١٣\٢\٢٠١١
وتەیەک سەبارەت بە
شۆڕشی میسر!

موحسین کەریم
ماوەی ١٨رۆژی رەبەق، لەوکاتەوە کە جەماوەری میسر یەکەم چەخماخەی
شۆڕشیان لێدا، سات بەسات هەموو ئێمە؛ ئازادیخوازانو خەباتکارانی رێگای
ئازادیو یەکسانی بە حەسرەتەوە چاودێری روداوەکانو خرۆشانی جەسورانەی
خەڵکی راپەڕیوی میسرمان دەکرد. هەروەکو شۆڕشی خەڵکی تونس سەرچاوەی
ئیلهامی شۆڕشگێرانەو بڕوابونی خەڵکی میسر بوو بە هێزو ئیرادەی خۆیان،
ئاواش خەباتو راوەستاویی ئەوان لەبەرامبەر بەهێزترین دەسەڵاتی
سەرکوتگەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو جیهانی عەرەبدا ئیلهامی بە سەدان
هەزار مرۆڤی چەوساوەو سەرکوتکراوی ناوچەکە دەبەخشیو ئومێدی شۆڕشو
وەستانەوەی بەرامبەر چەوسانەوەو نایەکسانیو سەرکوتی سیاسی لەناخیاندا
دەگەشاندەوە. سەرکەوتنی خەڵکی شۆڕشگێڕی میسر لەم نەبەردەیاندا بەدروست
بۆ ئێمە کرێکارانو چەوساوەکانو سەرجەم ئازادیخوازانی ناوچەکەو
جیهانیش مایەی هێزبەخشینو بردنەسەری تواناکانو گەشانەوەی هیواکان
بوو بە سەرکەوتن. سەرەنجام قارەمانیو راوەستاویو جەسارەتی جەماوەری
راپەریوی میسر یەکێک لە رەمزەکانی سەرکوتی سەربازیی بۆرژوازیی
لەناوچەکەدا ناچار بەبەجێهێشتنی عەرشی دەسەڵات کرد!
بێگومان شۆڕشی میسر کاتێک هێزی راستەقینەی خۆی بەرامبەر بە دەسەلاتی
سەرکوتگەری- سەربازیی بۆرژوازی هێنایەمەیدان کە چینی کرێکاری میسر بە
فراوانیو بەقامەتی خۆیەوە هاتە ناو شۆڕشەکەوە. حوسنی موبارەک،
سەرکردەو رەمزی دەسەلاتی پۆلیسیو سەرکوتگەری بۆرژوازی جیهانیو میسری
کاتێک کە نمایشی چینی کرێکاری لە کەناڵی سویسو هێڵی ئاسنو رستنو
چنینو نەوتو سەرجەم ناوەندەکانی کاردا بینی، ئەوسا ناچاربوو کە پێ
لەعیزەتی نەفسی بنێتو مل کەچبکات! بزوتنەوەی کرێکاریو چینی کرێکاری
میسر لەیەکەم هاتنەمەیدانیاندا سەرانی رژێمی بۆرژوایی میسریان ناچارکرد
کە مل بەیەکێک لەخواستە گرنگەکانی خەڵک بدەن.
خواستێکی گرنگی خەڵکی میسر کە دەست لەکارکێشانەوەی حوسنی موبارەک بوو
وەکو رەمزی سەرکوتی ٣٠ساڵەی کرێکاران و لاوانو ئازادیخوازان،
هاتۆتەدی، بەڵام هێشتا هەنگاوەکان تەواو نەبوون. شۆڕشی میسر هێشتا
لەسەرەتای رێگایدایە. تائێستا حوسنی موبارەک دەسەڵاتی بەجێهێشتوە،
بەڵام سەرجەم دەسەڵاتی دەوڵەتو حکومەتەکەی، پۆلیسو دەزگاکانی سەرکوتو
سوپایەکیش کە ٣٠ ساڵە پارێزگاری لەدەسەلاتی سەرکوتگەری بۆرژوایی
بەسەرکردایەتی حوسنی موبارەک دەکات، هەموویان لەجێگای خۆیاندا
ماونەتەوە. سوپای میسر کە لەماوەی ١٨ رۆژی خۆپیشاندانەکانی خەڵکدا،
لەوکاتەدا هێزەکانی پۆلیسو چەتەو بەکرێگیراوەکانی رژێمی حوسنی موبارەک
سنگی خۆپیشاندەرانیان کردبوە قەڵغان، بەناوی پاراستنی ووڵاتو
ئاسایشەوە گوایە میانجیگەری نێوان خۆپیشاندەرانو دەسەڵات بوو، بەڵام
بەکردەوە دەسەلاتی حوسنی موبارەکی دەپاراست. هەرئەو سوپایە بوو کە
کۆشکی کۆماریو باقی دامودەزگاکانی رژێمی دڕندەو سەرکوتگەری حوسنی
موبارەکی لەپەلاماری خەڵکو شۆڕشگێڕان دەپاراست. خۆشباوەریی
بەهاوسەنگەریی سوپاو خەڵک دەتوانێ ئامانجەکانی شۆڕشی ئێستا لێڵ بکات!
شۆڕشی میسر لەدژی نایەکسانی، بێکاری، هەژاری، بێمافی و سەرکوتی سیاسی
بەرپابووە. سەرکەوتنی شۆڕشیش ئەو مانایەی دەبێ کە ئەو دەسکەوتانە بۆ
جەماوەری کرێکارو زەحمەتکیشو ئازادیخواز دابین بکات. بەپێچەوانەوە
رەنجو قوربانیەکانی کرێکارانو جەماوەری بێبەشو لاوانی ئازادیخواز کە
هێزی بنەڕەتی شۆڕشی ئێستان بەفیڕۆدەچێ! نابێ کارەکە لەنیوەی رێگادا
رابگیرێت! تەنها زامنی بەردەوامبوونی شۆڕش تا سەرکەوتنو ئەوەش کە
سوپاو باقی سەرانی بۆرژوای دەسەلاتدارو ئۆپۆزیسیۆن شۆرشەکە داگیرنەکەنو
بە بەڵێنی پوچی هەڵبژاردنی ئازاد شۆڕشگێڕان نەنێرنە ماڵەوە، خۆرێکخسنو
سازدانی هێزی سەربەخۆی جەماوەری شۆڕشگێڕە لەدەوری پلاتفۆرمی سیاسی چینی
کرێکار. لەدەوری بەرنامەی سیاسی رۆشنی کرێکاریو کۆمۆنیستی.
بەردەوامبوونی شۆڕشو گرەنتیی بەدیهاتنی خواستو ئاواتو ئامانجەکانی
خەڵکی ستەمدیدەو چەوساوەی میسر، بەستراوە بە دەورو نەخشی چینی
کرێکارەوە. ئەوە ئیتر ئەرکی چینی کرێکارو یەکسانیخوازانی کۆمەڵگایە کە
هەرچی زیاترە کەشوهەوای شۆڕشگێڕانە قوڵترو بەرینتر بکەنەوە.
جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەش ئامادەییو لەمەیداندابونی سیاسیی چینی کرێکاری
دەوێ .
دەبێ چینی کرێکاری میسر خۆی بۆرابەریکردنی شۆڕشو راپەڕینو سەرەنجام
هێناخوارەوەی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەو چەوسێنەرانەی بۆرژوازی ئامادەبکات.
کرێکارانی میسر دەبێ لەجەرگەی ئەم شۆڕشەی ئێستادا خۆیان رێکخراوبکەن.
لەکارگاو کارخانەو ناوەندەکانی کارو لە گەڕەکەکاندا رێکخراوە جەماوەریو
دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتی خۆیان لەبابەتی شوراو ئەنجومەنەکان دابمەزرێنن.
حیزبی سیاسی کۆمۆنیستیی خۆیان پێکبهێنن. خواستەکانو پلاتفۆرمی سیاسیی
خۆیان بەرۆشنی بۆ کۆمەڵگا رابگەیەننو هێزی فراوانی ژنانو لاوانی
شۆڕشگێڕی لەدەور کۆبکەنەوە. دەبێ کرێکارانو جەماوەری ئازادیخواز، ژنانو
لاوان بەکردەوە دەسەڵاتی جەماوەریو رادیکاڵو دیموکراتیکی خۆیان
لەخوارەوە دابمەزرێننو دەسەلاتی دوولایەنە بەسەر بۆرژوازیدا بسەپێنن!
ئەمە مانای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێستایە کە دەتوانرێ لەلایەن چینی
کرێکارەوە( هوشیار بەبەرژەوەندی چینایەتیو سەربەخۆی خۆیو
بەسەرکرادیەتی حیزبی کۆمۆنیستی چینی کرێکار) وەکو پردی پەڕینەوە بەرەو
شۆڕشی سۆشیالیستی درێژە پەیدابکات.
ماڵپهڕی
موحسین
کهریم
|