەریکا، دانیمارک، پۆلەندا، تورکیا، ئیرلەندا، تایوان، کینیا، کۆریا، مەکزیک، کەنەدا، ژاپۆن، ئێران، تاجیکستان، سعوودیە، قەزاقستان، رووسیا، رۆمانیا، پێڕوو، نەرویج، فەڕەنسا و چەندین وڵاتی دیکە، لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، بەشی تایبەت بە "سینەمای ئەمڕۆی ئێران"، لە رۆژانی ١٥ تا ٢١ی نیسان ٢٠١٣ لە چەندین ھۆڵی سینەما نۆڤای شاری ترۆندھایم لە وڵاتی نەرویج بەڕێوەچوو.
________________________________
بۆ زانیاریی پتر:
www.brff.be/index.php?option=com_k2&view=item&id=225:rhinoseason&Itemid=209&lang=en

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک