٢٨\٥\٢٠١٦
وێستگەکانی
رۆژنامەگەریی کوردی لە دەڤەری بادیناندا.
(١٩٥٠ -
١٩٩٣)

ئیسماعیل تەنیا
بادینان
ئەم دەڤەرەیە کە لەڕووی پێگەی جوگرافییەوە،وا ھەڵکەوتووە؛ لای باکور؛
بۆتان و ھەکاری باکوری کوردستان. باشووری ڕۆژھەڵات؛ ناوچەی سۆران.
باشووری ڕۆژئاوا؛ سنووری پارێزگای موسڵ. ڕۆژئاوا؛ حەسەکەو قامیشلوی
ڕۆژئاوای کوردستان. ھەروەھا ڕووباری (زێی گەورە)، بۆتە خاڵی جیاکەرەوەی
ناوچەی سۆران و بادینان. خەڵکەکەی بە بادینی(بەھدینی)، دەئاخافن.
بادینی، یەکێکە لە بێچووە زارەکانی دیالێکتی کرمانجی ژووروو. سەنتەری
ناوچەی بادینان، شاری (دھۆک)ە، کە لەساڵی(١٩٦٩)دا بۆتە پارێزگا. ئەم
دەڤەرە سنوورێکی فراوانی لەگەڵ شاری موسڵدا ھەیە، جاران بۆ بازرگانی
کردن و کڕین و فرۆشتن، خەڵکەکەی ڕوویان لەم شارە دەکرد.ھەروەھا یەکێکە
لەم دەڤەرانەی کوردستان، کە دەستی سەرکوتکردن و تەعریبکردنی زوو
گەیشتوتێ. تا ڕاپەڕینی بەھاری(١٩٩١)، خوێندن و نووسین، سیستەمی
پەروەردە، بە شێوەیەکی سەرەکی ھەر بە زمانی عەرەبی بووە. ھەر لەبەر
ئەوەش، بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردی لەم دەڤەرەدا، بە درەنگەوە کەوتۆتە
سەرپێ و دەرکەوتن. بۆ دەستنیشانکردنی خاڵی دەستپێک، ئەوەی تا ئێستاکە
ساغ بۆتەوە، ئەوەیە؛ کە یەکەم کاری ڕۆژنامەگەریی کوردی، بڵاوکراوە یان
ڕۆژنامەی (ئاکرێ)یە.
ئاکرێ،ڕۆژنامەیەکی ھەفتانە بوو لەلایەن قائیمقامیەتی شاری ئاکرێ
بڵاودەکرایەوە.خاوەن و سەرنووسەری(شاکر فەتاح١٩١٤-١٩٨٨)بوو.ناوبراو ئەم
کاتە قائیمقامی قەزای ئاکرێ بووە.ئامانجی ڕۆژنامەکە زێتر بە مەبەستی
ھوشیارکردنەوەی نەتەوەیی و پاک و خاوێن ڕاگرتنی شارو ژینگەو گەیاندنی
ھەواڵ و ئاگادارییەکانی حکومەت بووە بە ھاوڵاتییان.ئەو بە دەستخەتی خۆی
دەینووسییەوە، بە تایپڕایتەر چاپی دەکردو لە شوێنە دیارەکانی ئاکرێ بە
دیوارەکانی شاردا،ھەڵدەواسرا.یەکەم ژمارەی ئەم ڕۆژنامەیە لە(١٥/٩/١٩٥٠)دا
دەرچووە.ژمارە دە دواژمارە بووەو لە(١٥/٩/١٩٥٠)دا،دەرچووە"١".
شاکر فەتاح، ھەر دە ژمارەکەی لەبەرگێک و لەشێوەی کتێبێکدا،لەساڵی(١٩٨٤)،لە
بەغدا چاپ و بڵاوکردۆتەوە.
ئیدی پاش ھەشت ساڵ خامۆشی لەم دەڤەرەدا،دوو بڵاوکراوەی تر بەزمانی
عەرەبی،لەساڵی(١٩٥٨)دا، دەردەچن.یەکەمیان؛(الێرخە)،بڵاوکراوەیەکی نھێنی
بوو،لیژنەی یەکێتی گشتیی قوتابیانی حزبی شیوعی عێراق،لەخوێندنگای
ئامادەیی کاوە لە دھۆک،دەریدەکرد.دووەمیان؛(الغد)،بڵاوکراوەیەک بوو
ئامادەیی دھۆک،دەریدەکرد.لەماوەی بیستوپێنج
ساڵدا(١٩٥٠-١٩٧٥)دا،تەنھا(١٠) گۆڤار،ڕۆژنامە، بڵاوکراوە،لەم دەڤەرەدا
دەرچووینە کە ئەمانەن؛(ئاکرێ١٩٥٠، الغد١٩٥٨،الێرخە١٩٥٨، الپقافە١٩٦٣،
دەنگی کوردستان١٩٦٧، التقدم-پێشکەفتن١٥/١/١٩٧١، چیا١٩٧١، ڕەوشەن١٩٧٢،
ھیڤی١٩٧٣، چرایێ گەش١٩٧٣)"٢". لەدەرکردنی ئەم گۆڤارو ڕۆژنامانەدا،ھەوڵی
تاکە کەسی و ڕێکخستنەکانی حزبی شیوعی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان
و قوتابخانەکان،ڕۆڵێکی بەرچاویان بینیوە،ھەر ئەوانیش خاوەنیان بوون.
پاش تێکچوونی دانوستاندنی نێوان حکومەتی عێراق و سەرکردایەتی سیاسی ئەم
کاتی کوردو بەرپابوونی شەڕو،خامۆش بوونی.جارێکی تر،لەساڵی(١٩٧٦)دا،شۆڕش
لە کوردستاندا ھەڵدەگیرسێتەوە.ئەمجارەیان لەجیاتی تاک حزبی،چەندین حزب
و ڕێکخراوی سیاسی،دروست دەبن. ھەر یەکەو بڵاوکراوەو گۆڤارو ئۆرگانی
خۆیان دەبێت.لەپاڵ حزبە سیاسییە نھێنیەکانیشدا،ڕێکخراوە مەدەنی و
پیشەییەکان،لەژێر سێبەرو سانسۆری ڕژێم،کاری ڕۆژنامەگەریی خۆیان
دەکەن.لەنێوان ساڵانی(١٩٧٥-١٩٩١)،لەماوەی شازدە ساڵدا،بیستوپێنج
ناوونیشانی تازە دەردەچن،کە یەکەمیان
بڵاوکراوەی(لاوان)ە.لاوان؛بڵاوکراوەیەکی مانگانە بوو،لیژنەی ڕۆشنبیری
لە بەڕێوەبەرێتی لاوانی دھۆک،دەریدەکرد.یەکەم ژمارەی بەزمانی کوردی و
عەرەبی،بە ئامێری چاپ،لەنیسانی(١٩٧٥)دا دەرچووە.ژمارە دوازدەی
لەساڵی(١٩٧٧)دا،دەرچووە.بڵاوکراوەکانی ئەم فەترە زەمەنیە ئەمانەبوون؛ (لاوان١٩٧٥،
الشموع١٩٧٦، الشعلە١٩٧٨، الغد المشرق١٩٧٨، پەیڤ١٩٨٠، النێیر الپقافی١٩٨٠،
فجرالنێیر١٩٨١، ئەلندا پێشمەرگەی١٩٨١، مەتین ١٩٨١، ھرور ١٩٨١،
الانتفاچە١٩٨٢، ڕێیاسەرکەفتنێ١٩٨٣، گازیا خوێندکارا١٩٨٣، بەھدینان١٩٨٣،
دۆزا گەل ١٩٨٣، الانتفاچە١٩٨٤، دەنگ ڤەدانا لاوان١٩٨٤، دەنگێ مە ١٩٨٥،
خابور١٩٨٦، الرافد١٩٨٦، گازیا خوێندکارو لاوان١٩٨٦، گریق الاتحاد١٩٨٦،
دھۆک١٩٨٧، اخبار مەتین١٩٨٨).
لە دەستپێکی ڕاپەڕینی بەھاری(١٩٩١)یش تاوەکو ساڵی(١٩٩٣)،کە دەکاتە
بیستویەک مانگ،(٢٧) ناوونیشان لە دەڤەری بادیناندا، دەرچووینە کە
ئەمانەن؛(بۆتان ١٩٩١، خابوور١٩٩١، تیرۆژ١٩٩١، پێلا سەربەست١٩٩١،
الانێات١٩٩١، دەنگ ڤەدانا خوێندکارو لاوان١٩٩١، سەرھلدان١٩٩١، پرس١٩٩١،
نوخازی١٩٩١، الانێات١٩٩١، ئادار١٩٩١، سەرەدان١٩٩١، الاعتێام١٩٩١،
الاتحاد١٩٩٢، چەلەنگ١٩٩٢، خالخالۆک١٩٩٢، نەورۆز١٩٩٢، فولکان١٩٩٢، ئاکرێ١٩٩٢،
میدیا ١٩٩٢، ڕاستەڕێ١٩٩٢، بەردەڕەشی نوێ ١٩٩٢، بزاڤا ئیسلامی١٩٩٢،
چەپەر١٩٩٢، ئەلند ١٩٩٢، پەرلەمان١٩٩٢، مھاباد ١٩٩٢).
بۆ کۆکردنەوەی ئەم پانۆرامایەی مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە دەڤەری
بادیناندا،دەتوانین زۆر بەکورت داتاکان بەم شێوەیە پۆلێن بکەین و
بیانخەینە ڕوو:
یەکەم: لەخاڵی دەستپێکەوە(١٥/٧/١٩٥٠)،تاوەکو ساڵی(١٩٧٥)،تەنھا دە
ناوونیشان دەرچووینە،کە؛ چواریان بەزمانی عەرەبی و چواریان بە کوردی
وعەرەبی و دوو دانەیان بە کوردی بووینە کە ئەوانیش؛ڕۆژنامەی(ئاکرێ)
و(چیا) بووینە.لە ماوەی بیستوپێنج ساڵی تەواودا،تەنھا دە ناوونیشان
دەرچووینە.واتا؛بۆ ھەر دوو ساڵ و نیوێک،تەنھا ناوونیشانێک دەرچووە.
دووەم: لە ئازاری(١٩٧٥)ەوە تاوەکو ئازاری(١٩٩١)،لەماوەی شازدە
ساڵدا،بیستوپێنج ناوونیشانی جۆر بەجۆر دەرچووینە کە؛ نۆزدە دانەیان بە
نھێنی لەلایەن حزبە کوردستانی و عێراقییەکان،لەشاخ دەرچووینە.شەش دانەی
تریشیان لەژێر سانسۆری ڕژێمدا دەرچووینە.پێچەوانەی ماوەی نێوان
(١٩٥٠-١٩٧٥)،چاڵاکی ڕۆژنامەگەریی کوردی زۆر بەجۆش و گوڕتر بووە،کە
لەھەر حەوت مانگ و نیوێکدا ناوونیشانێک دەرچووە.لەڕووی ئەم زمانانەی کە
بڵاوکراوەکانیان پێ بڵاوکراونەتەوە؛دوازدە دانە کوردی و عەرەبی،نۆ دانە
عەرەبی،تەنھا چوار دانە سەربەخۆ بەزمانی کوردی بووینە.
سێیەم: لە مانگی ئازاری(١٩٩١)ەوە تاوەکو ساڵی(١٩٩٣)،لە ماوەی بیستویەک
مانگدا،پاش ڕاپەڕین و بەرقەراربوونی ئازادی ڕادەربڕین و خۆڕێکخستن لە
حزب و ڕێکخراوی سیاسی جیا جیادا،ھەروەھا نەمانی ڕژێم لەم
دەڤەرەدا،لەماوەی بیستویەک مانگدا،(٢٧)،ناوونیشان بڵاوکراونەتەوە.بە
بەراورد کردن بەماوەی نێوان(١٩٧٥-١٩٩١)،گەشەکردنەکە،زۆر خێراترو
بەرچاوتر بووە.ئەگەر لەماوەی دەستپێکی شۆڕشی تازە تا ڕاپەڕین،لەھەر
حەوت مانگ و نیودا،یەک بڵاوکراوە دەرچووبێت،ئەوا لە بیستویەک مانگی
ڕاپەڕیندا،لە ھەر سێ ھەفتەیەکدا،بڵاوکراوەیەک دەرچووە.لەم بیستوحەوت
ناوونیشانانەی سەردەمی ڕاپەڕیندا؛سێزدە دانەیان کوردی و
عەرەبی،یازدەیان تەنھا کوردی،سێ دانەیان بەزمانی عەرەبی بووینە.
ئەنجام:
- لە ھەر سێ قۆناغەکەدا، قۆناغ لەدوای قۆناغ،چالاکی ڕۆژنامەگەریی
کوردی،فراوانترو ھەڵکشاوتر بووە.لەگەڵ فراوانبوونیشی،زێتر گرنگی
بەزمانی کوردی داوەو بڵاوکراوەکان بەم زمانە، بڵاوکراونەتەوە.
- لەقۆناغی(ئازاری١٩٧٥-١٩٩٣)دا،پەنجاودوو ناوونیشانی
ھەمەلایەنەی(سیاسی،ئەدەبی،خوێندکاری، پەروەردەیی،بۆنەی
تایبەت)،دەرچووە.لەڕووی زمانی دەرچوونیانەوەش،دەتوانین وا پۆلینیان
بکەین؛ بیستوپێنج دانە کوردی و عەرەبی،کە دەکاتە نیوەی سەرجەم
ژمارەکان.پازدە دانە کوردی.دوازدە دانە عەرەبی.
- لەسەرەتای کاروانەکەدا،بڵاوبوونەوەو خواست لەسەر زمانی عەرەبی بە
پلەی یەکەم بووە،ھەڵبەتە ئەمەش ھۆکارو باکگراوندی خۆی ھەبووە،کە
دیارترینیان خوێندن و نووسین و پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن،لەم
دەڤەرەدا،تا ڕاپەڕین ھەر بەزمانی عەرەبی بووە.وێڕای ئەمەش،ھاوسێیەتی
عەرەب و فراوانبوونی پرۆسەی تەعریب،کارکردەی خۆی ھەبووە.
لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا،لەماوەی بیستویەک مانگی ڕاپەڕیندا،دەبێت دان
بەوەدا بنێین کە بەکارھێنانی زمانی کوردی لەبواری
ڕۆژنامەگەرییدا،لەجێگای خۆیدا نەبووە.بەگوێرەی قۆناغەکەو بەرقەراربوونی
ئازادی و حوکمی خۆسەرێتی،خواستەکانی پاراستنی زمانی کوردی،نەھاتۆتە دی.
- ھەڵبەت ڕاپەڕین،پرۆسەی گەشەکردن و زیاتر کردنی ناوونیشانەکان و
بەکوردی کردنیانی،خێراتر کردووە،کە ھەموو کەسێک ھەستی پێدەکات.لەم
ڕووەوە دەگوترێت؛(لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا ڕاپەڕینی
ساڵی١٩٩١،لەھەموو ناوچەکانی دەڤەری بادیناندا بە بڵاوکراوەی ڕۆشنبیریی
و حزبییەوە تەنھا٢٢ ،بڵاوکراوە دەرچووە لەوانە ھەشتیان بەزمانی عەرەبی
دەرچوون و پێنجیان بەزمانی کوردی و عەرەبی دەرچوون.کەچی پاش ڕاپەڕین
تەنھا لەماوەی ١٥ساڵدا ٨٢ ڕۆژنامەو گۆڤار لەم دەڤەرەدا دەرچوون و
کاریگەریی گەورەیان ھەبووە)"٣".
خاوەنی ئەم بۆچوونەی سەرەوە(ئەحمەد میرە)ی ڕۆژنامەنووسە.لەخستنە ڕووی
ئەم داتایەی ناوبراودا، بەھەڵەداچوونێک بەدی دەکەم.بۆیە لە پەراوێزی
ئەم بابەتەدا،کە تایبەتە بە دەڤەری بادینان،حەز دەکەم لەبارەی
پەرەگرافی یەکەمی بۆچوونەکەی ناوبراودا،ڕاستییەکەی
بخەمەڕوو.ئەو،پێیوایە؛لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە(کاتی دەرچوونی یەکەم
ڕۆژنامە لەدەڤەری بادینان لەساڵی ١٩٥٠،دا-ئیسماعیل)، تاوەکو ڕاپەڕینی
ساڵی(١٩٩١)،تەنھا بیستودوو بڵاوکراوە دەرچووە،کەچی لەڕاستیدا(٣٥)،بڵاوکراوەیە.
___________________________
سەرچاوەکان:
١- جەمال خەزنەدار؛ ئینسکلۆپیدیای ڕۆژنامەگەریی کوری، بەرگی یەکەم،
ئەلف، چاپخانەی حاجی ھاشم، ھەولێر، ٢٠١١،ل ٥٨،٥٩.
٢- ناوی بڵاوکراوەکان لە؛وەسفی حەسەن ڕدێنی؛ڕۆژنامەگەریا دەڤەرا
بەھدینان ١٩٥٠-٢٠٠٥، چاپا ئێکێ،چاپخانەی حاجی ھاشم، ھەولێر،
٢٠٠٦،ل١٥-٢٤،وەرگیراون.
٣- ئەحمەد میرە؛کاریگەریی بزوتنەوە ڕۆشنبیری و ئەدەبیە کوردییەکان
لەسەر کۆمەڵگای کوردی باشووری کوردستان ١٩٧٠-٢٠٠٣،چاپی یەکەم، سلێمانی،٢٠١٢،
ل٢٢٥-٢٢٦.
ھانۆڤەر
ماڵپەڕی ئیسماعیل تەنیا
|