٢٣\١١\٢٠١٣
''وەرزی
کەرکەدەن''ی بەھمەن قوبادی لە فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن
نمایشکرا.
مەنسوور جیهانی
فیلمی
سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد بەھمەن قوبادی
و ھەروەھا فیلمی سینەمایی "سەبارەت بە ١١١ کچ" لە دەرھێنانی ھاوبەشی
ناھید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا لە ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی
کوردی لە لەندەن نمایشکران.
فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" دوایین بەرھەمی بڵندی سینەماکاری
بەئەزموونی کورد بەھمەن قوبادی و بە ڕۆڵ بینینی ئەکتەری ناوداری
سینەمای جیھان مۆنیکا بلووچی، ڕۆژی ١٧ی تشرینی دووەم / نۆڤەمبەری ٢٠١٣
لە میانەی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن لە سینەماکانی "ھاکنی
پیکچێرھاوس" و "ویستبۆرن ستۆدیۆز" لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا
نمایشکرا.
"وەرزی کەرکەدەن" کە لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" لە ئاستی دنیادا
بڵاودەکرێتەوە و تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵی گرینگ لە ئاستی جیھاندا
نمایشکراوە و چەندین خەڵاتیشی بەدەستھێناوە لە دوایین بەشداری
نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە بەشی "تەرکیز
لە سەر فیلمە کوردییەکان" لە میانەی چل و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی کاڕڵۆویواری لە شوێنەکانی لازینەی ٣، تیئاتری
کاڕڵۆویواری و سینەما کاسی شاری کاڕڵۆویواری لە وڵاتی چیک نمایشکرا.
ھەروەھا فیلمی سینەمایی "سەبارەت بە ١١١ کچ" لە دەرھێنانی ھاوبەشی
سینەماکارانی کورد ناھید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا ڕۆژی ٢٠ی تشرینی
دووەم / نۆڤەمبەری ٢٠١٣ لە میانەی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی
لەندەن لە سینەماکانی "ھاکنی پیکچێرھاوس" و "ویستبۆرن ستۆدیۆز" لە شاری
لەندەنی پێتەختی وڵاتی بەریتانیا نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی "سەبارەت بە ١١١ کچ" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی
خۆیدا و بە نوێنەرایەتیی ھەرێمی کوردستان لە لایەن ناوەندی کەلتووری
ئێنتەیتیڤی فیلمی جیھانی شەوی ٣ی تشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ لە
دووەمین بەشی فیلمەکانی لەنزی فیلمی جیھانی لە ئاکادیمیای فیلم پۆڕت
تاونسێند لە شاری واشنگتۆن لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.
ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن و چوارەمین خولی
پێشبڕکێی "یەڵماز گۆنەی بۆ کورتە فیلم" بە بەشداری کۆمەڵێک فیلمی
سینەمایی، فیلمی دۆکیۆمێنتەری، ئەنیمەیشێن و کورتە فیلم بە ناوەرۆکی
چیرۆکی و دۆکیۆمێنتەری لە سینەماکارانی کورد و بیانی لە ڕۆژانی ١٥ تا
٢٤ی تشرینی دووەم / نۆڤەمبەری ٢٠١٣ لە دوو سینەمای بەناوبانگی لەندەن
"ھاکنی پیکچێرھاوس" و "ویستبۆرن ستۆدیۆز" لە شاری لەندەنی پێتەختی
وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|