٢٣\٦\٢٠٢٤ وەسایە.. یارۆم وەسایە ! - پێشکەشە وە ''پایزە''ی هاوڕێ و هاوسەرم -
دارا خونچە سەردەمەک بوو بوخچەیەکی نەکراوە بووم ١ هەر سەرمەشقی مەشقی ''ئەشق'' و ئەشقیابوون بووم لە بن تارمایی رۆشنترین چرایەکان قەتیس مابووم وەرزەکانم وە ساڵ دەسپارد ساڵەکانیش وە بێ کۆتا.. سەردەمەک بوو خونچەیەکی نەکراوە بووم لێ لەمێژە یەک بوونەوەری بژاردە و زۆر ناوازە وە یەک قەرتارە ئەڤین و کۆڵەک جوانیی ٢ دەرکەی دڵمی راهەژاند و هەم وەک یار و هەم وەک یارۆ و یاوەری ژین ٣ لە ئاسوودەیی هەڵکێشام! وەسایە.. یارۆم وەسایە؛ ٤ - باخچەی دڵە خنجیلەکەی هەروەک سۆزی لێدەباری پڕ لە گوڵ و گوڵزاریشە! - مەژییە پڕ و گەورۆنەکەی ٥، ٦ هەروەک گوڵی لێدەباری پڕ لە سۆز و ئەڤینیشە! - پێکەوە سۆز و گوڵانی هەروەک تیشک و تاوی خۆریان لێدەپڕژێ لە نۆژەنڕا مردییان وە ژیان دەسپێرنەوە! ٧، ٨، ٩ ما نە وەسایە!؟ ١٠ لەوەتەی من یەکەمین جار لە نێو باغەک لە نێو باغەڵی یارۆمدا وە ماچان نەیهێشت بپسێم و ئاوئاو بچم؛ ١١ - پێچەوانەی رەوتی رووبار هەنگاودەنێم هەمیشە هەر وە قۆلایی دەریا دەگەم! ١٢ - دژ وە داب و نەریتەکان دەجمجێم ١٣ هەر ئارمانجان دەچنمەوە! ١٤ - بەرانگژی جەور و ستەمان دەبمەوە ١٥ لەو سەرەوە دەستەگوڵی خۆم لێدەدەم! ١٦ وەسایە.. یارۆم وەسایە؛ باخچەی دڵە خنجیلەکەی هەروەک سۆزی لێدەباری پڕ لە گوڵ و گوڵزاریشە! مەژییە پڕ و گەورۆنەکەی هەروەک گوڵی لێدەباری پڕ لە سۆز و ئەڤینیشە! وەسایە.. یارۆم وەسایە! ____________________________________________________ ١- بوخچەی نەکراوە: واتە کەسەک هێشتا هاوسەرگیریی نەکردبی، بەو واتایەش دێ کە کەسەک هێشتا گەنجە و تەمەنی گچکەیە. ٢- قەرتارە: سەبەتەیەکی قووچەکیی سەربەرەوخوارە و لە شووڕکەدار چێدەکرێ.. ترێ یان مێوەی دیکەی تێدەکرێ. ٣- یارۆ: یاری گچکۆکە و قشتیلە. کەسەک کە ناتەوێ ناوی ببەی، کەسەکی هاوڕێ و خۆشەویست جا چ مێ چ نێر. ٤- وەسایە: ئەوهایە، ئاوەهایە، ئاوایە، وەتۆیە، ولۆیە، بەو جۆرەیە، بەو شێوەیە. ٥- مەژیی: مێشک. ٦- گەورۆنە: فرە گەورە. ٧- لە نۆژەنڕا: لە نوێوە، ژ نوو ڤە. ٨- مردیی: مریی، مردوو ٩- وە: بە. ١٠- ما نە وەسایە!؟: ئەدی ئەوها نییە!؟ ئەی ئاوا نییە!؟ ١١- ئاوئاو بچم: ئاو بمبا و لەنێوبچم. ١٢- قۆلایی: کووراهی، قووڵایی. ١٣- دەجمجێم: جمجمان: جوولانی لەسەریەک، بزووتنی لەسەریەک. ١٤- ئارمانج: ئامانج. نیشانە. ١٥- بەرانگژبوونەوە: رووبەڕووبوونەوە. ١٦- دەستەگوڵی خۆم لێدا: کە کەسەک تشتەک دەباتەوە یان دەبا یان لە تشتەک سەردەکەوی دەبێژی ''دەستەگوڵی خۆم لێدا''.
حوزەیرانی ٢٠٢٤ - لەندەن
|