٢٨\٩\٢٠١٢
''وەرزی
کەرگەدەن''ی بەهمەن قوبادی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ''تۆرێنتۆ''
نمایشکرا.
مەنسوور
جیهانی
فیلمی
سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" لە دەرهێنانی "بەهمەن قوبادی" و بە
ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە و چەندین ئەکتەری ناوداری ئەم فیلمە
لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تۆرێنتۆ" نمایشکرا.
لە پاش نمایشکردنی فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن"
Rhino Season دوایین بەرهەمی سینەماکاری ناودار و
بەئەزموونی کورد "بەهمەن قوبادی" لە یەکەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا
لە بەشی تایبەتی سی و حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تۆرێنتۆ"
لە وڵاتی کەنەدا کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەم فیلمە بە ئامادەبوونی قوبادی
و ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم فیلمە، لەوانە: بێهرووز وسووقی، مۆنیکا
بێلوچی، بئێلجیم بێلگین و ئاڕش لەباف بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای ئەم کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا بەهمەن قوبادی سەبارەت بە رۆڵ
بینینی ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران بێهرووز وسووقی لە فیلمی
سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن"دا گوتی: لە منداڵییەوە کە لە شاری بانە
دەژیام حەزم بوو کە بێهرووز وسووقی ببینم و هەمیشە یەکێک لە ئاواتەکانم
ئەوە بوو کە لەگەڵ بێهرووز فیلمێک سازبکەم.
ئەکتەری ناوداری ئیتاڵی ـ فەڕەنسی مۆنیکا بێلوچی سەبارەت بە رۆڵی خۆی
لەم فیلمەدا گوتی: ئەم رۆڵەم زۆر خۆش ویستووە و توانیم لەگەڵ ئەم
رۆڵەدا پەیوەندی بگرم، چونکە لە وڵاتێکەوە دێم کە گرفتی زۆرم هەبووە و
هەیە و شایەد بەم هۆیەوەیە کە توانیومە بچمە قۆڵایی ئەو رۆڵەوە و
هەڵبەت توانیومە لەم فیلمەدا بە زمانی فارسی قسە بکەم چونکە لە پێشدا
بە زمانەکانی فەڕەنسی، ئیتاڵی و ئینگلیزی شارەزاییم بووە و بێگومان ئەم
زمانانە توانیویانە تا رادەیەک لە ئاخاوتن بە زمانی فارسی یارمەتیم
بدەن.
لە بەشێکی دیکە ئەم کۆنگرە رۆژنامەوانییەی فیلمی سینەمایی "وەرزی
کەرکەدەن"دا، بێهرووز وسووقی ئەکتەری سەرەکی ئەم فیلمە گوتی: دوای 35
ساڵ دووری لە سینەما، رۆڵ بینین لەم فیلمەدا زۆر خۆش بوو و خۆشحاڵم کە
لەم فیلمەدا لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی رۆڵم بینیوە. کاتێک کە پوختەی
چیرۆکی ئەم فیلمەم خوێندەوە زۆر حەزم لە چیرۆکەکەی کرد و بڕیارمدا کە
لەم فیلمەدا بەشداری بکەم.
گۆرانیبێژی ناوداری ئێرانی ئاڕش لەباف گوتی: چەندین ساڵە بەهمەن قوبادی
دەناسم و لە هەڤاڵە زۆر خۆشەویستەکانی منە، کاتێک کە رۆڵ بینین لەم
فیلمەی بە من پێشنیار کرد و کاتێک کە قەراربووە لە فیلمەکەدا کوڕی
بێهرووز وسووقی ئەستێرە و ئەفسانەی سینەمای ئێران و هەروەها مۆنیکا
بلووچی ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیهان بم، هەڵبەت بە خۆشحاڵییەوە یاری
لەم فیلمەم قەبووڵکرد.
لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا بەهمەن قوبادی سەبارەت بە
چیرۆکی ئەم فیلمە گوتی: چیرۆکی ئەم فیلمە سەبارەت بە شاعیرێکی کوردە کە
لە ئێران ژیان بەسەر دەبات و لە ژیانی ئەم شاعیرە ئیلهامم وەرگرتووە و
لەم فیلمەدا هەوڵمداوە کە لە شیعرەکانی ئەم شاعیرە کوردە نزیکبمەوە،
کاتێک کە لە سەر سەحنەی فیلمەکە بووم هەوڵمدا کە وەکوو رۆڵی سەرەکی
فیلمەکە وەکوو شاعیرێک هەڵسووکەوت بکەم و هەوڵمدا کە بە کامێراکەم شیعر
بنووسم و هەر لەو کاتەدا دیالۆگەکانم بە ئەکتەرەکان دەگوت و چیرۆکی
فیلمەکە لەسەر سەحنە دەنووسرا و دیالۆگەکان لە کاتی وێنەگرتن تەواو
دەبوون. زیاتر هەوڵم ئەوەبوو کە وەفادار بم بەو سینەمایە کە ناونیشانی
"سینەما ـ شیعر"ـە و دەمویست لێی نزیکبمەوە.
گوتیشی: ئەم فیلمە شاعیرانەیە و فیلمی سیاسی سازناکەم چونکە لە سیاسەت
بێزارم بەڵام بە شێوازێک کاتێک کە سەبارەت بەو مرۆڤانە دەدوێم بە
تایبەت کە کورد و سونی بن لە لایەنێکەوە پەیوەندی بە سیاسەتەوە دەبێت،
بەڵام من ویستوومە کە فیلمێکی شاعیرانە سازبکەم.
قوبادی ئاشکراشیکرد: لەم فیلمەدا هەموومان هەوڵماندا کە شیعرەکانی ئەم
شاعیرە لە چیرۆکی فیلمەکەدا بە زمانێکی شاعیرانە پێناسە بکەین و خۆمان
پاراست لەو سینەما پێگەیەی کە بینەری زۆر بانگهێشت دەکات و پێشی
ئەوەمان گرت.
بەهمەن قوبادی سەبارەت بە رۆڵ بینینی ئەکتەری کوردی ناوداری سینەمای
تورکیا بئێلجیم بێلگین لەم فیلمە نوێیەیدا گوتی: گەورەترین رۆڵێک کە
بئێلجیم بووی هاندانی من وەکوو بەرهەمهێنەری ئەم فیلمە بوو، لە ساتە
سەرەتاییەکانی ئەم فیلمەوە وەکوو خوشکێک خەمخۆری من بوو و تاکوو
ئەمڕۆکەش پەرۆشی مەسەلەکانی پرۆداکشێنی ئەم فیلمە بووە. بێ بوونی
بئێلجیم و هاوسەرە ئارتیستەکەی ئۆڵماز ئەردۆگان بەڕاستی ئەم فیلمە بەو
ئاسانییە سازنەدەکرا.
ڤیدیۆی کۆنگرەی رۆژنامەوانی ستافی فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرگەدەن":
www.youtube.com/watch?NR=1&v=ZfkwW2fOazs&feature=endscreen
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|