په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٧\٢٠١٠

وڕێنەى کۆنە پێشمەرگەیەکى هەشتاکان: جارانى ئەوان و ئێمە و، ئێستاى ئێمە و ئەوان!!


رابەر رەشید   


ئەوان جاران، راوێژکارى فەوجە سووکەکانیان پێدەوتن و گەنج وکوڕوکاڵى نیوەى عەشرەت هەمیشە بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکانیان لە ئامادەباشیدا بوون و ئێمەش سەربازى راکردووى ئەم گوند و ئەو گوند!!


ئەوان جاران، جاش و جێباوەڕى دەزگا سیخوڕییەکانى بەعس بوون و ئێمەش تەتەرى نامەلۆچکەى پێشمەرگەو رێکخستنە نهێنییەکانى نێوان شارو شاخ بووین و هەر چرکەساتێکى تەمەنى لاوێتیمان مینڕێژکراو بوو و تەقینەوەى بێ ئامان بوو.


ئەوان جاران دەستیان بە کڵاوەکەى خۆیانەوە گرتبوو، با نەیبات، هەربۆیەش روو زەردانە بەشداریی قادسییە دۆڕاوەکەى سەدامیان دەکردو زۆرێک لەوانەش بوونە خاوەن بڕوانامەى بەرزو پلەوپایەى ناشایستە بەخۆیان، کەچى ئەوکاتە ئێمە ملکەچى و بەشداریکردنى قادسییەى دۆڕاوو شەڕى پێشمەرگەمان رەتدەکردەوەو روومان لە شاخ دەکردو دەبووینە پێشمەرگە.


ئەوان لە شەوە ساردو شەختەبەندەکاندا، لەو شەوانەى تفت هەڵدایە دەیبەست، تەنها ئەوەندە جورئەتیان هەبوو، لایەکى پەردەى پەنجەرەکەیان وەلانێنء بە دڵێکى لەرزۆکەوە بڵێن: واى کە شەوێکى ساردە، بەڕاستى شەوى پێشمەرگەیە!!.


ئێستا ئەوان حاکمء ئێمەش مەحکومى ژێردەستەى ئەوانین، ئەوان بەڕێوەبەرى فەرمانگەو دامودەزگاکان و ئێمەو مانانیش بەردەست و دەرکەوان و پاسەوانى شەوچەرەو شەوداوەتى هاوشێوەى سۆزانییەکانیانین!!.. کەچى هێشتا دڵیان گەرد دەگرێ، ئەگەر یەکێکمان بڵێین: ئەرێ کوڕە باشەکانى حیزب: ئێمەش کوڕى ئەم میللەتە بووین و دە جێ پێ و پێگەیەکیش بۆ ئێمە جێبهێلن، دەبا ئێمەش ئەوەندە تەمەنەى ماومانە بتوانین بە ئاسوودەیی و وەکو مرۆڤێکى ئاسایی، چارەیەکى مایەسیریی کۆم و پشتخواریء رۆماتیزمى نێو بەفرو بەستەڵەکى جارانى خۆمان بکەین، کەچى ئەوان دەڵێن: بڕۆن بابە بڕۆن، ئێوە کێنء کێ گوو بە کڵاوتان دەپێوێت، ئێوە چۆن جاران کۆڵەپشت لە کۆڵ و شەوڕۆ لەپێ و دەستوپێ قڵیشاو و کوڕى دەشتودەر بوون، ئێستاش هەر شایستەى ئەوەن، نەک گەشتى دەرەوەى وڵات و خەوى بەر سپلیت و سوارى ئۆتۆمبیلى دوا مۆدیل!!.. ئێوە ئەگەر زۆریش مەمنوون نەبن، ئامادەنین هەر بە پێشمەرگەى دێرینیش وەرتان بگرین و خۆئەگەر دڵمان پێتان نەسووتێ، ئەوا جگە لە پلەى (جوندى ئەوەل، یان نائب عەریف، یاخود عەریفێک)یشتان پآ نابەخشین، کەچى بۆ کوڕانى ئەنفالچى و متمانەپێکراوى دامودەگا سیخوڕییەکانى بەعس و خاوەن بڕوانامە بەرزەکانى ئەو سەردەمەى بەعس، هەموو شتێک لە مشەیەو ئێوەش سلێمانی وتەنى: سەرتان یاى لە بەرد!!
 

rabersaley@yahoo.com