په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٩\٢٠٢٦

وشیاریی مرۆیی:

لە ئەفسانەی ئەشکەوتی ئەفلاتۆنییەوە بۆ کەشی دیجیتاڵیی هاوچەرخ.

ئەکرەم سەعید       

ڕوونکردنەوە:
داوای لێبوردن ئاراستەی خوێنەرانی بەڕێز دەکەم؛ لە وتاری پێشوومدا بە ناونیشانی «بەربەریزمی مۆدێرن: خوێندنەوەیەک بۆ بەڵگەنامەکانی جێفری ئێپستاین» لە ١٤ی شوباتی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، تێڕوانینێکی هەڵەی کارڵ مارکسم نووسی بوو، کە پێم وابوو دروستە. دوای پێداچوونەوەو پشکنینی سەرچاوە مێژووییەکان، بۆم دەرکەوت کە شوێنەوارناسی و مێژوونووسان، بوونی دیاردەی (لەشفرۆشیی خودایی دێرین و پیدۆفیلیا - سۆزانیی پەرستگاکان یان سۆزانیی پیرۆز) لە شارستانییەتەکانی وەک (میسری کۆن، مێزۆپۆتامیا، و یۆنانی کۆن) پشتڕاست ناکەنەوە. لەم ئەنجامەوە، وەک پابەندییەک بە ئەمانەتی زانستی ومتمانەی مەعریفی، داوای لێبوردن لە خوێنەران دەکەم بۆ ئەو هەڵەیەم. لە هەمان کاتدا، جەخت دەکەمەوە کە بەشەکانی تری وتارەکە سەبارەت بەم دیاردەیە لە کۆمەڵگەی هیندستانی دێریندا و باسەکان دەربارەی وڵاتی چینی دێرین تەواو دروستن، هەروەها بوونی دیاردەی لەشفرۆشی و پیدۆفیلیا لە چوارچێوەی کۆمەڵگە دێرینەکاندا ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

لە دوو هەفتەی ڕابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ، قەیرانی ئابووری بە شێوەیەکی توند پەرەی سەندووەو قووڵتر بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی جەنگ لە (ئۆکرانیا، و ناوچەی کەنداوی عەرەبی، بەتایبەتی ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان حوسییەکان و شانشینی عەرەبستانی سعوودی). دەرەنجامی ئەمەش شەپۆلێکی گرانیی بێوێنە، هەڵاوسانی دراو، و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لێکەوتووەتەوە، کە بارگرانییەکی زۆری خستووەتە سەر شانی جەماوەر و بژێویی ژیانیانی شەکەت کردووە. لەم پێناوەشدا، مانگرتن و خۆپیشاندانی خەڵکی دژی گرانی وتەنگسێریی ژیان لە سووریا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وچەند وڵاتێکی دیکە، سەردێڕی هەواڵەکانیان داگیرکردووە. لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، دوو دەوڵەتی ئەوروپی بە فەرمی داوایان لە هاووڵاتیانی خۆیان کردووە کە بە بڕی چەند ڕۆژێک ئاو وخۆراک کۆگا بکەن، ئەمەش بەهۆی ئەو مەترسییە گەورانەی کە لەئارادان بۆ هەڵگیرسانی ململانێی چەکداری لەگەڵ ڕووسیادا. لە ژێر سایەی ئەم دۆخە قەیراناوی، شێواوی وحوکمڕان بە لۆژیکی جەنگەی ئەمڕۆدا، پرسیارە جەوهەرییەکە سەر هەڵدەدات: ئایا هیچ ئەگەرێک لە ئاسۆدا بەدی دەکرێت بۆ ڕاپەڕین یان شۆڕشێک کە چینی کرێکار ڕابەرایەتی بکات (دژی گرانی و جەنگەکان و لە پێناوی نان وئاشتی)دا؟. بێگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بەستراوەتەوە بە کۆمەڵێک فاکتەرو دیاریکەر، کە ڕەنگە دیارترینیان بریتی بن لە:(ئاستی وشیاریی چینایەتی لای چینی کرێکار، وڕادەی ئامادەیی هێزە سۆشیالیستەکان بۆ پشتیوانیکردن وئاراستەکردنی ئەم چینە). بەڵام لاوازیی ئەم دوو فاکتەرە بەتایبەتی (واتە دابەزینی ئاستی وشیاریی چینی کرێکارو نەبوونی ئامادەیی ڕێکخراوەیی لای سۆشیالیستەکان)، لە سەردەمی جەنگی یەکەم ودووەمی جیهانییەوە، وەک گرێکوێرەیەکی پێکهاتەیی ومێژوویی ماوەتەوە. بە پشتبەستن بەمەش، پێم وایە کەتواری وشیاریی چینایەتی لای کرێکاران وسۆشیالیستەکان لە سەردەمی ئێستاماندا، لە دۆخێکی باشتردا نییە بە بەراورد بەو قۆناغەی نێوان ساڵانی (١٩١٤- ١٩٤٠)، بەڵکو ڕەنگە تەنانەت لاوازترو پاشەکشێی زیاتریشی بەخۆوە بینیبێت.


تەمەنی مارکس و لەگەڵیشیدا نەوەیەک لە پێشەنگانی سۆشیالیزم کۆتایی هات، لە کاتێکدا ئەوان چاوەڕوانی ساتەوەختی مێژوویی یەکلاکەرەوە بوون بۆ ڕاپەڕینی ئەو دێوە مەزنە (پرۆلیتاریا)، تاوەکو لە ڕێگەی شۆڕشی سۆشیالیستییەوە، کۆڵەکەکانی سیستمی سەرمایەداری تێکبشکێنێت و بەدیلی سۆشیالیستی دابمەزرێنێت؛ بەڵام ئەم چاوەڕوانییە بەداخەوە، نەهاتە دی. گومانی تێدا نییە کە نەتوانین و هەڵنەستان بە کردەوەی شۆڕشگێڕانە، دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ڕێگرو لەمپەری بابەتی و خودی؛ بەڵام ڕێگرەکان بە هەر شێوازێک پۆلین بکەین، دیسانەوە نامۆبوون و نزمی ئاستی وشیاریی چینایەتی وەک هۆکاری سەرەکی لە لوتکەی ڕیزبەندی دەمێنێتەوە. بێگومان هەڵوەشاندنەوەی گرێکوێرەی وشیاری و ئەو بەربەستانەی لە بەردەمیدا ڕاوەستاون، دەمانخاتە ڕووبەڕووی پرسیارێکی ئێپیستمۆلۆژیی ڕادیکاڵ: ئایا وشیاری، وەک چالاکییەکی دەروونی و هزریی، خاوەنی ئەم پێگە گرنگە یەکلاکەرەوەیەیە وەک هێزێکی سەرەکی و بزوێنەرێکی ئامانجدار بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی مەرجەکانی مێژوو وگۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە؟.


لەسەر ئەم بنەمایە، شیاوە ئەم پرسیارە سەرەتاییە لە خۆمان بکەین: وشیاریی چینی کرێکار بە تایبەتی، و وشیاریی مرۆیی بە گشتی، چۆن دیاری دەکرێت وشێوە دەگرێت؟ بێگومان پرسی دیاریکردنی وشیاری، چەقی مشتومڕە مێژووییەکان ویەکێکە لە مەزنترین گرێکوێرە ئێپیستمۆلۆژییەکان لە مێژووی فیکردا؛ چونکە ئەم پرسە ئەو پردەیە کە پەیوەندی لایەنی ماتڕیاڵ وئایدیاڵ بەیەکتر دەگەێنێ، جگە لەوەی یەکێکە لە قووڵترین شەڕە تیۆرییەکان لە مێژووی فەلسەفەدا. ناکۆکیی جەوهەری لێرەدا لە نێوان بیردۆزی ئایدیالیزمی( پلاتۆن و هیگڵ)و بیردۆزی ماتریالیستی مارکس لە وەڵامدانەوەی ئەم کێشەیەدا کورت دەبێتەوە: ئایا وشیاری بەرهەمی گەیشتنی مرۆکانە بە جیهانی بیرۆکە ڕووتەک وباڵاکان وڕۆحی ڕەها، یان داهێنانێکی پێویستە کە واقیعی مادی وبوونی کۆمەڵایەتی دەیسەپێنێت؟ چوونە ناو قووڵایی ئەم پرسیارە، ڕاستەوخۆ دەمانگوازێتەوە بۆ دەستدان لە یەکێک لە زیندووترین ودەوڵەمەندترین گفتوگۆکانی ناو فەلسەفەی مارکسی وناوەندە ئەکادیمییە هاوچەرخەکان: کە ئەویش جیاکاریی یەکلاکەرەوەو جومگەییی نێوان مادیگەرایی مێژوویی زانستییە ـ کە وشیاری وەک بزوێنەرێکی ئامانجدار دەبینێت کە لە ڕێگەی براکسیسەوە (پراکتیکی شۆڕشگێڕانە) لەگەڵ مەرجە بابەتییەکانی خۆیدا کارلێک دەکات ـ ونێوان ئابووریگەرایی میکانیکی یان حەتمییەتی ڕووت، کە مرۆڤی کورتکردووەتەوە بۆ تەنها بوونەوەرێکی بایۆلۆژی کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وەڵامی کاریگەرییە ئابوورییەکان دەداتەوە.


قوتابخانەی ئایدیالیزم (بەتایبەتی پلاتۆن و هیگڵ)، ئاڕاستەێکە پێی وایە بیرۆکە وڕۆح سەرچاوەی هەموو شتێکن، وجیهانی مادی تەنیا ڕەنگدانەوە یان بەرهەمی ئەوانە. پلاتۆن پێی وابوو جیهانی ڕاستەقینە جیهانی ئایدیاڵەکانە (بیرۆکە باڵا وڕووتەکانە). ئەو شتانەی لە جیهانی ماددیدا دەیانبینین تەنیا سێبەرێکی کاتی وناتەواوی ئەو بیرۆکە ئەزەلی وکامڵانەن کە لە دەرەوەی کات وشوێندا بوونیان هەیە. وشیاری ئێمە لە ڕێگەی یادخستنەوەی ئەو ڕاستییە باڵایانە دروست دەبێت. بەڕای پلاتۆن مرۆڤ دەبێت سەرەتا لەو باوەڕە باوانە وشتە ڕووکەشانە ڕزگاری بێت کە کۆمەڵگە یان هەستە سەرەتاییەکانی پێی دەبەخشن(کە هاوشێوەی سێبەرەکانی ناو ئەشکەوتەکەن). هەستەکانی مرۆڤ(بینین، بیستن و هتد) تەنیا وێنەیەکی شێوێندراو یان کاتیی لە ڕاستی نیشان دەدەن، کەواتە وشیاری ڕاستەقینە کاتێک دەست پێدەکات کە مرۆڤ ئەقڵ ولۆژیک بەکاردەهێنێت بۆ تێگەیشتن لە جیهان. پلاتۆن دەیگووت: ڕاستی ڕەها لە جیهانێکی باڵادایە کە پێی دەوترێت جیهانی ئایدیاڵەکان. لەم جیهانەدا چەمکەکانی وەک دادپەروەری، جوانی، وچاکە بە شێوەیەکی کامڵ و نەگۆڕ بوونیان هەیە. بەڕای پلاتۆن بۆ ئەوەی مرۆکان بە وشیاری بگەن - وشیارببەوە، پێویستیان بە تێڕامان و لێکدانەوەی قووڵ هەیە، بەم شێوەیە وشیاربوونەوە واتە تێگەیشتنی ئەقڵ لە چەمکە باڵاکان. پلاتۆن لەو باوەڕەدا بوو کە ڕۆحی مرۆڤ، پێش ئەوەی لە نێو جەستەدا نیشتەجێ بێت، لە جیهانی نموونە کامڵەکاندا ژیاوە (لەو شوێنەی کە حەقیقەتی ڕەها، چاکە و جوانی تێدایە). بەڵام کاتێک کەوتە ناو جەستە مادییە تاریکەکەوە (وەک ئەوەی لە ئەفسانەی ئەشکەوتەکەدا هاتووە)، ئەم حەقیقەتانەی لەبیرچووەوە. لای ئەو، دیاریکەری وشیاری لەوەوە دەست پێدەکات کە مرۆڤ تا چەند توانای بەکارهێنانی ئەقڵ و ڕامانی فەلسەفیی هەیە بۆ ڕزگاربوون لە ئەندێشەکانی جیهانی مادی (هەستپێکراو)و بەبیرهێنانەوەی حەقیقەتە ڕەهاکان. کەواتە وشیاری لێرەدا لە مادە جیایەو بە تەواوی لێی سەربەخۆیە.


وەلێ هیگڵ جیهان ومێژوو وەک پرۆسەیەکی گەشەسەندنی ڕۆحی گشتی یان عەقڵی ڕەها دەبینێت. بە بڕوای ئەو، مێژووی مرۆڤایەتی هیچی تر نییە جگە لە قۆناغەکانی وشیاربوونەوەی ئەم ڕۆحە بەسەر خۆیدا، وگۆڕانکارییە مادی وکۆمەڵایەتییەکان بەرهەمی ئەم گۆڕانکارییە دەروونی وهزرییەن. بەڵام بەڕای هیگڵ مرۆڤ ناتوانێت بە تەنیاو لە دەرەوەی کات بگاتە بیرۆکەی ڕەها. پێویستە تێڕامان لە مێژووی مرۆڤایەتی بکرێت. هیگڵ پێی وایە مێژوو پڕۆسەی بەئاگایی هاتنەوەو ئازادبوونی قۆناغ بە قۆناغی ئەقڵە. مرۆڤ لە ڕێگەی تێڕامان لە مێژوو، فەلسەفەو ململانێ دیالێکتیکییەکان و لێکدانەوەی دامەزراوە مرۆییەکان، دەگاتە ئەو ڕاستییەی کە ئەقڵ حوکمی جیهان دەکات ومرۆڤیش بەشێکە لەم پڕۆسە گەورەیەی بیرۆکەی ڕەها. بە دەربڕێنێکی دی هیگڵ لەو باوەڕەدا بوو کە وشیاری بەرهەمی "ڕۆحی ڕەها"و مێژووە. هیگڵ فەلسەفەی ئایدیاڵیزمی گواستەوە بۆ ناو چوارچێوەیەکی دینامیکی (بزوێنەر)و مێژوویی، و وشیاریی مرۆیی بە گەشەسەندنی ڕۆح یان عەقڵی گشتی لە درێژەی مێژوودا بەستەوە. هیگڵ پێی وایە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتی بریتییە لە ڕەوتی گەشەکردنی ڕۆحی ڕەها بەرەو ناسینی خۆی و بەدیهێنانی ئازادییەکەی. وشیاریی تاکەکەسیی مرۆڤ دابڕاو نییە، بەڵکو بەشێکە لە وشیاریی گشتیی قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراو. لای ئەو، دیاریکەری وشیاری بریتییە لە: گەشەسەندنی مێژوویی وکولتووریی خود. وشیاریی مرۆڤ لە ڕێگەی ساتەوەختی مێژوویی ودامەزراوە کۆمەڵایەتی وسیاسییەکانەوە (وەک دەوڵەت) دیاری دەکرێت، کە گوزارشت لە گەشەکردنی عەقڵی مرۆڤ دەکەن لە ڕەوتی بەرەو پێشچوونیدا بەرەو ئازادیی ڕەها. کەواتە لێرەدا بیرۆکە (ئایدیا) بنەڕەت و ئەسڵە، و واقیعی مادی تەنها ڕەنگدانەوەو دەرکەوتەیەکە لێی.


فەلسەفەی ماتریالیزمی مێژوویی و پراکسیسی مارکس‪:‬


مرۆڤەکان بۆ پەیداکردنی پێویستییەکانی ژیانیان، بە تایبەی خۆراک، ناچار بوون بیربکەنەوەو بجوڵێن وکار بکەن؛ گەڕان بەدوی خۆراک کێشەی سەرەکی مرۆڤەکان بووە. مرۆڤی سەرەتایی بە سروشتی خۆی خاوەنی چەکی بایۆلۆژی نەبوو (نە کەڵپە، نە چنگ، نە دەنوک). ئەم لاوازییە جەستەییە لەبری ئەوەی ببێتە هۆکاری لەناوچوونی، بووە پاڵنەری سەرەکی بۆ ئەوەی مرۆڤ ئامراز دابهێنێت. دروستکردنی ڕم و داری نوکتیژ بەرهەمی پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی چاودێریکردن، ناچاری و تاقیکردنەوە بوو، نەک تەنها لاسایی کردنەوەیەکی کوێرانە ئاژەڵە ڕاوچیەکانیان، کەواتە (پێویستی فیزیکی ⟵ کار و داهێنان ⟵ گەشەی ئەقڵ و مێژوو)‪.‬ ئایا مرۆڤەکان چۆن فێری پاشەکەوتکردنی خۆراک بوون؟. ئایا سەرنجدانی مێروولە و سمۆرە، کە خۆراک پاشەکەوت دەکەن بۆ زستان، بۆ مرۆکان سوودی هەبووەو لەوانەوە فێربوون؟ یان چۆن گەیشتوون بەو بیرۆکەیە کە (ماسی وشک کەن، یان میوەهاتەکان وشککەن و هەڵیگرن بۆ زستان)؟. مرۆکان لە مێژوودا لە ڕێگەی تاقیکردنەوەو ناچارییەوە چاودێری وسەرنجی سروشتییان داوە، بیرییان کردۆتەوەو کارییان کردووە؛ بەمە فێری پاشەکەوتکردنی خۆراک بوون. گۆڕانی وەرزەکان، نەمانی سەرچاوەکانی خۆراک لە زستان یان وەرزی وشکەساڵیدا، وکۆچکردن بۆ شوێنە جیاوازەکان، وای لە مرۆڤی کۆن کرد کە بیر لە ڕێگایەک بکاتەوە بۆ پاراستنی خۆراک، تا بە زیندوویی بمێنێتەوە. مرۆڤەکان دەیانبینی کە سمۆرەکان گوێزو دەنکەکان دەشارنەوە، یان مێروولەکان بە درێژایی هاوین خۆراک کۆدەکەنەوە بۆ زستان. مرۆڤی کۆن کاتێک میوەی کۆدەکردەوە، دەیبینی ئەو میوانەی لەبەر هەتاو کەوتوون و وشک بوونەتەوە (وەک ترێ کە دەبێتە مێوژ، یان هەنجیر)، ڕزاو و گەنیو نەبوون و تامیان هێشتا خۆشە. ئەوان درکیان بەوە کرد کە ئاو هۆکاری سەرەکی تێکچوونی خۆراکە؛ کاتێک خۆر ئاوەکە دەمژێت، میوەکە دەتوانێت بمێنێتەوە بەبێ ئەوەی تێکبچێت. ئەمە وەک نموونەیەکی زیندووی سروشتی یارمەتی مرۆڤی دا تا تێبگات کە "کۆکردنەوەی خۆراک لە کاتی فرەییدا، گرەنتی مانەوەیە لە کاتی کەمیدا".


بەڵام مرۆکان لاسیکەرەوەێکی نەرێنی سروشت نین و کۆپییەی دەقاودەقی کاری سمۆرە و مێروولە ناکەن، بەڵکو پێویستی فیزیکی مرۆکان بۆ خۆراک و ڕێگری لە نەخۆشکەوتن، بیرکردنەوەو کاری جیاوازو تایبەتی سەپاندووە. بۆ نموونە: مرۆکان فێیربوون کە دەبێ ماسی و میوەکان سەرەتا لەبەر خۆردا وشک بکەن، ئەوجا هەڵیانگرن دەنا دەگەنێن، وە پەنیر دەبێ خوێی بەسەردا بکرێ ئینجا لە پێستەدا هەڵگیرێ بۆ زستان- خەڵکی کوردستان بەو شێوەیە پەنیریان هەڵگرتووە. بۆیە کاری مرۆڤ جیاکەرەوەی مرۆڤە لە ئاژەڵ؛ سمۆرەیەک یان مێروولەیەک بەپێی ئینستیتیوت (غەریزە) خۆراک پاشەکەوت دەکات؛ ئەو ملیۆنان ساڵە هەمان شت دووبارە دەکاتەوە بەبێ ئەوەی ئامرازەکەی پەرە پێبدات. بەڵام مرۆڤ کاتێک چاودێری سروشت دەکات، پڕۆسەی "بیرکردنەوەی داهێنەرانە" تێکەڵ بە کارەکەی دەکات. کەواتە پەیوەندی مرۆکان بە سروشت(سەرنجدان و بیرکردنەوە، کارکردن و گەشەدان بە شێوازی بەرهەمهێنانی خۆراک بەپێی گەشەی مێژوو)، بنەمای گەشەی ئەقڵ و کار و پەیوەندی مرۆڤەکانە، ئیدی لێرەدا(هزر - کار - مێژوو)لە پەیوەندێکی پێویستن بۆ ژیان و گەشەکردن.


لێرەوە، خاڵی جیاوازی بنەڕەتی لە نێوان دوو پارادایمی فەلسەفی دژبەیەکدا دەردەکەوێت:


له‌ لایه‌کەوە، ئایدیاڵیزمی ئەفلاتوونی پێداگری لەسەر پڕۆسەی تێڕامانی پەتی و دابڕان لە جیهانی ماددی دەکات؛ لەم ڕوانگەیەوە، هۆشیاری و ناسینی حەقیقەت تەنها لە ڕێگەی عەقڵانیەتێکی پشتبەستوو بە مۆدێلی "جیهانی نموونەیی" سەر هەڵدەدات، کە تێیدا مرۆڤ لە ڕێگەی دابڕانی مەعریفی لە دیاردە گۆڕاوەکانی فیزیا، بەرەو چەمکە باڵا و جێگیرەکان بەرز دەبێتەوە. لەکاتێکدا لە بەری بەرانبەردا، ماتریالیزمی مێژوویی و چەمکی پراکسیس لای مارکس، ئەم هاوکێشەیە سەرەوژوور دەکەنەوە. لای مارکس، هۆشیاریی مرۆڤ دەرئەنجامی تێڕامانێکی گۆشەگیرانە نییە، بەڵکو بەرهەمی پڕۆسەیەکی دیالێکتیکی نێوان (هزر، کار، مێژوو)ە. مرۆڤەکان لە ڕێگەی کاری بەرهەمهێنەرەوە ڕووبەڕووی سروشت دەبنەوە؛ ئەوان تەنها جیهانی ماددی ناگۆڕن، بەڵکو لە گۆڕینی دەرەوەدا، پێکهاتەی هۆشیاری، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خودی عەقڵیەتی مێژوویی خۆشیان دەگۆڕن. مرۆڤایەتی ناتوانێت بوونی مێژوویی و فیزیکیی خۆی لە چوارچێوەی تێڕامانی پاسیڤ و گۆشەگیریی بێدەنگ لە ژێر سێبەری درەختێک یان لە ئەشکەوتێکدا کورت بکاتەوە، تا تەنها سەرقاڵی لێکدانەوەی چەمکە ناڕووداوەکان و جیهانی نموونەیی ئایدیاڵەکان بێت. پاشەکێشکردن بۆ ناو جیهانی ئایدیاڵە ڕووتەکان ناتوانێت پێداویستییە فیزیکی و مێژووییەکانی ژیان دابین بکات. ژیانی ڕاستەقینە لە بنەڕەتدا پڕۆسەیەکی داینامیکییە و تەنها لە ڕێگەی کارو ڕووبەڕووبوونەوەی مادی لەگەڵ سروشتدا مانا و بەردەوامی بەدەستدەهێنێت. لێرەوە، مرۆڤایەتی لە ڕێگەی پراکسیسەوە لەم گۆشەگیرییە میتافیزیاییە دێتە دەرێ و لە بری تەماشاکردنی جیهان، دەست دەکات بە گۆڕینی. لەم سۆنگەیەوە، مێژوو نابێتە گەشتێکی میتافیزیایی عەقڵی پەتی و دابڕاو لە پێویستییەکان و ناکۆکییەکانی جیهانی دەوروپشتی مرۆکان، بەڵکو عەقڵ دەبێتە بەشێکی گرنک کە پەیوەستی کارلێکی هەیە بە پڕۆسەیەکی مادی کە تێیدا مرۆڤ لە ڕێگەی کارو پراکتیکی کۆمەڵایەتییەوە، خۆی و جیهانەکەی دەگۆڕێ.


مارکس باسی بوونی مادیی بابەتی، پراکتیک و هزر دەکات و هێرش دەکاتە سەر دیدگا ئایدیاڵیستییەکان. ئەو نموونەی "هەرمێ یان سێو" دەهێنێتەوە(کە بە بەشی نهێنیی بیناسازیی ئایدیاڵیستی یان مەتەڵۆکی میوەکان دەناسرێت)؛ هەرمێ بە شێوەیەکی بابەتی لە سروشتدا هەیە، و خاوەن بوونێکی مادیی سەربەخۆیە لە دەرەوەی ئەقڵ و هزری مرۆڤەکان. مارکس دەڵێت:( ئایدیاڵیستەکان پێچەوانە دەبینن: ئەوان پێیان وایە چەمکی گشتیی «میوە» (کە بیرۆکەیەکی ناو مێشکی مرۆڤە) ئەسڵ و ڕاستی کایەکەیە، و سێو، هەرمێ و بادەم تەنها دەرکەوتەی دۆخی ئەو "میوە" گشتییەن.). مارکس پێی وایە کە ئەمە خڵەتاندنی ئەقڵە. لە واقیعدا تەنها هەرمێ و سێوی ڕاستەقینە و مادی لە سروشتدا بوونیان هەیە (بوونی مادیی بابەتی). چەمکی "میوە" تەنها ناو و داهێنانی ناو مێشکی مرۆڤە کە لە ڕێگەی دابڕاندن لە واقیع وەرگیراوە. بەڵام ئەوە مرۆڤەکانن کە لە ڕێگەی پەرەسەندنی ئەقڵییانەوە وشەی "هەرمێ"یان وەک چەمکێکی گشتی بۆ ناسینەوەی ئەو بەرهەمە داهێناوە. پاشان، مرۆڤەکان لە ڕێگەی ئەزموون و پراکتیکـەوە، ئەم بوونە مادییە دەگۆڕن؛ بۆ نموونە کاتێک بیرۆکەی وشککردنەوەی بۆ زستان، لە سوود وەرگرتن لە دیمەنی (سمۆرە و مێروولە کە خۆراک پاشەکەوت دەکەن بۆ زستان)، یان کاتێک لەگەڵ گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێناندا، هەرمێ دەکاتە کاڵاو لە ناو قوتوو و پاکەتدا دەیخاتە بازاڕەوە. لێرەوە دەردەکەوێت کە واقیعی مادی و ژێرخانی ئابووری بنچینەن، و هزری مرۆڤیش هێزێکی دینامیکییە کە لە ڕێگەی کارەوە واقیع دەگۆڕێت.


پێش مارکس، ماتریالیستە کۆنەکان (وەک فۆیەرباخ) تەنها دەیانوت "هەرمێ بە مادی و بابەتی لە سروشتدا هەیە". بەڵام مارکس لێرەدا ناوەستێت؛ ئەو هێزی پراکتیکی مرۆیی بۆ زیاد دەکات، چونکە مرۆڤ تەنها تەماشاکەری سروشت نییە. کاتێک مرۆڤ بیرۆکەی بۆ دێت کە هەرمێیەکە وشک بکاتەوە بۆ زستان، یان کاتێک گەشەسەندنی هێزەکانی بەرهەمهێنان (قوتووکردن و هەناردەکردنی بۆ بازاڕ) ڕوودەدات، لێرەدا بیرۆکە و هزر کارلێک لەگەڵ مادەدا دەکەن، ئەمە پێی دەوترێت پراکتیک؛ واتە مرۆڤ لە ڕێگەی کار و تەکنەلۆجیاوە، سروشتی دەرەوە دەگۆڕێت و لە هەمان کاتدا وشیاریی خۆی لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا پەرەپێدەدات.


مارکس دیالەکتیکی ئایدیاڵیستیی هیگڵی سەرەوژێر کردەوەو لێی تێپەڕی، تاوەکو بنەما و ڕێسای دامەزرێنەری بەناوبانگی خۆی لە مادیگەرایی مێژووییدا دابڕێژێت: "وشیاریی مرۆڤەکان نییە کە بوونیان دیاری دەکات، بەڵکو بوونی کۆمەڵایەتییانە کە وشیارییان دەستنیشان دەکات". بەپێی ئەم تێڕوانینە ئێپیستمۆلۆژییە، وشیاریی مرۆیی بە سەرجەم دەرکەوتە و ڕەنگدانەوەکانییەوە (لە فیکر، ئایین، سیاسەت و فەلسەفە) لە ئاسمانێکی ڕووتەکەوە دانابەزێت، بەڵکو لە ڕووی پێکهاتەییەوە لەلایەن شێوازی بەرهەمهێنانی مادی و ئەو پەیوەندییە ئابوورییانەی بەرهەمهێنانەوە دیاری دەکرێت کە لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا باون؛ بەڵام ئەم وشیارییە، هەر کە شێوەی گرت، بە بێلایەنی ناوەستێت، بەڵکو دەگەڕێتەوە تاوەکو ڕۆڵێکی دینامیکیی یەکلاکەرەوە لە ئاراستەکردنی ململانێ کۆمەڵایەتییەکاندا بگێڕێت‪.‬


ڕەخنەی سۆسیالیستی، ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە هەڵدەوەشێنێتەوە کە مارکس لە ماتریالیسمێکی میکانیکی و لە چەمکی حەتمییەتێکی ئابووریی کورتی دەکاتەوە، و لە جیاتی ئەوە، پێوەندیی دیالەکتیکیی نێوان پێکهاتەی ماتریال و کردەوەی هزری دەخاتەڕوو. هزر لەم خوێندنەوەیەدا خاوەنی "سەربەخۆیییەکی ڕێژەیی و بیرکردنەوەیەکی ئامانجدارە" کە توانای پێشبینیکردنی واقیع و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پێ دەبەخشێت. مرۆڤ وەک ئەوەی مارکس لە نموونەی ئەندازیارو مێشەنگویندا ڕوونی دەکاتەوە، سەرەتا لە ناو مێشکی خۆیدا بیر دەکاتەوە و دیزاین دەکات، ئەمەش فیکر دەکاتە مەرجێکی بوونی بۆ کارکردنی مرۆییی وشیارانە. بۆیە دروست نییە هێزی هزر لە مەرجە بابەتییەکانی کۆمەڵگە دابڕێنرێت، چونکە بیرۆکەکان تەنها بەهۆی بوونی ڕووتەکی خۆیانەوە لە جیهانی نموونەکاندا (وەک ئەوەی ئەفلاتۆن یان هیگڵ دەیبینن) گۆڕانکاری دروست ناکەن، بەڵکو کاتێک هێزی مادیی یەکلاکەرەوەی خۆیان بەدەست دەهێنن، کە دزە دەکەنە ناو وشیاریی جەماوەرەوەو دەگۆڕێن بۆ پراکتیکێکی شۆڕشگێڕانەی زیندوو کە توانای هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی سەرمایەداریی هەبێت.
بێگومان گەڕاندنەوەی هێزی هزر بۆ کارایییە مێژووییەکەی خۆی، یەکەمین ئەرکی پێکهاتەییی هێزە سۆشیالیستەکانی ئەمڕۆیە؛ کاتێک تەحەدایەکە لە تێکشکاندنی ئامرازەکانی نەزانی و ڕووکەشکردنی دیجیتاڵیدا کورت دەبێتەوە کە بۆرژوازیی باڵادەست دەیسەپێنێت، ئەمەش لە پێناوی داڕشتنی وشیارییەکی چینایەتی و مرۆییی ڕاستەقینەدا کە پێگەی مرۆڤبوون و ژیانی ئازاد بگێڕێتەوە بۆ ناو کایەکە.


لەگەڵ ئەوەشدا، وشیاریی مرۆڤەکان لە نێو کۆمەڵگەیەکی چینایەتیدا، تەنها لە ڕێگەی بیرکردنەوەو کارکردنی سادەی خۆیانەوە لە هەلومەرجێکی مێژوویدا دیاری ناکرێت؛ بەڵکو چەندین فاکتەری دیکە دێنە نێو کایەکەوە کە کار دەکەنە سەر ئاراستەکردنی. زۆربەی ئەم فاکتەرانەش لە چوارچێوەی میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردن و شێواندنی وشیاریدا کۆدەبنەوە، کە لە ڕێگەی تۆڕێک لە دیاریکەرە پێکهاتەیی و تێکەڵبووەکانەوە دەردەکەون:


١/ قۆرخکاریی چینایەتی بۆ ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی فیکری: مارکس پێی وایە ئەو چینەی کە باڵادەستە بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی مادییدا (بۆ نموونە بۆرژوازی)، بە ناچاری کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی فیکرییشدا دەسەپێنێت؛ بەمەش وشیارییەکی ساختە (ئایدۆلۆژیایەکی ڕێکخراو) بەسەر چینە چەوساوەکاندا (پرۆلیتاریا) دەسەپێنێت، بە مەبەستی ڕەواییدان بە مەرجەکانی کۆیلەکردنیان و هەمیشەییکردنی زێدەبایی و کەڵەکەی سامان. واتە سەڕەرای ئەوەی کرێکاران بە شێوەێکی بابەتی و خۆرسکی لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا نامۆ دەبن، دووچاری نامۆبوونی کەلتووریش دەبن، لە ڕێگەی ئەو ڕۆڵەی کە ئامرازە ئایدۆلۆژییەکانی دەوڵەتی چینی فەرمانڕەوا (وەک دامەزراوەکانی خوێندن، ڕاگەیاندن و پارتە نیزامییەکان) دەیگێڕن؛ چونکە ئەم ئامرازە پێکهاتەییانە کار لەسەر ئەندازیاریکردن، ڕووکەشکردن و ئاراستەکردنی وشیاریی هاووڵاتیان دەکەن، و ڕێگری دەکەن لە گۆڕانی مەینەتییە مادییەکانیان و شەکەتبوونی بژێویی ژیانیان بۆ وزەیەکی سیاسی و سۆشیالیستیی ڕێکخراو.


٢/ قورسایی میراتی مێژوویی (پاشماوەکانی ڕابردوو): وشیاری تەنها لە ڕێگەی بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێستادا دروست نابێت، بەڵکو دەکەوێتە ژێر قورسایی ئەو شتەی کە مارکس بە "مۆتەکەی نەوەکانی ڕابردوو" ناوی دەبات؛ بە جۆرێک وشیاری لە لایەکەوە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ واقیعی ژیان و چۆنیەتی بەرهەمهێنانی ئامرازەکانی بژێوی لەلایەن مرۆڤەوە شێوە دەگرێت، و لە لایەکی دیکەوە مەحکومە بە گواستنەوەی مێژوویی بیرۆکەکان، دابونەریت و کەلتوورە کۆنەکان، کە دەبنە ڕێگر لە بەئاگاهاتنەوەی وشیاریی چینایەتی.


پرسی گرنگی ڕۆڵی هزر لە میراتی مارکسیدا ـ ڕەتکردنەوەی حەتمییەتی میکانیکی و گەڕاندنەوەی پراکسیس:


مارکس لە بەرگی یەکەم، بەشی دووەمی کتێبی (سەرمایە)، بە تایبەتی لە بەشی پێنجەمدا کە لە ژێر ناونیشانی "پرۆسەی کار و پرۆسەی پەرەپێدانی بەها ـ بڕگەی یەکەم: پرۆسەی کار" دا، ئاماژەی بەوە کردن کە ئێمە لێرەدا باس لە شێوازە سەرەتایی و غەریزییە ئاژەڵییەکانی کار ناکەین، بەڵکو باس لە کار دەکەین لە شێوە مرۆییە پەتییەکەیدا "وەک پرۆسەیەک کە لە نێوان مرۆڤ و سروشتدا ڕوودەدات"؛ لەوێدا دەنووسێت:{جاڵجاڵۆکە چەندین کرداری هاوشێوەی کارەکانی چنەرێک ئەنجام دەدات، و مێشەنگوینیش بە دروستکردنی شانە مۆمییەکانی، پێش زۆرێک لە ئەندازیارانی تەلارسازی دەکەوێت. بەڵام ئەوەی خراپترین ئەندازیاری تەلارسازی لە باشترین هەنگ جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەندازیارەکە پێش ئەوەی شانەکە لە واقیعدا دروست بکات، سەرەتا لە ناو مێشکی خۆیدا دیزاینی کردووە.}ــ بەرگی یەکەم، بەشی دووەمی کتێبی سەرمایە/ وەرگێڕانی د. فالح عەبدولجەبار(بڵاوکراوەی دار الفارابي) ــ لاپەڕە ٢٣٤.


بوونی ئەم پەرەگرافە لە دەستپێکی بەشی ‪”‬پرۆسەی کار‪”‬دا، هۆکارێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ سەلماندنی ئەو بیرۆکەیەی کە کارکردنی مرۆڤ لای مارکس (کارێکی ئامانجدارە). مرۆڤ بوونەوەرێکی غەریزی یان ئامێرێک نییە کە بە شێوەیەکی میکانیکی وەڵامی کاریگەرییە ئابوورییەکان بداتەوە (وەک مێشەنگوین)؛ نموونەی "ئەندازیار و مێشەنگوین" لە کتێبی سەرمایەدا، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەوەی کە مارکس وشیاریی وەک تەنها ڕەنگدانەوەیەکی میکانیکیی ناچالاک (نەرێنی) بۆ ئابووری نەدەبینی، بەڵکو وشیاریی مرۆیی وەک هێزێکی کارا و کارلێککارێکی دیالەکتیکی لەگەڵ مادەدا تەماشا دەکرد. شیتەڵکردنی ئەم دەقە ئەوە دەسەلمێنێت کە مرۆڤ پێش ئەوەی دەست بە کردەوە مادییەکە بکات، وێنا دەکات، پلان دادەنێت، وئامانجێک (وشیارییەک) دیاری دەکات. وشیاری لێرەدا خاوەن پێشینەییەکی لۆژیکییە لە پرۆسەی کاردا. مارکس پێش ئەوەی بچێتە ناو ئاڵۆزییەکانی(سەرمایە و زێدەبایی)، ویستوویەتی پێناسەیەکی ئەنثرۆپۆلۆژی وفەلسەفی بۆ وشیاریی مرۆیی بەستراو بە کارەوە دابڕێژێت:{ئەندازیارەکە پێش ئەوەی شانەکە لە واقیعدا دروست بکات، سەرەتا لە ناو مێشکی خۆیدا دایمەزراندووە}. ئەم ڕستەیە ڕێگا بە تەواوی لە بەردەم هەر لێکدانەوەیەکی ئابووریگەرایی میکانیکی دادەخات کە مرۆڤ کورت دەکاتەوە بۆ تەنها ئامێرێکی بایۆلۆژی کە بێ ئیرادە و بیرکردنەوە وەڵامی ژینگەی دەوروبەری دەداتەوە. مارکس نکۆڵی لە بوونی ئەقڵ یان توانای دیزاینکردنی ناکات، بەڵکو جەخت دەکاتەوە کە وشیاریی مرۆڤ ڕێک ئەو شتەیە کە کارەکەی دەکاتە کارێکی مرۆیی و جیاوازی دەکات لە ئاژەڵ. ڕەوتی ئابووریگەرایی و چەقبەستوویی دۆگماتیکی مارکسیستی، کەوتنە ناو ئەو تەڵەیەی کە مادیگەرایی مێژوویی بگۆڕن بۆ یاسایەکی فیزیکیی ڕەق:(ئابووری = وشیاریی ڕاستەوخۆ). بەڵام مارکس وئەنگلس ئەم سادەکردنەوەیەیان ڕەتکردەوە. هەروەها خودی بەرهەمی مەعریفیی هاوبەشی نێوان مارکس و ئەنگلس خۆی، بە سەرجەم دەرکەوتەکانییەوە لە وتار و کتێبەکان، لە پاڵ چالاکییە سیاسییە بێوچانەکەیاندا، باشترین بەڵگە و پاڵپشتە لەسەر ئەوەی کە مارکس و هاوڕێکەی بڕوایەکی چەسپاویان هەبووە بەو ڕۆڵە گەورەو مەزنەی کە بیرۆکەو بنەما تیۆرییەکان دەیگێڕن لە خوڵقاندنی وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی و گۆڕانی مێژووییدا.


ئەو شیکارییەی سەرەوە بە شێوازێکی ئەکادیمی لەو پێشەکییە گشتگیرەدا دەردەکەوێت کە ئێرنست ماندێل بۆ بەرگی یەکەمی کتێبی سەرمایە نووسیویەتی. ماندێل لەم پێشەکییەداو لە کاتی شیتەڵکردنی مێتۆدی مارکسی و تیۆریی بەهادا، جەختی لەسەر ئەو ڕەگ و ڕیشە ئەنثرۆپۆلۆژی و فەلسەفییانە کردووەتەوە کە مارکس بۆ کار دایڕشتوون؛ تێیدا پشتبەستن بە هەمان پەرەگراف دەهێنێتەوە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ”خودی بیرکەرەوەی مرۆیی” کار دەکاتە سەر مادە و دەیگۆڕێت، ئەمەش لەسەر بنەمای ئامانجگەلێکی عەقڵانی، وشیارانەو پێشوەختە داڕێژراو لە ناو مێشکدا. ئەم دەقە لە ساڵی ١٩٧٨دا نووسراوە وەک بەشدارییەک لەلایەن ماندێلەوە لە سیمینارێکی تایبەت بە ڕێزلێنان لە فەیلەسوفی مارکسیی ئەڵمانی ئێرنست بلۆخ (خاوەنی کتێبی پرەنسیپی ئومێد). ماندێل لەم لێکۆڵینەوەیەدا دەقی ”ئەندازیار و مێشەنگوین”ی هێناوەتەوە؛ بە ڕوونی باسی لەسەر ئەوە کردووە کە ئەم دەقە دەیسەلمێنێت کارکردنی مرۆڤ لای مارکس مەرجدارە بە بوونی (پڕۆژەیەکی مێشکیی پێشوەختە -المشاريع الذهنية الاستباقية) لە وشیاریی بەرهەمهێنەرەکەدا. بەمەش، مارکس لێرەدا پێشینەیی دەداتە بیرکردنەوەی وشیارانە و وێناکردن (خەیاڵکردن)، ئەمەش نێوانی ئەو لەگەڵ میراتی دیالەکتیکیی هیگڵیدا نزیک دەکاتەوە کە پێگەی ”خود-وشیاری” بەرز دەنرخێنێت، و بە تەواوی تێزەکانی مارکسیزمی سادەکراو و ئابووریگەرایی ڕەت دەکاتەوە کە ڕۆڵی ئەقڵ لادەبەن و بیرۆکەکان تەنها وەک دیاردەیەکی لاوەکیی پاشکۆی ئابووری سەیر دەکەن‪.‬


جیاوازیی کارکردی نێوان ئەزموونی سروشتی و ئەزموونی مێژوویی-سیاسی‪:‬


لە پڕۆسەی گەشەسەندنی مرۆڤایەتیدا، پێویستە جیاکارییەکی مەعریفیی بنەڕەتی لە نێوان دوو جۆر لە ئەزموون بکرێت: ئەزموونی مرۆڤ لە پەیوەندیی دیالێکتیکییدا لەگەڵ سروشت، و ئەزموونی مێژوویی لە چوارچێوەی ململانێی چینایەتی و سیاسیدا. لە کاتێکدا ئەزموونی یەکەم (سروشتی) دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی زانیاریی پراکتیکی و گەشەی هێڵیی هێزەکانی بەرهەمهێنان، ئەزموونی دووەم (سیاسی) لە ژێر سایەی سیستمی سەرمایەداریدا ناتوانێت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ببێتە هۆی ڕزگاریی مەعریفی یان وشیاریی چینایەتی بۆ چینی چەوساوە (پرۆلیتاریا).


لێرەدا، ئەوەی مارکس بە وشیاریی ساختەو ئەنتۆنیۆ گرامشی بە هەژموونی کولتووری ناوی دەبەن، دێتە کایەوە. چینی بۆرژوازی دەتوانێت لە ڕێگەی داڕشتنەوەی هزر، بەها، و سیاسەتەکانەوە، واقیعەکە چەواشە بکات و جەماوەر بکاتە پاشکۆی ئایدیۆلۆژیی خۆی، سەرەڕای هەبوونی ئەزموونی تاڵی مێژوویی، بە چەشنێک کۆمەڵ لە بەرژەوەندیی چەوسێنەرەکانی خۆی بجوڵێتەوە. وەک ئەوەی خەڵکی دووچاری خڵەفانی گشتی یان فەرامۆشیی بەکۆمەڵ-زەهایمیر بووبێ، یان جەماوەر دووچاری جۆرێک لە نوستالژیا -"خەونبینینی بەکۆمەڵ بە ڕابردووەوە" و "حەزێکی قووڵ بۆ پاشەکێش و گەڕانەوە بۆ دواوە" دەبێت. ئەم دیاردانە لە کاتی قەیرانە گەورەکانی سیستمی سەرمایەداریدا چڕ دەبنەوە؛ کاتێک واقیعی بەرچاو لێوانلێو دەبێت لە دڵەڕاوکێی ئابووری، نامۆبوونی کۆمەڵایەتی، ئیدی خڵەفانی گشتی و نوستالژیا وەک ئامرازی ئایدیۆلۆژی بۆ شێواندنی یادەوەریی مێژوویی کار دەکەن، ئەمانە دەبنە دیواری پێشگرتن لە وشیاریی چینایەتی کرێکاران.


بەو هۆیانەوە ئەزموونەکانی مێژووی سیاسی، بەبێ وشیاری سۆسیالیستی، هێندە بۆ خەڵکی سوودی نابێ. ئەم دابڕانە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە ململانێ کۆمەڵایەتییەکان لە بۆشاییدا ڕوونادەن، بەڵکو چینی باڵادەست (بۆرژوازی) لە ڕێگەی دەزگا ئایدیۆلۆژییەکانی دەوڵەت وهێزی نەرمەوە، دەست بەسەر کایەی گشتی وبەرهەمهێنانی مانادا دەگرێت. ئەم نوستالژیاو زەهایمەرە کۆمەڵایەتییە، دەرئەنجامی تێکچوونی بایۆلۆژیی مێشک نییە، بەڵکو بەرهەمی پیشەسازیی هۆشیاری و میدیای پۆپۆلیستی هاوچەرخە، کە بە بەردەوامی واقیعەکە پارچەپارچە دەکات و یادەوەریی مێژوویی لە ڕەگ و ڕیشاڵە ڕاستەقینەکەی دادەبڕێت. لە ڕێگەی ئەم میکانیزمەوە، تراژیدیاکانی ڕابردوو (وەک فاشیزمی نازی یان ستەمی عوسمانی) لە زەینی گشتیدا کورتدەکرێنەوە بۆ چەمکگەلێکی جوانکراو یان بەتاڵ لە ناوەڕۆک. لە ئەنجامدا، جەماوەر نەک هەر ناتوانێت سوود لە ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو وەربگرێت، بەڵکو بە هۆشیارییەکی سڕکراوەوە، دووبارە دەبێتەوە بە سووتەمەنی بۆ هەمان ئەو پڕۆژە سیاسی و ئیمپریالیستیانەی کە لە مێژوودا چەوساندویانەتەوە. بۆیە ئێمە ئەمڕۆکە نموونەی دەنگی بەشێکی خەڵکی ئەڵمانیا بە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان- نازییە نووێکان دەبینین، یان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمڕۆکە بەشێکی بەرچاو لە جەماوەری ناوچەکە (لە تورکیا، سووریا و شوێنانی تر)، لەژێر کاریگەریی گوتاری ئیسلامی-پۆپۆلیستیی پارتی داد و گەشەپێدان و ستراتیژی "عوسمانیزمی نوێ"ی ئەردۆغاندان.


{مرۆڤ ئەقڵی خۆی بەکاردەهێنێت، بەڵام نەک لە هەموو جارێکدا بە شێوازێکی عەقڵانی}‪:‬ ئەم دەستەواژەیە پێناسەیەکی سادەو ڕاستەوخۆیە بۆ چەمکی مارکس دەربارەی وشیاریی ساختە. مرۆڤ لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریی هاوچەرخدا، ئاڵۆزترین پرۆسەی مێشک و ئەقڵییەکان بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجیا، ئەژمارکردنی قازانجەکانی بۆرسە، و پرۆگرامسازیی خوارزمیتەکان (ئەلگۆریتمەکان) بەکاردەهێنێت، کە ئەمەش بەکارهێنانی ئەقڵە، بەڵام لەسەر ئاستی گشتی و کۆمەڵایەتی، دەکەوێتە ناو ناعەقڵانییەتێکی ڕەهاوە کاتێک پشتگیری لە جەنگە وێرانکەرەکان دەکات، یان بیرۆکەی ڕەگەزپەرستانە دژی پەنابەران لە لەندەن و بەرلین دەگرێتەبەر، یان پێی وایە چارەنووسی لەلایەن تیۆرییەکانی پیلانگێڕییەوە مەحکوم کراوە لەجیاتی ململانێی چینایەتی. لێرەدا یاری بە ئەقڵ دەکرێت و دەخرێتە خزمەت بەرهەمهێنانی ئایدۆلۆژیایەکەوە کە واقیع ڕەوا دەکات لەجیاتی ئەوەی ڕەخنەی لێ بگرێت؛ بەمەش ئەقڵ دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ شەرعییەتپێدانی باڵادەستی و دڕندەیی. ڕستەی ‪”‬مرۆڤ بیردەکاتەوە، بەڵام نەک هەمیشە بە شێوازێکی عەقڵانی‪”‬ بە تەواوی لەگەڵ تێزەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرتدا دەربارەی ناعەقڵانییەت یەکدەگرێتەوە. مرۆڤ خاوەنی مێشکی مرۆڤ دەزگاێکی مەعریفییە کە توانای بیرکردنەوەی عەقڵانیی هەیە، بەڵام ئەم ئەقڵە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی کێشکردنی ئابووری و نامۆبوونی سیستمەوە. کاتێک مرۆڤ لە نێو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی چینایەتی ناعەقڵانیدا دەژی (وەک سیستمێکی سەرمایەداری کە پێشەنگی و پیرۆزی دەداتە قازانج لەسەر حیسابی مرۆڤ)، ئەوا ئەقڵەکەی ڕووبەڕووی پرۆسەیەکی شێواندنی سیستماتیک دەبێتەوە. ئەو ئەقڵی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان بەکاردەهێنێت، وەک بەڕێوەبردنی خوارزمیتەکان یان دیزاینکردنی موشەکەکان، بەڵام زۆرینەی خەڵکی، لە دۆخێکدا کە هزری چینی دەسەڵاتدار بەسەریدا زاڵە، لەسەر ئاستی مۆڕاڵی یان مرۆیی خاوەن بیرکردنەوەیەکی ناعەقڵانین؛ چونکە لە ڕووی وشیارییەوە دەبنە کۆپییەک یان ڕەنگدانەوەیەک لە چینی بۆرژوازی، پشتیوانی جەنگەکان دەکات یان دەکەونە ناو تەڵەی ڕەگەزپەرستییەوە؛ لێرەدا ئەقڵ دەبێتە ئەقڵێکی ئامرازی ئامانجە مرۆییەکەی خۆی لەدەست دەدات.


پوختە: مارکس فەلسەفی ماتریالیزمی ڕووت نییە کە ڕۆڵی ئەقڵ ـ هزر بە کەم بنرخێت، بەڵکو ئەو خاوەنی فەلسەفی ماتریالیزمی(پراکسیسە). بەڕای مارکس وشیاری و بوونی مادی لە نێو پەیوەندییەکی دیالەکتیکیدا(کاریگەریی دوولایەنە) دەژین. مرۆڤ لە ڕێگەی گۆڕینی جیهانی مادی بە هۆکاری کارکردن، سروشت و وشیاریی خۆی دەگۆڕێت. ناعەقڵانییەتی ئێستا لە جیهانی ئەمڕۆماندا، بەڵگە نییە لەسەر نەبوونی ئەقڵی مرۆیی، بەڵکو بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە مەرجە بابەتییەکانی سەرمایەداریی دڕندە، ژینگەیەکیان داڕشتووە کە ئەقڵی مرۆڤ ناچار دەکات بە شێوازگەلێکی ناعەقڵانی دژی بەرژەوەندییە بوونی و مرۆییەکانی خۆی کار بکات. لە سەردەمی قەیرانەکان و جەنگە سەختەکاندا کە سیستمە سەرمایەدارییە هاوچەرخەکان هەڵیدەگیرسێنن، تاقیکردنەوەی مێژوویی و چارەنووسسازی خودی شۆڕشگێڕانە دەردەکەوێت؛ ئەگەر چینی کرێکار فاقدی وشیارییەکی تیژی چینایەتی و بە ئاگایییەکی ستراتیژی بێت، و تەسلیمی بێهۆشیی چەقەچەق و تێوەگلان لە مشتومڕە دیجیتاڵییە بێبەرەمەکاندا بێت، لە ڕێگەی پلاتفۆرمە مەجازییەکانی پەیوەندییەوە ـ ڕێک هاوشێوەی (تاقمی دەمڕاستەکان لە ڕۆمانی نەجیب مەحفووزدا)، کە ئەم پلاتفۆرمانە جێگەی کەشتییە لەنگەرگرتووەکانی سەر کەناراوەکانی ڕووباری نیل یان گرتووەتەوە ـ ئەوا ئەم دۆخە تەنها ڕاکردن نییە لە واقیع، بەڵکو بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر سەرکەوتنی بۆرژوازیی فەرمانڕەوا لە تێکشکاندنی ئەقڵی مرۆڤ و بە تەواوی نامۆکردنی. لەو کاتەشدا، کۆمەڵگە ئامرازە بەرگرییەکانی خۆی لەدەست دەدات، و لە بەردەم مێژوودا هیچ شتێک نامێنێتەوە جگە لە چاوەڕوانیکردنی ڕوودانی ئەو کارەساتە حەتمییەی کە دێتە پێش.
وشیاریی مرۆیی لە ئەفسانەی ئەشکەوتەکەی پلاتۆندا:


لە کتێبی (کۆمار)ی ئەفلاتۆندا، بە تایبەتی لە پەرتووکی حەوتم و لە چوارچێوەی "ئەفسانەی ئەشکەوت"ە بەناوبانگەکەدا، بەپێی وەرگێڕانی عەرەبیی پەسندکراوی دکتۆر فوئاد زەکەریا ــ کە ئەم بەشە لە لاپەڕە ٣٨٣ بەدواوە دەست پێ دەکات ـ بابەتەکە لە قالب و شێوازی دیالۆگێکدا لە نێوان سوکرات (کە بە ناوی ئەفلاتۆنەوە دەدوێت) و گلاوکۆن (برا گەورەکەی ئەفلاتۆن)دا داڕێژراوە. لەم بەشەدا، وەرگێڕانی چەند پەرەگرافێکی جەوهەری و دەقە ڕەسەنەکانی ئەفلاتۆن (لەسەر زاری سوکرات) سەبارەت بە ئەشکەوتەکە دەخەینەڕوو، کە بە تەواوی بەرجەستەی پرسی بەرتەسککردنەوەو داماڵینی وشیاری دەکەن‪.‬ سوکرات دەربارەی سروشتی شوێنەکە وحاڵی مرۆڤەکانی ناوی، ڕوونکردنەوە دەداتە گلاوکۆن :‪”‬ ئەشکەوتێکی ژێر زەوی وێنا بکە، کە درێژایییەکەی بە کونیەکی فراوانەوە دەڕوانێتە سەر ڕووناکی. لەم ئەشکەوتەدا مرۆڤگەلێک دەژین کە لە تەمەنی منداڵییەوە لێی نیشتەجێ بوون؛ قاچ و گەردنیان بە کۆت و زنجیر بەستراوەتەوە، بە جۆرێک کە لە جووڵە کەوتوون و هیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە تەماشاکردنی ئەو شتەی کە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بەردەم دەموچاویان(دیواری ئەشکەوتەکە)؛ چونکە زنجیر و کۆتەکان ڕێگری دەکەن لە چاوگێڕانیان و سووڕانی سەریان یان گۆڕینی ئاراستەی ڕوانینیان. لە پشت سەریشیانەوە، لە مەودایەکی دووردا، ئاگرێک داگیرساوە کە ڕووناکییەکەی دەدرۆشێتەوە‪.”. ‬ سوکرات وەسفی ئەو کەسانە دەکات کە سێبەرەکان دروست دەکەن، و ڕوونی دەکاتەوە کە لە نێوان ئەم ئاگرە داگیرساوەو زیندانییە بەستراوەکاندا، ڕێگایەکی بەرز درێژ دەبێتەوە؛ وێنای بکە کە لەسەر ئەم ڕێگایە دیوارێکی کورت دروست کراوە، کە ڕێک هاوشێوەی ئەو بەربەستانەیە کە نمایشکارانی قەرەگۆز و جووڵێنەرانی بووکەڵە لە بەردەم خۆیاندا دایدەنێن، تاوەکو لە سەر ئەو دیوارەوە بووکەڵەکانیان نمایش بکەن.‪”‬. چەمکی ئەشکەوتی ئەفلاتۆنی ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە چۆن مرۆڤەکان وەک زیندانی لە ناو بیرۆکە و وەهمە سۆزداری و دەروونییە خودییەکانی خۆیاندا دەژین، و پەککەوتەن لە بەئاگاهاتنەوە لە حەقیقەتی بابەتی، چونکە سەرچاوەی مەعریفەیان جووڵەی سێبەری بووکەڵەکانی سەر دیواری ئەشکەوتەکەیە، ئەو دیوارەی بۆیان بۆتە پەنجەرەو شاشەێک و لێیەوە لە دونیا دەڕوانن.


نامۆبوونی مرۆڤ و هەڵهاتن لە جیهانی ڕاستەقینە‪:‬


ڕۆمانی ‪”‬دەمەتەقێ لەسەر نیل‪”‬ی نەجیب مەحفووز، وێنەیەکی ڕوون لە نامۆبوونی بوونی دەخاتە ڕوو، و مۆدێلی کەشتیی(العوّامة) لەسەر کەناراوەکانی نیل وەک هاوتایەکی بابەتی بۆ ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن پێشکەش دەکات؛ چونکە لەم ڕۆمانەدا، تاقمێک لە ڕۆشنبیران و فەرمانبەران لە ناو کەشتییەکی لەنگەرگرتووی سەر ڕووباری نیلدا کۆدەبنەوە. لە ناو یاداشتنامەی ڕۆژنامەنووس ‪”‬سەمارە بەهجەت‪”‬ەوە هاتووە:{ئەنيس زەکی حاڵەتێکی چارەسەرنەکراوە لە نامۆبوونی دەروونی و بوونی. ئەو گوزارشت لە داڕووخانی تەواوی سیستمی بەهاکان دەکات؛ کەسێکە کە بە جەستە لە ئێستادا دەژی، بەڵام ئەقڵ و هزرەکەی بۆ سەردەمە دوورەکانی مێژووی فیرعەونەکان و پاشاکان هەڵهاتووە، وەک بڵێی بەدوای شکۆیەکی ونبوودا دەگەڕێت تا بێدەسەڵاتی واقیعی ڕۆژانەی پێ دابپۆشێت. ئەوەی لە ئەنیسدا ترسناکە ئەوەیە کە ئەو نەزان نییە، بەڵکو ڕۆشنبیرێکی تێکشکاوە. خاوەنی وشیارییەکی تیژە کە وای لێدەکات قەبارەی ئەو کارەساتەی دەوروبەری درک پێ بکات، بەڵام وشیارییەکی ئیفلیجە و توانای کردەوەی نییە. شیکارییەکەم بۆ ئەو، من دەگەیەنێتە تەنها یەک حەتمییەت: ئەنیس زەکی تەنها قوربانیی خودی خۆی نییە، بەڵکو قوربانیی قۆناغێکی مێژوویی تەواوە کە قیبلەنومای خۆی ون کردووە، و گەورەترین ترسم ئەوەیە کە ئەم کۆمەڵگەیە بە زللەیاکی بەئازار بەئاگا بێتەوە تا درک بەوە بکات کە بێهۆشییەکەی ئەنیس تەنها سەرەتایەک بوو بۆ کۆتایی... هەندێک جار وا بۆم دەردەکەوێت کە ئەو نیوە شێت یان نیوە مردووە؛ کەسێکە کە سەرکەوتوو بووە لەوەی بە تەواوی ئەو شتە لەبیر بکات کە لێی ڕادەکات، تەنانەت خۆی لەبیرچووەتەوە. .. کامەیان بۆ خاوەنەکەی بەبەزەییترە نیوە شێتییەک کە لە وشیارییەکەی دەیپارێزێت، یان نیوە مردنێک کە لە هەستەکانی بێبەری دەکات؟ ئەمە گوزارشت لە ڕاکردنی نەرێنی دەکات لە پەڕگیریی دەرکەوتەکانیدا، بە جۆرێک کە ڕزگاربوونی تاکەکەسی دەبێتە ئامانج، تەنانەت ئەگەر باجەکەشی دەستبەرداربوون بێت لە مرۆڤبوون و ژیانکردن وەک سێبەری مرۆڤێک.}.


لە نێو عەوامەکەی مەحفوزدا تاقمێک لە ڕۆشنبیران وفەرمانبەرانن هەن، کە شەوو ڕۆژ حەشیش دەکێشن، وتێوەگلاون لە چەنەبازی پووچ و مشتومڕی بێهوودە؛ ئەمەش بە مەبەستی ڕزگاربوون وڕاکردن لە تاڵیی واقیع، وئەو قەیرانە سیاسییانەی لە جیهانی دەرەوەدا دەوریان داون. کەشتییەکە (العوّامة) بووەتە هاوشێوەێکی وردی ئەشکەوتی ئەفلاتۆن؛ چونکە پانتایێکی جوگرافی داخراو وتاریکە کە مرۆڤەکان وەک زیندانی تێیدا نیشتەجێ بوون ونامۆبوو. دووکەڵی حەشیشەکە وئەو گفتوگۆ سەرپێیی وبێ بەرهەمانە لە ناو کەشتییەکەدا دەگوزەرێن، دەبنە هاوتای بابەتیی ئەو سێبەرە ساختانەی کە لەسەر دیواری ئەشکەوتەکەی پلاتۆن ڕەنگ دەدەنەوە. بەهۆی سڕکردن وبێهۆشکردنی سیستماتیکەوە، کارەکتەرەکان لە واقیعی ڕاستەقینەی خۆیان دابڕاون و لە ترس وهەراس وگریمانەیی وەک تەنها حەقیقەتی بوون دەبینن. ئەم دژایەتییە لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا دەردەکەوێت؛ کاتێک بە ئۆتۆمبێلەکەیان لە ڕێبوارێک دەدەن ودەبنە هۆی گیان لەدەستدانی مرۆڤێک. یەکێک لە کارەکتەرەکان (ئەنیس) هەوڵ دەدات کۆت وزنجیرەکانی ئەشکەوتەکە بشکێنێت وبچێتە لای پۆلیس بۆ دانپێدانانی تاوانەکە، وەک هەنگاوێک بەرەو گەڕاندنەوەی وشیاری وڕووبەڕووبوونەوەی واقیعی مادیی بەرجەستە. بەڵام تاقمە چەنەبازەکەی باقی ناو کەشتییەکەدا ڕێگریی لێ دەکەن، و بە گاڵتەجاری ونکۆڵیکردن ڕووبەڕووی دەبنەوە؛ ئەمەش هاوشێوەکارییەکی تەواوە بۆ ئەوەی چۆن زیندانییەکانی ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن ڕووبەڕووی ئەو هاوڕێیەیان بوونەوە کە ڕزگاری ببوو وگەڕابووەوە بۆ لایان لە کاتێکدا تیشکی حەقیقەت ومژدەی بەئاگاهاتنەوەی پێ بوو.


فەزای دیجیتاڵی لەمڕۆدا، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، شاشەی مۆبایلەکان و ئەپڵیکەیشنەکانی وەک پلاتفۆرمی تیک تۆکدا خۆی دەبینێتەوە، بووەتە ئەو فەزایە تەنگ و داخراوەی کە تێیدا خوارزمیتەکان (ئەلگۆریتمەکان) ئاراستەی زمان و بیرکردنەوەمان دەکەن، تاوەکو بە وردی وەک ‪”‬ئەشکەوتی ئەفلاتۆنی و "عەوامەکەی نەجیب مەحفووز‪”‬ کار بکات؛ لە جیاتی کێشانی حەشیشی مادی لە ناو کەشتییەکەی نەجیب مەحفووزدا لەسەر کە ناراوەکانی ڕووباری نیل، زۆربەی جەماوەر لەمڕۆدا حەشیشی دیجیتاڵیی مەجازی دەكێشن. لەم جیهانە هاوچەرخەدا، دەسەڵاتی باڵادەست پەنا ناباتە بەر سەرکوتکردنی خەڵک بە هێزی چەکی ڕووت، بەڵکو دەرمانێکی دەستکردیان پێشکەش دەکات کە لەم فەزا دیجیتاڵییە گشتگیرەدا بەرجەستە دەبێت؛ ئەم دەرمانەش وەک ماددەیەکی هۆشبەر کار دەکات کە دڵخۆشییەکی ساختەیان پێ دەبەخشێت و وشیارییان بە تەواوی لێ زەوت دەکات. لێرەدا، مرۆڤەکان بە ویست و خواستی خۆیان کۆتوزنجیرەکانی کۆیلایەتیی خۆیان قبوڵ دەکەن؛ چونکە سیستمی سەرمایەداری سەرکەوتوو بووە لە هۆشبەرکردنی وشیاریی گشتیی ئەواندا، ئەمەش لە ڕێگەی میکانیزمەکانی کات بەسەربردن، بەکاربردن و پیشەسازیی چێژی بەردەوامەوە. کۆیلەکردن و نامۆکردنی مرۆڤ لەمڕۆدا، لە ڕێگەی شاردنەوەی زانیاری و ڕێگریکردن لە مەعریفە ئەنجام نادرێت (کە میکانیزمی قەدەغەکردنی تۆتالیتارییە وەک چۆن جۆرج ئۆروێل لە ڕۆمانی ۱۹۸٤دا وێنای کردووە)، بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە، لە ڕێگەی نوقمکردنی وشیارییەوە دەبێت لە ناو لافاوێکی خنكێنەر لە زانیاریی پووچ، بێناوەرۆک و کات بەسەربردنی بێکۆتاییدا. لەم چوارچێوەیەدا، ڤیدیۆکانی تیک تۆک و کورتە بڕگە بینراوەکان ( شۆرتس/ ڕێڵز) وەک هۆشبەرێکی کارکردەیی ناوازە کار دەکەن؛ چونکە بە بەردەوامی دۆپامین دەڕژێننە ناو مێشکی جەماوەری چەوساوەوە، تاوەکو کات و توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی قووڵ و وشیاریی ئامانجدارو ڕزگاریخوازانەیان لێ زەوت بکەن.


بە پێچەوانەی ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن کە تێیدا مرۆڤەکان بە زۆرەملێ و بە کۆتوزنجیر زیندانی دەکرێن، "کەشتییەکەی نەجیب مەحفووز" گوزارشت لە ئەشکەوتێکی ئارەزوومەندانە دەکات کە ڕۆشنبیران و فەرمانبەرانی شەکەت لە بژێویی ژیانیاندا، بۆی ڕادەکەن. کەشتییەکە (العوّامة) فەزایەکی جوگرافیی دابڕاو و لەسەر ئاوەکەیە، کە لە شوێنی خۆیدا بەند کراوە و لەنگەری گرتووە؛ ئەمەش لە ڕووی فیکرییەوە هێمایە بۆ چەقەبەستوویی مێژوویی و پەککەوتن لە کردەوەو گۆڕانکاریدا. ڕێک وەک چۆن سیستمی سەرمایەداریی هاوچەرخ تەنها بە بەرهەمهێنانی کاڵاکانەوە ناوەستێت، بەڵکو میکانیزمەکانی نەزانیی دیجیتاڵی و ڕووکەشکردنی مەعریفیی سیستماتیک سەرلەنوێ بەرهەم دەهێنێتەوە ـ لە ڕێگەی فەزای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بەو شێوازەی کە لە عەوامەکەی نەجیب مەحفووزدا بەرجەستەمان کرد، بە هەمان شێوەو بە هەمان قەبارەش بەربەستی پێکهاتەیی دەخوڵقێنێت کە ڕێگری دەکەن لە گۆڕانی مەینەتییە مادییەکانی ڕۆژانەی جەماوەر بۆ وشیارییەکی سیاسی و سۆشیالیستیی ڕێکخراو.


گەردوونێتیی وشیاریی ساختە لە ژێر سایەی ئەشکەوتی دیجیتاڵیدا‪:‬


لەسەر بنەمای ئەم شیکارییە تیۆرییە، نووسەری ئەم وتارە دەگاتە ئەو دەرئەنجامە ستراتیژییەی کە جیاوازیی پلەی گەشەسەندنی هێزەکانی بەرهەمهێنان و جیاوازیی ئاستی ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری لە نێوان گەلانی جیهاندا، چ لە سەنتەری ڕۆژئاوایی سیستمی سەرمایەداریدا بن یان لە پەراوێزە ڕۆژهەڵاتییەکەیدا، ڕێگر نییە لەبەردەم یەکچوونی پڕۆسەی تووشبوون بە نەخۆشیی زەهایمەری سیاسی و پاشەکێشی نوستالژیک. لەم چوارچێوەیەدا، شاشەی مۆبایل و ئامرازە دیجیتاڵییەکان وەک ‪”‬ئەشکەوتە نوێیەکەی ئەفلاتون‪”‬ و ‪”‬فۆرمی هاوچەرخی عەوامە نوێیەکەی نەجیب مەحفوز‪”‬ کار دەکەن؛ تۆڕە تەکنەلۆژییەکان جەماوەری جیهانیان لە ناوەندێکی مەعریفیی چەواشەکاردا یەکخستووە کە تێیدا مرۆڤەکان، بەبێ ڕەچاوکردنی پێگەی جوگرافی یان چینایەتییان، بە شێوازێکی هاوتەریب و وەک یەک دووچاری وشیاریی ساختە، فەرامۆشیی مێژوویی، و پڕووپوچیی گوتاری سیاسی دەبن. کەواتە، سەرمایەداریی لە ڕێگەی کەرەستە دیجیتاڵییەکانەوە توانیویەتی "کۆتوزنجیری هۆشیاری" گەردوونگیر بکات و یادەوەریی ڕەخنەیی مرۆڤایەتی بە گشتی سڕ بکات.


ئەگەر بۆ مارکس نووسرابایە کە لە ساڵی ٢٠٢٦دا بژی، تووشی سەرسوڕمانێکی بێپایان دەبوو؛ ئەمەش بەهۆی بینینی ئەوەی کە چۆن سیستمی سەرمایەداری، لە ڕێگەی بەکارهێنانی بازدانە تەکنەلۆژییە ئێجگار پێشکەوتووەکانەوە، سەرکەوتوو بووە لە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی شێوازێکی قووڵترو ترسناکتری باڵادەستی و زەوتکردنی وشیاریی گشتی. مارکس لە سەردەمی خۆیدا جەختی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی میکانیزمەکانی چەوساندنەوەو نامۆبوونی دەکردەوە کە کرێکار لە ناو کارگە کلاسیکییەکاندا ڕووبەڕووی دەبووەوە؛ بەڵام بۆ ئەمڕۆ، بێگومان سەرمایەداریی هاوچەرخ بووەتە سیستمێک بۆ داگیرکردنی وشیاری و دەستبەسەرداگرتنی سەرنجی مرۆڤ. خوارزمیتەکانی تیک تۆک و ئینستاگرام لە ڕوانگەی مارکسەوە تەنها ئامرازێکی بێتاوان بۆ کات بەسەربردن و کەیفسازی نەدەبوون، بەڵکو وەک کارگەی زەبەلاح دەبینران بۆ سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی پەرستنی کاڵای دیجیتاڵی. لەم ئەشکەوت و عەوامە نوێیە(شاشەی مۆبایل)، مرۆڤەکان بە کۆتوزنجیری ئاسنینی زۆرەملێ بەند نەکراون، بەڵکو لە ڕێگەی میکانیزمەکانی(لایک ‪-‬ سەرسامبوون)و ڕژانی دەستبەجێی دۆپامینەوە، خۆبەخشانە بوونەتە ئەسیرو نامۆ بوون. بە دڵنیایییەوە، مارکس خۆی تەرخان دەکرد بۆ دۆزینەوەی ڕێگاو پراکتیک کە گەرەنتیی گۆڕینی ئەم کاڵا دیجیتاڵییە، کە لە شاشەی مۆبایلدا کورتبووەتەوە، بۆ چەکێک لە دەستی چینی کرێکاردا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیستمی سەرمایەداریی دڕندە.

___________________________________________________________
پەراوێز:
۱- ئەم وتارە بە زمانی عەرەبی (الوعي البشري: من أسطورة الكهف الأفلاطوني إلى الفضاء الرقمي المعاصر - أكرم سعيد) لە ماڵپەڕی (الحوار المتمدن) لە بەرواری ۲۰۲٦ / ۹ / ۲۰ دا، بڵاوکراوەتەوە.
۲- کاتێ ئەم وتارەم وەڕگێڕایە سەر زمانی کوردی، دەستکاری هەندێ بڕگەیم کردووە، و هەندێ بڕگەم لابردووە، بەتایبەتی پەرەگرافەکانی (پێری ئەندەرسۆن و ئیرەجی ئازەرین)م لابردووە. بەهۆی ئەوەی دووبارە نەبێتەوە، چونکە لە وتاری(هێزی هزر – پێری ئەندەرسۆن) کە لە بەرواری ۲۰۲٥-۱۱-۱۸ بڵاوکراوەتەوە، ئەو دوو پەرەگرافە لە دەقەکەدا.
۳- وشیاریی چینایەتی بە شێوەیەکی خۆرسک و ئۆتۆماتیکیی بەهۆی قەیرانی ئابووری و برسییەتی گەشە ناکات، وەک چۆن ڕەوتی ئابووریگەرایی لە مشتومڕەکانیدا دژی تێزەکانی لێنین وا تێگەیشتبوو؛ بەڵکو وشیاری پێویستییەکی حەتمیی بە هێزێکی پاڵنەری ڕێکخراوەیی و پێشەنگ هەیە (کە لە پارتی پێشەنگ و سەندیکا سۆشیالیستەکاندا بەرجەستە دەبێت)، ئەم هێزە پاڵنەرە سۆسیالیستییە تاقە زامنە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی "بیرۆکە کارا و بزوێنەرەکان" و گۆڕینی ڕیشەیییان بۆ هێزێکی مادیی کارا کە توانای ڕابەرایەتیکردنی وەرچەرخانی مێژوویی هەبێت.
٤- مەرجی بابەتی فەراهەم و بەردەستە خۆی لە دۆخی قەیرانی ئابووری و جەنگەکاندا دەبینێتەوە. بەپێی تێڕوانینی مارکسی، سیستمی سەرمایەداری بە ناو قەیرانە خولییەکانی خۆیدا تێپەڕ دەبێت، کە ئەوانیش بە سروشتی خۆیان ژینگەیەکی گرژو تەنگسێراو (جەنگ و هەژاری) دەخوڵقێنن؛ ئەم مەرجەش لە واقیعی هاوچەرخدا بە تەواوی هەیە و بەرجەستەیە، بەڵام مەرجی خودی کە بریتییە لە وشیاریی چینایەتی لای ڕەنجدەران و ئامادەیی هێزە سۆشیالیستەکان، لاوازەو ئامادە نییە.
٥- بۆ زیاتر خوێندنەوەی فەلسەفەی ماتریالیزمی مێژوویی و پراکسیسی مارکس، سوود لە هەردوو کتێبەکانی وەک «خێزانی پیرۆز» و «ئایدۆلۆژیای ئەڵمانی» وەرگیراوە.
٦- دیالێکتیکی بێبڕانەوەی تیۆری و پراکسیس- ڕەخنەیەک لە دۆگماتیزمی مەعریفی: لە پڕۆسەی گەشەسەندنی فیکری و مێژووییدا، پەیوەندی نێوان کاری تیۆری و پراکسیس وەک پڕۆسەیەکی دیالێکتیکیی بەردەوام، داینەمیکی و هەمیشە نوێبووەوە وێنا دەکرێت. لەم سۆنگەیەوە، مەعریفەی ڕەخنەیی (بەتایبەت لە چوارچێوەی فیکری سۆسیالیستیدا) ناتوانێت لە خاڵێکی مێژوویی دیاریکراودا بوەستێت یان بانگەشەی "تەواوبوون" و کەنارگیربوونی مەعریفی بکات. بە گوزارشتە فەلسەفییەکە، کاتێک تیۆری لەگەڵ جێژنی بەردەوامی ژیان و کاردا یەکدەگرێت، هاوکێشە کلاسیکییەکەی گۆتە ڕەتدەکاتەوە و دەسەلمێنێت کە "درەختی ژیانی مەعریفە و کار هەمیشە سەوزە" و هەرگیز خەمڵینی کۆتایی بەخۆیەوە نابینێت.
لێرەوە، هەر گوتارێکی سیاسی یان فیکری کە پێی وابێت کاری تیۆری پڕۆژەیەکی جێگیرە و لە قۆناغێکی دیاریکراودا "تەواو بووە"، دووچاری دۆگماتیزمێکی میکانیکی بووەتەوە. ئەم جۆرە ڕەوانبێژییە تەنها لەو دیدگا کەمکوڕانەوە سەرچاوە دەگرێت کە ناتوانن لە ڕاستی پێکەوە بەسترانی ئۆرگانیکی نێوان تیۆری و پراکتیک لە مێژوودا تێبگەن. مێژوو لە گۆڕانی بەردەوامدایە، شێوازەکانی بەرهەمهێنان و ململانێی چینایەتی فۆرمی نوێ وەردەگرن، بۆیە ململانێی کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام پرسیاری نوێ دەهێننە ئاراوە؛ ئەمەش وا دەکات کاری تیۆری نەبێتە دەقێکی پیرۆزو نەگۆڕ، بەڵکو ببێتە ئامرازێکی زیندووی هاوشانی پراکسیس بۆ تێگەیشتن و گۆڕینی واقیع. بۆیە، ڕەتکردنەوەی سنووردارکردنی کاتی بۆ کاری تیۆری، بنەمای هەر فیکرێکی ڕادیکاڵ وشۆڕشگێڕە کە دەیەوێت لەگەڵ ساتی مێژووییدا هاوچەرخ بمێنێتەوە.

 

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک