٢\٢\٢٠١٢
وەزارەتی جاش و
سیخوڕ و ئەنفالچییان.

هیوا رەش
لەوانەیە دەیان جار لەسەر جاشم نووسیبێت و دڵم ئاو ناخواتەوە ، تاکێکى
کوردیى نیە پێى ئاشنا نەبێت و جاروبار وەکو جنێویش بەرامبەر بە یەکتر
بەکارى نەهێنابێت ، منیش هەروەها ، لەخۆڕا نیە هێندە دژەجاشم ،
یادەوەریم لەگەڵ جاشدا ئەوەندە فرەن لە تەواوى قۆناغەکانى ژیانم خۆیان
پەستاوەتە مێشکمەوە و هەروا بە سانایى لە بیریان ناکەم ، کاتێک ڕێکخستن
بوم هەندێک جاشى قالە فەرەج و تەحسین شاوەیسم دەناسى ، لەو دەمانەدا
بۆم دەرکەوتبوو کە ئەمانە چەندە بەدڕەوشت و بێویژدانن ، بە -
پاڵەوانێتى - دەیانگێڕایەوە کە چۆن بە حیزەفێڵ خۆیان کردۆتە پێشمەرگە و
چونەتە گوندەکانەوە و خەڵکى بێتاوانیان ئاشکرا کردووە و بە تاوانى
خۆشەویستییان بۆ پێشمەرگە لە پێناوى پاداشت و خەڵاتى دوژمناندا گیرۆدەى
داوى ئەمن و ئیستیخباراتیان کردوون ، دەمانبیستەوە کە گەلێک جار شوانى
لاى مەڕیان گرتووە و لە پێناوى مستێک پارەدا سەریان بڕیوە و بە ناوى
سەرى پێشمەرگەوە بە دیارى بۆ بەعسییەکانیان بردۆتەوە ، کاتێک بوومە
پێشمەرگە و بە تایبەتى لە کاتى ئەنفالەکاندا ، ئینجا ڕوونتر بێئەخلاقیى
جاشم بۆ دەرکەوت ، ئەوەى لە کوشتوبڕ لە دەستیان هات ئەنجامیان دا ،
لەسەر خوێنى خەڵکى بێتاوان شاییلۆغانیان دەکرد ، تاڵانى و دزى خەسڵەتى
نامەردانەیان بوو، تەنانەت خۆراکى جێماوەى گوندنشینان هەموو بەسەر
یەکدا تێکەڵ دەکرد نەبادا پێشمەرگە سودیان لێ ببینێت وو ژەمەبرسییەکانى
خۆیانیانى پێ بەڕێ بکەن ، لە دواى ئەنفالە بەدناوەکانیشدا بە کارى
حیزبیى چوومەوە ناوشارى کەرکوک ، لەوێشدا لەسەر دەستى سیخوڕێک بۆ
چەتەوڵەکانى ئیستیخبارات دەسنیشان کرام و بە بریندارى کەوتمە
بەردەستیان ، موخبیرەکەم لەبەر خۆفرۆشیى و دڵسۆزیى بۆ بەعس لێم
نەدەگەڕا و دەیویست بە بەرچاویەوە لە سێدارە بدرێم بۆیە پەیتا پەیتا
زانیاریى وردى لەسەرم کۆ دەکردەوە و دەیگەیاندە ئاغاکانى ، لە کاتى
لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەشدا زۆڵە کوردێکى وەرگێڕ – مترجم – لە نێوان من و
ئەفسەرێکى جەلاددا لەبەر ئەوەى لە یەکێک لە قسە سارد و سوک و
بازاڕییەکان کە ئەفسەرەکە ئاراستەى دەکردم و پێى وتم : دەزانم چەند موو
بە لەشى ژنانى کوردەوە هەیە ، هەرچەندە باش تێیدەگەییشتم بەڵام کوردە
بیژییەکە سەرشۆڕانە لە عەرەبییەوە بۆى کردم بە کوردى ، منیش پێم وت :
ئاخر خۆ تۆ خۆتیش کوردیت ، لە زیندانیشدا خۆفرۆشیى جاش لە چاو وون
نەدەبوو ، لەوێشدا موستەشارێکى حەقیرى دەسبەسەر قسەى پێ گوتم و
پێشمەرگایەتیى بە نەنگیى لە قەڵەم دەدا ، ناچار هێنامیە زمان و پێم گوت
: بۆچى لەسەر پێشمەرگایەتى بگیرێیت شەریفترە یان لەسەر جاشیى ؟ !
خوێڕێتیى جاش ئەوەندە زۆرن تۆمار کردنیان ئەستەمە .
دەمێکە کەڵکەڵەى بیرۆکەى پێکهێنانى وەزارەتێک بۆ جاش و سیخوڕان لە
مێشکمدا جینگڵانێیەتى ئەوا ئەمڕۆ سەرى کرد و لێى ڕژا ، قۆناغەکان (
خەباتى نهێنى ، تێکۆشانى پێشمەرگایەتى ، بەڕەنگاریى زیندان و تڕۆکردنى
تفاقى حیزبیى گەندەڵ) هەمویانم بڕیوە ، لێ جاشێتیم تاقینەکردۆتەوە و
نازانم چۆنە ؟ هێندەى هەستم پێکردبێت قێزەونترین و دزێوترین و
بێشەرمترین و سوکترین و بێنرخترین و بێبەهاترین پیشەى ئەو توێژەى
کۆمەڵگا بوو کە پێیان دەوترا جاش ، بە تایبەتى موستەشارە بێشەرم و
بێئابڕووەکان کە ئەوسا دواى کەمێک گەمە کردن بە سنگیان لە لایەن سەدامى
جەلادەوە میدالیاى چڵکاوخۆرییان پێدا هەڵدەواسرا و ئێستاش لە حزورى
سەرکردە گەندەڵەکان دەربارن ، جاش --- من تێبینى زۆرم لەو ناو نانە
هەیە و لە کاتى خۆشیدا نامەیەکم ئاراستەى بەڕێز – عومەر کڵۆڵ – ى
سکرتێرى گروپى کەرگەلى کوردستان کردبوو و تیایدا داوام لێکردبوو ڕێگا
نەدات ئەو ستەمە لە جاش – بەچکەکەر – بکرێت و بهێنرێنە ئاستى
خائینزادەکان ، چونکە جاش ( بەچکەکەر ) بونەوەرێکى خزمەتدار و بێزیان و
ستەملێکراوە ، بەڵام ئەوان خائیندار و زیاندار و ستەمکارن و توێژێکى
ئاستنزمى کۆمەڵگاى کوردەوارى بوون و هەمیشە لەبەردەم مەکتەبى شئونى
شیمالدا بۆ قڕکردنى هاوزمانانى خۆیان وەکو سەگ کلکەلەقێیان دەکرد و
زمانیان بە پێڵاوەکانى عەلى کیمیاویدا دەهێنا ، بۆ ڕاوەدونانى
پێشمەرگەش ( شێر ) بون و پێشبڕکێى خیانەتیان دەکرد ، تەنانەت دەستیان
لە کەر و جاشى گوندە ئازادکراوەکانیش نەدەپاراست نەبادا تەرمى شەهید و
بریندار و باروبنەى پێشمەرگەیان پێبگوازرێنەوە ، ڕۆڵى نەگریسانەى ئەو
زۆڵە کوردانە بۆتە پەڵەى ڕەشى مێژووى نەتەوایەتیمان و لە سەردەمى شۆڕشە
بێئاییندەکەماندا پێمان وابوو تەنها بە وڵاتبەدەرکردنیان تۆزى
شەرمەزاریى سەرشانى نەتەوەکەمان دەتەکێنین ، ئەوەى بە بیرماندا نەدەهات
کە لە ئینجانەى خەیاڵدانماندا چرۆ بکات ، جریتبازیى ئەوان بوو لەو
نیشتمانەى لەسەر بێشەرەفیى ئەوان سوتماک و ژینگەکەى خەردەلاوى کرا ،
ئێستا بە بەرچاوى قوربانییانى کاروانى خەباتى ڕزگاریخوازیى
گەلەکەمانەوە دێن و دەچن و کراون بە خاوەنى دیوەخان و موچەیان لە موچەى
شەهیدان زیاترە ! مەسخەرەى سەرکردایەتیى پێشمەرگەى شاخ لەوەدایە
دەیانەوێ عەلى حەسەن مەجیدانە ڕۆڵ ببینن و ڕەشمەى جاشانیش لە مستى
خۆیان بنێن و جاشایەتییان بۆ بکەن بە پاشایەتى !
جا بۆ ئەوەى پەیامى سەرکردە جاشپەرستەکانى کوردستان ڕاشکاوانەتر
دەربکەوێ ، هەروەکو چۆن لاوان و گەنجان ، ئافرەتان و ژنان ، قوتابیان و
خوێندکاران ، بازرگانان و پیشەوەران ، سەرمایەداران و کرێنشینان ،
کرێکاران و جوتیاران ، نابینایان و کەمئەندامان ، ئەندازیاران و
پزیشکان ، فەرمانبەران و مامۆستایان ، نوسەران و ئەدیبان ،
ڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندنکاران ، هونەرمەندان و ڕۆشنبیران ، شەهیدان و
ئەنفالکراوان ، پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانییە سیاسییەکان ، تەواوى
چین و توێژە جیاجیاکان ، کە یەکێتى و سەندیکاو ڕێکخراو و کۆمەڵەى سەر
بە خۆیان هەیە و وەزارەتەکانى ڕۆشنبیرى و بازرگانى و پەروەردە و
پیشەسازى و کشتوکاڵ و شەهیدان و پێشمەرگە و ... تد مەرجەعى فەرمییانن ،
تاکە توێژى بێناموس و بێماف کە لەگەڵ سەرهەڵدانى شۆڕشە دوابڕاوەکانى
گەلەکەماندا قۆزاخەیان دڕاندووە و پەناگەیەکى فەرمى دانپێدانراویان نیە
بۆ ئەوەى کاروبارى خۆیانى تێدا ڕایى بکەن ، کاسەلێس و چڵکاوخۆر و
خۆفرۆشەکانن ، هەرچەندە لە سایەى حەمد و سەناى حیزبەکان ، تایبەتتر
زلەکان ، وەکو جاران لە تەڕ دەلەوەڕن و لە وشک دەخەون ، پلە و پۆستى
حیزبى و حکومى باشیان بۆ فەراهەم کراوە ، داڵدە و پەنا دراون ، لە
ڕێزدا لە سەروى کەسوکارى ئەنفال و شەهیدانەوە دانراون وزماندرێژى و
پێدرێژیش دەکەن ، لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندنەوە بە پشتیوانیى حیزبەکان
بێمنەتانە هەقانیەتى جاشێتییان دەگێڕنەوە ، بەردەم دادگاکانمان لێدەگرن
و لە بارەگاکانەوە هەڕەشەمان لێدەکەن ، لە ڕابردو ڕوقایمانەتر سنگ
دەردەپەڕێنن و خزمەتى جاشێتییان لە خزمەتى پێشمەرگایەتیى جوامێرتر
نیشان دەدەن ! لە سەدان هەزار (موعتەمید و موخبیر و موختار و
جەیشیشەعبى و ئەمن و ئیستیخبارات و موخابەرات و سیخوڕ و جاشمەفرەزە
خاسە و سوک) دەزگاى حکومى فەرمییان پێنەبەخشراوە ، زۆر زوو لە
نوسینێکمدا بەیانم کردبوو کە لە برى ئەوەى بخزێنرێنە نێو دەزگاکانى
شەهیدان و پێشمەرگە و زیندانییانى سیاسى و تێکۆشەرە دێرینەکان و
سەروەرییەکانى ئەوان گڵاو بکەن و بەشەموچەى ئەوان لووش بکەن ، پێویستیى
بوونى ڕێکخراو و کۆمەڵەى تایبەت بە خۆیان بە ناوى ( جاشخائینزادە )
ەکانەوەم بەلاوە پەسەندتر بوو ، تا حیزب و حکومەت لەبەردەم خەڵکى
قوربانیبەخشى گەلەکەمان هەڵوێستى شەرمنۆکانەیان ڕونتر دەرکەوێ ، بەڵام
دیارە حیزب و حکومەت لەبەر ئەوەى لە غیرەتى مەردانە داشۆراون و جاشەکان
زۆر لەوە گەورەتر و بەڕێزتر و پیرۆزتر و بایەخدارتر دەبینن لەوەى من
بۆى دەچم ، بۆیە هەرچى زوترە دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە جگە لەوەى
کۆمەڵەیەکى هاودژى کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکانیان بۆ پێکبهێنرێت بە
ناوى ( کۆمەڵەى جاشخائینزادە خۆفرۆشەکان ) ەوە و بودجەو بەشە
خانەنشینیى تایبەتیان بۆ تەرخان بکرێت و هەوڵیان بۆ بدرێت لیستى جیاى
هەڵبژاردنیان بۆ پێکبهێنرێت و بە قەوارەى پەرلەمانییەوە بهێنرێنەوە نێو
کایەى سیاسیى کوردستان و ئەوەى بەعس بۆى نەکردوون ئێستا بۆیان مەیسەر
بکرێت ، پێشوەختەش وەزارەتێکیان بە ناوى (وەزارەتى جاش و سیخوڕ و
ئەنفالچییان) یان بۆ دابمەزرێنرێت ، تا دەسەڵاتدارە بودەڵەکانى
کوردستان باشتر خۆیان بە ڕۆڵەکانى گەلەکەمان بناسێنن کە دادپەروەریى
کۆمەڵایەتى پیادە دەکەن و بە یەکسانى لە گشتمان دەڕوانن و بەدمەرام نین
لەگەڵ بەکرێگیراوەکاندا و جاش و باش ، پێشمەرگە و سیخوڕ ،
نیشتمانپەروەر و خائین ، ئەنفالکراو و ئەنفالچى ، وڵاتپارێز ز وڵاتفرۆش
هەموویان بە یەکچاو دەبینن ، چونکە هەموویان لە پێودانگى هەڵبژاردنەوە
یەکسانن و وەکویەک خاوەن دەنگن بەڵام خڵتەکانى بەعس بە ژمارە لە
قوربانییەکانى بەعس زۆرترن ، بۆیە هەر ئەوان بۆ حکومەت و زلحیزب لە
پێشترن .
جا ئەگەر ئەم وەزارەتە سەرى گرت ، ئەوسا ئیتر دەستە و تاقم و گروپ و
کۆمەڵە و یەکێتى و ڕێکخراو و سەندیکا و کەمپین و مەمپینەکانى دژەجاشیش
چیتر ماندو نابن و خۆیان توشى سەرێشە ناکەن و دەچنە ماڵەوە و پشوو
دەدەن و دەحەوێنەوە و دڵنیا دەبن لەوەى دەسەڵاتى حیزبەکان لەسەر شانى
خۆفرۆشان هاتۆتە بوون نەک لەسەر ئێسک و خوێنى شۆڕشگێڕان ، ئەوسا دەبێت
شۆڕشگێڕانیش بە خۆیاندا بچنەوە بۆ دوبارە شۆرش هەڵایسانەوە لەسەر
سنوقەکانى دەنگدان بۆ پاککردنەوەى کۆمەڵگا لە جاشبەعسییان و
وەدەرنانیان لە دەسەڵاتەکانى حیزب و حکومەتدا و تەمبێ کردنى جاشپەرستان
، بۆ ئەمەش دەبێت چاوەڕوانى زەبرى زلحیزبە داڵدەچییەکانى جاشانیش بین
چونکە ئەوان لەگەڵ جاشدا گیانێکن لە دوو جەستەدا.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|