چیرۆک
وه‌رزی که‌وبوار. ١٩٧٦
حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
سه‌رنج: ئه‌م چیرۆکه باس له‌و خێزانانه ده‌کات، که دوای نسکۆی شۆڕشی ئه‌یلوول به‌لێبوردنی گشتی گه‌ڕابوونه‌وه وڵات و له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه به (عائدون)ناسرابوون. وه‌لێ کاتێک ده‌گه‌یشتنه‌وه، ڕژێم سواری ئیڤای سه‌ربازیی ده‌کردن و به‌زۆره‌ملێ ڕه‌وانه‌ی باشووری عیراقی ده‌کردن. لێره‌دا ژنه کوردێک به‌ده‌م ڕه‌وپێکردنه‌وه (ترحیل) له نێو ئیڤایه‌کی سه‌بازییدا منداڵی ده‌بێت. * ساڵی سڵان، وه‌رزی خێڵه‌وژوور، ئه‌و ده‌مه‌ی بۆ کوێستان خۆریی به‌ڕێده‌که‌وتن، چه‌ند له‌به‌ر دڵت خۆش بوو! ئه‌و ده‌م کارئاسکێکی سرک بووی.. کاتێک بێباک به‌و شاخسار و سه‌هه‌نده سه‌وزانه‌دا هه‌ڵده‌گه‌ڕای، که‌وی خاڵ له‌ملی کوێستان به‌ڕه‌وه‌یه گوواره‌وه له‌به‌ر گوڕه‌ی داوێنت له زڕه‌ی باڵیان ده‌دا.. پرچی شنگ و هه‌ڵه‌کۆکت ده‌ڕنییه‌وه و دۆڵ و لاپاڵ نه‌ده‌ما به‌کۆڵییه‌وه نه‌گری.. له‌گه‌ڵ ده‌سته خوشکه‌کانتا دار‌و شه‌خش نه‌ده‌ما گوریسی حه‌وت باڵیی دیلانێی لێ هه‌ڵنه‌خه‌ی، گه‌ڕی شایی له سایه‌دا نه‌گێڕی. ئه‌و ده‌مت له هه‌موو ده‌مێ له‌لا خۆشترو شیرین‌تر بوو، که (خوداداد) به به‌پێشی شاییه‌که‌دا ده‌گه‌ڕا و ده‌نگی لێ هه‌ڵده‌بڕێ. به‌تۆ بووایه ده‌ست به‌رنه‌ده‌ی، به‌ویش بووایه زار لێکنه‌نێ..
سنجانێ و سنجانێ سنجانێم حه‌ریره پاو پووزی په‌نیره قابیل به‌کوڕه میره نۆ مردووم له‌گۆڕ بێ کچه‌که تۆم له‌بیره (1)
چریکه‌ی بازت ده‌بیست له‌وده‌مه‌دا هه‌ڵده‌نیشتن به‌سه‌ر نوچکه‌ی چیاوه.. زریوه‌ی مه‌ل تێکه‌ڵ به ئاوازی باڵه‌بان و حیله و کوڕژنی ئه‌سپی که‌حلان ده‌بوو. دڵت ده‌کرایه‌وه چاوه‌کانت ده‌ڕێژران و له‌وه‌دا بوو له خۆشیاندا باڵ بگری. جارێ شۆڕ ده‌بوویته‌وه قووڵایی دۆڵ و قاڵیچه‌یه‌ک ئاسمانت لێوه دیاربوو.. جارێکی دی هه‌ڵتده‌کرده بان کڵاوه و ده‌ستت بۆ گه‌واڵه هه‌وره‌کان هه‌ڵده‌بڕی.
(ڕه‌زیه)، له خێڵه‌وژووردا، دایکت تۆی له‌بن ده‌وه‌نێکدا بوو. هه‌ستی به‌غه‌ریبی و ته‌نیاباڵی نه‌کرد.. شه‌کره ژنانی عێل هاتنه هانای. ده‌وریان دا‌و ناوکیان بڕیت و به‌هه‌نگوینی کوێستان گۆشیان کردی.. کۆچ نه‌وه‌ستا و سه‌رعێل به‌رانێکی کرده خه‌ڵاتی ناوکه‌بڕانه‌ت.. که گه‌وره بووی، هه‌موو ساڵێک به‌و ڕێیه‌دا ده‌چوویته‌وه. دایکت ده‌یهێنایه‌وه یادت. یادی به‌خێر. ده‌وه‌ن بوو به‌شه‌خه‌ڵ. شه‌خه‌ڵ بوو به‌دار و دیلانێت لێ هه‌ڵخست.. له‌گه‌ڵ خوداداد دا، چاوچاوانێشت له‌بندا کرد.
ئێستا ئه‌و که‌له‌لایه. زه‌بوونه‌و ده‌سه‌ڵاتی نییه.. تۆش له‌مه ته‌نگانه‌ترت نابێت.. له قه‌فه‌زه‌که‌ته‌وه. به‌هه‌ردوو به‌ری ڕێگه‌دا ده‌ڕوانی و که‌سێ به‌دی ناکه‌ی به‌هاناته‌وه بێت.. له گێژه‌نه‌ی گه‌رده‌لوولێک تۆز‌و خۆڵدا ڕێ ده‌رناکه‌ی.. تۆ که‌وێکی خاڵ و میل کوتراوی.. له وه‌رزی که‌وبواردا به‌داو گیراوی.. مه‌یلت هابه‌لای تافه‌تافی قه‌ڵبه‌زی کوێستانه‌وه.. ئیستاش ئه‌سپه‌رده‌ی نێو قه‌فه‌زی!.. حه‌یف، نه ئه‌ڵقه‌داوت بۆ پسا و نه شووڵی قه‌فه‌ز. بۆکوێ؟.. که‌و که‌ی ئارانییه!.. باڵنده‌ی ناو ڕنووه به‌فره.. به‌ڵام، بۆ دۆش داماوی؟.. خۆ که‌و له‌نێو قه‌فه‌زیشدا بێ هه‌ر ده‌خوێنێ. به‌وره به، سه‌ری دنیا به‌پووش نه‌گیراوه..
ئه‌ی (خوداداد) تۆ بۆ ڕووت ناوه‌ته نێو له‌پی ده‌ستت؟.. بیر له‌چی ده‌که‌یه‌وه؟ (ئه‌م که‌سه‌ره هینده سه‌خته، ته‌نانه‌ت ده‌رفه‌تم نادا بیر له چاره‌سه‌رێک بکه‌مه‌وه..) تۆش ڕه‌زیه، ته‌واو دڵخورد و سه‌غڵه‌تی، وه‌ک سه‌ری دنیات لێ هاتبێته‌وه‌یه‌ک.
(له‌وانه‌یه به‌سه‌رێوه بڕۆم، یان له‌بارم بچێت، بڵێی کامڵ بێت، خۆزگه تێر له ئامیزم ده‌گرتی، هه‌ر له‌م ته‌نگانه‌یه ڕزگارم بوایه و ده‌روویه‌کم به‌ڕوودا بکرایه‌ته‌وه، به‌خۆمدا ده‌شکێمه‌وه، وه‌ک سواری که‌رێکی کوڵیان کردبم و شاربه‌ده‌رم که‌ن، ئاخر چۆن به‌به‌رچاوی ئه‌م حه‌شاماته‌وه بمبێ، ئازارم هه‌یه و ده‌بێ بیخۆمه‌وه، هه‌رچۆنێ بێ درێژ نابم، ده‌بێ به‌چیچکانه‌وه بمبێ، بام به‌پیرۆز بڵێم.. )
((فریام که‌وه بێ‌حاڵم!))
((بڵێی به‌ره‌ژان نه‌بێ؟))
((ڕاسته‌قینه‌یه پیرۆز گیان! چیم لێده‌که‌ی!))
چاوم لێ‌بوو فریا نه‌که‌وتی (خونچه)ی مامان ئاگادار بکه‌ی.. بۆچی مۆڵه‌تیان دای سه‌ری خۆت بخورێنی؟ خودادادی مێردت زوو پێیگوتن به‌ڵام له سه‌رتان نه‌وه‌ستان..
شپرزه مه‌به، وا پیرۆز (جام)ه‌که‌ی پێشه‌وه‌ی داپۆشی.. که‌مێکی دی (جاجم) ێکیش به‌ناوه‌ڕاستدا ده‌گێڕێ، تا بکه‌ویته نه‌دیوی.. ئای ڕه‌زیه گیان، چه‌ند کاروانێکی ماندووه! تۆ جارێ له‌به‌ر ئازاری سه‌ختی خۆت ناتپه‌رژێ بیر له زۆر شت بکه‌یته‌وه.. کاتێک گه‌یشتیته جێ ئه‌وسا به‌خۆت ده‌زانیت که له ڕه‌گ و ڕیشه‌وه هه‌ڵکه‌ندراوی!.. ئه‌وه چاو بۆکێ ده‌گێڕی؟.. هه‌موو دڵسۆزتن، به‌ڵام ده‌سته‌ڵاتیان نییه.. خوداداد له هه‌موویان زیاتر په‌رۆشته.. به‌ڵام له‌م کاته‌دا چی له‌ده‌ست دێت؟
که‌م خۆت بگوشه.. که‌م مل به‌لاره‌وه بگره.. ئارام به، شانی بده‌ره به‌ر!.. وا پیرۆز (هۆڕ)ت بۆ ڕاده‌خا. ئاگادارم ئازار گیانت ده‌جووێ.. تاسه و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی ڕێ ئه‌وه‌نده‌ی دی هه‌ناوت به‌رده‌داته‌وه.. ده‌جووڵێی و بروسکه به‌ناختا تێپه‌ڕ ده‌بێ.. چه‌ند سه‌ر ڕه‌ق بێ ئه‌م منداڵه؟.. ئازاری به‌رموسه‌ڵدانت په‌کی خستووی.. ئاره‌قه زه‌نگوڵ زه‌نگوڵ به ڕوومه‌ت و لاملتا ڕێده‌کات و تێکه‌ڵ به‌خۆڵه سووره‌ی ڕێ ده‌بێت.. لێوه په‌مه‌ییه‌کانت شین هه‌ڵگه‌ڕاون و توێژ هه‌ڵده‌ده‌ن.. ڕه‌نگت په‌ڕیوه.. شێیه‌کی گه‌رم کراسه‌که‌ی به‌رتی قورس‌تر کردووه. پاڵت داوه به‌پشتی ئه‌و قه‌فه‌زه‌وه، که نازانی بۆ کوێت ده‌بات.. ده‌ڵێی ته‌خته‌ی سه‌رئاوی ڕه‌زیه. نازانی شه‌پۆلانی ئه‌م لافاوه خوڕه له‌چ که‌نده‌ڵانێكدا گلت ده‌داته‌وه.. هینده‌ی چنگێکت ماوه.. چ قه‌یدی!.. بزێوه و بۆ ده‌ره‌وه، به‌ره‌و ڕووناکی په‌لده‌کوتێ.. ژان ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیوی.. ناو به‌ناو تاریکاییه‌کی چڕ به‌سه‌ر چاوتا دێت.. ڤڕه ڤڕی قه‌فه‌زه‌کان، هرووژمی خۆڵ، هه‌ڵته‌ک و داته‌کی تاسه‌کانی ڕێگا، ته‌واو جاڕسیان کردووی.. وا به‌جارێ کوێستانت به‌جێهێشت.
تۆ ده‌زانی که تاوێرێ، له ڕه‌قه‌ن و لوتکه‌ی چیا هه‌ڵده‌دێررێ، به‌ره‌و پاده‌شت ده‌گرمێنێ و چیا گشت ده‌له‌رێته‌وه؟ باسکه و باسک، مله‌کان تێده‌گه‌یێنێ و بانگ و هاوار ، هه‌ر ئه‌شکه‌وته و بۆ ئه‌شکه‌وتی ده‌ڵێته‌وه. هه‌تا به‌ره‌و دامێنی پاده‌شت مل ده‌نێ، خۆی له ژانا، په‌راش په‌راش و ورد ده‌بێ.. (2) * ئێستا شه‌وه. له‌تۆ وایه پاشه‌وپاش ده‌گه‌ڕێیته‌وه.. که‌چی وه‌هاش نییه.. ئه‌وه سه‌ری گێژو کاسته وا خول ده‌خوات! ڕۆشنایی قه‌فه‌زه بزۆکه‌کان به‌یه‌کدا ده‌چن و تێکه‌ڵ ده‌بن. کاروان له ژێر تاریکایی شه‌ودا، به‌ره‌و باشوور ڕێده‌کات. ڕۆشنایی جاروباره دزه ده‌کاته قه‌فه‌زه‌که‌ته‌وه و له‌سه‌ر ڕووه ژاکاوه‌که‌ت ده‌شکێته‌وه.. ئه‌وه بۆ نێوچاوانت به‌چرچ لۆچ ته‌نراوه؟ بۆ برژانگه‌کانت به‌سه‌ریه‌کدا بایان خواردووه؟.. که‌ی تۆ وه‌ها بووی ڕه‌زیه؟.. تۆ ته‌نکه ژنێک بووی هه‌موو ئاوایی عه‌زره‌تی زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کت بوو!
له‌ودیو په‌رده‌که‌وه فززه نایه‌ت. ده‌ڵێی خۆڵی مردوویان به‌سه‌ردا کراوه. تۆش خه‌ریکه گازه‌رای پشتت ببێ به‌دوو که‌رته‌وه! ڕه‌زیه، له‌دایک بوون به‌بێ ژان و ژوار نابێت.. هه‌ر مه‌رگی له‌دوا نه‌بێ ئیتر گرنگ نییه!.. ئه‌وه‌تا پیرۆز به‌دیارته‌وه ئێشک ده‌گرێت و چاوه‌ڕوانه.. وادیاره ژان ته‌واو زه‌یفی لێ سه‌ندووی، بۆیه به‌ده‌م هاواره‌وه هه‌ردوو ده‌ستت له هۆڕه‌که‌ی ژێرت توند ده‌که‌یت! لێوت ده‌کرۆژی نه‌بادا ده‌نگت ده‌ربێت.
ڕه‌زیه، تۆ نازانی پیاوانی نێو ئه‌م قه‌فه‌زه چۆن سه‌ریان ژه‌نیوه‌ته کۆشیان!.. چاویان هه‌ڵنایه و خه‌جاڵه‌تی ده‌کێشن. که‌سیان خه‌و نه‌چۆته چاویان..
هاوارێک و به‌ته‌واوی سست بووی. بێ جووڵه ڕه‌هێڵ بووی.. ئێستا ئه‌و ده‌نگه‌ی به‌سه‌ر هه‌موو ده‌نگه‌کاندا زاڵ بێ گریانی کۆرپه‌که‌ته..! کۆرپه‌ی بێنازی ناو قه‌فه‌زێکی گه‌ڕۆکی به‌ره‌و نادیار ڕێکردوو.. ئه‌وا پیاوه‌کان سه‌ریان له کۆشیان ده‌ردێنن. خوداداد نازانێت چلۆن به‌پیر ئه‌م مرۆڤه نوێیه‌وه بچێت.. مرۆڤی ڕۆژگارێکی تووش.. له نێوان شادی و ناشادیدا ڕاوه‌ستاوه!
پیرۆز خه‌ریکه به‌کراسه کۆنێک قۆناخه‌پێچی ده‌کات! ئای چه‌ند منداڵێکی بێ نیاز و جیازه؟ نه‌که‌سێک هه‌یه مژدانه بگه‌یێنێته خاڵوان و باوانی، نه‌گوێزه‌بانه‌ی هه‌یه و نه‌شه‌و ئێشک و نه... وا کاروانه‌که‌تان له‌نگه‌ر ده‌گرێت.. تۆش بێخودی، جه‌سته‌تی کوتراوت مێرووله ده‌کات و وه‌خته بێیته‌وه هۆش خۆت.. وانییه؟.. چه‌ندت پێ خۆشه، کاتێک نم نمه‌ی باران ڕووه لیتاوییه‌که‌ت ده‌شواته‌وه.. باوه‌شێنی سروه‌یه‌کی فێنک خوتووکه‌ی له‌شی شه‌که‌تت ده‌دا.. لێی بگره پیرۆز دۆشاوی ترێی بۆ هێناوی. ڕشێنه‌ی باران ورده ورده کاروانه‌که بێ‌دار ده‌کاته‌وه.. گزنگ خه‌ریکه تاریکه‌شه‌و ده‌سڕێته‌وه..
سلێمانی ته‌شرینی یه‌که‌می1976
___________________________________________________________ سه‌رچاوه: کۆچیرۆکی (سێبه‌ری ئه‌سپه‌شێ)، چاپخانه‌ی کامه‌رانی، 1977، سلێمانی، ل، (48/53) (1) کۆپله‌یه‌که له شیعری فۆلکلۆر. (2) کاتی خۆی بیرۆکری شیعره‌که‌م دایه مامۆستا (دڵشاد مه‌ریوانی) ئه‌ویش له چوارچێوه‌ی ئه‌م شیعره‌دا دایڕشت. سوپاسی ده‌که‌م. تێبینی: ئه‌م چیرۆکه باس له‌و خێزانانه ده‌کات، که دوای نسکۆی شۆڕشی ئه‌یلوول به‌لێبوردنی گشتی گه‌ڕابوونه‌وه وڵات و له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه به (عائدون)ناسرابوون. وه‌لێ کاتێک ده‌گه‌یشتنه‌وه، ڕژێم سواری ئیڤای سه‌ربازیی ده‌کردن و به‌زۆره‌ملێ ڕه‌وانه‌ی باشووری عیراقی ده‌کردن. لێره‌دا ژنه کوردێک به‌ده‌م ڕه‌وپێکردنه‌وه (ترحیل) له نێو ئیڤایه‌کی سه‌بازییدا منداڵی ده‌بێت. که‌وبووار: له کۆتایی زستاندا، له کوێستان، که‌و به‌ڕێچکه‌ی تایبه‌تدا ڕه‌وده‌که‌ن. ڕاوچییه‌کان له ڕێگه‌یاندا داوو ته‌پکه ده‌نێنه‌وه‌و به‌ژماره‌ی زۆر ده‌یانگرن. ژوار: ژانی سه‌خت
|