١٦\٨\٢٠١٠
وەیسى و تاتلیساس
بەخشندەیى دەنوێًنن، ئەى کوا بەخشندەیى دەسەڵات؟

حەمەى ئەحمەد رەسوڵ*
ئەو بەخشندەییەى کە عەزیز وەیسى و عادل موتەحیدەو ئیبراهیم تالیساس
دەینوێنن لە میانەى بەرنامەیەکى کەناڵى زاگرۆسەوە، شایانى تێڕامانە،
ئەو دوو هونەرمەندە ناودارەى کوردستانى رۆژهەڵات و باکوورى کوردستانى
گەورەن، ئەوان بەچى و چۆن پارەو دراوێکى زۆریان کۆکردۆتەوە، ئەوە
ئیشوکارى من نییە، ئەوان بۆ هەر مەبەستێکى خۆیان بێ کەلوپەلى ماڵ و
پێداویستى ژیان بەسەر خەڵکى هەژارى کوردستانى باشووردا دەبەخشنەوە.
ئەوەش کارى بەندە نییەو من مافى ئەوەم نییە هیچ تانەیەک و قسەیەکى
ناشرین لەو کەسایەتیانە بدەم و خۆم حەزم بە دەنگى هەردووکیانە و
گۆرانیبێژى ناودارن و لە مەیدانى هونەریدا کاریان کردووە. هەرچۆنێک بێ
ئەمڕۆ ئیبراهیم تاتلیساس لە کوردستانى باشووردا خەریکى دروستکردنى
پرۆژە خانووى زۆروزەوەندەیە، ئینجا خۆى دەستپێشخەرى کردووە، یان
هێناویانەو زەوى بە خۆڕایى دەدەنێ و خانوو یان ڤیلا یان شوقەى لەسەر
دروستدەکات، بە هەرزان یان گران دەیفرۆشێتەوە بە پارەدارو دەوڵەمەند،
ئەوەش کارى بەندە نییە.
بەڵام ئەوەى لەو بەرنامەیەدا هەستم پێکرد، زۆرو بێشوومارى هەژارى
کوردستانى باشوورە کە لە خوار هێڵى هەژارییەوەن. تەنانەت خەڵکانێکى
پیرت بەرچاو ئەکەوێت، نازانن تەلەفزیۆن ئیش پێبکەن، یان نازانن
موەلیدەى کارەبا چییە؟ یان شێوازى پاڕانەوەى پیرەژنە هەژارە
هەناسەساردەکان کە بە تەواوەتى لە ناچاریدا پەردەى شەرمیان دڕاندووەو
داواى کەلوپەل بۆ خۆى و مناڵى و بووکى و زاواى ئەکات و دوایش دەستدەکات
بە نزاو پاڕانەوەو دوعاکردن بۆ ئەو کەسایەتییانەى کە (وەیسى) ناویان
دەبات.
بەڵام لێرەدا ئەوەى جێى داخە ئەوەیە کە دەسەڵات بە چاوى خۆى ئەو هەموو
هەژارو بەشمەینەت و هەناسەساردە دەبینێ و موویەک لە لەشى بەرز
نابێتەوەو مێش میوانى نییە، پرۆژەیەکى کشتوکاڵى یان پیشەسازى ناباتە
شارو شارۆچکەکان تا ئەو هەموو بێکارو نەدارو کەمدەرامەتە بەکار بخات..
بوودجەیەکى زەبەلاح دێتە دەستى ئەم دوو حزبە زەبەلاحەوە تەنیا بۆ خۆیان
و هونەرمەندانى رۆژهەڵات و باکوور دەبێت تەشریف بێنن و لەڕێى خوا
خێرمان پێبکەن..
***
من وەکو کۆمەڵناسێک لەو حاڵەت و دیاردەیە راماوم کە ئەم دوو کەسایەتییە،
لە دەرەوەى سنوورى هەرێمەکەمانەوە هاتوون و مرۆڤدۆستى و بەخشندەیى
دەبەخشنەوە بەسەر میللەت و خەڵکى هەژارى کوردستاندا، کەچى لە ناوەوە
ئەو هەموو دەوڵەمەندەمان هەیەو ملیاردێرى قەڵەو و قەبەمان هەیەو لە
دەستى رژدو رەزیلیان ناوەشێتەوە، تاقە یەک دەبە ئاو لەم کەمئاوى و
تینوێتییەى مناڵ و پیرى کوردستاندا بەسەر مرۆڤى کوردا ببەخشنەوە.. من
خەڵکێکى هەژارو کەمدەرامەت هەیە ئەیناسم چووەتە لاى ملیاردێرێک لە شارى
سلێمانى بۆ ئەوەى تەنیا سەد دۆلارى پێببەخشێت، پێیووتوە من هەمە بتدەمێ،
بەڵام بۆیە ئەو مەبلەغەت نادەمێ، چونکە لە تۆوە هەموو خەڵک فێر ئەبن و
ئیتر من ئیشوکارم ئەبێت پارە بەخشینەوە بێت بەسەر ئەم هەموو فەقیرە
هەژارەدا.
ئەوە نموونەى سەدان و بگرە هەزارانە لەو دەوڵەمەندانەى لە دواى راپەڕین
و رزگارکردنى عێراق لە لایەن ئەمەریکاوە بوونە پارەدار و بە ماوەیەکى
کەم و ناشەرعییانە، سامانێکى زۆریان کۆکردۆتەوە، کە زۆرینەیان لە
دەسەڵاتەوە نزیکن، خزمى بەرپرسن و بەشدارى پرۆژە زۆرەکانن کە لە دارایى
و داهاتى گشتییەوە سەرچاوەیان گرتووەو رۆژانە تەندەرى پرۆژە خەیاڵى و
هایلایڤەکان لێدەدەن و قازانجیان سەرى مایەى خواردووەو سەدان و هەزاران
دەفتەرە دۆلار بۆ خۆیان و بەرپرسەکانیان لف لێدەدەن و نۆشیدەکەن.
ئەوەى سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە زۆرینەى ئەم پارەدارو ملیاردێرو زەنگینە
کوردانە مرۆڤدۆست و بەخشندە نین، ئاستى رۆشنبیرى و زانستیان نزمە،
خەڵکى عەشوائى و بازاڕین.. تێرێکى غەریزەوین، بەدواى تێرکردنى
شەهوانییەت و دامرکاندنەوەى ئارەزووە زۆرەکانییانەوەن.
بێگومان هەر ئەمانەن کە رێگەیان بۆ کردنەوەى مەلهاو باڕو مەیخانە
زۆرەکان و هۆتێل و قومارخانە نهێنى و ئاشکراکان خۆشکردووە لە
کوردستاندا بە گشتى، ئەمانەن کە هەرگیز ئاگایان لاى هەژارو پیرو نەخۆش
و منداڵ نییە.. رەفتارى ئەم بۆرە پیاوانەیە کە پارەپەرستى و
بازرگانیکردن بە کەلوپەلى ئێکسپایەرو کوالیتى زۆر خراپەوەیان
ئافەریدەکردو کەشوهەوایەکیان دروستکردووە کە برا ئاگاى لە برا نەماوە،
ئەمانەن کە دەستیان لەنێو دەستى دەسەڵاتى کوردیدایەو بوونەتە پاڵپشت و
سێبەرو وەکو کۆمپرادۆرو ئیستیعمار دەستیان خستۆتە ناو دارایى و سامانى
گشتییەوەو بە رۆژى رووناک بۆ دەسەڵاتى خڕدەکەنەوە.. ئەمانەن کە
لەسەرووى یاساوەن و هیچ هێزێک نییە بتوانێت لێپرسینەوە لەگەڵ سامان و
داهاتى ئەمانەدا بکات.. زۆربەى موڵکەکانى بەرپرسان بە ناوى ئەمانەوەن.
جێى داخە، کە دەسەڵاتى ئێمە وەکو دوژمن لە میللەت و خەڵک و خواى
کوردستانەکەى خۆى دەڕوانێ، تەنیا ئەوانە بە هاووڵاتى و دۆست و ئازیزى
خۆى ئەزانێت کە کەسوکارو خزم و حزبییەکانى خۆیانن. رێژەى هەژارى لە
کوردستاندا زۆر بەرزە، رێژەى بێکارو دانەمەزراویش زۆر بەرزە، رێژەى
کرێچى و کرێنشینیش زۆر بەرزە، رێژەى پیرو کەنەفت و بێکەس و بێنەواش هەر
بەرزە، رێژەى منداڵى ئیشکەرو بێکەس و هەتیویش بەرزە، رێژەى قەیرەو
بێوەژن و مێینەى بێنەواش کەم نین و بەرزە، رێژەى لاوان و گەنجانى
بێئومێد و تووڕەو بێنەوا هەر بەرزە، رێژەى سواڵکەرو گەدایانى کورد هەر
بەرزە. بەڵام دەسەڵاتى ئێمە خەمخۆر نییەو بێباکانە، لەوبەر سەنگەرى گەل
و میللەتەکەى خۆیەوە دەژى، ئەو لەنێو بورجى عاجییەو شوێنەکەى زۆر
بەرزەو تەریک و دابڕاوە لە خەڵکى رەشوڕووت و چاویشى ئەوان نابینێ و
نایەوێ گوێى لە سکاڵاشیان بێت، کاتێک دێنە سەر شەقام هاوار دەکەن:
کوانێ کارەبا و کوانێ ئاو، کوا سووتەمەنى، کوا دامەزراندن و کوانێ ماف
و هەق و دادوەرى و رەوایەتى.. دەستبەجێ بە فیشەک وەڵامیان ئەدەنەوە،
چونکە دەسەڵاتى کوردى سوێندى خواردووە گوێ لە میللەتەکەى خۆى نەگرێت
ئەگینا تەوژم و فشارى خوێنى بەرز دەبێتەوە.
______________
*
کۆمەڵناس.
ماڵپهڕی
حهمهی ئهحمهد رهسوڵ
|