په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٢\٢٠١٢

وڵاتی عێراق؛ هەشتەمین سەیروسەمەرەی جیهان؟!


ستار محەمەد قادر   


ئەم وڵاتە بەم پێکهاتە پڕ کێشمە کێش و نا ڕیکەی ئێستایەوە، دەتوانین بە هەشتەمین سەیرو سەمەرەکانی جیهان ناو زەدی بکەین، ئاخر هەر لە بەرایی ئاوا کردنیەوە نەیتوانیوە ببێت بە دەوڵەتی هیچ یەکێک لە نەتەوەکان، هەر وەکو نەشیتوانیوە مافی هاوڵاتی و هاونیشتیمانیەکان وەکو یەک بپارێزێت، هەمیشە باڵا دەستی یەکێک لە پێکهاتەکەی هەڕەشە بووە بۆ سەر ئەوەکەی تریان، وەکو بینیمان لە ماوەی هەشتا ساڵی رابردوودا باڵا دەستی سوننە چ کارەساتێکی بە سەر شیعەو کوردا هێنا، هەر وەکو ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەیبینین، ئەمجارەیان سوننەی عەرەب گومان لە باڵا دەستی عەرەبی شیعە دەکاو سڵ لەو دیمۆکراسیەتەیش دەکات کە بە تەوافوق نراوەتە پێوە!


لە سەردەمی رژێمی بەعسدا زۆر گوێبیستی ئەو گووتەیە دەبووین، کە ئایدۆلۆژیای بەعسی خۆی بە پارێزەری بەوابەی شەرقی دا دەناو جگە لەو حوکمە زاتیە کارتۆنیە ئیتر فیدراڵیان بە هێڵی سوور لە قەڵەم دەدا بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق، هەر وەکو ئێستا گوێمان لە هەمان خیتاب دەبێت بەڵام لە فۆرمێکی تردا، ئەمجارەیان لە زاری شیعەکانەوە ئەوە دەبیستین، خۆیان بە داکۆکیکەرو پارێزەری ئەم وڵاتە لە سۆنگەی باڵا دەستیانەوە دەناسێنن، ئەمە یەکێکە لە نیشانە هەرە بەرچاو و سەیرو سەمەرەکانی ئەم وڵاتە، لەوەیش سەیرتر ئەگەر هەر یەکێک لە سەرکردەی کوتلە سیاسیەکان بدوێنین، بە شێوەیەک باس لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات، وەکو ئەوەی خۆیانیش لێی بە گومان بن، ئەگەر لە هەڵوێستیشیان بنواڕین، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، هەر خودی خۆیان دوژمنێکی سەر سەختی یەکپارچەیی خاکی عێراقن!


بە راستی مرۆڤ لەم مەتەڵە تێ ناگات، ئەگەر بەرژەوەندی سەرجەم پێکهاتەی ئەم وڵاتە لەوەدایە عێراق هەڵبووەشێنرێتەوەو لەسەر نەخشەی جۆگرافیا ناوی بسڕێتەوە،... بۆ نا؟! ئەگەر بۆ عارەوێکی سوننە وا باشترە لە ماڵەکەی خۆیدا بە کەماڵی ئیسراحەت پێکانی رابکێشێت بە بێ ئەوەی تەجاوزی ماڵێکی شیعە بکات،... بۆ نا؟! دەبێ عارەوێکی شیعەیش باش ئەوە بزانێت، بۆ ئەویش وا باشترە رۆژێک زووتر خۆی لە دەستی ئەو هاوکێشە هەرێمی و نێو دەوڵەتیە رزگار بکات وا بە شێوەیەک ئاڕاستەی دەکات بۆ ئەوەی ئەویش هەمان هەڵەی عارەوی سوننە دووبارە بکاتەوە! ئەمڕۆ عارەوی شیعە لە ژێر ناوی زۆرینەو ئیستیحقاقی هەڵبژاردندا نابێت عێراق بگەڕێننەوە بۆ خاڵی سفرو هەمان هەڵەی رژێمی رووخاو دووبارە بکاتەوەو لە خەیاڵدانیدا ئەوە بەرجەستە بێت ئەوی زۆرینە دەبێت خاوەنی بڕیاری سیاسی بێ و چارەنووسی عارەوی سوننەو کورد لە ژێر رەحمەت و هەژموونیدا بێت، دەبێت هەموو لایەک بە جورئەتەوە بگەڕێنەوە بۆ لای مەنتیق و مەزوعیانە باس لە نەخۆشیە موزمینەکەی ئەم وڵاتە بکەن، ئەو نەخۆشیەی کە لە بنەڕەتەوە پێویستی بە نەشتەرگەری هەیەو ناکرێت حەبی موسەکین و ئازار شکێن بە چارەسەری دابنرێت، چونکە بە هیچ شێوەیەک نابێت یەک پارچەیی خاکی عێراق بە بنەما وەربگیردرێت، بەڵکو دەبێت ئاسوودەیی و بەختەوەری گەلانی عێراق بە بنەما وەربگیردرێت، ئەوەی لە رابردوودا روویدا، هەڵەیەکە باجەکەی هەموو عێراقیەکان دایان و ئێستایش دەیدەن!


ئەو وڵاتەی وا ئەمڕۆ هەر هەموو سیاسیەکانیان پێیەوە گیرۆدەن و ناتوانن چارەسەرێکی گونجاو بۆ دەرچوون لە قەیرانەکانی بدۆزنەوە، نیشانەی هەڵەیەکی مێژووییە، هەڵەیەک لە بنەڕەتەوە رەچاوی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزی تێدا کراوە، نەک گەلانی ناو چوار چێوەی عێراق، عێراق بەم وێنەیەوە هەمیشە دەکەوێتە خانەیەکەوە ئەوەندەی لە خزمەتی ئەجێندای دەرەکیدا دەبێت، خزمەت بە ناوخۆی ناکات، ئەم هاوکێشەیە هەڵە قبووڵ ناکات، چونکە دەبێت ئەزموون لە هەشتا ساڵی رابردوو وەربگرین، ئەوەمان لە بەرچاو بێت، میللەتێک بەم رەوشەی ئێستایەوە لە توانایدا بێت دیکتاتۆرێک بەرهەم بهێنێت، دەتوانێت هیی دیکەش درووست بکات، ساڵانێکی زۆرە گەلانی ئەم وڵاتە دەکرێن بە قوربانی لە پێناوی عێراقێک کە بۆ عێراقیەکان لە دێوە زمە دەچێت، با ئەمجارەیان سیاسیەکان بە جورئەتەوە ئەو بڕیارە وەربگرن عێراق بکەن بە قوربانی بۆ مرۆڤەکان، ناکرێت یەکپارچەیی خاکی عێراق تخووبی پیرۆزی ئینسان تێپەڕێنێت، لە کاتێکدا هەر هەموومان باش ئەوە دەزانین، عێراق بەم شکڵەی ئێستایەوە نا کارایەو ناتوانێت ببێت بە وڵاتێک ئایندەی هەبێت، ناتوانێت ببێت بە وڵاتی کوردو عارەوی شیعەو سوننەو کەمە نەتەوەکانی دیکە، بۆیە بۆ ئەوەی لەوە زیاتر سەرگەردان نەبین، پێویستە ئێمەی کورد تخووبی پیرۆزی وڵاتێکی بێ بەها ببەزێنین، وڵاتێک نە فیدراڵیەت دەتوانێت برینەکانی تیمار بکات، نە دیمۆکراسیەتیش لە خاکەکەیدا چەکەرە دەکات، ئەمەش یەکێکە لەو نیشانە دیارانەی کە سەیرو سەمەرەیی ئەم وڵاتە دەسەلمێنێت؟!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک