په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

وەڵاتی هەژارەکان و حکومەتی سەرمایەدارەکان!

سەلام عەبدوڵا 


ئێستا گوێ لە سروودەکەی ڤیگتۆر گارا(فێنسرێمۆس)و(ئەفریقا)ەکەی مریەم مەکیبا دەگرم و بیرم بۆ لای ئەو دایک وسێ منداڵەکەی رۆیشت کە ئیمڕۆ لەسەر شەقام رووی تێکردم و لەبەردەم 3برادەر پێی وتم: ناوم بۆ یارمەتی دەنووسی؟!. هەر ئەمە نا، ئەو رۆژە عەدنان عرێبی پێی وتم: (دەیان ساڵە شوعیم و ئێستا بە قاچێکی پەککەوتوو بێکارو نەدارم. تا پێشی شەش مانگ لە هوتێل دەژیام و لەبەر ئەوەی ناتوانم پارەی هوتێل بدەم، ناچارم لەناو خانەکەی سەعدی دەخەوم). کاتێ(جەلیل حەلاج)م بینی، پارچە وەرەقەیەکی بچوکی پێدام و ناوی4خێزانی هەژاری گەڕەکی(عەبدوڵڵا بەگ)ی لەسەری نووسرابوو و وتی ئەوەش ناوی یەکێکی ترە(ئاریان نەوزاد نەریمان، یەتیم و نەخۆشە و لە ئاوایی(دارا)دەژێ. بەڕاست ئەوەش ژمارەی تەلەفۆنی سەباح ئەرکەوازییە(07708920791)و گلەیی هەیە و وتی: مامۆستا لە قوتابخانەی ئەرکەوازییە، کەچی تا ئێستا سەردانی نەکردووم!
کاتێ لە جەمعێکدا باسی نەهامەتییەکانی خەڵکم کرد، (موزەفەر فڵامەرز گومەر) بە قاچێکی شەل و چاوێکی نابینا، هەمیشە رانەک و کراسێکی شڕی لەبەرە، لە تەنیشتمەوە وەک بڵێی هەلێکی زێڕینی دەستکەوت و خێرا وتی(مامۆستا ماڵەکەمان کەلاوەیەو ئاو لەهەموو سوچێکەوە دەچۆڕەێ. خوشکەکەم کەمئەندامەو ناتوانین خزمەتی بکەین، بۆیە ناردومانە بۆ ماڵی ناسیاوێکمان لە کارێز!)...


ئەم ئێوارە برادەرێک تەلەفۆنی کرد و تی: ئەزانی20خێزان لە ئیرانەوە گەڕاونەتەوەو ئێستا لە(بەختیاری)نیشتەجێن؟
- نەخێر.
بەڕاست ئێستا ئەو خێزانانە لە کوێ نیشتەجێ دەبن؟!
وێنەی چادرو قوڕاوی بەختیاری و دەموچاوی روخساری مرۆڤی لانە شێواو و سەرسوڕمانیان بەرچاومی گرت، بۆیە سەڕای تاریکی، بەڵام تازە تاقە مانای ئەم ئێوارەیە خۆی لە گەڕان بەدوای ئەو خێزانانە دەبینێتەوە:


13کەس لەناو ژوورێکی بچووک و تاریک لە بەختیاری(2) داگیرساون.


حەسەن وەلی ساڵح و هاوسەرەکەی فەوزیە محەممەد ساڵح لەگەل سێ منداڵ(سەڵاح، نادیە، حەیدەر)و فەلاح و هاوسەرەکەی(ئەخڵاس حوسین)و منداڵەکەیان(رەزا)+نەجاح(07701059786)و هاوسەرو 2منداڵ، هەرهەموویان بەدەوری چراکەیان دانیشتون و چاوەڕوانی"رەحمەتن"!


حەسەن وتی: کارمەندانی سەفارەتی ئیراق لە ئیران بە ئێمەیان وت بارودۆخی ئیراق باشەو لەگەل گڕانەوەتان حکومەت بەباشی خزمەتتان دەکات. بە هەر کەسێک500دۆلاریان داو پاشان لەسەر سنوور بۆ هەر کەسێک50دۆلاریان خەرج کرد. سەبارەت بە نیشتەجێبوون پێیان وتین"حکومەت کرێی خانووەکانتان لە ئەستۆ دەگرێت"، بەڵام هیچ کەس پێشوازی لێ نەکردین و ئێستا نازانین روو لە کوێ بکەین و بەناچاری هەر هەموومان لەم ژوورە بچووکە نیشتەجێ بووین! هێشتا نە رووی حکومەتمان بینیوەو نە خانوو و نە بەرپرسێکی کوردیش لێمان دەپرسێتەوە!


پێش نزیکەی28ساڵە حکومەتی ئیراق بە زۆرەملی بۆ ئێران دیپۆرتی کردین و لە قەزای(ئەزنا)سەر بە پارێزگای لورستان، نیشتەجێ بووین و ئێستا بۆ وەڵاتەکەمان گەڕاینەوە.


بۆچی گەڕانەوە؟
حەسەن: تاکەی لە غەریبی بژین؟ هیچ سوودی نییە لە ئێران هەر پێیان دەوتین"عەرەبەکان"، بەڵام ئێمە کوردین و خەڵکی(بەلەدروز)ین.
زۆربەی خێزانەکان بەسەر ناسیاو کەسوکارەکانیان دابەشبوون و مرۆڤ ناتوانێت بەم تاریکە شەوە بیاندۆزێتەوە.


لەبری هەر هەوڵ و ئاوڕدانەوە یان چارەسەرێکی شایستە بۆ کێشەی ئەم هاوڵاتییە نەگبەتانە، هەواڵەکانی ئیمڕۆ رایانگەیاند کە بۆ یەکەم جارە لە مێژوو، هێڵی شەمەندنەفەر لەناو شاری هەولێر لەلایەن کۆمپانیایەکی بەلژیکی دادەمەزرێت!


حکومەتی هەرێم لەسەر سەری دەڕوات، ئەگەر وانییە، بۆچی یەکەمجار لانی کەمی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤی دابین ناکات؟ ئایا ئەم جۆرە مرۆڤانە بێجگە لە بەدبەختی و بەفیڕۆدانی کاتژمێرەکانی ژیانیان، هیچ شتێکی تر بە وەڵاتەکەیان دەیانبەستێتەوە؟ ئایا ئاکامی پشتگوێخستنی داخوازییە سەرەتاییەکانی هەژارەکان چی دەبێت؟


حەجاجەکان و حکومەت دوو رووی یەک دراون، لەبری ئەوەی داهاتەکەیان بۆ لەناوبردنی هەژاری تەرخان بکەن، سەردانی جەزیرەی عەرەبی دەکەن و جیاوازییەکان هەر ئەوەندەیە: لەسەر حیسابی هەژاران و لێقەوماوەکانی وەڵاتەکە، حکومەت بیر لە سەرمایەگوزاری دەکات و جەجاجەکان لە بەهەشت...سەرمایە و بەهەشت سەرچاوەی خۆشبەختیانەو بە هەژارەکانیش دەڵێن: کێ لەبرساندا مردووە، خوا رەحیمە؟!


رەحیمە ئاسنگەری دەکردو پاشان"تەرفیعیکرد"و بوو بە کرێکاری بیناسازی، بەڵام هەمیشە روبعە عەرەقەکەی لەگیرفان بوو...نۆش برا نۆش... پێشی کۆچی دوایی، خەڵکی شارەکە دەیانگوت: لە قەبریش بێت، بۆنی عەرەقەکەی گۆڕستانەکە دەگرێتەوە!


خۆزگا حکومەت و حەجاجەکان لە وەڵاتی هەژارو پەراوێزخراو نەگبەتەکان، پێش وتاردانە ئاگرینەکانیان و بیرکردن لە خەرجکردنی داهاتی ستەمدیدەو چەوساوەکان بۆ"فەریزەی" حەج، یەکەم جار خەمی هەژارەکان بڕوێننەوە، پاشان"خوامکرد" هەموو رۆژێ، سەد جار گێڕی شەمەندنەفەرەکەی هەولێر بەرەو مەکە بگۆڕن!