|
٣٠\١١\٢٠٢٥
وتارەکەی عوسمان بایدەمیر لە پەراوێزی
''مێپس''دا.

هەڵۆ محەمەد
رۆژی ١٩\١١\٢٠٢٥
لە پەراوێزی دیداری (Middle East Peace and Security
Forum) (MEPS). کورتکراوەی بە مێپس بە کورتە وتارێک
بەشداریی کرد و لە هەموو ئەوانی تر زیاتر سەرنجی راکێشام. دیدارەکە لە
رووی مێژووییەوە، لاپەڕەیەکی پڕشنگداری تۆمار کرد، دڵەڕاوکە و خەمی
کوردستانی راماڵی و هیوا و گەشبینییەکی هێنایە کایەوە، بەوەدا سەرکردەی
سێ بەشی کوردستانی تێدا ئامادە بوون، بە بەرچاوی داگیرکەرانەوە،
یەکتریان بە گەرمی لە باوەش کرد و پەیامی نەتەوەییانەیان بۆ ناوخۆی
کورد و ئاشتییەکی راستەقینەش بە ڕووی ناوچەکە و جیهاندا ڕاگەیاند.
ئەمە جاری یەکەم نییە، ئەو کەسایەتییە بە بیرکردنەوە و نووسین و لێدوان
و هەڵوێستەکانی شتێکی جیاوازتر لە زۆربەی
ئەوانی ترپێشکەش دەکات. جیاواز بە رەگەزی بیر و باوەڕێکی کوردانەی
رەسەن و بوێر و بێ شەرمن کرد لە ناساندنی دۆزیی نەتەوەیی کورد و داکۆکی
کردن لێی. بۆیە لێرەدا بە خێرایی چەند بڕگەیەک لە وتارەکەی وەردەگرم،
شرۆڤەیەک بۆ بنەماکانی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی بایدەمیر جیاوازی لەوانی
تر.
بایدەمیر کەسایەتییەکی خاوەن جیهانبینییەکی نەتەوەییە و لە دەربڕینی
ویست و خواست و مافەکانی کورد بوێرە و توانیویەتی لە هەر شوێنێ بێت،
نوێنەرایەتی ناسنامەی نەتەوایەتی بکات و دەربڕی مافەکانی نەتەوەکەی بێت.
دیدێکی گەشی هەیە و ئاشتیخوازە و پێی خۆشە کار بەم چەمکە بکات و لەگەڵ
ئاشتیدایە، تا رادەی چارەسەریی دۆزی نەتەوایەتی ئاڵۆز و پڕ گرێ و گۆڵی
نەتەوەکەیشی بەم رێگایەی لا پەسەندە. بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئەو
ئاشتییە، دەبێت چۆن بێت،کە بایدەمیر باوەڕی پێیەتی و دەیەوێ کاری پێ
بکات؟!
بەلای ناوبراوەوە ئاشتی دەبێت لە قوڵایی دڵی مرۆڤایەتییەوە هەڵقوڵا بێت!.
بە واتای ئەوەی کورد لەگەڵ ئەم ئاشتییەدایە،مرۆڤانە بێ و بەها بەنرخ و
جوانەکانی لە خۆگرتبێت. یاخود بە دەربڕینێکی تر، داخۆ ئەنقەرە و تاران
و بەغدا و دیمەشق، هەڵگر و داواکار و داکۆکیکاری ئەم جۆرە ئاشتییەن؟!.
بەداخەوە ئەزموونەکانی رابووردوو و مێژووی رووداوەکان لە لایەن
داگیرکەرانەوە راستییەکی پێچەوانەی ئەمە دەگێڕنەوە.
بە درێژایی سەدان ساڵی رابووردوو کورد قوربانی پەیماننامەی رووزەردی
سایکس ـ پیکۆ بووە، کە بە پلان و دەستی هێزە کۆلۆنیالیستەکانی ئینگلیز
و فەرەنسا، نەخش بووە. واتە ئەوانی دوژمن بە رۆژهەڵات و میللەتانی
ناوچەکە، هەر نەبێ لە دیدی - دەوڵەتانی داگیرکەرەوە!-. ئایا
داگیرکەرانی کوردستان ئێستا رازی دەبن ئەو کفنەی تاوانکارییەی سایکس
پیکۆ کردیتە بەر کورد، ئەوان دەستبەرداری بن و وازی لێ بهێنن و بە
زۆردارەکی نەیکەنەوە بەری کورد؟!.. داخۆ ئامادەن ئەو پلانە
کۆلۆنیالیستانە بە کارێکی دوژمنانە دژی بە خواست و مافی کورد و گەلانی
ناوچەکە هەژمار بکەن و بەرەنگاری مەرامەکانی ئینگلیز و فەرەنسا ببن و
لەتەک کورددا ئاشتی و تەبایی مۆر بکەن؟!
کورد و بە خۆڕاگری و قوربانی شۆڕشەکانی توانیویەتی نەخشە دوژمنکارییەکە
بدڕێنێ ، هەنووکە ئازارەکانی خۆی باش دەزانێ و باشتر بە مێژووی خۆی
هوشیارە و دەرمانی ئازارەکانی دەرک پێ کردووە. باشترین و راست و
دروسترین و پێویست ترینییان ( یەکگرتن و تەبایی کوردە)..
بایدەمیر باش بۆ ئەوە چووە، چارەسەری بنەڕەتی دۆزی کورد لە ناوچەکەدا ،
بەردی بناغەی ئاشتی و ئارامی راستەقینە و سەرتاسەریی تۆکمە و دروستە.
ئەگەر ئاوەزمەندا بیر لەم چارەسەر بکرێتەوە، ئاشتی سەرتاسەریی تەنیا بە
گەیشتنی کوردیش بە مافە ڕەواکانی بەرقەرار دەبێت. ئەم دۆخ و هەقیقەتەش
هەر بە قازانجی کورد نییە، بەڵکوو بە سوودی میللەتانی تری ناوچەکەشە.
بەڵام بەو مەرجەی ئەوان لە ناخی دڵەوە حەز بە ئاشتی بکەن! ئارەزوومەند
بن ، کۆتایی بە کوشت و کوشتار و ماڵکاولی لەگەڵ کورددا بهێنن؟!. بیر لە
ئایندەیەکی تژی لە کامەران و بەختەوەریی بۆ رۆڵەکانیان بکەنەوە،
ئارەزووی ئارامی و پێکەوە ژیانێکی تەندروست بکەنەوە لەتەک کورددا وەک
نەتەوەیەکی رەسەن و سەرەکی لە ناوچەکەدا و دراوسێیەکی رێز لێگیراوی
خۆیان.
لەم خاڵەشدا، بۆ چارەسەر بایدەمیر ژیرانە میتۆدێک دیاری دەکات، کە پێی
وایە : بە دیموکراسی و یەکسانی و ئارامی ئەم خواستە دێتە دی. کەواتە
دەسەڵاتی داگیرکەران ئێوە دژ بە کورد شەڕتان هەڵبژاردوە و داسەپاندووە،
جگەلەوەی سەرلەبەری هێرش و پەلامار دوژمنایەتییەکانتان لە کۆنەوە تا
ئیمڕۆ بە شۆڕش و راپەڕین وەڵام دراونەتەوە، ئێوە هیچتان نە کردووە بە
هیچتان لەوەش زیاتر و خراپتر پێ ناکرێ و هەرگیز ناتوانن کفن بکەنەوە
بەرمان و بمانێژن!.. بە دیوێکی تریشدا پێمان دەڵێ: ئەم دەوڵەتانە
دیموکراسی نین، خۆ ئەگەر بوونە دیموکراسیش! دەبێ ئەو مافەکان بە
یەکسانی بۆ هەمووان بێت. سەردەست و بندەست ناخوا، برا گەورە و برا
بچووک نابێ و ئەو رۆژگارە دەبێت لە بیر بکرێ و سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێ
بۆ رۆژهەڵاتی نوێ هەڵبدرێتەوە.
بایدەمیر .. کوردانە و ژیرانە سڵاو بۆ سەرۆکی حیزبەکانی باکوور و
باشوور و رۆژئاوا و حکومەتی هەرێم دەنێرێ.. سوپاسیان دەکات، کەوا لەم
بۆنەدا پێکڕا هەموو کۆبوونەتەوە و ئەم لەم رۆژە مێژووییەدا گەواهە
بەسەر ئەم یەکێتی و تەباییەوە، کە دڵی هەموو کورد خۆش دەکەن.. خاڵی
لاواز بەشداریی نەکردنی بەشی رۆژهەڵات و ناو نەهێنانیانە بەتایبەت. لەم
میانەدا وەک بەئاگاییەکی بە پەرۆش لەسەر بارودۆخی باشوور، بە چاوی بە
نرخەوە لە ئەزموونی باشووری کوردستان و دەستکەوتەکانی دەڕوانێ.. داوا
لە هێزەکان دەکات، یەکگرن و بە زوویی حکومەتی هەرێم پێک بهێنن.
خاڵێکی دیکە پێی باشە لەسەر بستەزەمینی کوردستان، لە هەولێر ئاشتی و
تەبایی پێک بێت.. نەک لە دەرەوەی کوردستان تەنانەت بە شاری ژنێڤی
ئاشتییەشەوە هەر هەولێری لا پیرۆزترە. هەروەک چۆن ساڵانی هەشتای سەدەی
رابووردوو مێژووی پڕ شکۆی پێکهێنانی بەرەی کوردستانی لەسەر خاکی
کوردستان لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا مۆرکرا و هاتە کایەوە.
وەک سیاسەتمەدارێکی بە ئاگا و هوشیار بە مێژووی کورد و گەلانی جیهان ،
باس لە مۆدێلی فیدراڵی و چارەسەریی نموونەیی لە سکۆتکەندە و ئیرلەندە و
کاتالۆنیا دەکات و ئاماژە بە ئاگایی خۆی دەربارەیان دەکات، پێێ باشە
لەم ئەزموونانەش سوود وەرگرین، لێ هەر نموونەی هەولێری پێ باشترە، واتە
لەسەر شێوازی فیدراڵی هەرێمی کوردستان بە باشتر دەزانێ. ئەمە بەڵگەی
ئەوپەڕی ژیرییە، بە گوێی هەموو کوردیدا دەدات و داگیرکەرانیشی لێ بە
ئاگا دێنێتەوە،سەرباری گرفت و ئاستەنگەکان ئەم ئەزموون نموونەیە
بپارێزن بکەنە ناوک،چونکە بۆ هەمووان بەسوودە.
ئەم پەیامەی بایدەمیر بە تایبەت لێرەدا رووی لە دۆزی کوردە لە باکوور و
رۆژئاوا، نابێت بنمیچی داوایان لە فیدراڵی کەمتر بێت! هەڵبەت هاوکات بە
ئاڕاستەی رۆژهەکاتی وڵاتیشدا پەیامەکەی ئاڕاستە دەکا.. بە تایبەتە لەم
قۆناغەدا بۆ هەردوو بەشی باکوور و رۆژئاوا کە لە پرۆسەی دانوساندنی
ئاشتیدان. گەیشتن بە ماف و دەسەڵاتی فیدراڵی لە دوو پارچەی باکوور و
رۆژئاوای کوردستان، دەبێتە دەستکەوتێکی مێژوویی زێڕین و بە ئاسانی رێ
بۆ رۆژهەڵاتی نیشتمانیش خۆش دەکات، بگەنە هەمان ئامانج. بەم دەستکەوتەش
١٠٠ ساڵی تر لە خەباتی نەتەوەیی دەچینە پێشەوە و دواتر بە تێکڕا بەرەو
هەنگاوە پیرۆزەکەی یەکگرتنەوەی هەموو کەرتە دابڕاوەکانی نیشتمان.
ئەم کەسایەتییە، بە وردی ئاگای لە گۆڕانەکانی ناوچەکە و لاوازی هەموو
داگیرکەرانی کوردستان هەیە. چاوەڕێیە سەرانی کورد، بە پشتیوانی نەتەوەی
کورد ئەم هەلە مێژوییەوە لەدەست نەدەن، پەلی نەتەوەکەیان بگرن لەناو
مێژووی کوێرەوەریی و تێکشکان و خۆخۆرییەوە، بیهێننە دەرەوە و بیکەنە
یەک دڵ و باسک و هێز، تا باشتر بتوانێ بەشداریی کاروانی جیهان لە ئاشتی
و دیموکراسی و ئارامی و بەختەوەریی مرۆڤایەتیدا بکات.
زۆر هۆکار و خاڵی هاوبەش هەیە داخوازی یەکگرتن بسەپێنن بەسەر ئەو
لایەنانەدا، بایدەمیر ژیرانە رۆحی بەرگری و بەرخۆدانی کۆبانی، ئەو
داستانە قارەمانێتییەی کورد لە شەڕی بەزاندنی داعش و هاوکارەکانیدا
تۆماریان کرد، دەکاتە ناواخنی داخوازییەکەی، ئەو کۆبانییەی کوردی هەموو
بەشەکان شەڕی ژیان و مەرگی بەرگییان تێدا کرد، ئەو کۆبانییەی خوێنی
هەموو کوردی تێدا رژا و بەسەر یەکدا تێکەڵ بوو.
عوسمان بایدەمیر بەردەوام لەناو مێژووی نەتەوەکەیدا دێ و دەچێ و پەند و
وانە و نموونەی لێ هەڵدەهێنجێنێ و پێشکەشمان دەکاتەوە. بنەمایەکی گرنگی
جیهانبینی نەتەوەییانە، هوشیارییە بە مێژوو، کارکردنە تێدا. ئەم
هوشیاریی ئاگاییە بە مێژوو، خەسڵەتی تاکی هوشیار و زرنگ و نەتەوەیی
کوردە. بینینی مێژوو و خوێنەوەی بە چاو و ئەقڵی کوردی زادەی بیری
نەتەوایەتییە. بریا مێژوو و رووداوەکانی رابوردووی کورد دەبوونە
ئەڵقەیەک و هەر سەرکردە و بنکردە و دڵسۆزێکی کورد لە گوێیان دەکرد.
دەبا هەموو پێکەوە بخوێنین سروودی :
ئەی کوردینە، ئەی مەردینە
با دەست لەناو دەست کەین
هەموو
بۆ بەرزێتی خاکی وەتەن
بۆ یەکێتی..
https://www.facebook.com/share/r/1Ejtg3tyFs/?mibextid=wwXIfr
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|