٢٩\٨\٢٠١٩
وڵاتی
ناو دەنکە هەنار.

نەژاد عەزیز سورمێ
(لەو دیو دێوجامەی
نائومێدیدا، گۆرستانەكانیان ئاوەدان دەكردەوە
چ خەمت بوو ، هەردوو چاوت گیرا بوو ، جێی تاڵە هەتاوێكیان تیا نەمابوو....
(ئیساكا)ت لە چاوێك و (پنلۆپ)ت لە چاوەكەی دی هەڵگرتبوو).
چۆلەكەیش هێللانەی هەبوو
شەوان سەری غەریبی خۆی پێ دەكرد
بێ مرادی ،
لە كاروانسەرای (شكۆ) وە دەستی پێ كرد..
ڕەزمگێران ،
تاسەی كروزانەوەی وڵاتێك بوون
نە تەختی هەبوو نە تەلار
لە بێپەروایی زەمەندی خەونەكانمان نەخشابوون ..
(ئەمه وڵاتی من نییە وەرزبازیی
وێنەی تنۆكە ئارەقێك
بەلاجانگی دێتە خوارێ. .
ئەوە وڵاتی من نییە،
چۆلەكە لە بەر خۆری مەلە بكەن و
بارانی لێ نەبارێ...)
تەمی سەرگەشتەیی نەبوو ئەوە كریڤ!
سنگی پێگوزەر
تیلاكی ناكامی
شەوقی چاوەڕوانی و
(باران) ی دۆستی هەژاران بوو...
دەرەوشانەوەی تارماییەكان،
توانەوەی ڕەشەبا بوو...
مەگەر نەتدی ؟
خونچەی بە چڵان و
بارانی بە هەورانەوە نەهێشتبوو..
نەتدیچەند ڕەش بوو؟
بە چڵێ هەتاو توایەوە؟
مەگەرنەتدی؟
(مەڵبەندی دونیا نەبوو ئەو
شەوێكی درێژدادڕ بوو.....
بێزاری بوو تا ڕادەی
بێزاری شەو .....)
تەنێ ئاڵای سەری خۆی بوو
تەنی من بوو
جامێ لە دەست شازادەی ساماڵتان نابوو
خوێنی من بوو
تۆ تەماشا !
ئەو زادەیە بێ وێنەیە
بە چ ژانێكی گلاراو لە دایك بوو و
ماڵئاوایی لە نیشتمانی برینان كرد ..
تەماشا….
لە شەقامە سەرمەدییەكانی مێژوودا
پیاسەت دەكرد...
ساڵی سێ زستان و
چوار زستان و
پێنج زستانت دی
لە ئەشكەوتی سڕ و بن تاوێران..
لە چاوی هاوڕێكەت بەدەر
یاوەرێكی دیكەت نەبوو ...
تۆ هەر ڕووەو بناوان كشای ..
هەبوو هەر زوو چیرۆكەكەی دوا پێ هێنا
تۆ هەر ڕووەو بناوان كشای ..
ڕووەو شكۆی گوڵڕەنگی ژیان
ڕووەو حەقیقەتەكان هەمووووی...
ئەیلوولی
١٩٩١
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|