په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٥\٢٠١٢

 

وتاری هەریەک لە پارت و رێکخراوە

چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستانی باشوور

سەبارەت بە یەکی ئایار، رۆژی جیهانی کرێکاران.

 

 

 

لە یەکی ئایاردا پیرۆزبایی لە سەرجەم کرێکارانی کوردستان دەکەین.

 

مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی کوردستان

لە پێناو بە دەستھێنانی یاسایەکی کار کە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لەخۆ بگرێ تێدەکۆشین.


لە (١)ی ئایاری ھەموو ساڵێکدا و لەسەر ئاستی جیھان کرێکاران لە یادکرنەوەی ئەم بۆنەیەدا کە وێستگەیەکی گرنگە بۆ یەکخستنی تێکۆشان و دەستەبەر کردنی مافەکانی کرێکاران، لە ئامادەکاریدان. کرێکارانی کوردستانیش وەکو بەشێک لە کرێکارانی جیھان بەوپەڕی باوەڕ بەخۆبوونەوەو لەپێناو ئایندەیەکی گەشدا، کە دیموکراسی و یەکسانی و دادپەروەری تێدا بەرقەرار بێت و لەپێناو رەتکردنەوەی ھەموو جۆرە جیاوازییەکی چینایەتی و نەتەوایەتی و ئاینی و فکری و مەزھەبیدا درێژە پێدەری ئەو بزووتنەوە کرێکارییەن کە لە جیھاندا ھەیە.


حیزبمان، حیزبی شیوعی کوردستان، لەم بۆنە پیرۆزەدا وێڕای پێشکەش کردنی گەرمترین پیرۆزبایی لە کرێکارانی جیھان و کرێکارانی کوردستان و عێراق، پاڵپشتی خۆی بۆ خەباتی ڕەوای کرێکارانی کوردستان دووپات دەکاتەوەو، کار بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی ئابوری و کۆمەڵایەتی سیاسی خۆی لە پێناو گەیشتن بە ئامانجی ڕەوای گەلەکەمان بە گشتی وکرێکاران و زەحمەتکێشان بە تایبەتی، دەکات. ھەروەھا کاری بەردەوام لە پێناو بە دەستھێنانی یاسایەکی کار کە پیوەرە نێودەوڵەتییەکان لەخۆ بگرآ، دەکات، تاکو ببێتە بنەمایەک بۆ چەسپاندنی مافی مرۆڤ و مافەکانی کرێکاران لە کوردستانداو پێی وایە، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی ئازادو سەربەخۆی سەندیکاکانی کرێکاران بە پێویستییەکی ھەنوکەیی دەزانێت. تاکو لەو ڕێگایەوە نوێنەرانی کرێکاران بتوانن داکۆکی ڕاستەقینە لە مافەکانی کرێکاران بکەن. جەختیش لەسەر ھەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی و بیمەی کۆمەلایەتی بۆ کرێکاران دەکاتەوەو، پێشخستنی بواری ئابوری کوردستان و بوژانەوەی ژێرخان و سەرخانی ئابوری وڵات بە پێویست دەزانێت، کە کرێکاران بەشێکی گرنگ و کاریگەری ھێزی بەرھەمھێنانی ئەم بوارە پێکدەھێنن، بۆیە لەم بۆنەیەدا جەخت لە دەسەڵاتی سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا دەکاتەوە کە ئاوڕی جدی لێبداتەوە. لە ڕووی پرۆسەی وەبەرھێنانی بیانیشەوە لە کوردستاندا، حیزبمان بە پێویستی دەزانێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا، پێداچوونەوەیەکی گشتگیری پێدا بکرێتەوە بە شێوەیەک بێت کەرتی گشتی ڕۆڵی لە پرۆسەی بەرھەمھێناندا ھەبێت و سنور بۆ دیاردەی مشەخۆری لە ژێر ناوی بازاڕی ئازاددا دابنێت و کەرتی تایبەت شانبەشانی کەرتی گشتی بتوانێت داھاتی نیشتمانی بەرز بکاتەوە، تاکو بتوانێت زۆرترین ھەلی کار لە کوردستاندا بڕەخسێنێت و رێژەی بێکاری کەم بکاتەوە. بە تایبەتی لە بواری توێژی لاوان و ئافرەتاندا.


لەم بۆنەیەداو لەپێناو یەکخستنی خەباتی نیشتمانی و چینایەتیدا، دووپاتی پرۆسەی چاکسازی دارایی و کارگێڕی کە بنەمای یەکڕیزی جەماوەریو ھێزە سیاسیەکانی کوردستانە دەکاتەوەو ناکرێت ئەم پرۆسەیە دوابخرێت، چونکە ھەر کەمتەرخەمییەک لەم بوارەدا بە زیانی گەل و نیشتمانی کوردستان کۆتایی پێدێت.


لەپێناو گەڕانەوە ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان و جێبەجآ کردنی مادەی (١٤٠)دا حیزبمان داوای یەکخستنی ھێزو توانای سیاسی و جەماوەری کوردستانی لە شەقام ولە پەرلەماندا لەسەر ئاستی کوردستان وعێراق دەکات. چونکە ئەم پرسە پەیوەندی بە چارەنووسی گەلەکەمانەوە ھەیە.


لەم قۆناغەی ئێستادا حیزبمان پێی وایە پرسی پەیوەندی نێوان حکومەتی ھەرێم و دەسەڵاتی ناوەندیی لە بەغدا پەیوەندی بە پرۆسەی دیموراتیزە کردنی دەسەڵاتی سیاسییەوە لە عێراقدا ھەیە، بۆیە پێویستە لەسەر ئاستی ھەرێم وعێراق، ھەموو لایەک کار لەسەر ئەم پرسە بکات و ببێتە بنەماو پێوەری تیکۆشانمان. بۆ زاڵبوونیش بەسەر قەیرانی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا رێگای گفتوگۆو دیالۆک بە باشترین رێگاچارە دادەنێت و بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تاکڕەوی دەسەڵاتی ڕاپەڕندنیش لە ناوەنددا ڕێکاری دەستوری و یاسایی وپێکھاتنی( اتفاقیە)ی ھەولێر کە پشت بە بنەمای تەوافقی دیموکراتی دەبەستێت، بەباشترین چارەسەر دەزانێت.


لە کۆتاییدا، حیزبمان حیزبی شیوعی کوردستان، وێڕای سووربوونی لەسەر مافی ڕەوای گەلەکەمان ، دووپاتی پاڵپشتی خۆی بۆ خەباتی ڕەوای کرێکارانی کوردستان لەپێناو ھێنانەدی تەواوی مافەکانیانداو چەسپاندنی مافی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا، دەکاتەوە.
بەرزو پیرۆز بێت (١)ی ئایار.


١\٥\٢٠١٢

 

 

-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

بە بۆنەی یەکی ئایاری شکۆدارەوە.

 

پارتی چەپی کوردستان

کرێکارانی بیر و بازوو..!
جەماوەری گەلە تێکۆشەرەکەمان..!

کرێکارانی وڵاتەکەمان و ھەموو دنیا وا دیسان لەم رۆژانەدا، لەسەردەمی پەرەسەندنی زانست و تەکنەلۆژیادا، ئەو راستیە دەزانن کە خۆیان بەشێکی ھەرە گرنگی ھێنانەدیی ئەم شارستانیەن کە لە دنیادا پەرەی سەندووەو ھەر ئەوانن بەرگریکاری راستەقینە لەم شارستانیەو ھەمیشە خەباتگێڕی کارامەبوون لە پێناو ئاشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادی و دیموکراسی و پاراستنی ژینگەدا.

ھاوشانی پێشکەوتنە بەرچاوەکانی کۆمەڵگای بەشەری, سیستەمی سەرمایەداری گڕی لە ژیانی کرێکاران بەرداوەو تادێت ستەمەکانی بۆ قازانجی زیاتر پەرەپێدەداو لە ھەمبەر قازانجی بێ ئەندازەدا کرێکاران گیرۆدەی نزمیی ئاستی بژێوی و بێکاری و بێبەشبوون لە زۆربەی مافە مرۆییەکان و لە بەرانبەر چڵێسیی سەرمایەداران و ھەڵپەکردن بەدوای زۆرترین قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەی پتر، تا دێت ناڕەزایی کرێکاران برەو دەسێنێت و ھاوچەشنی بزوتنەوەی (ۆڵستریت) لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھاندا کرێکاران یەکگرتووانەو بۆ ئامانجە ھاوبەشەکانیان و لە پێناو گێڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانیانداو دژ بە چەوسانەوەی سنووربەزێنی سەرمایەداریی ھاتوون و دێنە مایدان، بە ھەمان شێوە دەزگا سەرکوتکەرەکانی سیستەمی سەرمایەداریش ھەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەیان و چەندبارەکردنەوەی تاوانی ھاوشێوەی سەرکوتی کرێکارانی شیکاغۆ کە ئەمڕۆ ئێمە بە شکۆوە بەرزڕاگرتنی یادی رابوونی یەکی ئایار بەڕێدەکەین و رێزلێدەگرین.

چینی بنیاتنەری کۆمەڵگا دەبێت خۆیان خاوەنی رەنج و بەرھەمی کاری خۆیانبن لە ھەموو ئەو شارستانیەی بنیاتیانناوە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری.

کرێکاران و توێژە کۆمەڵایەتیە شۆڕشخوازەکان لەم بەشەی کوردستاندا سەرچاوەی بەرھەمھێنان و بەرەوپێشچوون وکارکردنن بۆ ئاسودەیی نیستیمان و پاراستنی و وەستان لەرووی ھەموو جۆرە چالاکیی گومانلێکراو بۆ رێگرتن لە پڕۆسەی ئازادی و دیموکراسی و بەرگری لەو دەستکەوتە مێژوییانەی بەڕەنجی کرێکاران و زەحمەتکێشان وتوێژە کۆمەڵایەتیە شۆڕشگێڕەکان ھاتونەتەدی.. لەم رۆژگارەشماندا دەبێ کرێکاران و ھەموو رەنجدەران بێبەشنەبن لە ھێنانەدیی داخوازیە رەواکانیان کە بریتین لە بڕیاردانی یاسای نوێ بۆ کارو، یاسای خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەتی و یاسای بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و دانانی نەخشەی تۆکمەی ریشەیی بۆ نەھێشتنی بێکاری لە کوردستانداو پەنابردنە بەر ئەو سیستەمەی لە مەڵبەندەکانی کاردا کە پێشکەوتنی پیشەیی کرێکاران و پەرەپێدانی تواناو شارەزاییان دەستەبەر دەکات. ھەروا پاراستنی ماف و ئازادیە نەقابیەکانیان و فراوانکردنیان و ھەڵبژاردنی دەستە نەقابیەکان بێ دواکەوتن و رێگەنەدان بە دانانی دەستە نەقابیەکان لەلایەن سەرچاوە بیرۆکراسیەکانەوە.

کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان، وەکو تەواوی ھاوچینەکانی خۆیان لە دنیادا مافخوراودەکرێن و لە بیمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و یاسای کاری شایستەپێیان تا رادەیەک بێبەشن و لە بێنشینگەیی وبێ گوزەرانیدا ژیان بەسەردەبەن.

پارتی چەپی کوردستان بە مکوریەوە جەخت لەسەر گێرانەوەی ئەو مافانە دەکاتەوە کە لەلایەن دەستەیەکی سەرمایەداری گەندەڵ و مشەخۆری تازە ھەڵتۆقیوی دواکەوتووی وابەستەی سەرمایەداریی جیھانیەوە بەناوی بازاڕی ئازادو قۆرخکردنی جومگەکانی ئابوری و بازرگانیەوە رەوایی بە ھەڵلوشینی قووتی ھەژاران و زەحمەتکێشانی کوردستان دەدەن و کەرتی گشتیان لەبەریەک ھەڵوەشاندۆتەوەو دەستیان بەسەر کەرتی تایبەتیدا گرتووەو، لەجیاتی خستنەکاری تواناو رەنجی ھێزی بازووی چەوساوەکان بۆ بنیاتنانەوەو بوژاندنەوەی ئابوریی نیشتیمانی و بەرزکردنەوەی ئاستی داھاتی تاکی کۆمەڵگای کوردستان، بۆ بەرژەوەندیی چاوچنۆکانەی تایبەتیی خۆیان ئیستیغلالی دەکەن و پەلاماری زۆرترین قازانج لە کورترین کاتدادەدەن و چاوپۆشی دەکەن لە ساڵانی خزمەت و خانەنشینی و دەرماڵەی مەترسیی و پەککەوتەییان.

لە پێشوازیی یەکی ئایار، ھێمای ھاوخەباتیی و بەرخۆدانی کرێکارانی جیھاندا، جەخت لەسەر خواست و داوای کرێکارانی کوردستان دەکەینەوە کە لە سونگەی ستەمکاریی سەرمایەداران و کۆمپانیەکانیانەوە، رۆژانە دەبنە قوربانیی کاری قورس و مەترسیدارو گیانیان بەخت دەکەن و لە پێناو دابینکردنی ژیانێکی ئاسایی و سادەدا دوچاری نەھامەتی کەموێنە دەبنەوە، شێڵگیرانە بۆ بەرگرتن لەو دەستدرێژیانەی دەکرێتەسەریان تێدەکۆشین و خەباتمان بە وەدیھێنانی مافە زەوتکراوەکانیانەوە گرێدەدەین لە پێناو ھێنانەدیی کۆمەڵگایەکی یەکسان و بێچەوسانەوەدا.
بەرزو پیرۆزبێت ھاوخەباتیی کرێکاران..!
ھەربژێ یەکی ئایار رۆژی یەکگرتنی کرێکارانی جیھان..!


١\٥\٢٠١٢

 

 

-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

یەکی ئایار، پەرچەمی پەرەدارکردنی ئاسۆی کۆمۆنیستیی.

 

رەوەندی سۆشیالیستی کرێکاریی

 

بە دوای قەیرانێکی ئابووری لە سێ چوار ساڵی ڕابردوودا، بە پێش چاوی بەشەریەتەوە ڕۆژانە دەسەڵاتی بورژوازی دەستی داوەتە ھەڵمەت بۆ سەر خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان و مافەکانی کرێکاران و ھاوڵاتیان. تاکە ڕێگەی بورژوازی بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە، کۆمەگی کردن بووە بە بانقەکان و کۆمپانیاکان، وە شکاندنەوەی باری قورسی ئەم قەیرانە بووە لەسەری کرێکاران و ھاوڵاتیاندا بەناوی ڕیفۆڕمی ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە.


بەڵام وەنەبێ کرێکاران و جەماوەری دەستەنگ و نەدار لەبەرامبەر ئەم ھەڵمەتانەی بوورژوازیدا دەستەوستان ڕاوەستابن، بەڵکو لەبەرامبەردا ڕێپێوان و خۆپێشاندانی بەرفراوان بەدژی ئەم سیاسەتە ڕیفۆڕمخوازانەیە لەجەرگەی پایتەختەکانی ئەوروپا و ئەمریکادا لە ئارادابوون. ھەروەھا لەو شوێنانەش کە ئەڵقەی لاوازی دەسەڵاتی بورژوازی بوون، جەماوەری وەتەنگھاتوو توانیویانە لە ڕێگەی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانیانەوە چڵە پۆپەی ئەو دەسەڵاتانە وەلابنێنن وەک لە وڵاتانی باکوری ئەفریقیاو جیھانی عەرەبیدا بینیمان.


بەڵام بورژوازی جیھانی بەھاوکاری ڕەوتە دژەشۆڕشیەکانی بورژوازی ئەو وڵاتانە و دامەزراوە سەربازیەکانی توانیویانە پاش ڕوخانی چڵەپۆپەی ڕژێمەکان لەڕێگەی دژەشۆڕشەوە سیستم و دامەزراوە دەوڵەتیەکانی دەسەڵاتی بورژوازی بەدەست لێنەدراوی بھێڵنەوە.


ئەوەی کە بەدوای شۆڕشی میسر و تونسدا ئیسلامی سیاسی لە سندوقی ھەڵبژاردنەکانەوە سەردەردەھێنن بۆ کەسێک مایەی سەرسامیە کە نەزانێت بۆچی لە ئیسپانیا و یۆنان، بەدوای ڕێپێوان و خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی سەدان ھەزاری کرێکاران و ھاوڵاتیان دژی دەسەڵاتدارەتی سۆشیال-دیموکراتەکانی ئەم وڵاتانە دەبێتە مایەی گەشەی ڕەوتە دەستەڕاستیەکان و ھاتنەدەرەوەی کۆنسێرڤەتیڤەکان لە سندوقی ھەڵبژاردنەکاندا. ئەوەی کە لە شۆڕشی میسر و تونسدا ئیسلامی سیاسی لە سندوقی ھەڵبژاردنەکانەوە سەردەردەھێنن ڕوویەکی تری ھەمان دراوە کە لە ھەڵبژاردنی ئیسپانیادا و بەر لەھەڵبژاردنی میسر کۆنسێرڤەتیڤەکان لە سندوقی ھەڵبژاردندا دێنەدەرەوە.


