په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٥\٢٠١١

وتارە ''مێژوویی''یەکەی ئۆباما!


سەلام عەبدوڵا   


ئۆباما لە وتارەکەی باسی(بەرزبوونی دەنگی خەڵک بۆ داخوازی مافە مرۆییە سەرەتاییەکانیان)ی کرد، بەڵام گوێ لە گەنج، کارمەند و مامۆستا و بێکار و لانەوازە ناڕازییەکانی وڵاتەکەی ناگرێ و، باسی ناڕەزایەتییەکانی ناو وڵاتانی ئۆروپا ناکات کە لە دواییدا سیستێمە گەندەڵ و چەوسێنەر و جامیازە جیهانییەکەی لێیان بەرپرسیارە. "سەرۆک" هەموو قەیران و کێشەی ئابووری جیهان دەهێنێتە ئاستی تونس و میسر، بەڵام چەند رۆژێک پێش وتارەکەی و هەر لەکاتی راپەڕینەکەی تونس، لە(مادیسون)ی ناو ئەمریکا راپەڕین بەرپاکرا(کەس دەزانێ؟!) بۆچی راگەیاندنە"سەربەخۆکان"باسی ناکەن.


میرایا رۆڤیرا(چەپەکانی ئۆروپا) دەنووسێ: لەم هەفتەیە لە ئەسپانیا هەزاران لاو لە ژێر دروشمی(دیموکراسی راستەقینە ئێستا!)لە شارەکانی(مەدرید، بەرشەلۆنە، گرەنادا و ئەوانی تر)لە ناو خێوەت خەوتن و هەزارانیش خۆپیشاندانیان رێکخست. خۆپیشاندەران توڕەییان ئاراستەی هەردوو حزبی کۆناپارێز(PP) و سۆسیالدیموکراتەکان(PSOE) کرد. رۆژی چوارشەمە کۆمسیونی هەڵبژاردن بە بیانوی هەڵبژاردنەوە، گردبوونەوەی لاوانی ناڕازی قەدەغەکرد.


هەر لەم پەیوەندە، ئیستەر لۆپێتس بەرسیلۆ(بەرپرسی لاوانی یەکێتی چەپەکان)وتی: لاوان بە گشتی زیاتر لە ژێر سەرئەنجامی قەیارنەکە دەناڵێنن و ئیستا بەوپەڕی ئیرادەوە هێز بەبەر بزووتنەوەکە دەدەن و بڕوایان وایە کە توانای گۆڕینی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە).


ئۆباما وتی(بن لادن کۆمەڵکوژە و پەیامی رقوقینەی پێشکەش کرد). تا ئێستا حکومەتی ئەمریکی و"سەرۆک"ەکە تازەکەیان سەبارەت بە هاوکاری و پێکەوەکارکردن و یارمەتیدانی جۆربەجۆریان بۆ"بن لادنی وەک رەمزی خەیاتی رزگار و ئازادی"، تاقە رەخنەیەکی لەخۆیان نەگرتووە. ئەمریکا لەبری ئەوەی بە روونی هەواڵی کوشتنیان بۆ کوڕە" خۆشەویستەکەیان"بڵاوبکەنەوە، سیناریویەکی گوماناویان بڵاوکردووە: حقیقەت لە راگەیاندن، واتە قوڵکردنی گومان، رملێدان و مەزەنەکردن و سەرشێواندنی مرۆڤ!.

ئۆباما و کەرامەتی ئینسان!


(...زوڵمکاری حکومەتەکان کە هاوڵاتییەکانیان لە کەرامەت بێ بەش دەکەم). ئەمریکا بەخۆی لە سەر لیستی ئەو وڵاتانەیە کە هاوڵاتەکانی لە کەرامەت بێبەش دەکات. حکومەتێک تەنها لە شارێکدیدا 140هەزار لانەواز لەسەر شەقامەکان بژێن، مافە سەندیکاییەکان زەوت بکات و وەک رامبۆ رەفتار لەگەل کێشە جیهانییەکان بکات، شایەنی ئەوە نییە باسی کەرامەت و مافی مرۆڤ بکات.


ئەگەر ئۆباما ئەوەندە خەمی کەرامەتی ئینسانی دەخوا، بۆچی سەردانی کەپیتۆلە داگیرکراوەکەی(Wisconsin)ناو وڵاتەکەی نەکرد کە لەلایەن 80000مامۆستا، کارمەندو کرێکار و لانەواز و بێکار و هەژاری داگیرکرا؟ بۆچی نەیتوانی داخوازییەکانیان جێبەجێ بکات؟


داگیرکەرانی ئەو پارێزگایە هاواریان دەکرد: ئێمە ناڕەزایەتییەکەمان بەشێوەیەکی ئاشتیانە دەردەبڕین...هەموو جیهان چاوی لێمانە!). هەر 14ئەندام پەرلەمانی دیموکراتەکان بۆ ئەوەی دژ بە بڕیاری سەرۆکی پارێزگاکە(سکوت ڤالتەر سەر بە راستڕەوەکان)راوەستن و یاساکەی جێبەجێ نەبێت، سنووری پارێزگاکەیان بەجێهێشت. سکود هەڕەشەی دەرکردنی کرد لە 1500مامۆستا و کارمەندی دەوڵەت کرد. شنەبای ناڕەزایەتییەکانی شاری ویسکۆنزن گەیشتە نیویورک، لۆس ئەنجلوس، وچەندین شاری تر. هەروا کامرەندی کەرتی گشتی لە ئەیالاتەکانی ئیندیانە، ئۆیو، دژ بە یاسای هاوشێوەی مادیسون ناڕەزایەتی دەردەبڕن. لەم بارەیەوە لاورینس میشل(سەرۆکی مافی کار و پەیوەندییەکانی کار لە پەیمانگەی ئیکۆنۆمیک پولیس لە واشنتون)وتی: حزبی کۆمارییەکان دەیانەوێت دوا بزووتنەوەی کرێکاری وڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تێکبدەن...دژایەتی سەندیکاییەکان دەکەن و بەمە دەست بۆ لانەی زەنبور دەبەن...حزبی دیموکراتەکان لە نیویورک و کالیفورنیا هەمان سیاسەت بەرپادەکەن...).


دەست گرتن بە بودجە لەسەر حیسابی خەڵک، قبووڵ ناکرێت، بەڵام ئەمە لە ئەمریکا ئەنجام دەدرێ...ئەمەیە قیەمی ئەمریکایە!

دەسەڵاتی کەمایەتی؟


ئۆباما لە میانی وتارەکەی دەڵێ: (لە زۆرێک وڵاتان دەسەڵات بەدەست کەمایەتییەک چڕکراوەتەوە).


لەمەدا زۆر راستدەکات، بەڵام خۆزگا بەروونی بیگوتایە جیهان لەلایەن کمپلێکسی خاوەن سەرمایەداری بە کۆمپانیا بانناسیونالەکان، دەزگا نێودەوڵەتی و حکومەتەکانیان بۆ یەکەم جارە لە مێژوو وەک کەمایەتی بەشێوەیەکی دیکتاتۆری حوکمی جیهان دەکەن و بەرپرسن لە هەموو برسێتی، جەنگ و چەوسانەوەیەک.


هەڵبژاردنی ئازاد و پاک!


ئایا هەڵبژاردنی خودی ئۆباما ئازاد و پاک بوو یان پەیویەندی بە سەدان ملیون دۆلاری بۆرسە و خەرجەکانی بەسەر راگەیاندن و"تینک-تانک سەربەخۆکان"هەبوو؟ ئایا ئەم "کۆتری ئاشتییە" بەری بە جەنگ گرتووە یان درێژەی داوە بە جەنگەکانی سەرۆکی پێشووی خۆی و بەرفراوانتری کردووەو لە وتارەکەیدا هەڕوشەی بەرفراوانکردنی جەنگەکان دەدا؟


هەر چۆن لە کوردستان پەتوو، ئۆتۆمبیل، پارەیان بە سەرۆک عەشرەت و خەڵک دا بۆ کڕینی دەنگیان، هەمان شت لە ئەمریکا روودەدا، بەڵام خاوەن کۆمپانیا و بۆرێە و، هتد... پارە بە راگەیاندن و کەسایەتییەکان دەدەن بۆ دەرهێنانی سیناریویەکی شیاو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکەکان و هەر حزب و لایەنێک لۆبی خۆیی هەیە و پێش هەڵبژاردن مەکینەکانیان دەخەنە گڕ!

ئابووری جیهانی لەسەر مەعریفە داهێنان راوەستاوە؟!


ئۆباما دەڵێ(لە سایەی ئابووری دیهانی کە لەسەر کۆڵەکەی مەعریفە و داهێنان راوەستاوە...). خودی ئۆباما پێش چەند رۆژێک وتی(نامەوێ چارەنووسم وەک جۆن کەنەدی لێ بێت!....دۆلار وەهمە...). ئەگەر ئابووری جیهانی لەسەر مەعریفە و داهێنان راوەستاوە، بۆچی دەیەوێ سیستێمی دراو بگۆڕێت؟ بۆچی ئیمڕۆ(21/5/2011)، 3 بانقی تری ئەمریکی مایەپووچییان راگەیاند؟ ئایا راستتر نییە بڵێ ئابووری جیهانی لەسەر مەعریفە و داهێنانی جامبازو چەک و تەقەمەنی و فەرهودی بەلتەچییە جیهانیەکان راوەستاوە کە خودی دەسەڵاتدارەکان نازانن چۆن قەیرانەکەیان چارەسەر بکەن؟!

بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا چییە؟


ئۆباما وتی(ئەمریکا بەدوای کۆمەڵێ بەرژەوەندیە لە ناوچەکە: دژایەتیکردنی تیرۆر، راگرتنی بڵاوبوونی چەکی ئەتۆم، دابینکردنی ئازادی بازرگانی، پاراستنی ئاسایش لە ناوچەکە، ئاسایشی ئیسرائیل و گەیشتن بە ئاشتی لە نێوان عەرەب و ئیسرائیل).


تیرۆر بەرهەمی حکومەتەکەی خۆیە، چەکی ئەتۆمی بڵاوەیەو هەموو دۆستەکانی هەیانە، ئازادی بازرگانی هۆی سەرەکی راپەڕینەکانی جیهاە و دژ بە خەڵکە، ئایشی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین یاری سیاسەتی ئەمریکییە لەگەل حکومەتە عەرەبییەکان. هەر هەموو ستراتیژییەکانیان دژ بە خواستی گەلانەو هەر جەنگ و ئاشوبی لێ بۆتەوە.

ریفۆرمی سیاسی و ئابووری.


سەرۆکی ئەمریکا باس لە ریفۆرم دەکات، بەڵام مەبەستەکەی چییە؟


ریفۆرم بە ناو جوانە، بەڵام شێوە پەیڕەوکردنی لەلایەن وڵاتانەوە، سەخیفترین و دژ بە بەرژەوەندی خەڵکەو مەبەستی ئۆباما ئەمەیە: بازاڕی لیبرٍاڵی ئازاد!

ئەمریکا دژ بە کارهێنانی زەبروزەنکە دژ بە گەلانی ناوچەکە؟!


"سەرۆک"وای گوت، بەڵام ئەمە گاڵتەجاڕییەکی ئاشکرایە: سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا واتە، زەبروزەنگ و جەنگ دژ بە گەلان و بچووکترینیان لە سێ قۆناغی جیاواز ڤێتنامەو شۆڕبۆتەوە بەرەو پەنەما و ئێستا کوشتنی مەدەنییەکانی لیبیا و پشتیوانی"شۆڕشگێڕە ئەڵڵاهو ئەکبەرەکان...وەک قاعیدە و تالبانی جاران"، بەڵام فەنزەویلا، ئێران، سوریا، چین، لە ریزن. زمانی دیالۆگ قەدەغەکراوەو بۆمبا و جەنگی تەکنەلۆژی شوێنی گرتووەتەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان ئامێری دەستیانە. ئەمریکا پێشەنگە لە بەکارهێنانی زەبروزەنگ.

نیفاقی ئیرانی؟


ئۆباما باسی(نیفاقی ئیرانی)دەکات، بەڵام لەراستیدا دەتوانین بە ئاسانی پەندە کوردییەکە(قەڵا بە قەڵا دەڵێ رووت رەش). ئەمریکایش وەک ئیران بەهەموو مانایەک دوو رووە.

دیموکراسی راستەقینە؟


ئۆباما باسی دیموکراسی راستەقینە دەکات، بەڵام ئایا ئەم جۆرە دیموکراسییە چەندە پەیوەندی بە بازاڕی ئازاد و لیبراڵەکردنی ئابووری هەیە؟ ئۆباما وەک ئاغایەکی فرەبێژی دێوەخانەکان قسەدەکات و بێ سەروبەر، هیچی تر نییە غەیری ریزکردنی هەندێ وشەی بریقەدار و لەگەل یەکتر ناکۆکن. ئۆباما بە هەموو تەکنۆکراتە داراییەکانی نەیتوانیوە باری دارایی لەناو دڵی وڵاتەکەی ئارام بکاتەوە، کەچی دەڵێ ئێمە پشتیوانی لە ئارامکردنی دارایی لە ناوچەکە دەکەین. درۆیەکی شاخداری تر ئەوەیە کە دیموکراسییە راستەقینەکەی و پاراستنی کەرامەتی ئینسان بە پشتیوانی لە سەرمایەگوزاری تایبەت لەناوچەکە دەکات یتن وەک خۆی دەڵێت(ریفۆرمکردن و ئازادکردنی بازارگانی)!

مرۆڤ بە یەکسانی لەدایکبووە و ئاشتی...ئاشتی؟!


زۆر راستە، بەڵام ئایا مرۆڤ بە یەکسانی لەلایەن حکومەتەکەیەوە مامەڵە دەکرێ؟ دیارە هاوڵاتیانی ئەمریکا نەک هەر بە نایەکسانی مامەڵە دەکرێن، بەڵکو هەموو مێژووی هاوچەرخی ئەمریکا بریتییە لە مێژووی زەوبروزەنگ، دیکتاتۆرییەت و جەنگ.


ئەمریکا گەورەترین زلهێزێکی دنیایە کە لەناو قەیرانێکی زۆر سەخت و وێرانکەرە. ئەم بۆچوونە لەلایەن زۆر ئابووریناس، رۆشنبیر، سیاسەتمەدار دووپاتکراوەو بە یونان و میسر شوبهێنراوە. ئومیدی جەماوەری ناڕازی لە سیاسەت و ئابووری لیبڕالیزمی نوێ و بازاڕی ئازاد لە جیهان بە هیمەت و خەباتی دەیان ملیونان بێکار، سەندیکایی، لانەواز، بزووتنەوەی ئاشتی، چەپ و رۆشنبیر و کۆمونیستی ئەمریکا بەستراوەتەوەو لێرەوە بەهای ئاشتی، دیموکراسی راستەقینە دەبارێزرێ!
وتارەکەی ئۆباما زیاد لە پێویست لەبەرژەوەندی خاوەن سەرمایەو بۆرێەکانەو هەوڵێکە بۆ سازشکاری لەگەل هێزە کۆنەپەرەست و راسترەوەکانە!


لەدواییدا دەتوانین بڵێین ئۆباما باسی سوریا، تونس و میسری کرد و بۆچوونی خۆیان لەبارەیانەوە راگەیاند، تەنها باسی برا ئۆپۆزیتسیونەکەی لە هەریمی کوردستان نەکرد، پێدەچێت نامە و راسپاردەکانی پەیمانگەی ئینتەرپرایزی پێنەگەیشتووە، هەر بۆیە ئەمانیش خەریکی بازرگانی ئازادی خۆیانن!


ئێمە دەمانەوێت چەکەکانی دەستان بشکێنین!


بازاڕە ئازادەکەتان بە بازاڕی هەرەوەزی ئازاد، بگۆڕین و تەنها بەم شێوەیە کەرامەت بۆ ئینسان دەگەڕێتەوە!
 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک