په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

وەزارەتى گەیاندن یان دەزگاى خێرخوازى؟!


بەشدار عه‌لی  


من نازانم حکومەت کارى چییە ئەگەر دوو شەقام قیرتاو نەکات؟!کارەبا و ئاو و سوتەمەنى بۆ خەڵک دابین نەکات؟! ئەو حکومەتە چ کارەیە کە ناتوانێ کۆنترۆڵى بازار و گرانى نرخەکان بکات؟!ئەوە چ حکومەتێکە خەڵکى بە(ویژدان و رەحمەتى)بازرگانان و بەرپرسان سپاردووە؟!ئەوە کامە حکومەتى عاجباتى دونیایە ئیشى و کارەکانى خۆى بە منەت بەسەر سەرى خەڵکەوە دەفرۆشێت؟!مەگەر حکومەتەکەى کوردستان نەبێت.چەند پرۆژەیەکى ساکار و سەرەتایى لە ئامێرەکانى پەیوەندى کە لەسەر گیرفانى خودى خەڵک بنیات نراوە، وەزارەتى گواستنەوە بە منەت پێمان دەفرۆشێتەوە،لە روونکردنەوەکەى وەزارەتى گەیاندن لەبارەى خراپى و گرانى و قۆرخ کردنى تۆڕەکانى پەیوەندى بە تایبەت ئەنتەرنێت وا هەست دەکەیت ئەمە وەزارەتێک نیە بۆ خزمەتگوزارى بەڵکو دەزگایەکى خێرخوازییە!چونکە پەیوەندییەکان لە خراپترین ئاستن و نرخەکەشى هێندە بەرزە بە هیچ وڵاتێکى تەنانەت ئەوروپیش بەراوورد ناکرێت،چونکە شەڕى بەرپرسان و بازرگانانە بۆ زۆرترین سامان بە کەمترین ماوە،کەچى لەبەرامبەر رەخنەکاندا هێشتا وەزارەتى گەیاندن نازمان لەسەر دەکات!لەلایەکى تریش وەزارەتى گەیاندن هیچ رۆلێکى نیە لە تۆڕەکانى پەیوەندى لە کوردستاندا و لەبارەى خراپى پەیوەندییەکان پێویست ناکات روونکردنەوە بدات،بەڵکو ئەو کۆمپانیایانە پێویستە وەڵام بدەنەوە کە بە ئارەزووى خۆیان مامەڵە بەنرخ و جۆر و شێوازى کارکردن دەکەن و وەزارەتیش ناتوانێ رسوماتەکەشیان لێوەرگرێت(چەندین جار ئەمە لە زمانى بەرپرسانى ئەو وەزارەتى ووتراوە).


بێ سیستەمى و کارەسات و کێشە یەک لەدوایى یەکەکان و نقوم کردنى خەڵک لەنێو گێژاوێک کە ئەو سەرەکەى دیار نیە هەموو شتەکانى ئاڵۆز کردووە،ئەرک و ماف تێکەڵ بوونە و جیاکردنەوەیان کەمێک گرانە،رەش دەبێتە سپى و سپیش دەبێتە رەش بەبێئەوەى هەستى پێبکرێت،خراپەمان بە چاکە پێدەفرۆشن و چاکەکەش ئاوەژوو دەکەنەوە....،بێگومان ئەمانە هەمووى بە بەرنامە و سیاسەتێکەوە بەرێوەدەچێ بۆ ئەوەى خەڵک هەمیشە لەگەڵ کێشە و گرفت و پێداویستیەکانى رۆژانە دەست و پەنجە نەرم بکات،زەحمەتى و بەگران دەست راگەیشتنى خەڵکیش بە ئەنتەرنێت دەچێتە هەمان بەرنامە و سیاسەتەوە.


ئاشکرایە خەڵکانێکى زۆر لە کوردستان خولیاى بەکارهێنانى ئەنتەرنێتن بۆ سوود وەرگرتن و ئاگاداربوون لە هەواڵ و گۆرانکارییەکانى دونیا،بەڵام بەهۆى نەبوونى بەرنامە و پلانێکى رێک و پێکى حکومەت و قورخ کردنى ئەو لایەنە لەلایەن بەرپرسانى سیاسى_بازرگانى کوردستان،سەرەڕاى راکێشانى پارە و سەرمایەکى خەیاڵى لە گیرفانى خەڵک،بەڵام تۆرێکى ئەتنەرنێتت دەست ناکەوێت تا سوودى لێوەرگیرێت(دیارە باسەکەى من لەسەر تۆرەکانى ئەتنەرنێتە، باسى ئامێرەکانى ترى پەیوەندى ناکەم کە حاڵیان باشتر نیە، هەر کۆمپانیایەک بۆ خۆى حکومەتێکە و بە گوێرەى زۆرترین سوود و قازانج مامەڵە دەکات).


لەسەر حکومەت پێویستە باشترین توڕى پەیوەندى بە هەرزانترین نرخ و رسومات بۆ خەڵکەکەى دابین بکات،نەوەک وەکو ئیستا تۆڕەکانى پەیوەندى گرتنى خەڵک بکاتە وەسیلەیەک بۆ پارەپەیدا کردن و زیاتر رووتاندنەوەیان،ئەى ئەو هەموو باج و رسوماتە دەچێتە کوێوە؟داهاتى لە سەدا حەڤدەى دەوڵەمەنترین وڵاتى دونیا بە ئاڵتونى رەش لەچى سەرف دەکرێت؟!ئەگەر لە دوو پرۆژەى لەم جۆە نەبێت؟


دەمێکە ئێمە دەزانین بەرپرسیاریەتى لە کوردستان بۆ زیاتر کردنى سەروەت و سامانە نەک خزمەت و چارەسەرکردنى کێشەکان،بۆیە چاوەڕوانى کارێکیش لەوەزارەت و بەرپرسانى وەزارەتى گەیاندنیش ناکەین،چونکە خەلەلەکە لە هەرەمەکانى سەرەوەیە دەبێت ئەو سیستەمە لە ریشەوە هەڵتەکێندرێت تا خەڵک بژى!


Bashdar_net@yahoo.com