٥\٨\٢٠١١
وڵاتی سویس له
بیست ساڵی داهاتوودا و چوار سیناریۆ.

ئه‌یوب ره‌حمانی
ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا ڕۆژێکی سێشه‌ممه له ڕێکه‌وتی 21ی مانگی شه‌شی(یوونی)
2011دا به‌رانبه‌ر به31ی جۆزه‌ردان له زانستگای که‌ره‌سته‌سازی شاری
زوریخ له وڵاتی سویس له لایه‌ن "یه‌که‌ی لێکۆڵینه‌وه بۆ داهاتووی
سویس" یا "سویس فیوچێڕ" سیمینارێک له ژێر ناونیشانی "به‌هاکانی
ئاڵووگۆڕ له سویس- چوار سێناریۆ" به ڕێوه چوو. له‌و سیمیناره‌دا
کۆمه‌ڵێکی زۆر پسپۆڕ و شاره‌زا له بواره جۆربه‌جۆره‌کانی یاسایی،
کۆمه‌ڵناسی، مه‌ده‌نییه‌ت، ته‌کنۆلۆژیا و زۆر پسپۆڕی دیکه وێڕای کۆمه‌ڵێکیش
خوێندکاری بواره جۆربه‌جۆره‌کانی زانستی و پزشکی و هتد به‌شدار بوون.
نرخی چوونه ژووره‌وه په‌نجا فڕانک بوو.
یه‌که‌ی لێکۆڵینه‌وه بۆ داهاتووی سویس خۆی ڕێکخراوێکه که وه‌ک له
ناوه‌که‌یه‌وه دیاره لێکۆڵینه‌وه بۆ داهاتوو ده‌کات و حه‌ول ده‌دات
زانیاری به خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته ببه‌خشێت که چۆن بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی
داهاتووی خۆیان و وڵاته‌که‌یان و چاره‌نووسیان، به ده‌ست و پلانی
خۆیان دابڕێژن و داهاتوو نه‌ده‌نه ده‌ست قه‌ده‌ر و ته‌قدیر و نه‌ڵێن
هه‌ر چی پێشهات با بێت، به‌ڵکوو بۆخۆیان دایبمه‌زرێنن، به‌و جۆره‌ی که
له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌که‌یان و خه‌ڵکه‌که‌یاندا بێت و ئه‌مه‌ش بۆ
داهاتوویه‌کی ڕوون و ده‌سته‌مۆی ده‌ستی خۆیان. له‌م سمیناره‌دا چوار
سیناریۆ بۆ داهاتووی وڵاته‌که‌یان خرایه به‌ر تیشکی لێکۆڵینه‌وه و ڕه‌خنه
و یه‌ک به دوای یه‌ک تاوتوێ کران. چوار سیناریۆکه ئه‌مانه بوون، یه‌که‌م:
سویسی له‌خۆبایی و لووت به‌رز، دووهه‌م: سویسی شه‌ڕئاژۆ، سێهه‌م: سویسی
ئابوری و چواره‌م: سویسی ترس. پرسیار ئه‌مه بوو که کام یه‌ک له‌م
مۆدێلانه بۆ داهاتووی وڵاته‌که‌یان له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موولایه‌کدا
ئه‌بێت و بۆ نمونه ساڵی 2030 واته نۆزده ساڵی دیکه ئه‌بێ ئه‌م
وڵاته چۆن بێت و به‌ره‌و چ ئاقارێک بڕاوت که شیرازه‌که‌ی لێک هه‌ڵنه‌وه‌شێت
و له ده‌سته‌مۆی خۆشیاندا بمێنێته‌وه و خه‌ڵکه‌که‌ی له ئاسایش‌دا
بمێننه‌وه و وڵاته‌که‌یشیان هه‌ر وا وه‌ک ئێستا ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌وڵه‌مه‌ندتر
ببێته‌وه؟ درووشمی سیمیناره‌که ئه‌مه بوو: ده‌وڵه‌مه‌ند و له‌خۆبایی
یا هه‌ژار و شه‌ڕاوی؟ لێره‌دا منیش هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌ر چوار سیناریۆکه‌ی
که باسیان لێوه کرا و هه‌ڵسه‌نگێندران بخه‌مه به‌ر دیده‌ی خوێنه‌رانی
کورد زمان. پێشکه‌شکاری سیمیناره‌که ئاغای جۆرج ڕووس بوو.
سیناریۆی یه‌که‌م: ئه‌گه‌ر ساڵی 2030 سویس له‌خۆبایی و لووت به‌رز بێت
(بمێنێت). له‌م سیناریۆیه‌دا سویس وه‌زعی باش ده‌بێت، ته‌ره‌قی ده‌کات،
وڵات ده‌وڵه‌مه‌ندتر، ئاکادێمیکتر و له باری ئه‌منییه‌تی ئه‌مینتر ده‌بێت.
به بڕوای من وه‌ک نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه سویس چه‌ند ساڵێکه له‌م
سیناریۆیه‌دا ئه‌ژی که سیناریۆیه‌کی نێئۆلیبڕاڵی بێڕه‌حم و
ئاریستۆکراتیکه که به‌رژه‌وه‌ندیی قسه‌ی یه‌که‌م و کۆتایش ده‌کات و له‌م
سیناریۆیه‌دا هیچ شتێکی دیکه به‌ها په‌یدا ناکات، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی
سویسی تێدا نه‌پارێزرابێ!!
به پێی لێکۆڵینه‌وه‌کانی سویس فیوچێڕ، ئه‌گه‌ر ئه‌م وڵاته به شێوه‌ی
سیناریۆی یه‌که‌م بڕواته پێش، له ساڵی 2030دا 60%ی خه‌ڵک مه‌دره‌کی
دانشگایان پێیه، پێکهاته و فه‌راوه‌رده ناوخۆییه‌کان هه‌ر ساڵه‌ی 2%
زیاتر ده‌بێت، واته تا ئه‌وکات 38%ی پێ زیاد بووه، حه‌دی ناوه‌ڕاستی
(میانگینی) ده‌سحه‌قی مانگانه‌ی خه‌ڵکی عادی ئه‌چێته سه‌ر تا مانگی
8500 فڕانک که ده‌وڵه‌ت 32%ی ئه‌بات وه‌ک ماڵیات و زه‌ڕێبه و ئه‌مانه.
54 له سه‌دی خه‌ڵکی ناو وڵات به کاره‌وه خه‌ریکن، ڕێژه‌ی بێ‌کاری تا
3% که‌م ئه‌بێته‌وه، ماده سڕکه‌ره‌کان ئازاد ده‌کرێن، ساڵی 45000
خاریجی دێنه ناوه‌وه و به دانیشتوان زیاد ده‌بن، حه‌شیمه‌ت ئه‌بێته
نۆ و نیو میلیۆن که 24 ده‌ڕسه‌دی بێگانه‌ن (ئێستا حه‌شیمه‌ت حه‌وت
میلیۆنه)، میانگین یا حه‌دی ناوه‌ڕاستی منداڵدار بوونی هه‌ر ژنێک ئه‌کاته
یه‌ک و نیو ده‌ڕسه‌د، کۆمه‌ڵگا هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی لاواز ده‌بێ و وڵات
ئه‌بێته گۆڕه‌پانێکی کێ به‌ر کێی ئابوری و هتد که هه‌ر که‌سه و
بۆخۆی له سه‌ر به‌رپرسیاره‌تی خۆی و تواناییه‌کانی قومار یا هه‌ڵس و
که‌وت ده‌کات. ئاغای ڕووس خاڵی ئه‌رێنی ئه‌م سیناریۆیه به: "ڕوانینه‌وه‌ی
ترس له داهاتوو" ناوده‌بات. واته به جێگای ئه‌وه‌ی دابنیشین ده‌ست
له سه‌ر ده‌ست دانێین و هیچ نه‌که‌ین و له داهاتوو بترسین، به پێچه‌وانه
به‌رپرسیاره‌تی ئه‌گرینه ئه‌ستۆ و چالاک ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی سویسیه‌کان
بکه‌ینه پڕ کێبه‌رکێترین نه‌ته‌وه‌ی جیهان، (ن: دیاره ئه‌گه‌ر سویسیی
به نه‌ته‌وه‌یه‌ک حیساب بکرێن، بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتوانی له چوار نه‌ته‌وه‌ی
جیاوازی ئاڵمانی و فه‌ڕانسه‌یی و ئیتالی و یه‌ک ده‌ڕسه‌دیش ڕێتۆڕۆمانیش
زمان پێکهاتوون به عه‌لاوه‌ی یه‌ک میلیۆنیش خاریجی). ئاغای ڕووس خاڵی
نه‌رێنی ئه‌م سیناریۆیه به‌مه ده‌زانێت که "ئه‌گه‌ر بێت و قه‌یرانێکی
ئابووری له‌م وڵاته بدات، ئه‌وا گه‌وره‌ترین و قورسترین زه‌ربه به‌ر