لەبەرامبەر ھەڵمەتی بورژوازی بۆسەر خزمەتگوزاریەکان و مافەکانی ھاوڵاتیان، لەبەرامبەر دژەشۆڕشدا، کرێکاران و جەماوەری زەحمەت کێش و ھاوڵاتیانی ئازادیخواز، درێگیان نەکردوە لە ناڕەزایەتی دەربڕین و بەرگری. ئەوەی کە بەرجەستە نیە لەم نێوەدا و ڕێگرە لەبەردەم بەئاکام گەیشتنی خەبات و قوربانیەکانی جەماوەردا، ئاڵتەرناتیڤە لەبەرامبەر دەسەڵاتدارەی بورژوازی و سیستمی سەرمایەداریدا. بەشەریەتی ئەمڕۆ لە بنبەستێکی مێژوویدا گیریکردوە، کە ئاسۆی دەرچون لە سیستمێکی چەوسێنەری سەرمایەداری و دەسەڵاتێکی بێڕەحمی بورژوازی، وەک ئاڵتەرناتیڤ بەرجەستە نەبۆتەوە. ھەربۆیە جەماوەر ھەتا لە ھەڵبژرادنێکی ئازادانەشدا ئیختیاریان لە ھەڵبژاردنی باڵە جۆراوجۆرەکانی بورژوازی و ڕەوتە جیاجیاکانی دژەشۆڕش تێناپەڕێت.


یەکی ئایا ڕۆژی جیھانی کرێکار، ڕۆژی ھێنانەوە یادی ئەو ڕاستیانەیە کە بەبێ پەرەداربوونی ئاسۆی کۆمۆنیستی لە نێو ڕابەران و ھەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوکردنی چینی کرێکار بەئاسۆیەکی ئاوەھا، وەلەم ڕێگەیەشەوە ھێنانەمەیدانی ئاڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی، ڕێگەی دەربازبوون لەم سیستمە چەوسێنەرەی سەرمایەداری و لەم دەسەڵاتە بێڕەحمەی بورژوازی مەحاڵە.
بژی ئازادی، یەکسانی، حکومەتی کرێکاریی.


٢٨\٤\٢٠١٢
 

-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

یەکی ئایار و چەند سەرنجێک.

 

سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان


ئێمە،‌ وەکو سەکۆی ئەنارکستەکانی کوردستان (KAF)، نامانەوێت یادی ئەم ڕۆژە چینایەتییە بە گێڕانەوەی چیرۆک و بەسەر‌ھاتەکەی و ھەروەھا ئەو دەستکەوتانەی کە کرێکاران و بزووتنەوەکەی، بەدەستیان ھێناون، بەسەر بکەینەوە، ھەروەھا ناشمەنەوێت وەکو قەوانێکی سوواو کە ھەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا خۆپیشاندانێکی ئاشتیانەو ڕێپێوانێکی ھێمنانە ، بە دەھۆڵ و زوڕناو مۆزیک و سروودی " ئەی کرێکارانی جیھان یەکگرن " یاد بکەینەوە.

ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێت بیڵێین، ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوەیە بۆچی لەم ماوە دوورودرێژەدا ھەنگاوێکی گەورەی نەناوە، بە پرژوبڵاوی لێی وەستاوەتەوە و لە بری ئەوەی کە ھەنگاوی زیاتر بەرەوپێشەوە بنێت، بگرە بەھەنگاوی گەورە گەورە بەرەو د‌واوە دەگەڕێتەوە و لەبەردەم ھێڕشەکانی دوژمنە چینایەتییەکەییدا لە کشانەوەدایە.‌

ئەمساڵ ١٢٦ ساڵی ڕەبەق بەسەر یادوەری یەکەمی جەژنی کرێکاراندا، تێدەپەڕێت، ١٢٦ ساڵ، مێژوویەکی دوورودرێژە. گەر بزووتنەوەی کرێکاران لە دوای ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابوردووە و بەو شێوەیەی ١٨٨٦و ساڵانی دوای ئەوەش لەپێشەوەچووندا بووایە،‌ بەدڵنییاییەوە ، نەک ھەر گۆڕی دووژمنەکەی ھەڵکەندبوو ، بگرە ئێستا لەسەر ئێسک و پروسسکی ئەو دووژمنە کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ناچینایەتی بنیات نابوو.

گەر چاوێک بە مێژووی ئەو کاتە و ماوەیەکیش دواتر‌دا بگێڕین، دەبینین گەرچی کۆمەڵگەی سەرمایەداریی لە ھەندێک وڵاتی کەمدا نەبێت، وەکو ئێستا چڕبوونەوەی چینایەتی ( تمرکز الگبقی) نەکردبوو، کرێکاران لە زۆر شوێندا لە ھەلومەرجێکی خراپتر لە ئێستادا کاریان دەکرد، زۆرینەیان نەخوێندەوار بوون، بە ژمارەش لە ئێستاکە کەمتر بوون، بەڵام لەتەک ئەوەشدا یەکێتی نێوانیان بەھێز تر بوو، شۆڕشگێڕی و لێبڕانیان لە ئێستا زیاتر بوو، دەستکەوتەکانیشیان مەزنتر بوو‌ن.

ئەمەی سەرەوە خوێندنەوەیەکی سەرەتاییە بۆ ئەو پرسە ، بەڵام لەڕاستیدا گەرچی جیاوازییەکی گەورە لە نێوان کرێکاران ڕەوتی بزووتنەوەکەشیان لەو سەردەمە و ئێستادا ھەیە، بەڵام پرسی بەراوردکردن کارێکی کاڵ و کرچ دەبێت، بەبێ بەدەستەوەدانی ئامارەکان بۆ ھەموو ئەو ساڵانە و ئێستاش لەتەک شیکردنەوەیەکی ھەمەلایەنەدا.

لە ھەموو شت گرنگتر ئەوەیە، کە ئێمە دەبێت لەوە تێبگەین کە بارو دۆخەکە بەتەواوی گۆڕاوە و خودی ئەمەش کاریگەیگەری تەواوی لەسەر کرێکاران و بزووتنەوەکەشیان داناوە. بۆیە ئازارەکانیان و فشاری کار لەسەریان و ھەلومەرجی کارکردنیان تەنھا لە شێوەدا گۆڕاوە نەک لە ناوەرۆکدا، ئەمە لەپاڵ پێداویستییەکانی ژیانیاندا، کە ١٠٠ ساڵ لەمەوپێش بۆ ئەوان ئەو شتانە شتی لاوەکی ژیان بوون، تەنانەت نەک لە ئیستادا، بەڵکو لە ٣٠ تا ٤٠ ساڵ لەمەوبەر بووەتە پێداویستییەکی پێویستی ژیانیان.

تەنانەت لە سەردەمی جیھانگیری و ژیان لە سایەی میرایەتییە دیمۆکراتەکان و لە کۆمەڵگە سڤیلی (مەدەنی)یەکاندا، نەک تەنیا ئازار و فشاری کار لە سەریان ھەڵنەگیراوە یا کەمی نەکردووە، بەڵکو زیاتر بووە. نەبوونی و ژیان لەژێر ھێڵی برسێتییەوە زیاتر پەرەی سەندووە، تاکڕەوێتی و خۆپەرستی و نامۆبوون، پتر بووە. لەم سەرەدەمەی ئێستاد، جیھان بووەتە بەندیخانەیەکی سڤیلیی، بەندیخانەیەکی کراوە، تۆ لە چوارچێوەی سنووربەندییەکانی سەروەری چینایەتی و خاوەندارێتی تایبەت و کاریکرێگرتەدا ئازادی بەڵام بە ھۆی تەکنەلۆجیای نوێوە، ھەر دوور مەڕۆ مۆبایەلفۆن، ناڤیگەیشنی ناو ئۆتۆمەبێل، ھەڵکردنی کۆمپیتەرەکەت ، دەزانرێت تۆ لە کوێیت، سەردانیت بۆ یەکێک لە ماڵپەڕەکان نەک ھەر دەزانرێت تۆ لەکۆێوە سەردانی ئەو ماڵپەڕە دەکەیت، بەڵکو کەی کردووتەوە بۆ ماوەی چەند چرکە و خولەک و ساتێکیش لەسەر ئەو ماڵپەڕە ماویتەتەوە. زۆربەی زۆری وڵاتانی ئەوروپی و گەلێک لە وڵاتانی دیکەش لەژێر فشاری ئەمەر‌یکا و دەسگە سیخوڕییەکانیدا، ئەم وڵاتانەیان ناچارکردووە، کە لە کاتی گەشتی ھاووڵاتییانیاندا بۆ ئەمەریکا، دەبێت پێشتر لیستی تەواوی ناوەکانی گەشتکەران بنێرن بۆ ئەوان، تاکو دەسگە سیخوڕییەکانیان تەماشای بکەن و پاک و پیسی لێ ھەڵبژێرن تاوانبار و بێتاوانان- (تاوانبار لە ڕوانگەی ئەوانەوە) جیابکەنەوە، تاکو دواتر بڕیاری مافی ھاتنیان بدەن، یا نەدەن. ئەمە بێ لەوەی کە بە چەندین بڕیار و پەیمان ئەم وڵاتانە لەبارەی کاری سیخوڕیی و پشێوی ڕامیاریی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە بەستراونەتەوە بەیەکەوە، کە لە ڕێگەی تەکنەلۆجیای تازەوە دەتوانن ئەوەی کە پێی دەڵێن ھاوکاری لەنێوانیاندا، بە زووترین کات ئەنجامی بدەن، چ سەبارەت بە پشتیوانی و کۆمەکی سەربازیی و ئابووریی چ سەبارەت بە گرتن و ڕادەستکردنەوەی تاوانباران (تاوانبار لە ڕوانگەی ئەوانەوە). ئەمە سەرباری ھەبوونی ھەزارەھا کامیرای چاودێری و دەزگەی پۆلیسی و سیخوڕییەکانیان لە ھەر وڵاتێکدا بەتایبەت وڵاتانی میرایەتی دیمۆکرات و کۆمەڵگە سڤیلییەکاندا.

ھەر لەبەر ئەمانە دەتوانین بڵێین تەنھا پێوانەکان و تێگەیشتنەکان بۆ چونێتی ئازادی و سەربەستیمان فرەتر گۆڕاون، ئەگینا کرۆکی پرسەکان، کێشەکان ھەر وەکو خۆیان ماونەتەوە. با تەنیا تەماشای ژمارە و چەشنەکانی کۆیلایەتی لە ئێستادا بکەین؛ بەپێی قسەی A.C Grayling کە فەیلەسوفێکی بریتانییە، لە یەکێک لە کتێبەکانی کە بە ناوی The Reason Of Things لە چاپی دووەەمیدا کە لە ساڵی ٢٠٠٧دا چاپکراوەتەوە، لە لاپەڕە ١٥٤دا لە بەشی " کۆیلە " دا دەڵێت " لە کاتی نووسینی ئەم دێڕانەدا، لەم جیھانەدا بە پێوانەیەک، کۆیلەکان لەھەر کاتێکی دیکەی مێژوو زۆرترن: ٢٧ ملیۆن کەس لە کەمپە زۆرەملییەکاندان، لەبەش و بازرگانی سێکسدا، سواڵکەرە پرۆفێشنەڵەکان، خزمەتکاران و کارەکەرانی ماڵان، ئیشکەر- ئیشکەر بەخۆڕایی بێپارە بارمتەی قەرزاریین، ھەروەھا لەژێر ھەڕەشەی زۆر و مەترسیدا، بە پێناسەی " کۆیلەتی" – لە بەش و کەرتی کشتووکاڵی، کارگە و کارخانە و کانەکاندا ڕاگیراون. ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر کە بەشی زۆریان منداڵن و زۆریش لەمانە بۆ بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە ( Traficking) کۆیلە کراون".

ڕاستە ئێستا بە فەرمی ماوەی کارکردن و ماوەی پشوو دیاری کراون، بەڵام لە زۆربەی وڵاتاندا بەتایبەت لە ئەوروپادا ھەرچەندە کاتی کارکردن زۆر درێژە، سەرەرای ئەوەش بەشێکی زۆری کرێکاران و کارمەندان یا کاتژمێری زیاتر بۆ زیادە کاردەکەن، یا کارێکی دیکەش لەپاڵ کاری یەکەمیاندا دەکەن، تاکو بتوانن بە پێداویستییەکانی ژیاندا ڕابگەن. ڕاستە سەندیکاکان ھەن و کرێکارانیش تاڕادەیەک سەربەستن لە بوون بە ئەندام تیایاندا، بەتایبەتی لە کەرتە دەوڵەتییەکاندا، ھەروەھا ھەندێکیش لە کەرتە تایبەتییەکان، بەتایبەت لە وڵاتە ئەوروپییەکان و ئەمەریکا و کەنەدا و ئوسترالیا و نیوزلەندە و ئیسرائیل و گەلێک شوێنی تر. بەڵام یەکەم : لە وڵاتە سکەندناڤییەکاندا کە زیاتر لە وڵاتە ئەوروپییەکان جێی سەرنجی خەڵکی کوردە، سەندیکاکان سەرجەمی یا ھەرە زۆری کرێکارانی وڵاتەکەیان نەگرتوەتە خۆیان. ئامارە تازەکان پێمان دەڵێن لە بریتانیا تەنھا ٢٦.٦%، لە فینلەندە لە ٦٩.٢% لە سوید لە ٦٨.٤% لە دانیمارک لە ٦٦.٦% لە نۆرویج ٥٤.٤% کرێکاران لە سەندیکاکاندا ئەندامن. ‌ لە ڕاستیشدا سەندیکاکان ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان لە پێشەوەچوونی بزووتنەوە کرێکاراییەکاندا نییە، تەنھا ھەر " ئەزعەفە ئیمانەکەن" بۆ کرێکاران و شتێکی تر نا، لە باشترین باردا ئەوان دەیانەوێت نە شیش بسوتێت و نە کەباب! دووھەم: لەو شوێنانەی کە ئێمە بە ئاگاین لە جیھاندا لەنێو سەندیکا فەرمییەکاندا سەندیکایەکی سەربەخۆ بەو واتایەی کە خۆڕسکی نێو خواست و ئارەزووەکانی کرێکاران بێت و وابەستەی یەکێک لە پارتە ڕامیارییەکان یا دەوڵەت نەبێت، بوونی نییە. سێھەم سەندیکاکان ناتوانن ببنە ڕێکخستنێکی شۆڕشگێڕانەی وا کە ھۆیەکانی بەرھەمھێنان و پەیوەندی ئابووریی و کۆمەڵایەتی ھەنووکە ھەڵوەشێننەوە و کۆمەڵگەیەکی ناچینایەتی بێچەوساندنەوە لە جێگەیدا دروست بکەن. باشترینیاندا کە لە یۆناندایە، ئەوەتا ناتوانێت کاردانەوەیەکی وای ھەبێت، کە مەترسییەکی گەورە لەسەر سیستەمەکە ، نەک حکومەتەکە، دروست بکات.

لە ئەمەریکا پاش ڕووخانی بلۆکی سەرمایەداری دەوڵەتی ڕوسییە، شاڵاوی فشارخستنە سەر سەندیکاکان و ئەندامانیان لەلایەن دەوڵەت و کۆمپانیییە تایبەتەکانەوە بەرادەیەک دەستی پێکردووە، کە ئەگەر کرێکارێک لە کاتی داواکاردنی کارێکدا بزانرێت ئەندامی سەندیکا [تەنانەت سەندیکا زەردەکانیش]ە، ئەوا ئەو کارەی پێنادرێت و تەنانەت ئەو ھێرشە لەکاتی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکاندا توندتر دەبێتەوە و ئەندامانی سەندیکاکان بەر شاڵاوی دەرکردن دەکەون. مانگرتنی کرێکارانی پۆستەچی ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٩٧دا بۆ وەڵامدانەوە بەو ھێرشە بوو، کە چەند ساڵ بو دەستی پێکردبوو و تائێستاکەش بەردەوامە.

ئێمە لێرەوە، دەتوانین دەرئەنجامێک بەدەستەوە بدەین، ئەویش ئەوەیە، کە بەشێکی نەچوونەپێشەوەی بزووتنەوەی کرێکاران دەگێڕینەوە بۆ کاردانەوە و کۆنترۆڵکردنییان لەلایەن سەندیکا و پارتە چەپ و سۆشیال دیمۆکراتەکان و کۆمۆنیستەکانەوە، کە لە دەستەمۆکردنی کرێکاران و خەسا‌ندنی بزووتنەوەکەیاندا ڕۆڵێکی بەرجاویان گێڕاوە. بۆیە بەڕای ئێمە شێوە کۆنەکانی خەبات: ھەر لە تاکتیک و ستراتیج و داخوازییەکانیشیانەوە بەسەرچوون و بوونەتە چەکێکی دژەخۆ (دژەشۆڕش)، یاچەکی خۆکوژی بزووتنەوەی کرێکاران.

ئێمە لەم بۆنە چینایەتییەدا بۆ ئەوەی لە گەمەی ڕامیاریی و گۆشەگیریی و بەستەڵەکی ئایدیۆلۆجی دەسەلات و ئۆپۆزسیۆنەکانی بە چەپ و راستەوە ڕزگارمان بێت ، بڕوامان وایە کە پێویستە :

- کۆڕ و کۆمەڵە جەماوەرییە سەربەخۆکانی خۆمان پێکبھێنین و ڕیزی چینایەتی خۆمان جیابکەینەوە ...
- ڕێکخراوەکانمان بکەینە فێرگە بۆ ڕاھێنان و ھۆشیاریبەخشینی چینایەتی و بە کولتوورکردنی سەربەخۆژیان لە پەیوەندییەکانی کاریکرێگرتە، ھەرەوەزیی کۆمەڵایەتی و پێکھێنانی ھاوبەشیی ئابووریی و پێکەوەژیانی ئازادانە...
- گیڕانەوەی یاداوەری ڕۆژی یەکی ئایار بۆ سەر ڕەوتە مێژووییەکەی، بەرپاکردنی مانگرتنی گشتی و زنجیرەیی و نەچوونە سەر کار و خەباتی راستەوخۆ و سەپاندنی داخوازییەکان دوور لە چاوەڕوانی لە سەرانی سەندیکا زەردەکان و نوێنەری پارتەکان لە پارلەماندا..
- بایکۆتی قسە و وانە ڕیفۆرمیستییەکانی پارتەکان و سەندیکا و یەکێتییە زەردەکانی سەربە دەسەڵات و بەکاربردنی بڵنگۆکان بۆ بیروراگۆڕینەوە و پیشنیارکردنی ئایدیاکانی ئازادیخوازیی و ئاراستەکردنی کۆمەڵگەی ناچینایەتی ...
- بەرزکردنەوەی داخوازییە کۆمەلایەتیی و رامیارییەکان شانبەشانی داخوازییە ئابوورییەکان و کۆمەڵایەتیکردنەوەی بزووتنەوە نارازییەکان و گرێدانەوەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فراوان و سەرتاسەریدا ...
- گۆڕینەوەی ئەم ڕۆژە لە جەژن و پشووی گۆشەگیرانەو سەیران و میتینگی مەینۆشینەوە بۆ ڕۆژی ناڕەزایەتی و ھاتنەمەیدان و خرۆشانی جەماوەری و سەندنەوەی بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵگە و جێگیرکردنەوەی بەرە بەرەی سیستەمی نامرۆڤانەی ئێستا بە ھەرەوەزی و خۆبەڕێوەبەرایەتی کرێکاریی و خۆجێیی (لۆکاڵی) گوند و گەڕەکەکان و شارەکان….
- بەکاربردنی شێوازی نوێ لە زیندووراگرتنی ئەم ڕۆژە و گواستنەوەی ناڕەزایەتییەکان بۆ سەنگەرەکانی دیکەی خەبات؛ لەوانە شانۆ و موزیک و گفتوگۆی بەکۆمەڵی سەرشەقامەکان...


٢٨\٤\٢٠١٢

 

 

-----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

پیرۆزبێت یەکی ئایار رۆژی جیھانیی چینی کرێکار،

رۆژی خەبات لە دژی سەرمایە و سەرمایەداری و بۆ بەدیھێنانی ئازادیی و یەکسانیی!

 

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

 

یەکی ئایار ڕۆژی جیھانی چینی کرێکارە. ڕۆژی نمایشکردنی ھێزی چینایەتی کرێکاران‌و چەوساوەکانی کۆمەڵگایە لەدژی دنیای ئاوەژووی سەرمایەداری و دەسەڵاتە ستەمگەرەکەی. ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئومێدە بەدنیایەکی ئازادو شایستە بەئینسان. لەم ڕۆژەدا کرێکاران‌و مەحرومانی کۆمەڵگا لەسەراسەری جیھاندا، شەقامی شارەکان، کارگەو ناوەندەکانی کار بەدەستەوە دەگرن‌و ڕێزی یەکگرتووی چینایەتیان دێننە مەیدانەوە تا بەخەباتی شۆرشگێڕانەو راستەوخۆی خۆیان، نیشانی بدەن کە بەدەستھێنانی خواستەکان‌و پێکھێنانی دنیایەکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران بەدەستی خودی ئینسان مومکینە.

خەبات‌و تیکۆشانی یەکساڵی ڕابردووی کرێکاران‌و زەحمەتکێشان‌و چەوساوەکانی کۆمەڵگا، لەمسەری دنیاوە بۆ ئەوسەری دنیا، ئەو پەیامەیان بەگوێی کۆمەڵگای بەشەریدا دا کە کۆمەڵگای سەرمایەداری‌و ڕژێمەکەی شایستەی مرۆڤی سەدەی بیست‌و یەک نیە. رایانگەیاند کە دەسەڵاتی ئابوری، سیاسی، یاسایی، میدیاو فەرھەنگ‌و ھەموو جومگەکانی کۆمەڵگا بەدەستی ١%ی کۆمەڵگاو لەبەرژەوەندی ئەوان‌و لەسەر خوێن‌و رەنج‌و بێمافی‌و بێئیرادەکردنی سیاسیی ٩٩%ی کۆمەڵگا دەچەرخێت. ساڵێکە خەبات‌و خرۆشان‌و شۆڕشەکانی ئینسانی چەوساوە، ھەر لەکوردستانەوە تائەمریکاو ئەوروپا، تا ئوسترالیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست،‌ جەماوەری چەوساوەو بێمافی ژێرسایەی دەسەڵاتی بۆرژوازی‌و سەرمایەداری یەخەی ئەم سیستەمەو کاربەدەستانی ڕادەوەشێنن‌و پێیان ڕادەگەیەنن کەئیتر ژیانکردن لەم سیستەمەدا قابیلی تەحەمول نیەو دەبێ کۆتایی پێبێت. چینی کرێکار لە یۆنان‌و ئیسپانیا جارێکی دیکە تارمایی شۆرشی کرێکاریی بەسەر زەینی بۆرژوازی ئەوروپی بەتایبەتی‌و بۆرژوازی ڕۆژاوا زاڵ دەکەن. لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەسەڵاتە سەرکوتگەرە خۆسەپێنەکانی بۆرژوازی لەبەردەم شەپۆلی شۆرشی بێبەشانی کۆمەڵگادا تووشی شۆک بوون.

لەعێراق‌و کوردستانیش، چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش‌و ستەمدیدە لەناو تەپوتۆزی شەڕو دەعوا قەومی و تائیفیەکان‌و لەناو زنجیرەی نەبڕاوی ململانێی بەش‌و باڵەکانی بۆرژوازیدا، تروسکاییەکی ئومێد بەئایندەیەکی باشتر دەخەنە بەردەم سەرجەم دانیشتوانی بێبەش‌و کارەساتدیدەی عێراق‌و کوردستان. چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکیش‌و لاوانی ئازادیخوازو ناڕازی لە زوڵم‌و نایەکسانی‌و پەراوێزخستن لەماوەی ئەم ساڵەدا پەیامێکی دیکەیان ئاڕاستەی دەسەڵاتی گەندەڵ‌و چەوسێنەرو میلیشیایی بۆرژوازی بە ھەموو ڕەنگ‌و جۆرەکانیەوە کرد.

لە کوردستان، کرێکاران، دوای دەورەیەکی درێژماوە لە بێمافی‌و ئالودەکردنیان بەخورافەی قەومی‌و ئاینی، کەمەری خەبات‌و بەرەنگاربونەوەیان لەپێناو ماف‌و ئازادیەکانی خۆیان‌و کۆمەلگادا توندکردۆتەوە. کرێکارانی کوردستان دەرکی ئەوەیان کردووە کەخاڵی لاوازی سەرەکی ئەوان وەکو چینێک بەرامبەر بەدەسەڵاتی چەوسێنەرانەی بۆرژوازی کورد، پەرشوبڵاوی ڕیزەکانی چینی کرێکارە، ناڕێکخراوبوون‌و پارچەپارچە بوونە. ‌جوڵانەوەو خۆپیشاندانە جەماوەریەکانی ١٧ شوباتی ساڵی ڕابردوو، ئەو ڕاستیەی وەک دەرسێک دایەدەست کرێکارانی کوردستان، کە خەبات بۆ بەدەستھێنانی ئازادی‌و یەکسانی‌و خۆشگوزەرانی، لە کۆمەڵگای کوردستاندا، بەبێ ھاتنەمەیدانی ھێزی چینی کرێکاری ڕێکخراو، ئایندەی سەرکەوتنی مومکین نیە، ھەر بۆیە لەماوەی ئەم ساڵەدا بزووتنەوەیەکی کرێکاری بۆ ڕێکخراوکردنی کرێکاران لەلایەن ھەڵسوراوان‌و ڕابەرانی سۆشیالیست‌و خەباتکاری ئەو چینەوە دەستی پێکردوەو ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی وەکو یەکەم بەرھەمی ئەو ھەوڵەیان لەدایک بووە. لەلایەکی تریشەوە تەجروبەی یەکساڵی خەباتی چینەکەمان لەسەراسەری دنیادا ئەوەی سەلماندوە کەچینی کرێکار بەبێ یەکگرتوو بوونی لەڕێکخراوی فراوانی جەماوەری‌و سیاسی‌و حیزبی خۆیدا، سەرباری ھەوڵ‌و زەحمەت‌و گیانبازیەکانی، ناتوانێ لەشەری دەستەویەخەی داسەپێنراوی بۆرژوایدا، سەرکەوتن بەدەستبێنێ و خواستەکانی خۆی جێگیربکات. پێویستی ڕێکخراوبوونی حیزبی‌و کۆمۆنیستی کرێکاران و یەکگرتووبونی ئەم چینە لەڕیکخراوە جەماوەریە کرێکاریەکاندا، لەشوراکان‌و کۆبوونەوە گشتیەکان‌و سەندیکاو یەکیەتیەکاندا، تەنھا زامنی ئەوەیە کە نەک ھەر ھێرش‌و پەلامارەکانی بۆرژوازی بەرپەرچ بدرێتەوەو خواستە کرێکاریەکانیش بەدەست بێن، بەڵکو سەنگەر بەسەنگەر خەباتی چینایەتی کرێکاران و مەحرومانی کۆمەڵگا، تا بەشکست کێشانی کۆتایی دەسەڵا‌تی چینی بۆرژوازی و سەرمایەداران و بەدیھێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران بەرەوپێش ببرێت.

ئەگەر پەیامی ئایاری ئەمساڵ لەسەر ئاستی دنیادا بۆ چینی کرێکار زەنگی ئاگاداربوونەوەو پڕکردنەوەی ئەو کەموکوڕییە بنەڕەتیە بێت لەلایەن ڕابەرانی کۆمۆنیست‌و سۆشیالیستی چینی کریکارەوە، ئەوا بۆ چینی کرێکار لەکوردستان بەھێزکردنی ڕیزی یەکگرتووی خۆیان و حیزبەکەیەتی، یانی ڕیکخراوبوونە لەحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان‌و دامەرزاندنی رێکخراوە جەماوەریە کرێکاریەکانە لەکارگەو ناوەندەکانی کارو لەگەڕەگەکاندا. دەبێ دروستکردنی شورا کریکاریەکان و سازدانی کۆبوونەوە گشتیەکان‌و ھەڵبژاردنی نوینەرانی دڵسۆزی کرێکاریی‌و ھەرجۆرە ڕیکخراوبوونێکی تر، بەتایبەتی لەنمونەی ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەسەرجەم کارگە و ناوەندەکانی کاردا، لە تەواوی شارو شارۆچکەکانی کوردستان، ببێتە بڕیاری ئایاری ئەمساڵی بزووتنەوەی کرێکاری لەکوردستان.
بژی بزوتنەوەی رێکخراوبوونی کرێکاران لە کوردستان!
بژی یەکی ئایار!


٢٨\٤\٢٠١٢

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک