په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١١\٢٠١١

وردەکارییه‌کانی بڕیارنامەی کۆمکاری عەرەبی

دژ بە رژێمی سوریا لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا.


وه‌رگێڕانی لە فارسییه‌وە: ئەحمەد خوسرەوی


پاش ئەوەی کە لە لایەن ڕژیمی سوریا وە ڕێکەوتنە دولایەنەکەی نێوان کۆمکاری عەرەبی و ئەو ڕژیمە پێشێل کرا، کۆمکاری عەرەبی ڕۆژی شەمە رێکەوتی ١٢\١١\٢٠١١ لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا لە شاری قاھیرە ئەندامەتی ڕژیمی سوریای لە کۆمکاری عەرەبیدا ھەڵپەسارد.


بەر لەم کۆبوونەوەیە لیژنەیەک لە کۆمکاری عەرەبی بۆ دەرچوونی سوریا لەو قەیرانەی کە تێیدایە، لە گەڵ نوێنەرانی ڕژیمی سوریا دا ڕێکەوتن کە ڕژیمی سوریا ھەر جۆرە توندوتێژی‌یەک بوەستێنێ، ئەوانەی کە لە رووداوەکانی ئەم دوایی‌یانەدا دەستگیرکراون ئازاد کات، ھێزە نیزامی‌یەکان لە شار و ناوچەکان بباتە دەرەوە، ئیزن بە ڕاگەیاندنە سەربەخۆکان بدات تا لە مەڕ ڕاستی‌یەکان لە سوریا راپۆرت بدەن، ئیزن بە نوێنەرانی کۆمکاری عەرەبی بدات تا سەردانی ھەموو ناوچەکانی سوریا بکەن و بە چاودێری کۆمکاری عەرەبی لە گەڵ نەیارەکانی ڕژیمدا وتووێژ ئەنجام بدات.


ڕژیمی سوریا کە ھەموو بەندەکانی ئەم گەڵاڵەیە پەسەند کردبوو، ھەر ڕۆژێک پاش واژۆکردنی گەڵاڵەکە دیسانەوە درێژەی بە کوشتنی نەیارانی دا و لە پاشەکشە پێکردنی ھێزە نیزامی‌یەکانیش لە شەقامەکان خۆی بوارد.


وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب وەک کاردانەوەیەک بە ئەو کردەوەیەی سوریا لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا ئەم خاڵانەی خوارەوەی ڕاگەیاند:


١ - لە ڕێکەوتی ١٦\١١\٢٠١١ وە تا کاتی جێبەجێکردنی ھەموو بەندەکانی گەڵاڵە پێشنیارکراوەکەی کۆمکاری عەرەب کە لە ڕێکەوتی ٢\١١\٢٠١١ وە لە لایەن ھەر دوولاوە پەسەند کرا، بەشداری نوێنەرانی وڵاتی سوریا لە ھەموو کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی و ھەموو ڕێکخراوەکانی پێوەندیدار بە کۆمکاری عەرەبی‌یەوە ، دێتە ھەڵپەساردن.
٢- کۆمکاری عەرەبی بۆ پشتیوانی لە خەڵکی مەدەنی سوریا ، پێوەندی لە گەڵ رێکخراوەکانی پێوەندیدار بە دونیای عەرەبەوە دەگرێت و لە ئەگەری کۆتا نەھاتن بە توندوتێژی و کوشتارەکان، سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی لە گەڵ ڕێکخراوەکانی جیھانی مافی مرۆڤ و لەوانیش ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان پێوەندی دەگرێت و بۆ کۆتایی ھێنان بەو خوێنڕێژی‌یە ، لە گەڵ نوێنەرانی گروپە نەیارەکانی ڕژیمی سوریا دا ھاوکاری دەکات و ئاکامەکانی ئەم ھەنگاوەش لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ١٦\١١\٢٠١١ بە ئاگاداری وەزیرانی دەرەوەی ولاتانی عەرەبیدا ڕادەگەنرێت.
٣- داواکردن لە سوپای وڵاتی سوریا بۆ کۆتایی ھێنان بە توندوتێژی و کوشتاری خەڵکی سڤیل.
٤- گەماڕۆی ئابووری و سیاسی خستنە سەر دەوڵەتی سوریا.
٥- داواکردن لە وڵاتانی عەرەبی بۆ کێشانەوەی باڵوێزەکانیان لە دیمەشق.
٦- بانگھێشتن کردنی ھەموو لایەنەکانی نەیاری ڕژیمی سوریا بۆ کوبوونەوەیەکی ٣ ڕۆژە لە دەفتەری کۆمکاری عەرەبی پاش ڕێکەوتن لە سەر قۆناخی ڕاگواستنی دەسەڵات لە سوریا و پاشان کۆمکاری عەرەبی ھەنگاوی پێویست بۆ بە ڕەسمی ناساندنی نەیارانی ڕژیم ھەڵدەگرێت.
٧- ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە ئاستی وەزیراندا لە گەڵ ھەموو لایەنەکانی نەیاری ڕژیمی سوریا لە سەر ئەساسی رێکەوتنەکانی بەندی شەشەم.
٨- کۆمکاری عەرەبی بۆ ھەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی بارودۆخی سوریا بەردەوام کۆبوونەوە پێکدێنێت.
______________________________
سەرچاوە: بەشی فارسی سایتی ئەلعەرەبیە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د خوسره‌وی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک