ووشەکانی دوای ماڵئاوایی .
کهژاڵ ئیبراهیم خدر 1 ملوانکە وەرە با ئەو ملوانکەیەت بکەمە مل بەپەنجەکانم بۆم هۆنیویتەوە موروەکانی لەماچی تۆیەو دەزولەکانی لەتاڵەکانی قژی من
2 بەفر دوێنێ زۆر زۆرت بۆ گەڕام هەر دیارنەبووی ووتیان ئێمە بینیومانە بۆتە تۆپەڵێ بەفر لەسەر بەرزترین لوتکە بڕوام نەکرد؟ تاخۆت هاتی و دڵۆپ،دڵۆپ بەسەر لاشەمدا توایتەوە
3 شعر من تۆ و شعرم زۆر خۆش دەوێ دەپێم بڵێ شعر عەشقی تۆی فێرکردوم یان عشقت شعری فێر کردم
4 رەشەبا بەمناڵی زۆر رقم لەرەشەبا بوو رۆژێک هات و بۆکۆکەو بێشکەکەمی برد بەڵام ئێستا لەوەتەی ئەم رەشەبایە دێ دڵم شادە دەڵێم رەنگە لەلای تۆوە هەڵی کردبێ و بۆنی هەناسەی تۆی لێ بێت!
5 مانگ دەڵێن مانگ نازانێ ،گۆرانی بڵێ ئەمشەو من و مانگ تابەیانی گۆرانیمان ووت ئەو بۆ ئەستێرەکان منیش بۆ چاوەکانی تۆ
6 پێوانە من و تۆ هەردەم شەڕمانە کەتۆ زیاترت خۆش دەوێم، یاخوود من دوێنێ هێندە سەیری یەکتریمان کرد چاوەکانی تۆ هیلاک بوون چاوەکانی من هەر گەشتر ئینجا زانیم کەمن زیاترم خۆش دەوێی
7 مردن من دەمەوێ بۆ عەشقی تۆ بمرم بەڵام دەزانم ،نەدەتوانن شینم بۆ بگێڕن نەدەوێرن ناوم بێنن !
|