په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٩\٢٠١٨

وشەکانیش، ئارەقەی شەرمیان لێ دەچۆڕێ!


ستار محەمەد قادر   


وشەکان گوزارشت لەکەسایەتیمان دەکەن، زادەی بیرکردنەوەو دونیا بینی و ئەو بەھایانەن کە مرۆڤ بارگاویە پێیان، بایەخ دان بەوشە، لەبنەڕەتدا بایەخ دانە بەخود، مرۆڤی خاوەن کەسایەتی، قسە فڕێ نادات، ھەر وەکو ناشیفرۆشێت، بەڵکو ئەرزشی بۆ دائەنات، وشەیەکی ناشیرین، لەتیرێک خەرابتر، دڵی بەرانبەرەکەت بریندار دەکات، بە وشەیەکی جوانیش، دەتوانی لەنێو دڵی چەندەھا کەسدا، شوێن بگریت، ئەوە ئیستاتیکای وشەیە زمان ئیلھامی لێیەوە وەردەگرێت، ئەگەر جوانی وشە نەبێت، زمان لەھەموو سیحرێک خامۆش دەبێت، ئەفسوونی زمان، لەسەر خەرمانەی وشە خۆی دیزایین دەکات، ئەگەر وشە نەبێت، زمان بێ ستایل دەمێنێتەوە، وشە سەرمایەی زمانە، بایەخ دان بە وشە، لەبنەڕەتدا، بایەخ دانە بەزمان، بایەخ دان بەزمانیش، بایەخ دانە بەھزر، مرۆڤ بۆ ئەوەی زمانێکی دەوڵەمەندی ھەبێت، دەبێ ھەوڵ بدات خاوەنداری لە ھزرێکی دەوڵەمەند بکات، بێ ناسین و پێناسەی وشەو زاراوەکان، ناتوانین بەری دانە تۆوێک لەکێڵگەی ھزرمان بدوورینەوە. لەدەرەوەی تاک، زمان پێناسەو شووناس و ناسنامەی گەلانە، زمان ھەیە، وەکو شا ژن، تەماشا دەکرێت، ھیی واش ھەیە، لەسەر گۆی ئەم ھەسارەیە، ئیمپراتۆرێکە بۆ خۆی، نە ھیچ زمانێک کێبەرکێی دەکاو نەش لەتوانایدایە ھەژموونی ڕەت بکاتەوە.

زمانی کوردی، بەھۆی بێ نازی وشەوە، ئێستا لەدۆخێکی زۆر خەرابدایە، بەشێوەیەک پەڕو باڵ کراوە، ھێندە بچوک کراوەتەوە، وەکو ئەوە وایە، زمانێک بێت، تەنھا بۆ نێو زێراب شیاو بێت، لەکاتێکدا، جاران ئەم زمانە، لەھەوڵی ئەوەدا بوو، لەشیعرو پەخشانەوە بپەڕێتەوە، بۆ جیھانێکی تر، لەژانرە ئەدەبیەکانەوە بۆ تێزە فکریەکان ھەنگاو بنێت، کەچی دوای ئەوەی لەڕووبەرێکی دیاریکراودا، تارمایی داگیرکاری دەڕەوێتەوەو کوردو حیزبی کوردی دەرفەتێکی بۆ دەڕەخسێت، بۆ ئەوەی لەدەلاقەی ئەو پشتێنەیەوە کە بەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش بۆی دابین کرا، زمان و کلتوورو فەرھەنگی ببووژێنێتەوە، دێت کلتوورێک دادەھێنێت، ھەرچی وشەی ناشیرین ھەیە کۆی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی زمانی کوردیش سیخناخ بکات لەشتی ناشرین و بەتاڵی بکاتەوە لەھەموو جوانی و بەھایەک، بۆ ماوەیەک، زمانی کوردی بارگاوی کرا بەڕق، ھیچ مرۆڤێکت نەدەدۆزیەوە، ڕق سوار کۆڵی بیر کردنەوەو ئەو وشانە نەبوایە کە لەزاریەوە دەردەچوون، زمانی ڕق، زمانێکی ئەوەندە ڕەقە، جگە لەشتی ناشیرین، شوێنی وشەیەکی جوانی تێدا نابێتەوە، زمانی تەشھیرو جنێو دان و تۆمەت بەخشینەوە، شوێنی بەو زمانە لەق کرد، کە گۆرانی شاعیر پردێکی پەیوەندی ڕوحی لەنێوان وشەو دەقە شیعریەکانی و میۆزیکدا بونیاد نابوو، زمانی خانی و حاجی قادری کۆیی و دڵداریان، دابەزاندە ئاستێکی زۆر نزم، خوێیان کردە سەر برینی دڵی ھەر دوو کەڵە شاعیری کورد، قانیع و بێکەس و بەپراکتیکی ئەوەیان سەلماند، کە کورد ناتوانێ دەسبەرداری نۆکەرایەتی ببێت، دابەزینی ئاستی زمان، ڕووبەرێکی فراوانی بۆ خۆی قۆرخ کرد، خامەکان لەشوێن بەرھەمھێنانی مەعریفە، کەوتنە پیا ھەڵدانی لایەنێک و سەرکردەیەک و ڕەشکردنەوەی کاراکتەرێک و لایەنێکی تر، زمانی نووسین و ئاخاوتن، کەوتە حاڵەتی خۆ کووشتنەوە، تاکە وەزیفەی بوو بەتەقدیسکردن و بەخوداوەندکردنی سەرکردەیەک و بەشەیتانیکردنی یەکێکی تر، کاریگەری زمان لەسەر بیرکردنەوە نەخشاو بەشێوەیەک بینایی مرۆڤەکانی کوێر کردەوە، وایان لێھات لەسەر ڕەنگ حوکم بەسەر یەکتریدا بدەن، زمانی تەشھیر بەشێوەیەک چەسپا، زۆرێک لەپاڵیا سەرقاڵی چنینەوەی دەسکەوت و خۆ دەوڵەمەند کردن بوون، زمانی نزم و وشەی نەشیاو، کرا بە وەزیفە، لەڕێی میدیاکانەوە ڕۆژانە دەرخواردی خەڵکی دەدران، زمانیان لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان ڕام کردوو لەخەیاڵ و فڕینیان خست، وشەکانیان لەخاچ داو بەشێوەیەک لەپەل و پۆیان خست، لەئیستاتیکاو جوانی دایان ماڵی و لەزیھنی خەڵکیدا کردیان بەزمانێکی ئیستیھلاکی، زمانێک بێ حوکم، نە کەس حیسابی بۆ دەکاو نە کەسیش بەھای بۆ دادەنێت، چونکە بەھای زمان و وشە، بەبەھای مرۆڤەکانەوە بەستراوەتەوە، ھەر کاراکتەرێک، پێی وابێت، لەتوانایدایە، گەمە بەوشەکان بکات، دەرەنجام گەمە بەخودی خۆیشی دەکرێت، چونکە کاتێک مرۆڤ ڕێز بۆ ئەو وشانە دانەنێت، کە لەزاریەوە دێنە دەرەوە، دەبێ لەوە دڵنیا ببین، کە ئەو جۆرە لەمرۆڤ، ڕێز بۆ خۆیانیش دانانێن، لەبەر ئەوە، دەربڕینی ھەر وشەیەک، بەباش یان بەخەراب، لەسەر مرۆڤ دەکەوێت.

ئەمڕۆ کاتێک تەماشای ئەو گاڵتە جاریە دەکەین، کەکورد بەزمانی خۆی دەیکات، لەوە تێدەگەین، کەسیاسەتی ئەم حیزبانە، تا چ ئەندازەیەک بێ ڕەھەندو فەلسەفەن، ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو خۆشدوانیەیان، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، کە چۆن وشەی کوردی ھەڕاج و ھەرزان فرۆشی دەکەن، کاتێکیش لەزمانی خەڵکی ڕادەمێنین، ھەست بەھەژاری و نەداری ئەو زمانە دەکەین، کە لەزمانی فارس و تورک، ئەگەر دەوڵەمەندتر نەبێت، بەدڵنیاییەوە ھەژارتر نیە، لەڕابردوودا، کورد دڵی بەزمانەکەی خۆش بوو، وەکو سەرمایەیەکی ڕەمزی و مەعنەوی، دەیپاراست، ئێستا گەندەڵی فکری گەورەترین ھەڕەشەی لەسەر زمان و وشەی کوردی درووست کردووە، ئەمڕۆ وشەکان، عارەقەی شەرمیان لێ دەچۆڕێت، کاتێک دەبینن، لەسەر دەست و سیاسەتی حیزب و کۆمەڵگای کوردی، خەریکە زمانی کوردی لەدەست و پێ دەخەن و بێ خەیاڵ دەیکەن بەقوربانی بەرژەوەندیە باڵاکانی خۆیان!!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک