په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٣\٢٠١٣

وتارەکەی بارزانی چیی تێدابوو؟
- شیکاری دوایین وتاری بارزانی -


هەڵگورد سەمەد     


بەبۆنەی جەژنی نەورۆزی ساڵی ٢٧١٣ی کوردییەوە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتارێکی ٩ خولەکی لەبەردەم ژمارەیەک کەس"چەند هەزارێک" لە هەولێر پێشکەش کرد. لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی وتارەکەی بە ئەزبەر و بەبێ خوێندنەوە گوت.


لە رووی زمانەوانییەوە، وەها دیاربوو کە هەوڵ دەدات زیاتر بە کوردیی پەتی بئاخفێ، بەڵام وتارەکەی خاڵی نەبوو لە وشە و دەستەواژەی عارەبی.


بەر لەوەی دەست بە قسەکردن بکات، بەشێوەیەکی سەیر دەست لە مایکەکەی بەردەمی و راگرەکەی ژێر مایکەکە دەدات!


وەکو هەمیشە دەستپێکی وتارەکەی بە"ناوی خوا" دەست پێ کرد.


لە سەرەتادا رارایییەکی زۆری پێوەدیار بوو و بە ئاشکرا هەست بە هەناسەسوارییەکەی دەکرا، بەشێوەیەک دوای گوتنی رستەی یەکەم کە ئامادەبووان دەستیان کرد بە چەپڵە و فیکە لێدان بە هەلی زانی کە چەند هەناسەیەکی قووڵ بدات!


دوو خولەکی یەکەمی قسەکانی پیرۆزبایی و گێڕانەوەیەکی کورتی چیرۆکی نەورۆز و کاوە بوو.


دواتر گوتی"تا گەلی کوردستان مابێت بەهیچ شێوەیەک رازی نابێت بە ژیانی بندەستی و ژێردەستی" هەڵبەت لێرەدا هەردوو وشەی"ژێردەستی" و "بندەستی" هاوواتان و دەکرا تەنێ یەکێکیانی بەکارهێنابا. لە دەمی گوتنی ئەم رستەیەدا، لە خولەکی دووەمەوە هەست بەوە دەکرێت کە قسەیکانی داهاتووی وەک هەمیشە خاڵی نابن لە هەڕەشە.


بە سەرنجدانێکی خێرا دەتوانین ئەوە بزانین کە هەردوو وشەی"دوژمن" و "ناحەز" لە زۆربەی هەرە زۆری وتارەکانی بارزانیدا هەن. ئەم دوو وشەیە هەموو جارەکان لە چەند رستەیەکدا بەکاردەهێنێت کە تێکەڵەیەکن لە هەڕەشە و هەست بزوواندن. بارزانی گوتی "دوژمنان و ناحەزانی گەلی کوردستان، دەتوانن کیمابارانمان بکەن، دەتوانن ئەنفالمان بکەن، دەتوانن بمانکوژن، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ناتوانن ئیرادەی ئێمە بکوژن".


لەم دەربڕینەیدا روون نییە کە ئاخۆ بارزانی بە دیاریکراوی مەبەستی کێیە لە "دەژمنان" و "ناحەزان"؟


هەڕەشەیەک کە پێم وایە زێتر لە کۆمێدیایەکی دەچێ نەک وتارێکی سیاسی، لە رستەی دواییدا بوو کاتێک گوتی"لەبەرئەوە با کەس خۆی تاقی نەکاتەوە شەڕی ئیرادە لەگەڵ کوردستان بکات".


دوای ئەوە دووبارە دێتەوە سەر باسی نەورۆز"نەورۆز یەعنی ئازادی، رزگاربوون، نوێبوونەوە وە هەنگاونان بەرەو لوتکەی سەرکوتن" ئەمانەش دووبارەکردنەوەی چەند وشەیەکی زیاتر شیعرین کە شاعیرانی کورد هەزاران جار بەکاریان هێناوە، بەڵام بە دەربڕین زۆر سەرنجڕاکێشتر.

ئەوەی بۆ من مایەی سەرنجە هەمیشە باوەڕێکی ئاینی بوونی هەیە لە قسەکانی مەسعود بارزانیدا" خوا ئەم وڵاتە جوانەی پێ بەخشیوین".. ئەو کە هەرگیز بە ئاشکرا و لەکاتی ئاساییدا نەیویستووە یان نەیهێشتووە کەس وەکو باوەڕدارێک بیناسێت، بەڵام لە نەستی ئەودا باوەڕێکی ئاینی ترادیسیۆنی هەستی پێ دەکرێت کە بنچینەکەی باوەڕبوونە بە خوایە(خوای ئیسلام) دواتریش بەکارهێنانی چەند چەمک و دەستەواژەیەکی ئیسلامییە وەکو دوو جار بەکارهێنانی چەمکی ''ئینشائەڵا'' لە ناوەڕاست و بەر لە کۆتایی وتارەکەی.

لەو بەشەی وتارەکەی کە پەیوەست بوو بە کێشەی هەولێر و بەغدا، وەکو هەمیشە چەند رستەیەکی هەستبزوێن(حماسی)ی گوت. بارزانی بەمشێوەیە باسی لە کێشەکان کرد"کێشەی ئێمە کێشەی نەتەوەیەکە، کێشەی مافە، کێشەی زەمینە، کێشەی سنوورە، کێشەی هاوبەشی بوونە لە حوکمڕانی".


لێرەدا بارزانی جگە لە بەکارهێنانی چەند دەستەواژەیەکی لاستیکی"کێشەی نەتەوە، کێشەی ماف" وردەکاری زیاتر ناڵێت. گوێگر نازانێ مەبەستی لە "کێشەی نەتەوە و ماف"لەگەڵ بەغدا چییە!


خوێنەری بەڕێز، هەڵبەتە زۆر باش ئاگاداریت کە کشانەوەی وەزیرە کوردەکان بە فەرمانێکی بارزانی لە بەغداوە بۆ هەولێر و ئەم وتانەی بارزانیش چەند رۆژێک دوای تێپەڕاندنی بودجەی ساڵانەی عێراقە(گەورەترین بودجە لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقەوە تا ئەمڕۆ) کە بەبێ ئامادەبوونی لیستی کوردستانی تێپەڕێندرا، هەر ئەمەش پارتی و یەکێتی زۆر نیگەران کرد.

لە کۆتایی قسەکانیدا دووبارە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد ئەوانە لەگەڵ دیالۆگ دان و گوتی"ئێمە لەگەڵ دیالۆگین، بەڵام بە هەموو بڕوایەکەوە پێتان دەڵێم کە هەرێم ئامادەیە بۆ هەموو ئیحتیمالێک" .. ئەم رستەیە دووبارە هەڵگری هەڕەشەیەکی توندە، چونکە هەموومان باش بارزانی دەناسین، مەبەستی لە تێرمی"هەموو ئیحتیمالێک" شەڕە، هەروەک لەو هەڵچوون و داچوونەی بەمداییانە لە کەرکووک بینیمان کاتێک عێراق سوپای (دجلە)ی پێکهێنا.

تا هەنووکەش وەها دەردەکەوێت کە چەمکی"هێز" لەکن بارزانی هێزی سەربازی بێت. ئەو بە شێوەیەکی ترادیسۆنانە لەو چەمکە دەڕوانێت، بۆیە لەدوای هەڕەشەکەی دەڵێت"ئێمە بەهێزین پشت بە خوای گەورە و بە ئێوە گەلی کوردستان".. هەڵبەت لێرەدا قسەیەکی تر ناکات تا پێمان بڵێت ئەو مەبەستی چییە لە تێرمی"هێز".

کاتی وتارەکەی لەکاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا زۆر گرژ بووە و سەرۆک کۆماری عێراق لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا لەژێر چاودێری وردی پزیشکەکان دایە و کەس(هەڵبەت جگە لە کەسە نزیکەکانی) وردەکاری تەندروستیی نازانێت.

سەرتاپای وتارەکەی، تەنانەت بەو بەشەشەوە کە پەیوەست بوو بە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا، هەموو وشەکانی دووبارە بوون و هیچی نوێیان تێدا نەبوو. بەتێکڕا دەتوانین بە یەکێک لە وتارە زۆر لاوازە و هەژارەکانی بارزانی ناوی ببەین لە رووی ناوەرۆک و فۆرمەوە. ناوەرۆکێکی زۆر لاوازی هەبوو و لە رووی فۆرمیشەوە بەهیچ شێوەیەک خۆی بۆی ئامادە نەکردبوو. بەشیوەیەک ناوەناوە پیرۆزبایی دەکرد و ناوە ناوەش هەڕەشەی دەکرد، بەبێ ئەوەی پلەبەندییەک یان رێکخستنێک بۆ قسەکانی بکات!


لە کۆتاییدا گوتی"سڵاوی گەرمم بۆ ئێوە.. چاوی هەمووتان ماچ دەکەم و هەر بمێنن" .. لێرەدا بارزانی شێوە تێڕوانینێکی دیکتاتۆرانە بەسەر بیرکردنەوەیدا زاڵە کە مامەڵەیەکی باوکانە لەگەڵ گەلدا دەکات. لەم رستەیەدا بە روونی دەبینین کە عەقڵیەتێکی تەواو خێڵەکی زاڵە بەسەر بیرکردنەوە و تێڕوانینیدا بەشێوەیەک کە هەمووان وەکو منداڵ یان براو و خوشکی خۆی سەیر دەکات و پێیوایە شەرعیەتی لەم جۆرە تێڕوانینەوە وەردەگرێ نەک عەقڵیەت و مامەڵەی رامیارییانە. جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم عەقڵیەتە بەسەر زۆربەی هەرە زۆری ئەو کوردانەدا زاڵە کە خەریکی کاری رامیارین. لەناو لایەنە رامیارییەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەوە دەبینرێت، کە ئەمن پێم وایە هۆکارە سەرەکی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ دوو "نەخوێندەواری" یان"نەشارەزایی" بەدیوێکیدا نەشارەزایی گەلی کوردە بەگشتی لە زانستە رامیارییەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سیاسییەکان و حیزبەکان و پانتایی سیاسیی بەشێوەیەکی گشتی. بەدیوەکەی دیکەش نەخوێندەواری دەستەبژێر"ئیلیت"ی سیاسییە کە بێئاگان(کەم تا زۆر) لە زانستە کۆن و هاوچەرخەکانی رامیاری.


وتارەکەی دوێنێی بارزانی لەکاتێکدایە کە ناوچەکە بە رووداوگەلی گەرم و هەستیاردا تێدەپەڕن. لە سوریا شەڕی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات نزیکە لە یەکلایی بوونەوە. لە باکووری کوردستانێ دانووستاندنی نێوان پەکەکە و حکوومەت نزیک دەبێتەوە لە رێککەوتن، بەڵام بارزانی بە وشەیەکیش ئاماژە بەو دوو رووداوە نادات کە گاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکە هەیە و پێمان ناڵێت کە بۆچوونی ئەو لە ئێستادا دەربارەیان چییە!


بارزانی ناشڵێت کە بۆچوونی ئەو چییە لەسەر کێشەکانی ناوخۆی هەرێم. بەو خۆ لادانەی لە قسەکردن لەسەر کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەیەوێت وەها نیشانی بدات کەوا هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ لەگۆڕێدا نییە شایانی باسکردن بێت!


لە بابەتی پەیوەیست بە بەغداش تەنیا ئەوەی گوت کە ئەوان چاوەڕێی وەڵامی بەغدان تا پێیان بڵێن ئایا کورد هاوبەشە لە حکومڕانی یان نا؟ بەڵام پێی نەگوتین ئەگەر وەڵامی بەغدا بە"بەڵێ"یان بە"نەخێر" بوو هەڵوێستی ئەوان چی دەبیت؟!
 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵگورد سه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک