١\٧\٢٠٢٤
وتنی خاڵێکی
ئەرێنیی لەسەر هاوکارەکەت
لە کۆبوونەوەی
مانگانەی سەرکاردا.
عامر سابیر
نەریتێکی دروست و جێکەوتە لە کۆبوونەوەی مانگانەی ئەو شوێنەی کاری لێ
ئەکەم وەک پەرستارێک، کە نەخۆشخانەیەکی گشتی شاری (سیدنی)یە، ئەوەیە کە
هەموو ئەوکەسانەی تیایدا بەشدار ئەبن لە پەرستار و دکتۆر، ئەبێت لە
کۆتایی هەر کۆبوونەوەیەکدا، هەر کرێکارێک خاڵێکی ئەرێنیی (وەسفێکی
پۆزەتیڤ) هاوکارەکەی تەنیشتی بکات. جار هەیە بە ئاڕاستەی میلی کاتژمێرە
و تۆ خاڵی ئەرێنیی لە سەر کرێکارەکەی دەستی چەپت ئەڵێی، وە جاری واهەیە
بە پێچەوانەی ئاڕاسیەی ملی کاتژمێرە و تۆ خاڵی ئەرێنی لەسەر کرێکارەکەی
دەستی ڕاستت ئەڵێی.
لەم نەریتەدا کە لە کۆتایی هەر کۆبوونەوەیەکی مانگانەدا ئەکرێت، جێگەی
ڕەخنە و خاڵی نێگەتیڤ نییە کە بیڵێی، بەڵکو لە چەند چرکەیەکدا ئەبێت
باسی خاڵی ئەرێنیی (ئەرێنی) کرێکارەکەی تەنیشتت بکەی. کە ئایا لەو
مانگەدا چی کارێکی باشی کردووە و جێگەی سەرنجی تۆ بووە.
ئەم کۆبوونەوانەی شوێنی کار کە مانگانە ئەنجام ئەدرێ، جیایە لە
کۆبوونەوەی سەندیکا، کە مانگانە، یان بە چەند مانگ جارێک لە شوێنێکی تر
و لە هۆڵێکی گەورەتری نەخۆشخانەکەدا، بە ئامادەبوونی ڕێژەیەکی زۆرتری
ئەندامان ئەنجام ئەدرێ.
لەلای من ئەم نەریتە، واتە وتنی خاڵی ئەرێنیی لەسەر هاوکار و
کرێکارەکەی تەنیشتت، لەسەر هاوڕێکەت، لە کۆتایی هەر کۆبوونەوەیەکی
مانگانەدا، زۆر خاڵێکی ئەرێنیی و ئەرێنییە.
بەهیوای کرێکارانی کوردستانیش لە کۆبوونەوەکانیاندا پەیڕەوی لێ بکەن.
بە هیوای لە کۆبوونەوەی هەموو ڕێکخراو و حیزبە کرێکاری و
کۆمۆنیستەکاندا پەیڕەوی لێ بکرێ.
ئەی تۆی خوێنەر کە ئەگەر لە دەرەوەی کوردستانی یان لە ناوخۆی کوردستان،
ئایا لە کۆبوونەوەکانی سەرکارتاندا ئەم نەریتە هەیە؟ ئەگەر نییە،
پەیڕەویکردن لێی چۆن ئەبینی؟ ئەی تۆی هاوڕێی ئەندامی ڕێکخراو و حیزبە
کرێکاری و کۆمۆنیستییەکان، پەیڕەوکردنی ئەم نەریتە لە
کۆبوونەوەکانتاندا چۆن ئەبینن؟
٢٦\٦\٢٠٢٤
ماڵپهڕی عامر سابیر
|