وڵاتی ئیکسپایەر.
بە کەڵکی هیچ نایەت.بێژەریکی رادیۆیەکی لۆکاڵیش چای تەرک کردووە ، بگرە قەنداویش ناخواتەوە و باوەری بە ئاویش نەماوە ،گوایە ئیکسپایەر بووە.کەسیش ناحەقی ناگریت، خۆ هەموومان دەرمانی چای بایەعمان بینی لە سەر شەقامەکان سوتاندیان و خەڵک وەریان نەگرت. خاوەن ئاژەڵەکانیش دڵیان نەدەهات بیدەنە ئاژەڵەکانیان. بەر پرسەکانی حکومەتیش بێ دەنگ بوون، چونکە ئەوان لە مێژە چای بابەعیان تەرک کردووە هەتا بیبسی و... هەبێت کاریان بە چای بایەع چیە! هەموو شەوێک لە هەواڵەکانی تەلەفزیۆنەکانی خۆمان دەبینین، لە فلانە شار دەستگیرا بەسەر چەندین تەن خۆراکی ئیکسپایەر. لەم ماوەیەش لە سنووری حاجی ئۆمەران دەست گیرا بە سەر چەندین تەن لە دۆی ئیکسپایەر . پیاوە پیکەنینی بەم هەواڵە هات. ئاخر وڵات ئەوەندە سووک و رەزیل و هەژاربیت بۆ دۆ خواردنەوە پشت بە ولاتانی دراوسێ ببەستیت ، ئەویش کەڵکی خواردنەوە نەیەت!
لە کوردستان تەنها یەک شت ماوە پشت بە دەرەوە نەبەستێت، ئەویش هەوایە، کەچی خەریکە ئەویش پیس و بۆگەن و ئێکسپایەر دەبیت . ئیستا تاکی کورد باوەری بەهیچ نەماوە .بۆنمونە بینینە بەر چاوی خۆمان ، بەرپرسان و دەوڵەمەندان ژن دینن و گوایە هی یەکەم ئیکسپایەر بووە، هەموو وەرزێک ئۆتومبێل دەگۆرن و خانووی ماڵیان گەورەترو بە مۆدێرنتر دەکەن .حکومەت شەقام وجادەت بۆ دروست دەکات و ساڵی ئایندە ئیکسپایەر دەبیت و هەلدەوەشینێتەوە. وەزارەتی پەروەردە ئەمساڵ پرۆگرامێکی تازە دادەنێت ساڵیکی تر پرۆگرامێکی تر چاپ دەکات گوایە سیستەمی نوێیە.یاسایەک ئەمرۆ دەردەچێت بەیانی هەموار دەکرێت. پرۆژەیەک هێشتا نەکراوەتەوە خراپ دەبێت. گۆرانیبێژی وا هەیە هیشتا قەرزی سیدیەکەی نەداوەتەوە ، کەچی گۆرانیەکانی لە سەر جادە کەوتوون و بۆ کۆپیکردنەوە تۆزیان لە سەر هەڵنیشتووە.خەریکە هەندێ لە شوقەکان نۆژەن دەکرێنەوە ، کەچی هێشتا دابەشنەکراوون.گەنجی وامان پەیدا بووە ، هێشتا مانگی هەنگوینی تەواو نەکردووە ، سێ بەردی خستۆتە کۆشی ژنەکەی . هەندێ لە ژنەکانیش هەموو مانگێ زیرو ژمارەی مۆبایل و هاندەکەی دەگۆرن، ئەوا شوشەوات و قاپ و کەرستەی ماڵ لە گەڵ هیچ دانیە.
لە سایەی بازاری ئازادیش هەرچی کەل و پەلی وەکو ماست و پەنیرو گۆشت و بیسکویت و شەربەت و دەرمان و خۆراک و هەتا دەگاتە خەنەی پیرەژنان و مکیاژ و بابوجی ژنان و شیری منداڵان وبۆیەی رەشی سمیلی بەرپرسان ، مانگێک پێناچێت ئیکسپایەر دەبێت!!! هەندێ لە کوری بەرپرسان و بنەماڵە ناسراوەکان و بازرگانە کان سەریان لە کاماش دەرناچێت ، کەچی بە پارە، بروانامەیەکی ئیکسپایەردەبێتە بەرپرسی فەرمانگەیەک و فەلسەفە بە سەر خەڵک لی دەدات و بە تەمبەڵ و نەزان و ئیکسپایەریان لە قەلەم دەدات..
بۆیە لە سایەی ئەم جۆرە بەرپرسانە ، ئەم وڵاتە ئاوی روونی لێ نەماوەو هەمووی ئیکسپایەر بووە ، ئەگەر ئەمە کار و کردەو و گوزەرانی هەموومان بێت ، هەر لە مندال َو هاووڵاتی سادەو نەخویندەوارەوە ، تا دەگاتە رۆشنبیرو هونەرمەندو شیرەتکارو بەرپرس و پەرلەمانتارو وهزیر و ...هتد بێت . ئاخۆ بۆ ناوی ئەم وڵاتە نەکەین بە وڵاتی ئیکسپایەر!!!!!
رواندز
|