وڵات ئه‌که‌وێت" ئه‌م ترسه‌ش لێره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت که وڵاتێکی
له‌خۆبایی و لووت به‌رز که هه‌ر خۆی ده‌بینێت و ته‌نانه‌ت ئاماده‌ش
نییه بچێته ناو بازاڕی یه‌کگرتووی ئوروپا، ئێستا ته‌ریک که‌وتۆته‌وه
و له کاتی گرفتی ئابوریشدا ته‌ریکتر ده‌که‌وێته‌وه و ئه‌مه‌ش یانی
سقوتی ئازاد و خۆکووژی. خاڵی جێگای سه‌رنج ئه‌م پێگه‌یشتنه‌یه که
سویس فیوچێڕ پێی وایه له ساڵی 2030 عه‌قدی زیواجاتی ژن و پیاو
سنوردار ده‌کرێت بۆ پێنج ساڵ. واته ئه‌وانه‌ی بوونه ژن و پیاو به فه‌رمی
و ناوی خۆیان سه‌پت کرد، عه‌قده‌که‌یان عه‌قدێکی پێنج ساڵه ده‌بێت و
نه‌ک بۆ داییم، وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئێستا هه‌یه. جا ئه‌و ژن و شووانه‌ی
که پێش ته‌واو بوونی عه‌قده‌که زانیان هێشتا یه‌کترینیان خۆش ئه‌وێت
و پێکه‌وه ده‌مێننه‌وه، ئه‌وا ئه‌بێ نۆبه بگرنه‌وه و عه‌قده‌که‌یان
بۆ پێنج ساڵی داهاتوو نوێ بکه‌نه‌وه، هه‌ر جووتێک ئه‌و کاره نه‌کات
به شێوه‌ی ئاوتۆمات یا خۆسه‌ر ته‌ڵاقیان وه‌رگرتووه!!
سیناریۆی دووهه‌م: سویسی شه‌ڕانی (ئه‌م سیناریۆیه هه‌ندێک شتی له
ئێرانی ئه‌مڕۆ ده‌چێ). له‌م سیناریۆیه‌دا ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ده‌وڵه‌مه‌ندتر
ده‌بن و هه‌ژاره‌کان هه‌ژارتر و سویس ئه‌شێوێت به سه‌ر یه‌کدا و
کۆنتڕۆڵ له ده‌ست ئه‌چێته ده‌ر. ئابوری وڵات ته‌نیا نیو ده‌ر سه‌د له
ساڵدا زیاد ده‌کات، بێ‌کاری ده‌گاته نۆ ده‌ڕسه‌د، حه‌قده‌ست حه‌وت هه‌زار
فڕانک ده‌بێت که نیوه‌ی واته 50%ی ده‌وڵه‌ت ئه‌یبات. ته‌مه‌نی
بازنشسته بوون یا ته‌قاعود 66 ساڵ، به‌ڵام پاره‌که‌ی هێنده که‌مه که
له هه‌ر دوو که‌س یه‌کیان ئه‌بێت درێژه به کاره‌که‌ی بدات بۆ ئه‌وه‌ی
پاره‌که‌ی به‌شی بکات. زۆربوونی هه‌ژاری و که‌م بوونی ئاسایش وا ده‌کات
که خه‌ڵک ڕووبکه‌نه ماده سڕکه‌ره‌کان (وه‌ک ئێرانی ئێستا). منداڵ
ناخوازرێت و حه‌دی ناوه‌ڕاست یا میانگینی منداڵدار بوون تا 1.2% بۆ هه‌ر
ژنێک دێته خوار. سویس بۆته ئه‌ندامی ئوروپای یه‌کگرتوو و ئاژاوه له
وڵات زیاتر ده‌بێت و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان له ناوچه‌ی پارێزراو ده‌ژین و
هاوکات ناوچه‌ی هه‌ژار نشینیش پێک دێت که ته‌نانه‌ت پۆلیسیش ناوێرێت
تخوونی که‌وێت، هێند نائه‌من ده‌بێت. ئاغای ڕووس له‌مباره‌وه ده‌ڵێت:
ئالێره‌وه بۆمان ده‌ر ده‌که‌وێت که پۆلیمیک و موشاجره و قووتبی بوون
وڵات به‌ره‌و سقوت ده‌به‌ن و هاوکات جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه
که له گه‌ڕه‌که کۆچبه‌ره‌کان (موهاجیرنشینه‌کان) شه‌ریعه‌تی ئیسلامی
حوکم ده‌کات و ته‌ڵاق و زیواج به پێی شه‌ریعه‌ت به‌ڕێوه ده‌چن!
سیناریۆی سێهه‌م: سویسی ئابوری یا سویس باڵانس (ئه‌م سیناریۆیه هه‌ندێکی
له وڵاتانی دیکه‌ی ئوروپا ده‌چێت وه‌ک ئاڵمان و فه‌ڕانسه و سۆئێد و
هۆڵه‌ند و ...). له‌م سیناریۆیه‌دا وڵات باڵانسێک له به‌ینی ئابوری و
ژینگه‌پارێزیدا په‌ید ده‌کات. سویس بۆته ئه‌ندامی ئوروپای یه‌کگرتوو،
حه‌ولی ڕاهێنان و بارهێنان زیاد ده‌کات، شانسی یه‌کسان و به‌رابه‌ر بۆ
هه‌موو که‌سی خاریجی و ناوخۆیی وه‌ک یه‌ک ده‌بێت، هه‌موو ماڵێک خۆی وزه‌ی
خۆی له ڕێگای سرووشتییه‌وه وه‌کو با و خۆر و ئاو به‌ده‌ست دێنێت.
سویس ته‌ره‌قی ده‌کات، پێداویستیی ناوخۆیی تا 1.5 ده‌رسه‌د ساڵانه
زیاد ده‌کات و خودکه‌فایی پێک دێ، حه‌قده‌ست ده‌گاته 8000 له مانگدا،
حه‌شیمه‌ت ده‌گاته نۆ و نیو میلیۆن، زانیاری و خوێندن گرنگی زیاتری پێ
ده‌درێت و 60%ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له بیست و پێنج ساڵ به‌ره‌وژوورن مه‌دره‌کی
دانشگایان ده‌بێت. ئابووری وڵات ئه‌چێته سه‌رتر و ته‌نیا 2% بێ‌کاری
بوونی ده‌بێت. ته‌مه‌نی ته‌قاعود یا بازنشسته بوون تا 45 ساڵ دێته
خوار و ته‌نانه‌ت بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی که 7 ساڵی ته‌مه‌نیان به منداڵ
به‌خێو کردنه‌وه خه‌ریک کردبێت، ته‌مه‌نی بازنشسته بوون له 38
ساڵییه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات! (ئێستا له سویس 65 ساڵه و له ئێران پاش
30 ساڵ کاری ده‌وڵه‌تییه). حه‌دی ناوه‌ڕاستی منداڵدار بوون بۆ هه‌ر یه‌ک
ژن ده‌چێته سه‌ر تا 1.8%، حه‌شیمه‌ت زیاد ده‌کات، جه‌نایه‌ت یا
کریمیناڵیتێت زۆر که‌م ده‌بێته‌وه، ئایین و ئایدیۆلۆژییه‌کان ده‌بنه
پریۆریته‌ی دووهه‌م و به‌ره‌وخوار، نه‌ک گرنگترین شت و ڕێگا چاره
سیاسی و ئابورییه‌کانیش ئاسانتر ده‌دۆزرێنه‌وه. ئاغای ڕووس له‌مباره‌وه
جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که له‌م سیناریۆیه‌دا ژینگه‌پارێزی
و به‌ده‌ست هێنانی وزه له ڕێگا سرووشتییه‌کانه‌وه زۆر له گرنگیدایه،
مرۆڤه‌کان زیاتر ژینگه و زه‌خیره ژێرزه‌وینییه فوسولیه‌کان ده‌پارێزن
و که‌متر ده‌یانسووتێنن، سڵامه‌تی و دۆستایه‌تی و گرنگیدان به ده‌ر و
دراوسێ و ئه‌مانه‌ش زیاد ده‌که‌ن. ئه‌م سیناریۆ سویس به‌ره‌و باشترین
ئاقاری خۆی ده‌بات، به‌س ئێستا دووره له‌م سیناریۆیه (سویس ئه‌مڕۆ له
سیناریۆی یه‌که‌مدا ده‌ژی). خاڵه ئه‌رێنیه‌کانی ئه‌م سیناریۆیه زۆرن،
ئاسایش به‌رز ده‌بێته‌وه، ژن و پیاو که خاوه‌ن منداڵبن، جۆرێک حه‌قی
بازنشسته بوون وه‌رده‌گرن، (پێموابێت له وڵاتی سۆئێد له سکاندیناڤی
حاڵه‌تێکی نیزیکی ئه‌م سیناریۆیه بوونی هه‌بێت هه‌ر ئێستاکه)، ماشینه‌کان
به‌رقین یا به وزه‌ی سرووشتی کار ده‌که‌ن، وزه‌ی ماڵه‌کان وه‌ک
باسیکرا سه‌ربه‌خۆ وه‌دی دێن و ته‌نانه‌ت بیر له دانانی حه‌وتووی "بێ
هه‌ندیی یا بێ مۆبایل" ده‌کرێته‌وه. (ئێستا له هه‌ندێک له وڵاتانی
ئوروپایی داوا له خوێندکاره مێرمنداڵه‌کان، که له قۆناخی مۆبایل و
ئینتێڕنێت له‌دایک بوون، ده‌که‌ن که داوته‌ڵه‌ب ببن و حه‌وتوویه‌ک هه‌ندیی
به‌کار نه‌هێنن، بزانن ژیانی ئه‌و یه‌ک حه‌وتووه‌یان به بێ مۆبایل و
بێ ئێس ئێم ئێس چۆن ئه‌ڕواته پێش).
سیناریۆی چواره‌م: سویسی ترس. له‌م سیناریۆیه‌دا سویس حاڵه‌تی به‌رگری
به‌خۆیه‌وه ده‌گرێت و خۆی له باقی وڵاتانی جیهان ئیزۆله ده‌کات (ن:
وه‌ک کۆره‌ی باکور) حاڵه‌تی ئاماده‌باش ئه‌بێته پڕنسیپی ڕۆژانه و
وڵات به‌ره‌و هه‌ژاری و ناسه‌قامگیری ئه‌ڕوات. وڵات له هه‌ر جۆره ئاڵ
و گۆڕ و خۆنوێکردنه‌وه‌یه‌ک ده‌ترسێت و تووشی ڕاوه‌ستان و ڕێکوود و که‌سادی
ده‌بێت. ته‌ره‌قی ئابووری ئه‌گه‌ر زه‌ره‌ر نه‌بێت ئه‌وا له باشترین
حاڵه‌تیدا ته‌نیا یه‌ک ده‌هوومی ده‌ڕسه‌د ده‌بێت، ئه‌مه له کاتێکدا
که ڕێژه‌ی حه‌شیمه‌ت ته‌نیا به هه‌شت میلیون ده‌گات. کۆمه‌ڵگا و نه‌ته‌وه‌ی
سویس و وه‌زعی ژیان و ئابوری خه‌ڵک زۆر خه‌راپ ده‌بێت و له هه‌ر دوو
نه‌فه‌ر هێزی ئاماده‌ی کار ته‌نیا یه‌کیان کار ده‌کات یا کاری ده‌بێت.
به گشتی هه‌شت له سه‌د ڕادی بێ‌کاری ده‌بێت. حه‌دی ده‌ستحه‌قی کار تا
5000 فڕانک (ناخالس) له مانگێکدا دائه‌به‌زێت و ئه‌ویش 60%ی حکومه‌ت
ئه‌یبات! حکومه‌ت هه‌موو جۆره خۆشی و ئاسایشێکی ژیان له خه‌ڵک مه‌حدود
و یا قه‌ده‌غه‌یان ده‌کات و هاوکات حاڵه‌تی پادگانی به خۆیه‌وه ده‌گرێت
و وه‌رزش ئیجباری ده‌کرێت و خه‌ڵک بۆ به‌رگری له سنوره‌کان ئاماده ده‌کرێن
و گرنگی به خوێندن ده‌درێت، بڵام ته‌نیا 45 له سه‌د مه‌دره‌کی
دانشگایی وه‌رده‌گرن. ئه‌م وه‌زعه کارێک ده‌کات که ده‌سمایه‌دارانی
ناوخۆیی وڵات به جێ بێڵن و سه‌رمایه‌کانیان و کارگا و کارخانه‌کانیان
به‌رنه ده‌ره‌وه و هیچ ده‌ستمایه‌یه‌کی ده‌ره‌کیش نه‌یاته نێو وڵات.
ڕێژه‌ی هاتنه ژووره‌وه‌ی کرێکارانی خاریجی به سیفر ده‌گات و به‌م
شێوه ڕێژه‌ی خاریجییه‌کان به که‌مترین ئاستی خۆی ده‌گات. سویس خۆی
ئیزۆله ده‌کاته‌وه و باوه‌ڕی به خۆدکه‌فایی خۆی په‌یدا ده‌کات یا
پێی وایه باوه‌ڕی به خۆدکه‌فاییه، به‌ڵام به‌م شێوه به‌ری هه‌ر
جۆره پێشکه‌وتنێک ده‌گیرێت.
ئاغای ڕووس ده‌ڵێت: ئه‌مه سویسێکه به ویجدانێکی موعه‌زه‌به‌وه، بۆ
ئه‌وه‌ی له په‌ستا پێمان ده‌کووترێت و ده‌یبیستینه‌وه که چه‌نده له
هه‌ڵه‌دا ده‌ژین ئێمه (وه‌ک ئێرانی ئه‌مڕۆ). ڕاده‌ی ته‌وه‌قووعاتمان
زۆر که‌م و بچکۆله ده‌بێته‌وه و هه‌رچی ده‌وڵه‌ت پێمان بڵێت و بۆمان
دیاریبکات ده‌یکه‌ین (وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌ک که حیزب تێیدا ده‌سه‌ڵاتدار
بێت!). له‌م سیناریۆیه‌دا ئه‌منییه‌ت و ژینگه‌پارێزی و سیحه‌ت و سه‌لامه‌تی
خه‌ڵک به‌رز ده‌نرخێندرێن، به‌ڵام به نرخی کۆمه‌ڵگایه‌کی داخراوی ده‌سته‌مۆی
ده‌ستی ده‌وڵه‌ت که حکومه‌ت ده‌ست له هه‌موو بواره‌کانی ژیانی خه‌ڵکدا
تێکه‌ڵ ده‌کات و کۆنتڕۆڵی خه‌ڵک ده‌کات. کاتێک زۆر وه‌زعه‌که ترسناک
ده‌بێت که ئێمه ئه‌و شاخه داره‌ی که له سه‌ری هه‌ڵنیشتووین (دانیشتووین)
ده‌بڕین. ڕووس ده‌ڵێ مه‌به‌ستم له‌مه ئه‌وه‌یه که کاتێک ئێمه له
بیست ساڵی داهاتوودا به زۆری پێویستمان به هێزی کاری ده‌ره‌کی هه‌یه،
ئێمه بێین سیاسه‌تی ئێکۆپۆپ به‌کار بێنین و ده‌رگا و سنووره‌کان له‌سه‌ر
ئه‌م هێزی کارانه دابخه‌ین و ئه‌مه به مانای بڕینه‌وه‌ی شاخه‌که‌ی
ژێر خۆمانه. له‌م سیناریۆیه‌دا ئه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ش حیساب
بکه‌ین که هه‌موو منداڵێک پێش چوون بۆ قوتابخانه تێست ده‌کرێن که
ئایا ئه‌مانه کامیان شه‌ڕکه‌ری باشیان لێ ده‌ر ده‌چێت، بۆ ئه‌وه‌ی
ئاماده‌یان بکه‌ن بۆ به‌رگری له وڵات و هاوکات خه‌ڵک له‌مه‌ڕ مه‌سره‌فگه‌رایی
وشیار ده‌کرێنه‌وه و ئیختار ده‌درێن و وڵات حاڵه‌تی کۆپینی و بایه‌ع
به خۆیه‌وه ده‌گرێت!
ئێمه‌ی کورد که ده‌وڵه‌تمان نییه چ ئێستا و چ له داهاتوودا له کام
سیناریۆدا ده‌ژین یا ده‌مانهه‌وێت بژین؟ شه‌ڕ؟ ناسه‌قامگیری؟ بێ هیوایه‌تی؟
گه‌نده‌ڵی؟ باشتر له‌مانه یا خراپتر له‌مانه، کامیان؟
ئایا هه‌رگیز بیرمان له‌مانه کردۆته‌وه؟ ئایا پێویست نییه ئێمه‌ش
گرووپێکی کارامه و لێهاتوو و پسپۆڕمان له‌مبواره‌دا به ناوی "کوردستان
فیوچێڕ" هه‌بێت و رای خۆی له‌مه‌ڕ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی
کوردستان له ئێستا و له داهاتوودا ده‌رببڕێت و ئێمه‌ش گوێی بۆ بگرین؟
یا هه‌ر ئه‌بێ ئه‌ڵا وه‌کیلی بڕۆینه پێش و له گۆتره و به شێوه‌ی عه‌شایری
شه‌رعی خۆمان بکه‌ین؟
١٢ی گه‌لاوێژی ٢٧١
ماڵپه‌ڕی ئه‌یوب ره‌حمانی
|