په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٨\٢٠٢٣

ویستی یەکگرتنەوە لە کۆریای دابەشبوودا؟!

هەڵۆ محەمەد         


بەر لە ٧٠ ساڵ وڵاتی کۆریا دوای شەڕی نێوانیان لە ساڵانی ١٩٥٠-١٩٥٣ی کە نزیکەی ٥ ملیۆن کەسی تێدا کوژرا و ١٠ ملیۆن کەسیش لە کەسوکار و خێزانەکانیان دابڕان و لە ئاکام دا ، ئەو وڵاتە دابەش بوو بەسەر دوو کۆماردا، کۆریای باکووری دیکتاتۆر و کۆریای باشووری لیبەراڵ ..

رۆژی ٢٧،٧،١٩٥٣ نەیان توانی یەک بگرنەوە بەڵکوو تەنیا ئاگربەستیان ڕاگەیاند . ئەو ڕۆژگارە گەرمەی شەڕی سارد بوو، کۆریای باکوور کەوتە خولگەی سۆڤیەتەوە و باشووریش هی ئەمەریکاوە ئەم وڵاتە دابەشبووە یەکێکە لە نموونە ناشیرینەکانی دوای دووەم جەنگی جیهانی و نەخشەی سیاسی لە جیهاندا.


ئەوەی بەڵگەنەویستە باشوورییەکان زیاتر هەوڵی یەکگرتنەوە دەدەن،ئەمەش بەڵگەی بوونی ئازادی زیاتر و لیبەراڵییە لەو بەشەدا کە کۆریاییەکان دەتوانن بە ئازادی بیروڕای خۆیان دەرببڕن. بەڵام ماوەیەکە بەهۆی هەڕەشە و چەکی ئەتۆمی و بەردەوام تاقیکردنەوەی ڕاکێتەوە لە لایەن باکوورەوە ترس لە باشوور نیشتووە، بۆیە بەلەمی جەنگی ئەمەریکی بە ڕاکێتی بالیستییەوە لە دوورگەی باشوور ڕاگیراون و ئامادەباشن بۆ شەڕ

سەرۆکی کۆریای باشوور یۆئۆن سوک-یەئۆلدەڵێ ئەگەر بێت و کم ژۆنگ-ئون هەر هەڵەیەک بکات ئەوە دەبێتە مایەی لەناوچوونی رژێمەکەی.. بە پێی راپرسییەکی سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی کۆریای باشوور یۆئۆن مەئە-هیانگ دەڵێ:لەو سەردەمەدا ٢٠٠٧ کە پەیوەندی دوو کۆمار ئەرێنی بوو بە ڕێژەی ٦٣،٨٪ خەڵک لە باشوور ویستی یەکگرتنەوەیان هەبوو.. بەڵام ئێستا کەمی کردووە و تەنیا ٤٦٪ ئەو ویستەیان هەیە..لە ئێستادا کە گرژییەکان زۆرن تەنیا٢٧٪ ئەوەیان دەوێت..

 
راپرسییەکی تری زانکۆی سۆئەلی پێش چەند ساڵێ باس لەوە دەکات کە تەنیا ٥٤٪ی گەنجانی تەمەن نێوان١٩-٢٩ ئەو ویستەیان هەیە..

یۆئۆن دەڵێ: بە گشتی هەلومەرجی سیاسی کاریگەرێتی لەسەر ئەم ڕێژەیە هەیە؟!.. تا پەیوەندییەکان ئەرێنی بێت ڕێژەکە زیاتر دەبێت! سەرۆکی کۆریای باشوور دەڵێ : کەشوهەوایەکی ناخۆش هەیە و سەرۆکی باکوور پێویستی بە ئامۆژگارگ و وانە دادانی ئەدەبییە؟!.. ئێستا راکێتە ئەتۆمییەکانی باکوور ئامادەن و باشووریش لەگەڵ ئەمەریکا و ژاپۆن سەرگەرمی مانۆڕی سەربازییە..


ئۆپۆزیسیۆنی ناوبراو دەڵێ: گەر لەسەر ئاستی حکومەتیش نەبێ وەک کۆمەڵگە دەتوانین پێکەوە کار بۆ ژینگە و تەندروستی بکەین، وەک ڤۆن ٢٠١٨کاتی یارییەکانی ئۆلۆپیات کە لە باشوور کراو و باکوریش لەگەڵ بوو.. دەڵێ ؛ من هەوڵ بۆ ئەمە دەدەم..


رۆژنامەنووسێکی تر دەڵێ: زۆرینەی دابڕان و لێکوژراوەکان خێزانە پیرەکانن ئەوان کارەساتی ئەو دابەشکارییەیان چەشتووە نەک لاوەکان؟! بە دیوێکی تریشدا گەنجان ئیمڕۆ گرفتاری کێشەکانی خۆیانن..

پرۆسەی یەکگرتنەوە گرانە:

ژیان لە سیول قورس و گرانە وەک ئەڵمانیا وایە و زۆریان پێیان وایە: یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا چەند لەسەر ئەڵمان قورس کەوت، هی کۆریاش وا دەبێت .. لەبەرئەوە ساڵی ١٩٨٩ کە دیوارەکە رووخا داهاتی ساڵانەی تاکێکی ئەڵمانیای رۆژئاوا سێ قاتی هی رۆژهەڵات بوو.. بەڵام هی ئیمڕۆی باشووری کۆریا نزیکەی ٥٠ قاتی باکوورە..


بۆیە کۆرییەکان نایانەوێ مۆدێلی یەکگرتنەوەکەی ئەڵمانیا بکەنە سەرمەشقی خۆیان و کۆریای باکووریش وەک ئەڵمانیای رۆژهەڵات ڕازی نییە بە ئاسانی قوت بدرێ؟!..

ئەم رووداو و نموونەیە دەیسەلمێنێ کەوا ئەڵمانەکان هوشیارترن لە کۆرییەکان بۆ پرسی یەکگرتنەوە و سەربەخۆترانە بڕیاری یەکگرتنەوەیان دا.. کۆریای باکوور خۆی ترنجاندۆتە نێو جۆرە پەیوەندی و بلۆکێکەوە ڕێگریی یەکگرتنەوەی لێ دەکرێ؟! ئەگەر وا نییە، بۆ لە دەمی ئاشتی و ئەرێنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ باشووردا ڕێژەی خواستی یەکگرینەوە باڵاتر هەڵدەکشێ؟!

دۆخەکە ڕێک وەک باشووری وڵاتی خۆمان وایە، ئەگەر پەیوەندی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە باش بێت کێرفی کوردایەتی بەرز دەبێتەوە و بە پێچەوانەشەوە


کەواتە: ویستی یەکگرتن و کوردایەتی کردن لە بنەمادا ڕەسەن و دروست و بەهێز و خواستێکی دڵ و دەروونی کۆریایی و کوردە، بەڵام لای هەندێک بەرژەوەندی حیزبی و سیاسی و کەسی لێڵ و شێواوی دەکات!


ئەوەی گرنگە تاکی هوشیار شانبەشانی ڕەوتی مێژوو و ڕاستییەکان دەڕوات و هێزی لۆژیک و حوکمی واقیع بزر ناکات و ڕێگە نادات بەرژەوەندی حیزبی و زاتی ناتەندروست باڵ بکێشێ بەسەر هەست و نەستیدا و بڕیاری مێژوویی ناتەندروست و سەقەتی پێ بدات!؟
__________________________________________
سەرنج: هەندێ زانیاریم وەرگرتووە لە رۆژنامەی دێرتاگەسشپیگلی رۆژی ٢٨.٧.٢٠٢٣.

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک