|
٧\١٢\٢٠٢٥
وەستان لەسەر ڕێی هەسارەی یادەوەری.

عەبدوڵا
سڵێمان(مەشخەڵ)
سەیری سەعاتەکەی
مەچەکتم بۆ بکە ئەی برادەر
تا بای غەم هەڵینەکردووە و نەبووینەتە گەردوتۆزی
نێو سامناکیی ئەم گەردوونە تاریکەی بوون
تا نەبووینەتە تیشکێکی ڕاوەستاوی نێو زەمەنێکی چەماوە
سەیری سەعاتەکەی دەستت بکە هاوڕێ
با چاوەڕوانی درێژ بێتەوە هەتا گەردوون بۆشاییەکان لەخۆ دەگرێ
با هەتاوەکان بێن و بمانبەن بۆ لێواری ئەو ڕووناکییەی کەچاوی ئێمە
نایبینێت.
چی لەو قەدەرە تاڵە بکەین هاوڕێ کە بە فەنا مەحکووم کراوین
ئێمە لەنێو تنۆکێکدا لەتاریکیی لەدایک دەبین و دەمرین
دەزانین و دەست بۆ چڵە هەتاوێک و
پەلی داری زانستێک و
دۆزینەوەیەکی تازە دریژ دەکەین هەتاوەکو
هەنگاوێک بچینە ئەودیو سنوورەکانی ڕووناکی
بچینە ئەودیو هێلەکانی بینین و دیوی ئەودیوی نهێنییە شاراوەکان
هاوڕی زەمەن خێرا دەڕوا..ڕەنگە فریای پێکەنینێک
فریای ماچێک
فریای سەرما و گەرمای وەرزێکی تر نەکەوین
تۆ تەماشای سەعاتەکەی دەستت بکە، بزانە چەند ساڵی تیشکیی لە هەقیقەتەوە
دوورین
بزانە چەند هەسارەی درۆمان بڕی و
چەندجار بە دەوری نەزانیی و بێئاگایی خولمان خوارد و نەمانتوانی خێرایی
خۆمان تۆمار کەین
بارستەی خۆمان ون کرد و لەنێو زەمەن بووینە هاوکێشە سادەکەی فیزیای
ژیان
هێزێک هەیە بەرەو ناوەند بەرەو خۆمان کێشمان دەکات
ئێمە لەنێو سەرسوڕمانی هاوکێشەکەی ئەم ژیانە ورد ورد بووین و ئەنجن
ئەنجن کراوین بەکات
جارێک بە گۆشەی تەوژم و جارێکیش بە جووڵەی جێگۆڕ
ئای لە فیزیای ئەم ژیانە پڕ لە مردنە بێمانایە
چۆن وەکو کات، ژیانی چەماندینەوە
سەیری سەعاتەی دەستت بکە هاوڕێ
زۆر درەنگە ..با لەوە زیاتر نەبینە جێی مشتومڕی نۆڤاکان
لەوە زیاتر نەبینە جێی قسە و چیرۆکی نێو داتاکان و هاوکێشەکان
با لەوە زیاتر نەبینە کوژراوی نێو جووڵە و گۆشە دەم تیژەکان
با لەوە زیاتر نەبینە گەردی نێو گەردوونی وشکی و تاریک و سارد
با تۆزێ کات بگرینەوە و دەست بە زەمەنەوە بگرین
تۆش سەعاتی مەچەکت وەک دڵی بێئۆقرەت قورمیش کە
با بەردەوام چرکە چرکە لێبدات و قەت نەوەستێت
هەتا دەگەین بە نهێنی ئەودیو ڕەنگە ڕەشەکان و
هەڵهێنانی ئەو مەتەڵەی تەڵەزگاوییەی ناومان ناوە بوون و ژیان.
ئەیلوول - تشرینی یەکەمی
٢٠٢٤
ماڵپهڕی عهبدوڵا
سڵێمان(مهشخهڵ)
|