په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\١١\٢٠٢٦

وەشانی نوێی سایکس-پیکۆ.

- باراک، دەوڵەتی گرێبەست و جێگەی کورد -


ئەرسەلان مەحمود      


لە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥دا، چەند ڕستەیەکی تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتیی ترامپ بۆ سوریا، دەنگدانەوەیەکی گەورەیان بە دوای خۆیدا هێنا: سەدەیەک لەمەوبەر ڕۆژئاوا نەخشە و مەندات و سنووری بە قەڵەم کێشراوی بەسەر ئەم خاکەدا سەپاند، سایکس-پیکۆ ناوچەکەی بۆ قازانجی ئیمپراتۆری دابەشکرد، نەوەکان باجی ئەو هەڵەیەیاندا و بە وتەی ئەو، جارێکی تر دووبارەی ناکەنەوە. بۆ نەتەوەیەک لە نەخشەی ١٩١٦دا بێ ناو و بێ شوێن مایەوە، ئەم دانپێدانانە وەک جیڕەی دەرگەیەک وابوو بەسەر سەدەیەک بێنیشتمانیدا بکرێتەوە.

باراک لە ناوەندی دیپلۆماسیی کلاسیکەوە نەهاتووە. بازرگانێکی ساماندار و هاوڕێی دێرینی ترامپە، لە ئایاری ٢٠٢٥ـەوە باڵیۆزە لە ئەنقەرە، هەر لەو مانگەدا بووە نێردەی سەرۆکی ئەمریکا لە سوریا و لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ـدا دۆسیەی عیراقیشی خرایە سەرشان. جوگرافیای ئەم پیاوە خۆی پەیامێکە: سێ دەوڵەتی میراتگری سایکس-پیکۆ لە یەک دۆسیەدا کۆدەبنەوە، تاکە کەسێک لە ئەنقەرەوە سەیری دیمەشق و بەغدا دەکات و پایتەختی تورکیا دەبێتە ژووری فەرماندەیی ئەو دۆسیەیە.

ساڵ و نیوێک دوای ئەو ڕستە سەرنجڕاکێشە، هیچ هێڵێک لە نەخشەی ١٩١٦ نەجووڵا. ئەوەی جووڵا ناوەوەی هێڵەکان بوو، ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٦دا لەناو دەوڵەتی سووریدا توایەوە، پەکەکە چەکی دانا و چارەنووسی ئەندامەکانی بە یاسایەکی تورکی و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتەوە بەسترایەوە، دوا سەربازی ئەمریکی لە ٣٠ی ئەیلوولدا هەرێمی کوردستانی جێهێشت و باراک خۆی ڕایگەیاند گەرەنتیی مافەکانی کورد بڕیارێکی عیراقییە، بڕیارێکی ئەمریکی نییە. پرسیارەکە لێرەوە دەستپێدەکات: ئەگەر سایکس-پیکۆ هەڵە بوو، بۆچی چاککردنەوەکەی ئەوەندە لە چەسپاندنەوەی دەچێت؟

وڵامی ئەم وتارە ئەوەیە: ڕەخنەکەی باراک ڕووی لە دەستی کێشەر بوو، هێڵەکان خۆیان دەستیان لێنەدرا. ئەوەی ئەو ڕەتیدەکاتەوە ئامادەیی ڕۆژئاوایە وەک وەسی و پاسەوان، ئەوەی دەیهێڵێتەوە قاڵبی دەوڵەت-نەتەوەیە، بەڵام ئەمجارە بە ناوەندێکی چڕتر، پاسەوانێکی ناوچەیی و گرێبەستی وزە و بازرگانی. هەمان خانووە کۆنەکە، دیوارەکانی ئەستوورتر کراون و کلیلەکەی دراوەتە دەست خاوەنماڵێکی نوێ.

مۆرانەی سەردەمەکە و دەوڵەتی گرێبەست.


لە دیدی باراکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تاکەوە دەستپێدەکات، پاشان خێزان، گوند، هۆز، کۆمەڵگە و ئایین، دەوڵەتیش لە دوا ئەڵقەی ئەو زنجیرەیەدا دێت. زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی عەرەب دانیانپێدانا ئەم وێنەیە بەشێک لە ڕاستیی پارچەبوونی کۆمەڵایەتیی ناوچەکە دەردەبڕێت، ئەوەی ئازاریدان ئەوە بوو لە دەمی دیپلۆماتێکی ئەمریکییەوە دەرچوو. گرێی ڕاستەقینە لە شوێنێکی تردایە، پیاوێک دەوڵەت بە لاوازترین ئەڵقە دەزانێ، هەمان پیاو لە تەممووزی ٢٠٢٥دا ڕایگەیاند فیدراڵیزم لە سوریا و عیراقدا کارناکات و لە کۆڕبەندی دەوحەیشدا فیدراڵیزم و لامەرکەزیی بە شتێک ناساند هەرگیز لەم ناوچەیەدا سەرینەگرتووە و دوو دەیەی عیراقی بە کارەساتێکی بیست ساڵە ناوبرد.

لۆژیکی ئەم دیدە هەم سادە و هەم ترسناکیشە: کۆمەڵگە پارچەپارچەیە، بۆیە دەبێت ناوەندێکی بەهێز هەبێت یەکیبخاتەوە، ناسنامەکان زۆرن، بۆیە یەک سوپا و یەک ئاڵا و یەک پایتەخت دەبێ ببنە جێگرەوە. ئەمە لۆژیکی سوڵتانە، بە زمانی بازاڕ نووسراوەتەوە. دەوڵەت لەم سەردەمەدا لە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییەوە لەگەڵ هاووڵاتییەکانیی دەگۆڕدرێت بۆ لایەنێکی گرێبەست لەگەڵ واشنتۆن، دەوڵەتێک ئیمزادەکات، نەوت دەفرۆشێ، ڕێگەی بۆری دابیندەکات، ئاسایش دەپارێزێ. ئەمەیە مۆرانەی سەردەمەکە: دەوڵەتی گرێبەست.

نیشانەکانی ئەم مۆرانەیە لە هەموو جووڵەیەکی نێردەکەدا دیارن. سزاکانی سەر سوریا لە ئایاری ٢٠٢٥دا هەڵگیران، لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ـیشدا باراک پشتیوانیی خۆی بۆ دانوستانی شیڤرۆن و کۆمپانیای نەوتی سووری ڕاگەیاند. لە لەندەن، هەر لەم مانگەدا، داوای لە عیراق کرد ئامانجی بەرهەمهێنانی دە ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دابنێت، بۆ بۆرییەکانی وێبەرهێنەری بیانی بهێنێت، ڕێگەی هەناردەی تر جگە لە گەرووی هورمز بدۆزێتەوە و لە نێوان واشنتۆن و تارانی گەمارۆدراودا ببێتە کلیلە سیحراوییەکەی دەرگەکە دەکاتەوە. پێشتریش پلانی چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی عیراقی بە بەشێک لە تەلارسازیی سیستەم ناساندبوو. ئەم دەستەواژەیە کورتەی سەردەمەکەیە: سیستەم تەلارێکە، بەڵێندەر دروستیدەکات و بە بەرمیل و بۆری دەپێورێت.

ڕەهەندی دووەمی ئەم مۆرانەیە ڕادەستکردنی ئاسایشە بە دەستی ناوچەیی. دوا سەربازی ئەمریکی لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا عیراقی جێهێشت، بە وتەی باراک دیمەشقیش بووە هاوبەشی ئاسایشی پەسەندکراوی واشنتۆن. ئەنقەرە لەم نەخشەیەدا ستوونی ناوەندییە و پەیمانی بەرگریی مەککە لە نێوان تورکیا و سعودیە و پاکستاندا نیشانەیەکی ترە بۆ دروستبوونی بلۆکی دەوڵەتە بەهێزەکانی ناوچەکە. کۆتایی دەستتێوەردانی ڕۆژئاوا لە کرداردا ئەم واتایەی هەیە، باری قورسی ئاسایش بۆ دەوڵەتە ناوچەییە بەهێزەکان، پشکی ئابووری بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان.

لەم نەخشەیەدا سنوورەکان بۆ هەمووان یەک پیرۆزییان نییە. هەمان نێردە لە ئابی ٢٠٢٥دا گوتی هێڵەکانی سایکس-پیکۆ لە زەینی ئیسرائیلدا بێمانان و ئیسرائیل بۆ پاراستنی خۆی هەر کات بیەوێت دەچێتە هەر شوێنێک بیەوێ. سەروەری لێرەدا پلەبەندییە، سنوور بۆ لاوازەکان قەفەسە و بۆ بەهێزەکان ڕێگەیەکی کراوەیە. ئەمە دەستکاریکردنی دابەشکردنی هێزە لەسەر هەمان نەخشە، بە پاساوی ڕەخنەگرتن لە نەخشەکە خۆی.

قووڵترین شوێنپەنجەی ئەم مۆرانەیە لە جێگەیەکدایە کەمتر سەرنج دەدرێت. هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١دا لە منداڵدانی دەستتێوەردانی ڕۆژئاواوە لەدایکبووە، ناوچەی ئارام و قەدەغەی فڕین. هاوبەشیی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە جەنگی داعشدا هەمان ڕەچەڵەکی هەبوو. هەردووکیان منداڵی سەردەمی دەستتێوەردان بوون. کاتێک نێردەیەکی ئەمریکی کۆتایی ئەو سەردەمە ڕادەگەیەنێت، ئەو دەرگەیە دادەخات کورد لە سی و پێنج ساڵی ڕابردوودا پێیدا چووەتە ناو مێژووەوە. ئەمەیە گاڵتەجاڕیی تراژیدیی ئەم سەردەمە، زمانی ڕەخنەی داگیرکاری دەبێتە کلیلی داخستنی ئەو پەنجەرەیەی بێدەنگترین قوربانیی داگیرکاری لێیەوە هەناسەی دەدا.

سوریا و پەیکەری شەڕڤانەکە لە تەبقە.


لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەتی سووری شاری تەبقەیان لە هەسەدە سەند، پەیکەری کچە شەڕڤانێکی کورد ڕووخێنرا. هیچ وێنەیەک بە قەدەر ئەو پەیکەرە کەوتووە کۆتایی سەردەمێکی بە ڕوونی ناگێڕێتەوە، ئەو ژنە شەڕڤانەی ساڵانێک ڕەمزی بەرەنگاری و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بوو، لەسەر زەوی دەکەوت و جیهان سەیریدەکرد. دوو ڕۆژ دواتر باراک نووسی ئامانجی سەرەکیی هەسەدە وەک هێزی سەرەکیی دژی داعش لەسەر زەوی تا ڕادەی زۆر بەسەرچووە، دیمەشق ئامادەیە و لە پێگەیەکدایە بەرپرسیارێتیی ئاسایش وەربگرێ و واشنتۆن لەبری درێژکردنەوەی ڕۆڵێکی جیاوازی هەسەدە، ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ دیمەشق دەکات.

ڕووداوەکان بە خێرایی یەکتریان گرتەوە. هێرشی سوپای سووری لە ١٣ تا ٣٠ی کانوونی دووەم بەردەوام بوو و بەشی هەرە زۆری خاکی ئیدارەی خۆسەری گرتەوە. لە ٣٠ی هەمان مانگدا ڕێککەوتنێکی گشتگیر ڕاگەیەنرا، ئاگربەست، تێکەڵبوونی قۆناغبەندیی دامەزراوە سەربازی و ئیدارییەکان و هاتنی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ حەسەکە و قامیشلۆ. فەرمانی ژمارە ١٣ زمانی کوردیی لە شوێنە کوردنشینەکاندا بە زمانی نیشتمانی ناساند و مافی کەلتووریی کوردی چەسپاند، لە ١٣ی شوباتیشدا پارێزگاری حەسەکە لە کاندیدی هەسەدە دیاریکرا. لە ٢٠ی ئابدا ئیدارەی خۆسەری بە فەرمی لەناو دەوڵەتدا توایەوە و لە ٢٥ی ئابدا مەزڵووم عەبدی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەی ڕاگەیاند، پێنج تیپ لە هێزەکانی دروستدەبن، چواریان سەر بە فیرقەی حەسەکە دەبن و ئاسایشی دێرک و قامیشلۆ و حەسەکە و کۆبانێ لە ئەستۆدەگرن، عەبدی خۆشی بووە ڕاوێژکاری سەرۆککۆمار. باراک ئەم ڕووداوەی بە هەنگاوێکی مێژوویی ناوبرد و نووسی هاوبەشێکی دڵسۆز هەنگاودەنێتە ناو چوارچێوەیەکی نیشتمانییەوە و سوریایەکی یەکگرتوو بۆ هەمووان بەرجەستەدەبێت.

وشەی بەسەرچوون لە پۆستەکەی باراکدا گرنگترین وشەی ئەم چیرۆکەیە. هاوبەشی سیاسی لێرەدا وەک کاڵایەک مامەڵەی لەگەڵدەکرێت و ڕێکەوتی بەسەرچوونی لەسەر نووسراوە، کاتێک کارکردەکەی تەواو بوو، خاوەنەکەی ئاراستە دەگۆڕێ. ئەو یەکگرتنەی باراک بە مێژوویی ناوی دەبات، لە سەرەتادا بە تانک دەستیپێکرد و پاشان بە فەرمان تەواوکرا. ڕێککەوتنی ئاداری ٢٠٢٥ بەهۆی تۆمەتبارکردنی دوولایەنەوە پەکیکەوت، بۆیە شەڕ هاتە سەر مێز و شێوەی ڕێککەوتنەکەی دیاریکرد.

دەستکەوتەکانی کورد لە سوریا ڕاستەقینەن و نابێت بە کەم بزانرێن، زمان، پارێزگارێکی کورد، تیپی ناوچەیی و دەیان هەزار فەرمانبەر لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. بەڵام شارەزایان لە ٢١ی ئابدا وتیان مافەکانی کورد هێشتا لە دەستووردا جێگیرنەکراون، ئەوەی بە فەرمان دەدرێت بە فەرمانیش دەسەندرێتەوە. دیمەشق ناوی ئەم شێوە بەڕێوەبردنە بە سیستەمی پارێزگەی بەهێزکراو دەبات، لایەنی کوردی پێیدەڵێت ئیدارەی خۆسەر. داهاتووی کورد لە سوریادا لە نێوان ئەم دوو ناوەدا یەکلادەبێتەوە، لەو بۆشاییە باریکەی ناوێک لە ناوێکی تر جیادەکاتەوە.

تورکیا و عیراق و ئێران: ئاشتیی ئەمنی، گەرەنتیی گەڕاوە و هاوپەیمانی بەکارهاتوو.


لە باکووری کوردستاندا هاوکێشەکە بە ئاراستەیەکی تەریبدا کەوتەڕێ. پەکەکە لە ١ی ئاداری ٢٠٢٥دا ئاگربەستی ڕاگەیاند و لە ١٢ی ئایاردا خۆی هەڵوەشاندەوە. پەرلەمانی تورکیا لە ئابی هەمان ساڵدا کۆمیسیۆنێکی ٥١ ئەندامیی پێکهێنا و ڕاپۆرتی کۆتایییەکەی لە شوباتی ٢٠٢٦دا پەسەندکرا. لە ١٠ی ئابی ٢٠٢٦دا یاسای ژمارە ٧٥٩٥ بە ٤٦٨ دەنگ بەرامبەر ٨٨ دەنگ دەرچوو، بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی مەهەپەش نزیکەی ٢٨٠٠ کەس لە کۆی ٤٨٩٧ زیندانیی پەیوەست بە پەکەکە و کەجەکە دەتوانن سوودی لێوەربگرن.

بەڵام پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا لە ١٦ی تشرینی دووەمدا ئاماژەیاندا دواخستنی دادگاییکردن و سزاکان بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بەستراوەتەوە و ئەو بڕیارەش لە ژێر چاودێریی دادوەریی سەربەخۆدا نییە. لێکۆڵەرانی چاتهام هاوسیش نووسیان پرۆسەکە کۆتایی بە شەڕ هێنا و ئێستا پێویستی بە سیاسەت هەیە. لێرەدا ناوەڕۆکی پرسیارەکە دەردەکەوێت، پرسی کورد لە تورکیادا کرا بە دۆسیەیەکی ئەمنیی چەکداماڵین و گەڕانەوەی چەکداران، دانپێدانانی سیاسی، زمان لە دەستووردا و بەڕێوەبردنی خۆجێییش لە لیستی چاوەڕوانیدا ماونەتەوە.

ڕێککەوتنی سوریاش مەرجی دەرچوونی هەموو چەکدارە ناسوورییەکانی پەکەکەی لەوڵات تێدابوو. بەم پێیە ڕێککەوتنی دیمەشق و یاساکەی ئەنقەرە دوو نیوەی یەک هاوکێشەن، چەکداماڵینی کورد لە هەردوو دیوی ئەو سنوورەی سایکس-پیکۆ کێشاویەتی. گاڵتەجاڕییەکە لێرەدا تەواودەبێت، ئەو هێڵەی باراک بە هەڵەی مێژوویی ناویبرد، ئێستا بە چاودێریی خۆی ئارامدەکرێتەوە و لە هەردوو دیویەوە چەکی لێدەسەندرێت.

لە باشووری کوردستاندا شەڕی ئێران ڕەنگێکی ترسناکتری بە هاوکێشەکە دا. لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ەوە، دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانجی سەرەکی، تا ١١ی ئادار نزیکەی ٢٠٠ هێرش لە عیراقدا تۆمارکران و زۆربەیان ڕوویان لە هەرێم بوو. لە ١٧ی ئاداردا، لە کاتێکدا تێرمیناڵەکانی باشوور بە هۆی شەڕەوە پەکیانکەوتبوو، هەولێر ڕێگەی بە بەغدا دا نەوت لە بۆرییەکەی هەرێمەوە بۆ جەیهان هەناردەبکاتەوە و باراک سوپاسی هەردوولای کرد.

لە ئایاردا عەلی زەیدی بە پشتیوانیی ترامپ بووە سەرۆکوەزیران و لە ٣٠ی ئەیلوولدا دوا سەربازی ئەمریکی عیراقی جێهێشت، دوا وێستگەشیان هەرێمی کوردستان بوو. گرووپە چەکدارەکان ڕایانگەیاند چەکەکانیان دەمێنێتەوە و ماوەی چەکداماڵین بۆ ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٧ دواخرا. ئەمریکا ڕۆیشت، چەکەکان مانەوە. لە ٩ی تشرینی دووەمدا باراک و مەسروور بارزانی پێشوازییان لە پێشکەوتنی یاسای بودجە کرد و چاوەڕێی کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی نەوت و گازیان کرد، چەند ڕۆژێک دواتر، لە کۆڕێکی چاتهام هاوس لە لەندەن، کاتێک پرسیاری گەرەنتیی دامەزراوەیی بۆ مافەکانی کوردی لێکرا، وڵامەکەی ئەمە بڕیارێکی عیراقییە و واشنتۆن هاندەدات، دەستتێوەرنادات. ئامۆژگاریی کوردیشی کرد ناکۆکییەکانی سەرکردایەتیی ناوخۆ لە ناوخۆدا چارەسەربکەن.

ئەم وڵامە لە هەموو بەڵگەنامەکانی ئەم ساڵ زیاتر جێگەی کورد لە سیاسەتی باراکدا دەردەخات. دەستووری ٢٠٠٥ی عیراق فیدراڵیزمی بۆ ئەوە دانا دەسەڵاتی بەغدا سنوورداربکات، ئێستا گەرەنتیی مافی کورد دەگەڕێتەوە بۆ دەستی هەمان ناوەند دەستوورەکە بۆ ڕاگرتنی دانرابوو. هاوکات بایەخی هەرێم لە زمانی نێردەکەدا زیاتر وەک ڕێڕەو دەردەکەوێ، بۆرییەک بێ گەرووی هورمز نەوت دەگەیەنێتە بازاڕ، ڕێگەیەک بۆ ئامانجی دە ملیۆن بەرمیل، کێڵگەیەکی گازی وەک کۆرمۆر دەبێت پارێزراو بێت. جوگرافیای کوردستان دەبێتە کاڵا، خەڵکەکەشی لە پەراوێزی گرێبەستەکەدا دەمێنێتەوە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا هەمان لۆژیک بە شێوەیەکی ڕووتتر دەرکەوت. لە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٦دا پێنج حیزبی ڕۆژهەڵات هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانیان دامەزراند، لە ماوەی شەڕدا بنکەکانیان لە هەرێم بە درۆن و مووشەک کوتران و ترامپیش لەبارەی ڕۆڵی ئەوان لە شەڕدا چەندجارێک هەڵوێستی گۆڕی. هێزێک کاتێک پێویست بوو بانگکرا و کاتێک ژمێرییەکان گۆڕان، بێ بەڵێن جێهێڵدرا. ئەمە هەمان وشەی بەسەرچوونە، ئەمجارە پێش ئەوەی هاوبەشییەکە دەستپێبکات.

کورد لە کوێی ئەم هاوکێشەیە: لە بکەرەوە بۆ کارکرد.


ئەگەر چوار پارچەکە لە تەنیشت یەکتر دابنێین، یەک شێوە دەردەکەوێ. لە ڕۆژئاوا کورد شەڕڤان بوو، لە باکوور دۆسیەیەکی چەکداماڵین، لە باشوور بۆرییەکی نەوت و لە ڕۆژهەڵات هێزێکی زەمینیی ئەگەری. لە هەر چوار شوێنەکەدا بایەخی کورد بە کارکردەکەی دەپێورێ و پرسیارە نەتەوەییەکەی لە دەرەوەی تەرازووەکە دەمێنێتەوە. کارکرد ڕێکەوتی بەسەرچوونی هەیە، پرسیاری نەتەوەیەک بەسەرناچێت. ئەمەیە ماوەی نێوان بکەرێکی مێژوویی و ئامرازێکی سیاسی، ئەم سەردەمەش بە هەموو توانایەکیەوە کورد لە یەکەمەوە بۆ دووەم دەگوازێتەوە.

لە ڕووی بوونناسییەوە ئەم سەردەمە، دیسانەوە کورد لە بەرزەخێکدا ڕادەگرێت. نە ئەو دەرگەیەی بۆی دەکرێتەوە بەرەو نیشتمانێکی سەربەخۆ دەڕوات، نە ئەو ماڵەی بانگیدەکرێتە ناوی لەسەر بنەمای دانپێدانان بنیاتنراوە. پێشنیارەکەی باراک بۆ کورد هاووڵاتیبوونە لە ناو ناوەندێکی بەهێزدا، تێکەڵکردن بێ دانپێدانان، بوون لە ناو ماڵەکەدا بەبێ ئەوەی ناوت لەسەر نەخشەی بناغەکەی بێت. مرۆڤی کورد لەم هاوکێشەیەدا وەک میوانێکی هەمیشەیی دەژی، بوونی قبووڵکراوە، مانەوەی مەرجدارە و هەر کاتێک خاوەنماڵ ویستی، دەتوانێت ژوورەکەی بگۆڕێت.

ئامۆژگارییەکەی باراک، ناکۆکییەکانتان لە ناوخۆدا چارەسەربکەن، لە گوێی هەر کوردێکدا وەک سووکایەتی دەزرنگێتەوە، لە هەمان کاتدا ئاوێنەیەکیشە دەبێت بوێرانە تێیبڕوانین. سەردەمی سەودا لەگەڵ لایەنە پەرتەوازەکان دانوستان ناکات، ئەو لایەنە هەڵدەبژێرێت ناونیشانێکی یەکگرتووی هەیە. دیمەشق و ئەنقەرە و بەغدا هەریەکەیان یەک ناونیشانن، کورد ناونیشانی زۆرە و هەر پارچەیەکی لە ناو لۆژیکی دەوڵەتەکەی خۆیدا گیراوە. ئەوەی لە ناوخۆدا بە ناکۆکیی حزبی دەستپێدەکات، لە دیپلۆماسیدا بە لاوازیی ناونیشان کۆتاییدێت.

بەڵام ڕەخنە بەس نییە، وێناکردنی کوردیش وەک قوربانیی هەمیشەیی خۆی بەشێکە لە تەڵەکە. ئەگەر ئەم سەردەمە سەردەمی سەودایە، کورد دەبێت وەک لایەنێکی سەودا بچێتە ناوی، خاوەنی کارتەکانی خۆی و دیاریکەری مەیدانەکەی خۆی. چەند ئاسۆیەک لێرەدا دەکرێنەوە. یەکەمیان گۆڕینی بایەخی کارکردییە بۆ دەقی یاسایی، تا ئەو بایەخە هێشتا ماوە. فەرمانی ژمارە ١٣ لە سوریا دەبێت بگاتە دەستوور، ڕێککەوتنی نەوت و گازی هەولێر و بەغدا دەبێت ببێتە یاسایەکی فیدراڵی و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەبێ لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشەوە بگوازرێتەوە بۆ گەرەنتیی دادوەری و دەستووری. ئەوەی ئەمڕۆ بە ئیمزای نێردەیەک دەدرێ، سبەی بە ئیمزای نێردەیەکی تر دەسەندرێتەوە، تەنها دەقی دەستووری لە وەرزی نێردەکان درێژتر دەژی.

دووەمیان بەستنەوەی هەر گرێبەستێکی ئابوورییە بە گەرەنتییەکی سیاسییەوە. ئەگەر کوردستان ڕێڕەوی وزە و بۆری و سەقامگیرییە، ئەم پێگەیە دەبێت لەسەر مێزی دانوستاندا نرخی سیاسیی هەبێت. جوگرافیایەک خۆی بە خۆڕایی ببەخشێت کاڵایە، جوگرافیایەک نرخی خۆی دیاریبکات هێزە. سێیەمیان یەکڕیزیی ناوخۆ و ڕەوایەتیی دیموکراسییە. لەم بازاڕەدا تەنها سەرمایەیەک هەبێ بەسەرنەچێت ڕەوایەتیی خەڵکە، دامەزراوەی کارا، دادوەرییەکی سەربەخۆ، خزمەتگوزاری و شەفافییەت. باراک دەڵێت فیدراڵیزم لەم ناوچەیەدا هەرگیز سەرینەگرتووە، وڵامی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان لە وتاردا نانووسرێت، لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیدا دەنووسرێت. مۆدێلێکی کارا بەهێزترین بەرپەرچدانەوەی ئەو بۆچوونەیە.

چوارەمیان خوێندنەوەیەکی هاوبەشی نێوان چوار پارچەکەیە. ئەم ساڵ سەلماندی چارەنووسی پارچەکان بە یەکەوە گرێدراوە، ڕێککەوتنی دیمەشق دەرچوونی چەکدارانی ناسووریی پەکەکەی تێدابوو و بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە خاکی هەرێمدا کوتران. هیچ پارچەیەک بە تەنها ڕزگاری نابێت، هیچ پارچەیەکیش نابێت ببێتە نرخی سەودای پارچەیەکی تر. هاوئاهەنگییەکی ژیرانە، ئاگادارکردنەوەی یەکتر و ڕێگرتن لە بەکارهێنانی پارچەیەک دژی پارچەیەکی تر، کەمترین ئەرکی ئەم قۆناغەیە.

نامەی نێردەکان و ئیمزای خۆمان.


سەدەیەک لەمەوبەر سایکس و پیکۆ بێ پرسی ئێمە هێڵیان بەسەر خاکماندا کێشا. ئەمڕۆ نێردەیەکی ئەمریکی لەو هێڵانە پەشیمان دەبێتەوە و لە هەمانکاتدا داوامان لێدەکات لە ناویاندا جێگەی خۆمان بگرین. جیاوازییەکە لە ئاوازی قسەکەدایە، جێگەی کورد لەسەر نەخشەکە هەروەک خۆی ماوەتەوە. سایکس-پیکۆ نەمرد، وەشانێکی نوێی لێدەرچوو: بە مەرەکەبی نەوت نووسراوەتەوە، پاسەوانەکانی ناوچەیین و زمانەکەی زمانی ڕێزگرتن لە سەروەرییە.

نێردەکان وەک وەرزەکان دێن و دەڕۆن. مارک ساڤایا لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥دا بووە نێردەی عیراق و لە کۆتایی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا لە شوێنەکەی نەما، باراکیش ڕۆژێک دەڕوات و ئەوەی دەمێنێتەوە خاکەکەیە و ئەو خەڵکەی لەسەری دەژین. پرسیارێک لە هەموو ڕاگەیەندراوێکی نێردەکان گرنگتر بۆ کورد ئەمەیە، ئایا ئامادەیە نامەی خۆی بنووسێت، بە دەستی خۆی و بە ئیمزای یەکگرتووی خۆی؟ لە سەردەمی گرێبەستدا، ئەوەی ئیمزای نییە، ناوی لە پەراوێزی گرێبەستی کەسانی تردا دەنووسرێت.

_____________________________________
سەرچاوەکان:
باراک لەبارەی میراتی سایکس-پیکۆ (ئایاری ٢٠٢٥).
هەڵگرتنی سزاکانی سوریا و لێدوانی باراک.
سنوورەکانی سایکس-پیکۆ لە زەینی ئیسرائیلدا.
فیدراڵیزم کارناکات، تەممووزی ٢٠٢٥.
لێدوانەکانی باراک لە کۆڕبەندی دەوحە.
باراک و وێنەی هۆز و دەوڵەت (المجلة).
پۆستەکانی باراک (ویکیپیدیا) · مارک ساڤایا.
بەسەرچوونی هاوبەشیی هەسەدە، ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦.
ڕووخاندنی پەیکەرەکە لە تەبقە.
هێرشی باکووروڕۆژهەڵاتی سوریا، کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ · ئیدارەی خۆسەر.
فەرمانی ژمارە ١٣ و پارێزگاری حەسەکە.
ڕێککەوتنی ٢٥ی ئاب و پێنج تیپەکە · لێدوانی باراک (سانا).
مافی کورد هێشتا لە دەستووردا نییە (The National) · ڕاپۆرتی پەرلەمانی بەریتانیا.
یاسای ٧٥٩٥ و پرۆسەی ئاشتی (چاتهام هاوس) · نامەی پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان · ٢٨٠٠ زیندانی.
هێرشەکانی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان · هەناردەی نەوت، ١٧ی ئادار · پەیوەندیی تەلەفۆنیی بارزانی و باراک.
تەلارسازیی سیستەم و چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان · کشانەوەی ئەمریکا لە عیراق (NPR) · زەیدی و ماوەی ٢٠٢٧.
باراک لە چاتهام هاوس: بڕیارێکی عیراقییە · بارزانی و باراک، ٩ی تشرینی دووەم · شیڤرۆن و نەوتی سووری.
حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە نێوان هێرش و هەڵوێستی گۆڕاوی واشنتۆن (الجزیرة).

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک