وەزارەتى وەرزش و
لاوان..
لە بێ ئیشییدا ئاهەنگ دەگێڕێت.

شاخەوان برایم عەبدوڵا
ئەگەرچى داتایەکى دروستم لە بەردەستدا نییە، بۆ زانینى رێژەى لاوان لە
نێو کۆمەڵگەى کوردیدا، بەڵام بە بۆچوونى من ئەگەر نیوەى رێژەى
دانیشتووانى کۆمەڵگە پێکنەهێنێت، ئەوەندە کەمتر نییە لەو رێژە زۆرەى کە
ئاماژەم پێیدا.
لاوان ئەو توێژە بە هێز و کاریگەرەى نێو کۆمەڵگەن کە زۆربەى گۆڕانکارى
و پێشکەوتنەکان لەسەر دەستى ئەواندا دێتە کایەوە. ئەوەش ئەگەر بێت و لە
لایەن کەسانى دواکەوتووى نێو کایە سیاسى و دامەزراوە حکومى و کۆمەڵگەدا
بەربەستیان بۆ دروست نەکرێت و رێگەى کارکردن و بیرکردنەوە و کۆششیان بۆ
فەراهەم بکرێت و رێگە بە تواناکانیان بدرێت بۆ ئەوەى بە ئازادى و
دڵسۆزییەوە کار لە زۆر بواردا بکەن. لەدواییدا دەبنە خاوەنى دەیان
پرۆژەى جوان و داهێنانى جۆراو جۆرى پەیوەست بە کۆمەڵگەوە.
دەبینین ئەمڕۆ زۆربەى تاکەکانى کۆمەڵگەى کوردى بە دەست کۆمەڵێ ئاریشەى
ماددى و مەعنەوییەوە دەناڵێنن، هەر لە گرانى شتومەک و نەبوونى زۆربەى
پێداویستییە سەرەکییەکانى رۆژانەى هاووڵاتییان و ...تاد، بەڵام توێژى
لاوان لە هەموو توێژەکانى تر زیاتر بە دەست ئاریشەکانەوە دەناڵێنن و
رۆژانە بە بەردەوامى رووبەڕووى دەیان ئاستەنگ دەبنەوە. هەر لە نەبوونى
شوێنى نیشتەجێ بوون و نەبوونى کار و نەڕەخسانى پرۆسەى هاوسەرگیرى،
هەروەها نەبوونى دیموکراسییەت و شەفافیەت لە نێو دەسەڵاتى کوردى و
ناعەدالەتى کۆمەڵایەتى و ئازادى تاکە کەسێتى و ...تاد، ئەوانە ئەو
هۆکارانەن کە وا لە توێژى لاوان دەکەن ئینتیمایان بۆ نیشتمان نەمێنێ کە
لە دواییدا پرۆسەى کۆچکردن دێتە کایەوە و بە هیچ شێوەیەک جارێکى تر بیر
لە گەڕانەوە بۆ نیشتمان ناکاتەوە و هەمیشە بە چاوى دوژمنایەتیەوە
دەڕوانێتە کوردستان کە ئەمەش دەبێتە هۆى وەستانى رەورەوەى پێشکەوتنى
کۆمەڵگە لە هەموو بوارەکاندا، چونکە گەنج کاریگەرترین توێژە بۆ هەموو
گۆڕانە کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابوورى و ....تاد، لە هەر کۆمەڵگەیەکدا.
دەمێکە دەمەوێت ئەگەر بە چەند وشەیەکیش بێت قسە لەسەر (وەزارەتى وەرزش
و لاوان) بکەم کە هەر لە ناوەکەیەوە نازانم هەڵەى زمانەوانییە، یان بە
ئەنقەست وشەى وەرزش پێش لاوان خراوە. ئەگەر هەڵەیەکى زمانەوانییە
پێویستە هەر لە کاتى خوێندنەوەى ئەو وتارەدا ئەو هەڵەیەش چاکبکرێتەوە،
خۆ ئەگەریش بە ئەنقەست واى لێکراوە ئەوا لەراستیدا ئەو وەزارەتە نابێتە
وەزارەتى توێژى لاوان، بەڵکو تەنیا وەزارەتى وەرزش و وەرزشوانانە،
چونکە توێژى لاوان بە گشتى بە وەرزشەوە خەریک نین، بەڵکو رێژەیەکى کەمن
لە چاو کۆى رێژەى لاوان لە کۆمەڵگەى کوردیدا. لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەى
لاوانى کورد بە هیچ شێوەیەک ئاشنایەتییان لەگەڵ هیچ جۆرە وەرزشێکدا
نییە، بگرە پێیان وایە چ پێویست ناکات عەقڵى خۆیان بدەنە دەست تۆپێک کە
بە هیچ شێوەیەک سوود بە کۆمەڵگە ناگەیەنێت. بۆیە بە هیچ شێوەیەک ئەم
وەزارەتە بە هى خۆیان نازانن و خوێندنەوەى ئەوەى بۆ دەکەن کە حکومەت بۆ
فێڵکردن لە توێژى لاوان ئەم وەزارەتە کارتۆنیەى دامەزراندنەوە، هەرکە
لاوێک یان سەنتەر و رێکخراوێکى تایبەتمەند بە پرسەکانى لاوان، پرۆژەیەک
یان داواکارییەک پێشکەش بە حکومەت بکات، ئەوانیش رەوانەى وەزارەتى بکەن
و وەزارەتیش بە هۆى زۆرى ئاهەنگ و هەڵپەڕکێکانییەوە فریاى هیچ شتێکى
دیکە ناکەوێت.
ئەم وەزارەتە کارتۆنیە هەر لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە تا بە ئێستا
دەگات جگە لە هەندێ ئیشوکارى تایبەت بە وەرزش وەکو پێویست شتى دیکەى
نەکردووە بۆ لاوان کە دەبووایە دەیان پرۆژەى تایبەت بە لاوانى پێشکەش
بە پەرلەمان و حکومەت بکردایە بۆ ئەوەى ببوایەتە یاسایەک و لەرێگەى
یاساوە داکۆکى لە لاوان بکردبووایە بۆ هێنانەدى خەون و ئامانجەکانى
توێژى لاوان.
مافى خۆمانە دواى چەند ساڵ لە دامەزراندنى ئەو وەزارەتە، بپرسین:
وەزارەتى وەرزش و لاوان تۆ چیت کردووە؟ کوا کتێبخانە و پارک و
مەلەوانگە و ... تاد لە قەزاو ناحیەکان؟ کوا کردنەوەى خولى جۆراوجۆرى
فێرکردنى زمان و بەکارهێنانى کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت لە هەموویان
گرنگتریش نەهێشتنى نەخوێندەوارى بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە.
کوا دۆزینەوەى کار کە ئێستاکە بێ کارى زۆرترین کێشەى کۆمەڵایەتى بۆ
توێژى گەنجان دروست کردووە؟ کوا بۆ لیژنەیەکتان بۆ بە دوا داچوون نییە
بۆ ئەوەى بە نێو دام و دەزگاکانى حکومیدا بگەڕێن تا بزانن ئەو لاوانەى
کە لەم دەزگایانە کار دەکەن مافیان پێشێڵ نەکراوە و تواناکانیان بزر
نەکراوە، بە هۆى ئەوەى کە گەنجن، بۆ ئەوەى ئەم لیژنەیە بە مەبەستى
گەیاندنى دەنگى ئەو لاوانە بە لایەنى پەیوەندیدار و سەندنەوەى ماف
بۆیان کارى جیدى بکات؟ وەزارەت ئەى کوا بۆ داتایەکى تەواوى کۆى رێژەى
لاوانت بۆ ئەنجام نەداوە تا بزاندرێت چەند لاو لە کوردستان هەن و رێژەى
نەخوێندەوارى و نەخۆشیى و بێ کارى و ئاستى رۆشنبیرى و ....تاد چەندە؟
بۆ ئەوەى کارتان بۆ هەموو ئەو بوارانە بکردابووایە و بە پرۆژە بۆ
حکومەت بەرز بکرابووایەوە. وەڵامى ئەو پرسیارانە لاى وەزارەتە و دەبێ
روونکردنەوە لەم بارەیەوە بدات.
وەزارەت دەیەوێت فێڵ لە توێژى لاوان بکات، ئەویش بە گێڕانى ئاهەنگ و
دروستکردنى چەند تیپێکى هەڵپەڕکێ لە سەردەمێکى وادا کە رۆژانە دەیان
کەس لەم وڵاتە شەهید دەکرێن و وەزارەتیش ئاهەنگ دەگێڕێت. یان بە ناردنە
دەرەوەى چەند لاوێکى نزیک لەو وەزارەتە بۆ دەرەوەى هەرێم. یان
خەڵاتکردنى چەند کەسێکى نزیک لەو وەزارەتە بە پێى میزاجى لیژنەى
هەڵسەنگاندنەوە، دیسانەوە دەڵێم مافى خۆمانە بە وەزارەت بڵێین: لە
جیاتى ئەوەى ئەو بودجەیە لە ئاهەنگ و تیپى هەڵپەرکێ سەرف بکەیت، زۆر
باشترە لە کارى دیکەدا سەرفى بکەیت، وەکو ناردنە دەرەوەى قوتابیان بۆ
زانکۆکانى وڵاتە پێشکەوتووەکان بە مەبەستى وەرگرتنى بڕوانامەى جۆراو
جۆر کە ئێستا هەرێمى کوردستان لە هەموو ئەو بوارانەدا لە قەیراندایە.
باشترە ئەو بودجەیە لە دروستکردنى شوققە و پێدانى هاوکارى بۆ ئەو
لاوانەى کە دەیانەوێت ژیانى هاوسەرگیرى ئەنجام بدەن و بە هۆى
هەژارییەوە ناتوانن ئەو پرۆسە کۆمەڵایەتییە گرنگە ئەنجام بدەن، لەگەڵ
ئەوەشدا رۆژانە دەیان لاو بەهۆى نەبوونییەوە هاوسەرەکانان تەڵاقدەدەن.
لە کاتێکدا تەڵاقیش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانى زیاد بوونى کێشەى
کۆمەڵایەتى لە نێو کۆمەڵگەدا کە ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت دەرئەنجامى
خراپى لێدەکەوێتەوە.
بێ ئیشترین وەزارەت لە حکومەتى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى وەرزش و
لاوانە، لە کاتێکدا مانگانە بودجەیەکى زۆر وەردەگرێت و لە ئەنجامدانى
دەیان ئاهەنگى بێ سوود و هەڵپەڕکێ و ئیشوکارى وەرزشیدا بە فیڕۆى دەدات
لە کاتێکدا چەندین یانە و یەکێتى (وەرزش)ى لە کوردستاندا هەن و بودجەى
خۆیان هەیە و رۆژانە پارەیەکى زۆریش لە رێگەى یاریگاکانەوە حیزب بۆ خۆى
وەریدەگرێت.
وەزارەت تا ئێستاکە خاوەن پرۆژەیەکى تایبەت بە ژیانى لاوان نییە و
نەیتوانیوە ببێتە ئەو دامەزراوەى کە لاوان متمانەى پێ بکەن و
ئینتیمایان بۆى هەبێت و بە نوێنەرى خۆیانى بزانن لە نێو دەسەڵاتدا.
هێندە بێ ئیش و ناکارایە جگە لە شارى هەولێر کە بارەگاکەى تێدایە
لاوانى شارەکانى ترى کوردستان تەنانەت ناوى وەزیر و وەزارەتەکەش نازانن،
دیارە لەبێ ئیشى ئەم وەزارەتەیە بۆیە ناوەکەشى نەناسراوە، خۆى لە خۆیدا
ئەوەش یەکێکە لە کارەسات و کەموکوڕییەکانى ئەو وەزارەتە کارتۆنییە کە
گوایە بۆ لاوان دامەزراوە. وەزارەتێک بەم بێ ئیشیەی خۆیەوە و بە
فیڕۆدانى ئەو پارە زۆرەى لە شتى لا بە لاى بێ سوود، نەبوونى زۆر باشترە
وەک لەوەى تەنیا ناوێکى بچووکى هەبێت و کردەوەى نەبێت.
shaxewan_braim@yahoo.com
|