٢٨\٢\٢٠١٢
وتووێژێکی
فەلسەفیانە لەگەڵ بیرمەند ھیشام غەسیب.

سازدانی: ئهحمهد ئیبراھیم
ئهلعتوم لە عەرەبییەوە: جیھاد موحەمەد
"بە بێ تیوریاییەکی فەلسەفی مەعریفەیەکی
ڕاستەقینە نییە".
"فکر ھیچیتر نییە جگە لە بریقەدانەوەیەک نەبێت
لە نیوە شەوێکی درێژدا، ئەگەرچی ئەو بریقەیە ھەموو شتە".
(ە. بوانکاری).
ساکاریی
و سادەیی زاناکان لە ڕوخسارییاندا کۆدەبێتەوە و دەردەکەوێت، سادەویی و
ساکاری ئاوێنەی شکۆمەندی و مەزنیی فکری جددی و بەرپرسیارە. ئەو سادەیی
و ساکارییە بۆ خودی خۆی نییە بە قەدەر ئەوەی بۆ ئەوانیتر و فکری
ڕەخنەگرانەو ئینسکلۆپیدیایەکەیەتی. ئەو فکرەی کە بە پێویست سورە لەسەر
چارەسەریی قەدەری چارەنوسە مێژووییە مرۆییەکان.. ئەوە دکتۆر هیشام
غهسیب ە، ئەو باسکار و بیرمەندەی کە شەونخونی دەکات لەگەڵ فەلسەفەدا
لەسەر ھەموو کێشە واقیعییەکان بە گشتی؛ وە واقیعی عەرەبی بە تایبەتی؛
فەلسەفە لای ئەو، بەئاگا ھێنانەوەی فکرە، بزوێنەری ڕەخنەیە بە ئاراستەی
گۆڕان و گەشەو دووبارە دروستکردەنەوە. ڕزگاریی مرۆڤەکان بۆ گەیشتن بەو
شکۆمەندییەی کە شایستەیەتی خەمێکی قوڵە لەلای.
پرسیار: بە ڕای
ھیشام غەسیب فەلسەفە چییە؟
وەڵام: ئەم پرسیارە پرسیاری تەوەری دووبارە دەکاتەوە لە خودی
فەلسەفەدا، لە راستیدا جۆرەھا تێڕوانین بە شێوەیەکی ئاڵۆز لەسەر سروشتی
فەلسەفە لە مێژووی فەلسەفەدا ھەبووە، بەڵام دەتوانیین بڵێین فەلسەفە لە
پراکتیزە بەشەرییەکاندا مەرجگەلێکی ھزریی دەخوازێت، لە دواییشدا
ڕێپیشاندەری قوڵی ئەو پراکتیزەکردنەیە، جا ئەگەر ئەو پراکتیزەییە
بەشەرییە مەعریفیی بێت، یان ئیستاتیکایی، یان سیاسی، یان ئاکاری.
فەلسەفە لە دروستبوونییەوە گرێدراوی زانست و ماتماتیکە، ئەمەش لە
سەرەتای یەکەمی شارساتانیی ئغرقییە کۆنەکانەوە ھەستمان پێکردوە، ئەو
کاتە تیۆرییایەکی مەعریفی و بیرکاریی و فیزیایی لە لایەک، لە لایەکی
تریشەوە ئاکار و سیاسەت گرێدراوی فەلسەفە بوون. ئەم گرێدانە جەوھەرییەش
بەردەوامبوو ھەتا سەدەکانی ناوەڕاست کە شەقڵێکی دینیی پێوەبوو، بەڵام
ستەم و زاڵبوونە دینییەکە وای لە فەلسەفە کرد کە تەوەربگرێت لەسەر دین
زیاتر لەوەی تەوەربگرێت لەسەر زانست. تا ئاستێک دیلی زانستی کلام و
لاھوتی بوو. بەڵام ئەو ماوەیەیی کە بە سەدەی ڕۆشەنگەری ئەوروپی
دەستیپێکرد لە سەدەی شازدەی زاینی ئەمەی بە تەواویی گۆڕی، وە فەلسەفە
لە کۆتوبەندی دین ڕزگاری بوو، فەلسەفە گەڕایەوە سەر ئاراستەی
ڕاستەقینەی خۆی، واتە گەڕایەوە سەر گرێدانە ئۆرگانییەکەی نێوان زانست و
فەلسەفە. دەتوانین بڵێین فەلسەفە ڕەھەندێکی جەوھەری پێکدێنێت لە
ڕەھەندە عەقڵییە تیۆریاییەکانی لە ھەرچ ڕۆشنبیرییەکدا بێت، لەگەڵ
زانستدا پێکەوە لە پەیوەندییەکی ئۆرگانییدا ھاوبەشن بۆ پێکھێنانی ئەو
عەقڵە. لەبەرئەوە دەڵێم، زانست بێ فەلسەفە نابێت و فەلسەفەش بێ زانست
نابێت. پەیوەندییەکی دایالێکتیکی ھەیە لە نێوان ھەردوو لایەنەکەدا،
واتە پەیوەندییەکە پێکەوەبوون و دژایەتییکردنە؛ زانست سەرچاوەیەکی
بناغەیی پێکدەھێنێت بۆ گۆڕانی فەلسەف و ڕەخنەلێگرتنی، ھەروەھا فەلسەفەش
ئەرکی ڕەخنەگرتن و بەرگرییکردنی بەھای زانستی لەسەرە لە یەک کاتدا. بێ
سودە گومان بکەین کە شارستانیەتێکی نوێ بتوانێت زانستێکی بەرجەستەکراو
و جێبەجێکراو بە بێ زانستێکی ڕوت پێکبھێنێت، ھەروەھا بە بێ فەلسەفە.
بۆیە دەبینین شارستانیە گەورە کاریگەرەکان لە مێژوودا، لە
ئغریقیەکانەوە بە لای کەمەوە، ھەموویان عەقڵێکی تیۆرییان پێکھێناوە، کە
پایەکانی فەلسەفەو زانستە لە یەک کاتدا. ئەمەش بەسەر شارستانیی
ئغریقیدا جێبەجێدەکرێت، بەردەوامیی ئەمەش لە ڕۆژھەڵتیشدا، وە لە
شارستانیی عەرەبیی ئیسلامییدا، ھەروەک بەردەوامی لە ڕۆژئاوادا، وە لە
شارستانیی ئەوروپای نوێ. بەڵام لەم سەردەمە داڕماوەی کە تیایدا دەژین،
دەبینین برەوی بیرگلەێکی ڕووکەش ھەیە، وە فەلسەفە و فکری تیۆریایی
کردوە بەچێژێک کە پێویستمان نییە! وە بە تەنیا داوای قوڵبوونەوە دەکات
لەسەر زانستی کردەکی، وە ھەوڵدەدات بۆ پەراوێزخستنی فەلسەفەو ھەتا
زانستی روتیش. ئەم جۆرە بیرکرندەوەیەش لە ئامانجی داڕوخان و گەڕانەوەی
بزاوتی ڕۆشەنگەرێتی عەرەبییە. کاتێک کە ھەرچ بزاوتێکی ڕۆشنگەریی نوێ
پێویستە قبوڵی ھەموو مەرجەکانی ڕۆشنگەریی بکات، وە لە پێشیشەوە
پێکھێنانی بنکەیەکیی مەعریفی پێشکەش بکات بە بنکەیەکی پیشەسازی، بە بێ
فەلسەفەیەکی تیۆریی مەعریفەیەکی ڕاستەقینە نییە.
ناوبرێک: ئەی دەربارەی گێڕانەوە
گەوەرەکان و ھاتوھاوار و ئاژاوەی میتافیزیکیا چی دەڵێییت؟
وەڵام: ئەمە گوتەی بناغەیی ڕەوتی تازەگەرێتیی ئەوەیە کە سەردەمی
گێڕانەوەی گەورە دواییھات، ئەم بیرۆکەیەش دەگەڕێتەوە بۆ نیتشە کە
شانازیی بەوەوە دەکرد کە پەیوەست نییە بە ھیچ گێڕانەوەیەکی گشتگیری
گرێدراو بەڵکو ئەم گێڕانەوانەی بە دەربڕینێک بۆ داڕوخانی شارستانی
ھەژماردەکرد، ئەمەش بناغەی ڕەخنەکانی بوو لە ھیگڵ. ئەم بیرۆکەیە لای "ھایدگر"یش
قوڵ بووەوە کە ڕەخنەی لە میتافیزیکای ڕۆژئاوایی گرت و وای دانا کە بە
تەواوەتی دوایی ھاتووە، دواجاریش ھەمان بیرۆکە ڕەوتی دوای تازەگەرێتی
گرتەوە، وە لە لای جاک دریدا گەیشتە ترۆپک کە بناغەی گێڕانەوەی گەورەی
ھیگڵ و مارکسیەت و بوونگەرایشی سڕییەوە. ئەمە دەربارەی فەلسەفەی
ئەوروپی، لە کیشوەری ئەوروپادا. بەڵام فەلسەفەی ئنگلیزی ئاراستەیەکی
تەواو جیاوازی وەرگرت، ھەر زو ڕەخنەی لە میتافیزیکیا گرت، وە ئەرکی
فەلسەفەی لە شیکاریی زمانەوانیی و لۆژیک و ڕەخنەی زماندا کورتکردەوە
وای دانا ھەتا ئێستاش لەو ستایلەدا لە ڕابردودایە. ئایا ئەمە بەو
مانایە دێت کە فەلسەفەی نەریتی لە ڕۆژئاوادا مردوە؟ لەوانەیە. بەڵکو
ھەتا مارکسیەتیش بەشداریکرد لە بڵاوکردنەوەی فکرەی مردنی فەلسەفەدا،
کاتێک کە زانستی مارکسی دژ بە فەلسەفەی نەریتی دادەنرێت و بە سیستەمێکی
فکریی زانستی دادەنرێت کە فەلسەفەی تێپەڕاندوە. لەگەڵ باڵاکردنی
مارکسییە گەورەکانی وەک لوکاتش و غرامشی و ئەلتوسیر و قوتابخانەی
فرانکفۆرت دا، لەگەڵ ئەوەشدا ڕوخساری زاڵ لە ناو مارکسییەکاندا
دژایەتیکردنی فەلسەفە بوو. سێ ڕەوتی سەرەکی فەلسەفەمان ھەیە مەیلدارن
بەلای ئەوەی کە فەلسەفەی کلاسیکی ڕەتبکەنەوە، ھەر وەک چۆن بەشەریەت لە
ئفلاتونەوە پراکتیزەی ئەمەیان کردوە.
بەڵام من، بڕوام وایە کە پێودانی بیرکردنەوەی فەلسەفییانە بەردەوامە
مادام پراکتیزەی بەشەریەتی ھۆشمەند بەردەوامە، وە مادام مەعریفە و
زانست بەردەوامە. بەڵام جۆرەکانی فەلسەفە بە گوێرەی جۆرەکانی ئەو
پراکتیزە بەشەرییە لە زۆربووندایە؛ لەگەڵ پاشەکشەی گێڕانەوە گەورەکان،
ئەوە بەو مانایە نایەت کە فەلسەفە خۆی لە خۆیدا کۆتایی ھاتووە. من
ناتوانم وێنای بەرھەمی زانستێکی بناغەیی ئاڵۆز وەک ئەوەی کە ئەمڕۆ
دەیبینن بکەم کە فۆرمێکی فەلسەفی نەوروژێنێت کە گرێدراوی شێوازێکی
فەلسەفیی ئاڵۆز و گەشەسەندوبێت. ئەوەی کە گۆڕانی بەسەردا ھاتووە لە
ڕاستیدا فۆرمی پراکتیزەکردنی فەلسەفەیە.
بەڵام خەونی فتجنشتاینی لاو، کە دوایی فەلسەفە بە ھاوکێشەیەکی
زمانەوانی دھێنێت، ئەوە تەنیا خەونە کە نەھاتەدی وەک ئەوەی کە
فتجنشتاین خۆی دەیویست و لە دوایشدا بۆی دەرکەوت. بەڵام فکرەی
دواییھانتی فەلسەفە گرێدراوی فەلسەفەی نوێیە، کە جار جارێک دەردەکەوێت،
وە لە لیستی فەلسەفەی ھیوم و کانت دا دەیبینینەوە، ھەروەھا لە لای
فنتجشتاین دەرکەوت، ھەروەھا لە ڕەوتێکدا لە دوای تازەگەرییەوە دەرکەوت.
پێویستە بەردەوام پرسیار بکەیەن: بۆچی فەلسەفە پێوسیتی بە خۆ
ڕەتکردنەوە ھەیە جار جارێک؟ وەڵامێکی ئامادەکراوم پێ نییە بۆ ئەم
پرسیارە.
پرسیار: فەلسەفەیەکی
تایبەتیتان ھەیە؟
وەڵام: ھەڵوێستی فەلسەفیم ھەیە، وای دادەنێم کە ئەوە
پەیوەستدارە، تییایدا ئەزمونە زانستیەکانم گرێدراوە بە ئەزمونەکانی
ژیانی گشتیەوە، لەگەڵ ئەزمونە ئەدەبی و ئیستاتیکایی و سیاسیی و
پەروەردەییەکانم؛ ئەمەش بەو مانایە نایەت کە ئەم دیدگا فەلسەفیە لە
واقیعە فکرییە عەرەبی و جیھانیەکەوە سەرچاوەی گرتبێت، من وای دادەنێم
کە دیدگای فکری من دەکەوێتە نێو ڕەوتە بەرینەکەی بزوتنەوەی
ڕزگاریخوازیی نەتەوەی عەرەبیەوە، وە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی جیھانی بە
شەقڵێکی مارکسیانەوە. مەودایەکی فەلسەفی ئاشکرا و تایبەتم نییە، بەڵام
لە میانەی تێوەئاڵانم لە ململانێیەکی فکری و ھەوڵدانم بۆ تێگەیشتنم لە
جیھان و تێوەگلانم لە ھەوڵدان بۆ گۆڕینیی دیدگایەکی فکری پتەوم
بەرھەمھێناوە. خاڵی جەوھەری لێردا ئەوەیە، ئەم دیدگایە ڕوخسارێکی
سنوردار و پتەوی ھەیە؛ بە جۆرێک کە ئەزمونە ھەمەچەشنە زانستی و سیاسی و
ئاکاری و جوانناسیەکانم، ھەموویان بەیەک بگەن لە بازنەیەکی فکریی
پتەودا، بە بێ یەکتریش مانا و تێگەیشتن لە دەست بدەن. لەم کاروانەمدا
توشی کێشەی ستراتیژی بووم، لە میانەی چارەسرکردنیشیدا بیرم گەشەی کردوە،
بۆیە لەوباوەڕەدام کە نووسیەنە فکریەکانم ھەڵگری فەلسەفەیەکی
دیاریکراون، بەڵام ناتوانم بڵێم ئەوە بە تەنیا فەلسەفەی منە؛ ئەوە
بەشێکە لە ڕەوتێکی بناغەیی مێژوویی.
پرسیار: لای فۆکۆ فەلسەفە پەیبردنە بە
ئێستا، لای بول ریکور تێپەڕاندنی سەردەمە. کاتێک دەڵیت: "ھەموو
پەرتوکەکان لەسەر میزەکەی بەردممدا کراونەتەوە، ھیچ پەرتوکێک کۆنتر
نییە لەویتر، ھەتا ھەنوکە دیالۆگەکانی ئەفلاتون ئامادیە لای من. لەگەڵ
گریدراویشی بە سەردەمەوە سەردەم نایناسێنێت وەک چۆن ئابورییە
یونانییەکان دەناسێنێت، دەتوانرێت لە میانەی خۆی دەرکرێت و بخرێتە
میانەیەکی نوێوە". ئەم وتەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان دڵنیامان دەکاتەوە
کە ھیچ مەودایەک نییە لە نێوان ڕابردومان و ئێستاماندا، بەڵکو تەنیا
گواستنەوەیەکی داھێنەرانە ھەیە. ئایا ھیچ قسەیەکت ھەیە لەسەر ئەمە؟
وەڵام: تێدەگەم لەوەی کە بول ریکور جەخت لەسەر چەسپاویی فکری
فەلسەفی دەکاتەوە، وە فەلسەفە لە جەوھەریدا پابەند نەبووە بە سەردەمێکی
مێژووییەوە، وەک ئەوەی کە فەلسەفە لە سەردەمی ئەفلاتونەوە تەنیا
پابەندبووبێت بە دەوروبەری ئەفلاتونەوە وەک (وایتھید)دەریدەبڕێت. بەڵام
من باوەڕم بەمە نییە، بەڵکو بڕوام وایە کە ئەرکی فەلسەفە وەک ئەرکی
زانست وایە، وە ڕێرەوەی گەشەسندنی زۆر زیاتر لە ڕێرەوی گەشەی زانست
ئاڵۆزترە. مێژووی فەلسەفە پەرەسندنێکی حەقیقی بینیوە، بەڵام جیاوازی
نێوان گەشەی فەلسەفە و گەشەی زنست ئەوەیە کە بیری فەلسەفی نوێ بەھای
بیریی فەلسەفی کۆن ناسڕێتەوە؛ بە پێچەوانەی زانستەوە کە بیرە نوێکانی
بیرە کۆنەکانی دەسڕێتەوە، وە بەھاکانی زۆر سنوردار دەکات. بەڵام
دەتوانین ھەمان شت بلێین لەسەر بیرکاریی؛ ئەندازیاری نوێ گەشەیەکی
گەورەی کردوە لە ڕەوتی بیرکاریدا، بەڵام ئەندازیاری ئقلیدیسی
نەسڕیوەتەوە، بەھاکەشی کەمنەکردوەتەوە. ئەمە لە فەلسەفەشدا ھەروایە،
ھیگڵ گەشەیەکی گەورەی دا بە فەلسەفە بەراورد بە ئەفلاتون، بەڵام بە
دڵنیاییەوە ئەفلاتون ناسڕێتەوە. کەڵەکەبوونیکی فەلسەفی حەقیقیمان ھەیە،
بناغەی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فەلسەفە لە جەوھەریدا دیدگایەکە بۆ
پراکتیزە بەشەرەییەکان، واتە باسێکە لە مەرجەکانی ئەم پراکتیزەکردن و
بناغەکانی و زەوینە ھزرییەکەی. کاتێکیش کە پراکتیزە بەشەرەیەکان
بەردەوام لە گەشەو نەشونمادایە، فەلسەفەش بەردەوام لە گەشەو نەشونمادا
دەبێت؛ دەشبێت ئەوە بزانین کە لایەنێک لە پراکتیزەی بەشەری چەسپاو و بێ
جوڵەیە، وەک ئەزمونی لە دایک بوون و پێگەیویی و ئازار و نەخۆشی و پیری
و مردن، ئەمە لە ھەموو پراکتیزە بەشەرییەکاندا بە درێژایی مێژوو ھەروا
بووە. لەبەر ئەوە دەبینین ھەوڵەکانی فەلسەفە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە
بەشەرییە بەردەوامانە باھای خۆی بە تێپەڕاندنی سەردەمەکان لە دەستنادات.
بەڵام فەلسەفە نەوەی سەردەمی خۆیەتی، سەردەمی خۆشی تێدەپەڕێنێت بۆ
ئەوەی ئایندە ڕوونبکاتەوە. ئەم خەسڵەتە لە زانست و ئەدەب و ھونەر و
موسیکیشدا دەبینین. کێ دەتوانێت حاشابکات لەوەی کە موسیکی بیتھۆڤن لە
دایکبووی سەردەمەکەی خۆی نییە ـ بەڵام کێش دەتوانێت حاشابکات کە
بەھاکەی سەردەمەکەی خۆی تێپەڕاندوە. ئەم پارادۆکسیە لە پرۆسەی داھێنانە
مرۆییەکاندا تایبەتمەند نییە بە فەلسەفەوە، ناڵێم ئەم بیرە بەتاڵە لە
کێشە، بەڵام ئەمە ڕاستییەو دەبێت حسابی بۆ بکرێت. بە ھەرحاڵ ئەمە
جۆرێکە لە مەتەڵ، کارل مارکس بە ڕوونی لە ھەندێک لە نووسیەنەکانیدا
ئاوڕی لێداوەتەوە، من ھیچ ڕاڤەکردنێکم نییە: کە چۆن (نەمری) لە ھەناوی
ساتی (سڕینەوەدا) لە دایک دەبێت! بە کردەیی (نەمری) لە دایکدەبێت لە
پرۆسەگەلی ھونەریی و فکریی وموسیکیی و ئەدەبیدا، بەڵام مەسەلەی لە
دایکبوونی مەتەڵێکی ڕاستەقینەیە.
ناوبڕێک: ھەندێک وایدەبینن لە ھەموو
شارستانیەتێکدا یان لە ھەموو نەتەوەیەکدا فەلسەفەیەکی تایبەت بە خۆی
ھەیە؟
وەڵام: بڕوام وانییە ھەموو نەتەوەیەک فەلسەفەیەکی خۆی ھەبێت. بە
ھەرحاڵ، فەلسەفە پێش ئەوەی نەتەوە بە مانایەکی ڕوون دروستبێت دروستبووە.
ئغریقیەکان لە سەدەی پێنجەمی پێش زایندا نەتەوە نەبوون بەم مانایەیی
ئێستا، بەڵکو ژیارێکی درێژبووەوە و روخسارێکی نادیار بوو. ھەروەھا
دەربارەی عەرەب و فارس و تورک لە میانەی نەشونمای دەوڵەتی ئیسلامیی و
ژیاریی ئیسلامیدا ھەروا بووە. بەڵام لە بەرھەمھێنانی فەلسەفەدا جیاوازی
ھەبووە لە نێوان ژیارەکانی مێژوو و نەتەوەکانی نوێدا؛ پێویستە ئەو
پرسیارە بکەین لە خۆمان بۆچی ئغریقیەکان پێش زیاتر لە دوو ھەزار ساڵ
زیرەکتر و بە تواناتر بوون لە فەلسەفە و ژیارییدا لەوانی تر؟ بۆچی
عەرەب و فارس لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پێشکەوتوتر بوون لە گەلانی تر؟
بۆچی فارنسیەکان و ئەڵەمانەکان و ئنگلیزەکان لە سەردەمی نوێدا لە
فەلسەفەدا پێشکەوتوتر بوون لە ھەموو جیھان؟ بەرھەمی فەلسەفەی بە ئاشکرا
پەیوەنددارە بە ڕەوشی ژیاریی و نەتەوەکانەوە لە میانەی ھەموو جیھاندا،
بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ھەموو ژیارییەک فەلسەفەیەکی خۆی ھەیە،
یان ھەموو نەتەوەیەک فەلسەفەیەکی خۆی ھەیە. بۆ نموونە نەتەوەی
ئەڵەمانیای نوێ چەندین جۆر فەلسەفەی بەرھەمھێنا، لە فەلسەفەی مارکسەوە
تا فەلسەفەی شۆبنھاور بۆ فەلسەفەی ھوسرل و ھیدگر و فتنجنشتاین و ...ھتد.
جۆرەھا بەرھەمی فەلسەفی مەزنی ھەبوو. دەتوانین بڵێین نەتەوەی ئەڵەمانی
بارودۆخێکی لەباری ھەبووە بۆ بەرھەمھێنانی جۆرەھا فەلسەفە، بەڵام ئەمە
مانای ئەوە نییە کە ئەو فەلسەفە نوێیانە تایبەتن بەو نەتەوەیەوە بە
تەنیا.
پرسیار:
ھەڵوێستێکتان ھەیە بەرامبەر بە فەلسەفەی بوونگەرایی؟ بۆ نموونە کارل
یاسبرز وای دەبینێت کە تەنیا ڕێگە بۆ گەیشتن بە حەقیقەتی شاروە یاسای
ئازادی مرۆڤەکانە.. (بوون)ە دڵسۆز و گیانی بە گیانییەکەیە؛ لێرەدا مردن
و ئازار و ناتەواویی و تێشکان و ئاگایی دوایی ھاتنی جیھان نییە، دیسان
خەیاڵیکی باڵگرتوو و ئەزمونە جوانناسییەکان دوایی ھاتنی جیھان نییە.
وەڵام: لەم بارەیەوە وتەیەکی سارتەرم بیردەکەوێتەوە کە دەڵێت
فەلسەفەی سەردەم مارکسیەتە، بەڵام بوونگەرایی پێویستە بۆ خۆشکردنی
ئاگری ئەم فەلسەفەی سەردەمە؛ بوونگەرایی کەلێنەکانی تەلارە بەرز و
ئاڵۆزەکەی فەلسەفەی سەردەم(مارکسیەت) پڕ دەکاتەوە. بێگومان بوونگەرایی
لە بارودۆخێکی دیاری ئەوروپادا سەریھەڵدا.. بارودۆخی نامورادی مێژوویی
کە خۆی لە بێسەروبەریی شۆڕشە کۆمەڵایەتیی و تێکشکانە یەک لە دوای
یەکەکانییدا دەبینییەوە، وە بەرپا بوونی جەنگێکی ناڕەوا و بێ مانادا
دەبینییەوە، وە ون بوونی تاک لە جیھانێکدا کە توندوتیژییەکی بێ سەروبەر
گرتبویەوە کە تەڕو وشکی وەک یەک دەگرتەوە، وە داڕوخانی ئابوریی و
کۆمەڵایەتی. بەڵام بوونی تاک و کێشەکانی ژیانی تاک، وای لە بوونگەریی
کردبوو کە پڕۆژەیەکی نوێیان پێبێت. نا عەقڵانیەتێک ھەیە لە قوتابخانەی
بوونگەراییدا بە ھەموو جۆرەکانیەوە. گومانیشی تیا نییە کە تاریکاییەکی
سیاسیانەی زیانبەخشی پێوە دیارە؛ ئایا ھایدگر نەبوو کە بنکەیەکی فکریی
بۆ نازیی ئەڵەمانی پێکھێنا، وە ئەوەش جەنتیلی ئیتالی نەبوو کە ھەمان
بنکەی بۆ فاشیەتی ئیتالی پێکھێنا، بەڵام پێویستییەکی بەردەوام ھەیە بۆ
بوونگەرایی لەگەڵ ناعەقڵانییەتیەکەشیدا، چوونکە دیالۆگ لەگەڵ ناوەوەی
مرۆڤ بە جۆرێک دەکات کە لە ھیچ فەلسەفەیەکی تردا وێنەی نییە. کێشەی
سنورداریی تاکی مرۆڤ ھەتا لە کۆمەڵگای کۆمۆنیزمیشدا دەمێنێتەوە.
ھەرچەندە ڕەوشی کۆمەڵگا باشبێت تاک پڕۆژەیەکی نیگەرانیبوونە، ئەمە
بناغەی نوێ بوونەوەی بوونگەراییە. ناکۆکی بوونگەرایی لە فەلسەفە و
ئەدەب دا بە درێژایی مێژووەکەی دەبینین. واشی دادەنێم کە لە ئایندەیەکی
بینراودا فۆرمی نوێ لە بوونگەرایی لە سەر ئەم دوو ئاستە دێتە ئاراوە.
.... ...(فەلسەفەی بوونگەرایی، بڕوای وایە کە ھەرچی حەقیقەتێک کە
مرۆڤەکان لە ژێر یاساو ڕێسایەکدا پێیبگەن ئەوە کەموکورتییە و تەواو
نییە، بۆ گەیشتن بە حەقیقەتی تەواو و بێ کەموکوڕی دەبێت مرۆڤەکان
ئازادییەکی تەواویان ھەبێت، دەبێت بوون ئازاد بکرێت لە ھەر
دەستێوەردانێکی مرۆڤەکانی تر بە ھەرچ بیانویەکەوە بێت بۆ ئەوەی
مرۆڤەکان وەک بوون ھێندە ئازادبن کە خۆیان بتوانن نیگەرانیی خۆیان
وەلابنێن، واتە نیگەرانییەکانی مرۆڤ بە ھیچ جۆرە یاسا و ڕێسایەک وەلا
نانرێت، بۆیە دەبێت مرۆڤەکان ئازادییەکی تەواو ڕەھایان ھەبێت، ھەرچ
دەستێوردانێک بۆ وەلانانی نیگەرانییەکانی مرۆڤ مرۆڤەکان جارێکی تر
نیگەران دەکاتەوە و دایانکاتەوە بە پرۆژەیەکی نیگەرانیی..... وەرگێڕ).
ناوبڕ: ئەم وەڵامە
بە بەھا و دەوڵەمەندە دەربارەی فەلسەفەی بوونگەرایی، لەگەڵ چاو
نوقاندنێکی زەمەنیدا پرسیارێک دەھێنێتە ئاراوە.. تێگەیشتیین کە
فەلسەفەی بوونگەرایی بەردەوام دبێت و خۆشی نوێدەکاتەوە، مادام تاک
پڕۆژەی بوونێکی نیگەرانە. پرسیار ئەمەیە: ئەگەر نیگەرانیبوون یاخی و
ڕامنەکراوە و ناتوانرێت راوەستێنرێت و دوایی پێبھێنرێت، ئەمە مانای
ئەوە نییە کە ئێمە لەبەردەم واقیعێکی ڕەق و چەسپاو و یەکگرتو و
بەردەوامداین کە لە ئەھمیەتی ئەو واقیعە ماددیە کەمناکاتەوە کە لە
ژێرخانی پێکھاتەکەدا دەیبینینەوە؟ بۆچی بوونگەرایی بەقەدەر ھەوڵدانی بۆ
پشتیوانیکردن لە قەدەری مێژوویی مرۆڤ عەقڵانیی نابێت؟ بۆچی ئەوەندە
عەقڵانیی نابێت بە قەدەر خۆ سەپاندنی خۆی لە لۆژیکی دینامیکیی
نیگەرانیی و ململانێی مرۆڤدا؟
وەڵام: بنچینە و پایەی یەکەم لە بوونگەراییدا بە ڕەھایی تاکە..
پێشەکی بوونگەرایی تاکێکی ڕەھایە. تاک بە مانا عەقڵانیەتەکەی نا، بەڵکو
بە مانای بوونێکی روت، تاکێکی واقوڕماو، تاکێکی ئازار چێژ، تاکێکی وێڵ،
تاکێکی ون بوو. لەبەر ئەوە کیرگۆر، باوکی بوونگەرایی، بێزاریی
دەردەبڕێت بەرامبەر بە ھیگڵ، کە تاک بە بوکەڵەیەک دەچوێنێت بە دەست
یاساکانی مێژووەوە. کیرگۆر دەڵێت تاک حەقیقەتێکی بنچینەییە، نەک تاک
بەو خەسڵەتەی کە خودێکی عاقڵە، بەڵکو تاک بەو خەسڵەتەی کە تاکێکی ئازار
چێژە، تاکێکی نیگەرانە. ئەو تاکیە کە مانا و بەھا یان پێوەرکانی
دروستکردوە. تاک ئەو بوونەیە کە پێش جەوھەر دەکەوێت وەک سارتر وتویەتی،
بە پێچەوانەی دیکارتەوە تاکە شتی ڕاستەقینە و دڵنیایی "من"ێکی
بیرکەرەوەم، بەڵام لە لای فەلسەفەی بوونگەرایی تەنیا شتی ڕاستەقینە و
دڵنیایی "من"ێکی نیگەرانە، ئازار چێژە، "من"ێکی ناعەقڵنییە.
چەقبەستن و قوڵبوونەوە لە بوونگەراییدا بەو وەسفەی کە کۆمەڵێک
فەلسەفەیە، لەگەڵ لاینە ناعەقڵانیەتەکان لە مرۆڤدا، وەک سۆز و ویستێکی
کوێرانە و ئارەزو و نیگەرانی میتافیزیکی، ئەمە بە تەواویی لای کیرگۆر،
نیتشە، ھیدگر، یاسبرز و سارتر ھەستپێدەکەین. مەیلێکی ناعەقڵانی ھەیە لە
نێو دڵی فەلسەفەی بوونگەراییدا بە پێچەوانەی دیکارتەوە، کە عەقڵ دەکات
بە تەوەری دڵنیایی، یان ھیگڵ، کە عەقڵی کردوە بە تەوەری مێژوو و بوون،
بوونگەرایی عەقڵ پەراوێز دەخەن بۆ بەرژەوەندی شاژنگەلێکی تر، وای
دادەنێن کە تاک پێدراوێکە ھەموو شت ڕاڤە دەکات خۆی نەبێت، واتە تاک
دەبەنە دەرەوەی بازنەی ڕاڤەکردنێکی عەقڵانی، تاک بە ویست یان ئارەزو
یان حەزێکی ڕەھا دادەنێن کە بەھا و پێوەر و ماناکان دروستدەکات. بۆیە
سارتر دەڵێت بوون دەکەوێتە پێش جەوھەرەوە. تاک، لای بوونگەراییەکان
جێگەی "خودا"ی سەدەکانی ناوەڕاستی گرتوەتەوە. ئەم بنچینەیەش بۆ تاک
ناعەقڵانییە لە جەوھەردا. من ئیدانەی فەلسەفەی بوونگەرایی ناکەم، بەڵام
سنورەکانی نیشاندەدەم. بێ گومان بە جۆرێک لە جۆرەکان دەربڕی ڕەوشی
مرۆڤە، وە دەربڕی ئەو ترسەی کە لەسەرمانە بەو وەسفەی کە ئێمە خودگەلێکی
تەنیایین لە دواجاردا. بەڵام قبوڵی ئەزمونەکانی مرۆڤ ناکات بە گشتی،
قبوڵی ھەموو ئەزموونە مرۆییەکان ناکات. لەبەر ئەوە ناتوانم وێنای ئەوە
بکەم کە بوونگەرایی عەقڵانێتە،( لەوانەیە بوونگەرایی جۆرێک بێت لە خۆشی
و شادی بۆرژوازیەت، یان خۆشخەیاڵی بۆرژوازیەت).
پرسیار: با بچینە سەر مەسەلەیەکی تر کە
شایستەی تێڕوانینە؛ کە ئاڵۆزیی و شارەوەیی لە خۆ گرتوە. ئەویش مەسەلەی
جیاوازیی نێوان فەلسەفە و زانستە.. وە کامیان شوێنکەوتوی ئەویتریانە
ئەگەر لەوێدا شوینکەوتویی ھەیە؛ فەلسەفە گشتگیر و ھەمەکییە بە گوێرەی
ئەو ئەوراقانەی کە قسە لەسەر فەلسەفە دەکەن: بنچینەیەک(کینونە) یان
فەلسەفەیەک ھەیە کە زیاتر و زیاتر ئاڵۆزتر دەبێت لەگەڵ گوڕانی سەردەم و
ژیاندا. لەگەڵ ئەوەدا زانست بێتوانایە لە کۆبەندییەکدا کە یەکبگرێت بە
مرۆڤەکانی جیھان و کۆیانکاتەوە لە مرۆگەراییدا؛ بەم مانایەش زانست
دوورە لە بەھا و ھەست و ئەرکە مرۆییەکانەوە. بەڵام جیھانی زانست و
زانستی ورد، بە توانایە لە بەدیھێنانی پێشکەوتن و فراوانبوونی مەعریفە
بە شێوەیەکی بەردەوام، مادام پەیبردنە زانستییەکان بەردەوامە. لە
ڕەھەندێکی ترەوە فەلسەفە دوادەکەوێت، وەک (بومە منیرفا) *١، بە
ئاسماندا نافڕێت تا تاریکایی شەو دانەیەت وەک لە فەسەفەکەی ھیگڵدا
ھاتووە. پرسیار: چۆن پەیوەندی نێوان فەلسەفە و زانست ڕاڤە دەکەیت؟ ئایا
فەلسەفە شوێنکەوتوی زانستە، لەگەڵ ئەوەی کە لە پێش زانستەوە ھاتوەتە
ئاراوە، لەوانەشە لۆژیکانە، بزوێنەر و دنەدەری باسکاریی زانست و
مەعریفە بێت. ئێوە دەڵێن چی لەم ڕووەوە؟
وەڵام: ھیگڵ سوربوو لەسەر ئەوەی کە فەلسەفە زانستێکی گشتی
پەیوەندیدارە بە حەقیقەتێکی گشتی دڵنیاییەوە، وە بەشەکانی تری زانست
تەنیا پەراوێزی فەلسەفەن، وە حاڵەتێکی معریفی نزمترن لە حاڵەتی فەلسەفی.
بەڵام گەشە نوێکانی فیزیا و بیرکاریی گومانێکی گەورەیان لەسەر ئەم
وتەیەی ھیگڵ دروستکرد؛ فیزیا بە تەنگەوە ھاتنێکی ھەمەکیانەی ھەیە، وە
جەوھەری گەردونی ڕوونکردوەتەوە. ئەمەش بەسەر تیۆریای ڕێژەیی گشتی
ئەنشتایندا جێبەجێدەکرێت، وە بەسەر میکانیکای چەندێتیدا(کوانتوم)، وە
بەسەر تیۆریای یەک دەرفەتییدا، قبوڵی ھەموو بوونە ماددییەکان دەکات،
توندوتۆڵ نەدەبوو ئەگەر گەردونی نەبوایە. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو
زانستە بنچینەیەیە کە لە گشتگیر و ناگشتگیرییدا ھاوسەنگە بە فەلسەفە.
کەواتە چۆن زانست و فەلسەفە لە یەکتری جیادەکەینەوە؟ : ئەم
جیاکردنەوەیە مەسەلیەکی زەحمەت و قورسە لە مێژووی فەلسەفەدا. وای
دەبینم کە فەلسەفە لە سروشتی بابەتیی خۆیدا جیاوازە. ھەریەکەیان
قوڵدەبێتەوە لە بابەتی خۆیدا وە ھەوڵدەدات بۆ پرنسیپگەلێک و پێگەگەلێک،
وە لە ئاستێکدا ناوەستێد. بەڵام زانست لە ئەگەرەکانەوە دەستپێدەکات(
فەلسەفە ناوی دەبات بەوەی کە دەبێت)، وەک بوونی سروشت و پەیوەندییە
ھۆکارییەکانی، ئەم ئەگەرانە بابەتگەلێک پێکدەھێنن بۆ فەلسەفە؛ فەلسەفە
لێکۆڵینەوە لە و گریمانانە و ئاستی گونجانی و عەقڵ دەکات. کەواتە
فەلسەفە لێکۆڵینەوە لە مەرجگەلێکی ئەنتۆلۆگیی ھزریی و سیستەمێکی
مەعریفیی پراکتیزەکراو و ئیستاتیکایی و ئاکاریی و سیاسیی و
کۆمەڵایەتییەکانی بەشەریی دەکات.
ڕاستە فیزیای نوێ لە ھەندێک لایەنەوە گومان دەکات لەو گریمانانە، تا
ھەنوکەش گومانەکەی بەردەوامە؛ بەڵام ئەم گومانانە لە میانەی پراکتیزە
ئاساییەکانەوە دێت، واتە تێڕوانینی بیرکایی و بەتاڵاکردنەوە. بەلام
فەلسەفە پرسیارکردنە لەسەر گریمانەکان، بۆیە دەبینین ھەمیشە خۆی لە
خۆیدا بیردەکاتەوە لە بوون، وە لە پەیوەندییە ھۆکارییەکانی، وە
پراکتیزە مرۆییەکانی تری مرۆڤ.
بەڵام دەربارەی پەیوەندی نێوان زانست و فەلسەفە، وەک لە پێشدا ئاماژەم
پێدا، دەکەوێتە ژێر گەشەی مێژووییەوە. زانست لە شارستانیەتی ئغریقییەوە
تا ئەم سەردەمە نوێیە شوێنکەوتوی فەلسەفە نەبووە، بەڵکو وەرگیراوە لە
پرنسیپە بناغەییەکانی فەلسەفەوە. ئەمە لای ئەفلاتون و ئەرستۆ و فارابی
و ئبن سینا و ئبن ڕشد و تۆما ئەکوینی ھەروا بووە، فەلسەفە بەستراوە بە
زانستەوە. بەڵام گەشەی سەردەمی نوێ وایکرد کە زانست لە کۆت و بەندی ئەم
شێوەیە لە فەلسەفەکردن خۆی رزگاربکات و وە ڕێگەی خۆی بە بڕواوە بگرێتە
بەر، بە ڕێژەیەکی کەم نەبێت لە فەلسەفە؛ ئامرازەکان ھەڵگەڕانەوە و
فەلسەفە خۆی ڕاکێشا بە دوای زانست و ڕێچکەکەیدا. ئایا بوو بە شوێنکەوتی
زانست؟ .. بێ گومان زانست بوو بە بزوێنەرێکی بناغەیی بۆ گەشەی فەلسەفە،
رەنگە زیاتر لە بوارێکی تر. فەلسەفە کەوتە ژێر کاریگەریی زانست تا
ئاستێک زۆرێک لە میتۆد و ڕێچکەکانی گرتەبەر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەبوو
بە شوێنکەوتەی؛ شوێنکەوتنی زانست بە مانای دواییھاتنی دێت. بۆیە
دەتوانین بڵێین لە نێوانیاندا پەیوەندییەکی دایالێکتیکی ھەیە، لەگەڵ
ئەوەی کە تەرازوەکە زیاتر بەلای زانستدا دەشکێتەوە. نمونەگەلێکی زۆر
ھەیە لەسەر ئەمە: ئایا سبینۆزا پەرتوکەکەی "ئەخلاق" وەک تیۆریای
ئەندازیاریی نەنووسی، ئایا کانت دانینەنا بە فیزیای نیوتن دا وەک
سەرچاوەیەکی بێ ھاوتا. بەڵام لە بەرامبەریشدا ھیگڵ فەسەفەی خستە سەرو
ھەموو زانستەکانەوە وە ڕەخنەیکی تێپەڕی گرت لە ھەموو زانستەکان بە
بیرکارییشەوە، ئایا ڕەخنە فەلسەفییەکانی ماخ و فرادلی نەبوون بە
بناغەیەک بۆ تیۆریا ڕێژەییەکەی ئەنشتاین؟
پرسیار: ھیگڵ وێستگەیەکی گەورە و گرنگە
لە مێژووی فەلسەفەدا.."ترۆپکی فەلسەفەیە" وەک دەڵێن. یەکێک لە وتە بە
ناوبانگەکانی: "ھەموو شتێکی عاقلانی واقیعیە، وە ھەموو شتێکی واقیعیش
عەقڵانییە" ـ دەبێت مامەڵە لەگەڵ ھەردوولادا بکەین: عەقڵ و واقیع.
پرسیار: ئایا ئەم گوتەیە بەو مانایە دێت کە یەکەمیی بۆ عەقڵە لەگەڵ
مشتومڕی ئەنجامەکەیدا؟ ئەگەر ئەمە ڕاستبێت، ئەمە بەو مانایە دێت کە
چەمکی واقیعیەت تەنیا "کارێکە لە نێو دروستکردن یان داھێنانەوە". ئەم
پرسیارە دەکەم لەوێوە کە ئێوە سەرکەوتون لە فەلسەفەی ھیگڵ دا لە یەکێک
لە دانراوەکانتاندا ئەویش"ڕەخنە لە عەقڵی جەدلی".
وەڵام: ئەم گوتەیەی ھیگڵ کورتکردنەوەی
ھەموو فەلسەفەکەیەتی، ئەم گوتەیە ڕەھەندگلێکی ھەیە، لەم دیمانەیەشدا
دەرفەتی ئەوە نییە کە ڕوونی بکەینەوە. بۆیە تەنیا چەق لەسەر یەک لایەنی
دەبەستم، ھەوڵئەدەم لێکدانەوەیەک پێشکەشکەم بۆ ئەم گوتەیە بە گەڕانەوە
و چەقبەستن لەسەر تێگەیشتنی ئەنجامەکانی فەلسەفەی ئەوروپی لە دیکارتەوە.
یەکەم خاڵی ئەم لێکدانەوەیەش ئەو "من بیردەکەمەوە" یەی دیکارتە؛ دیکارت
تەوەرەی جیھانی گۆڕی لە خوداوە بۆ من بیردەکەمەوە، وە من بیردەکەمەوەی
بە دڵنیاییەک دانا لە خودی خۆیدا، ھەر وەک چۆن فەلسەفەکانی سەدەکانی
ناوەڕاست خودایان بە دڵنیاییەک دادەنا لە خودی خۆیدا. وە لە دڵنیایی من
بیردەکەمەوە دەستیپێکرد بۆ ئەوەی دڵنیایی سروشت و خودا داپۆشێت بە
ڕەنگی خۆی. کانت ئەمەی لە دیکارتەوە وەرگرت و فراوانیکرد بە جۆرێک کە
تەنیا بەوە وازی نەھێنا کە من بیردەکەمەوە سەرچاوەی دڵنیاییە، بەڵکو
کردی بە سەرچاوەی سیستەمی گەردونیش؛ ئەمەش بەو مانایە دێت کە یەکەی
گەردونی بە دەربڕینێک بۆ عەقڵ دانا. ھیگڵیش ئەم من بیردەکەمەوەیەی
گەیاندە ترۆپک کاتێک عەقڵی بە بناغەی ھەموو بوون دانا، ھەموو بوونێکی
بە عەقڵانی دانا لە جەوھەریدا بە حوکمی ئەوەی کە بوونی ھەیە؛ ھەروەھا
دڵنیایی و ڕاستەقینەیی بوونی بە پێویست کرد بە عەقڵانی، چوونکە عەقڵ بە
تەنیا چێژ لە دڵنیایی و ڕاستەقینەیی وەردەگرێت. لەبەر ئەوەی ھەموو شت
واقیعیە، بە پێویست عەقڵانیە، کەواتە دڵنیایی و ڕاستەقیینەشە، لە
بەرامبەردا ھەموو شتێک کە عەقڵانی بێت بە پێویست واقیعیە، چوونکە عەقڵ
بناغەی واقیعە. بۆیە وای دەبینم ئەم گوتەیەی ھیگڵ ھەڵقوڵاوی نێو دڵی
تازەگەرێتی فەلسەفەی دیکارتییە؛ وە ئەم گوتەیە تازەگەرێتی دەگەیەنێتە
ترۆپک، وە تەواوکەری تۆوی عەقلانیەتی دیاکارتییە. ئەمە لایەنی کەمی ئەو
لێکدانەوەیە بوو لەم گوتە قوڵەی ھیگڵەوە.
پرسیار: سارتەر گوتەیەکی بە ناوبانگی
گوتوە لەسەر مارکسیەت: "مارکسیەت ئەو ئاسۆیەیە ناتوانرێت وازیلیبھێنرێت
لە سەردەمی ئێمەدا". پرسیار: بە ڕای ئێوە مارکسیەت لە کوێی ئەم
گوتەیەدایە، وە ھەڵوێستی ئێوە چییە لەسەر ئەمڕۆ؟
وەڵام: ئاشکرایە سارتەر ھەمیشە گیرۆدەی
ململانێی سەردەمی خۆی بووە لە فارانسادا، وە ڕازگرێکی دەستپاک و
بێگەردی ئەو ململانێیانە بووە. کاتێک مارکسیەت لە پەنجاکان و شەستەکانی
سەدەی بیستدا لە فارانسادا بوو بە داچڵەکاندنێک و بە میتۆدێکی نموونەیی
بوو بە ئاوازی سەردەم. لە ساڵی ١٩٦٠ کتێبێکی سارتەر بڵاوبوەوە لە ژێر
ناوی"باسێک لەسەر مەنھەج"، تیایدا ڕایگەیاند کە مارکسیەت فەلسەفەی
سەردەمە، وە ھەموو سەردەمیک فەلسەفەیەکی سەرەکی خۆی ھەیە کە دەربڕی
جەوھەر و ھیواو بەرزەخوازیی و پارادۆکسییەکانیەتی؛ فەلسەفەی دیکارت،
فەلسەفەی سەردەمی( میرکانتیلیە)*٢ بوو، کانت فەلسەفەی سەردەمی
بۆرژوازیەتی پیشەسازیی بوو، لە جێگەی ئەمانیش مارکسیەت فەسەفەی سەردەمی
تێپەڕاندنی سەرمایەداریی بووە. بەم جۆرە سارتەر فەلسەفە نوێکانی
داناوە، یان دووبارە بەرھەمھێنانەوەی مارکسیەت بە شێوەیەکی تر یان
گەڕانەوە بۆ دواوە بۆ فەلسەفەکانی پێش سەرمایەداری، یان فەلسەفە
پەراوێزخراوەکان کە چارەسەری کێشە بچوکەکان دەکات بۆ مارکسیەت، وەک
بوونگەرایی. لەگەڵ ئەمەشدا سارتەر لەم کتێبەیدا ڕەخنەی لە فۆڕمی
ستالینی گرتوە بۆ مارکسیەت، وە ڕەخەنیەکی تووندی لە ماددیەتی مارکسەیت
گرتوە، بەم مانایەش سارتەر مارکسیەتی بەو شێوەیە داڕشتوەتەوە کە
گونجاوبێت لەگەڵ ھوشیارییە میسالییەکەیدا(بە پێچەوانەی ماددیەتی
مارکسیەتەوە...وەرگێر) پێش ئەوەی ئاراستەی پلەوپایەی فەلسەفەی نوێی
بکات. بۆیە سارتەر بە ئەمەک بووە لەگەڵ ململانێی سەردەمی خۆیدا. وای
دادەنێم ئەگەر تا ئەمڕۆ بژیایە و بەرتەسکبوونەوەی کاریگەری مارکسیەتی
ببینیایە کە بە یەکێک لە ململانێکان دانانرێت لە وەسەتی فکریی
جیھانییدا، ئەوە پەشیمان دەبوەوە لەوەی کە مارکسیەت فەلسەفەی سەردەمە،
وە ھەڵوێستی وەک ھەڵوێستی فەیلەسوفەکانی دوای تازەگەرێتی دەبوو.
مەبەستم لەمە ئەوەیە کە من لەگەڵ ڕای سارتەردا نییم و بە جددیی
وەریناگرم. جاک درید زۆر جددیترە کاتێک لە کتێبەکەیدا"اگیاف مارکس"
دەڵێت مارکس بە ئمتیاز فەیلەسوفی سەدەی بیست و یەکە؛ چونکە دریدا ئەم
ھەڵوێستە بوێرانەیەی دژی دوژمنانی مارکسیەت ڕاگەیاند، وە لەبەرامبەر
وەستانەوەی ھێرشی ھاڕەریی دوژمنانی مارکسیەتدا. بەبێ گوێدانە ڕای
سارتەر، مارکسیەت نایابە لە ڕاوەستانەوەی بەرامبەر پارادۆکسیەکانی
سەرمایدەریی و کێشە کردەییەکانی کە لێوە پەیدا دەبێت بۆ بەشەریەت،
نایابیشە لە واقیعیەتی مێژووییەکی قوڵدا. بۆیە وای دەبینم کە
پێویستیترین فەلسەفەیە بۆ چارەسەری کێشە زیندوە کردەییەکان. دەرکەوت کە
فەلسەفەکانی تر فەلسەفەگەلێکی ڕاکردون لە واقیع، کێشەکانیان پێ
چارەسەرناکرێت. بەم مانا سنوردارە، مارکسیەت فەلسەفەی سەردەمی نوێیە،
رەوتی عەقڵانیەتی نوێی گەیاندوەتە ترۆپک، وە چەکێکە بۆ چارەسەرکردنی
کێشە مێژووییە کردەییەکان و ئەلتەرناتیڤی نییە.
پرسیار: لەم سیاقەدا
قسەیەکی فەیلەسوف جیل دۆلوز بیردەکەوێتەوە، دەڵێت" لە ڕاستیدا ھیچ شتێک
نییە وامان لێبکات ڕەخەن لە مارکسیەت نەگرین، بەڵام بەھێزیی تیۆریای
ئابوریی لە مارکسیەتدا ھێندە باشە کە دەتوانرێت پەرەی پێبدرێت و درێژە
بکێشێت'. پرسیار: چاوەڕوانی ئەوە دەکەن تیۆریاییەکی نوێ لە بەھێزی و
چاکی تیۆڕیای مارکسەوە لە ئایندەدا بێتە ئاراوە؟
وەڵام: مارکسیەت لە جەوھەرییدا
ڕەخنەگرتنێکی ڕەھایە، ئەمە بەو مانایەی کە ڕەخەن لەخۆی دەگرێت بە
ڕەخنەی ئەوانیتر، وە ڕەخنە لەوانی تر دەگرێت بە ڕەخنەی خۆی؛ ڕەخنە لە
خۆگرتن کارێکی جەوھەرییە تیاییدا. شای ڕەخنەگرتن لە مارکسیەتدا
پاشەکشەیکرد کاتێک گۆڕا بۆ ئایدۆلۆژیەتی دەسەڵاتی سۆڤیەتی، ڕەخنەی
مارکسیانە ھەڵوەشێنرایەوە، وە روخسارێکی دینی وەرگرت، کە ئەوەش
پارادۆکس بوو لەگەڵ ڕەخنە ڕەھاکەیدا کە جەوھەری مارکسیەتی پێکدەھێنا.
گەڕانەوەی ئەو ھەیبەتە بۆ مارکسیەت لە گەڕانەوە بۆ ڕەخنە ڕەھا و
جەوھەرییەکەیتی؛ بەم جۆرە زانستی مارکسیەت دەتوەانێت بە ئاراستەی
ڕێگاکەی خۆیدا نەشونما بکات. لێرشدا دەمەوێت ئامژە بۆ ئەو ڕاستییە بکەم
کە مارکس کارەکانی خۆی تەواو نەکرد، نەگیشتە دوا مەنزڵ، بەڵکو
تیۆریاکانی بە گوێرەی پێدراوە نوێکان و دیاردە نوێکان دادەڕشت، ھیچ
کتێبێک لە کتێبەکانی بە "سەرمایە"وەش پڕۆژەیەک نەبوو کە تیا گەیشتبێتە
دوا مەنزڵی کامڵبوون. ئەمەش ڕۆحی مارکسیەتە کە پێویستمان پێیەتی بۆ
گەڕانەوەی ھەیبەتەکەی. بۆیە من وای دەبینم کە ڕستەی یەکەمی دۆلۆز
پاردۆکسە لەگەڵ ڕستەی دوەمییدا؛ گەڕانەوەی ھەیبەت بۆ ڕەخنەی ڕەھا لە
مارکسیەتدا مەرجێکە بۆ پەرەسەندنی تیۆریایی ماڵی مارکسیەت تا بتوانێت
پێدراوە نوێکان لە ئابوریی جیھانییدا قبوڵبکات.
پرسیار: لە چوارچێوەی فەلسەفەی
بونیادا/خود: بڕواموایە تۆ ئەلتوسیرت سەرخست بەوەی کە کارایی بونیادی
خستوەتە پێش کارایی خودەوە لە نووسینەکانتا. بەڵام پرسیار لە لایەکی
ترەوە دێتە ئاراوە، ئەوەیش مەسەلەی جیاوازی نێوان بونیادی ژێرەوە و
بونیادی سەرەوە(ژێرخان و سەرخان)، ئایا تا ئیستا بەردەوامە، کاتێک
ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم تەحەدیی ئبستمۆلۆژیی نوێ و زانستە مرۆییەکان و
سۆسیۆلۆگی سەردەمداین، بە چەندین ڕێبازەوە؟.. غهسیب بە پەلە پێش
وەڵامدانەوە وتی: حەز بە بەکارھێنانی تیرمی بونیادی ژێرەوە و بونیادی
سەرەوە ناکەم..
وەلام: من حەز بەم وێکچونە ناکەم(بنویادی ژێرەوە و بونیادی
سەرەوە)چونکە لە مێژووی مارکسیەتدا کێشەگەلێکی زەحمەت و ئاڵۆزی
دروستکردوە زیاتر لە چارەسەری کێشە فکرییەکان. وە دەرکەوتوە کە
جیاکارییەکانی نێوانیان ڕێژەیی و بزۆکە، وە پەیەوندییەکانی نێوان
پراکتیزە کۆمەڵایەتییەکان زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە ئەم وێکچونە ئاماژەی
پێداوە، ئەمەش فەیلەسوفە زەبەلاحەکانی مارکسیەت لە سەدەی بیستدا بە
ئاگا بوون بۆی، وەک لوکاتش، قوتابخانەی فرانکفۆرت، غرامشی، ئەلتوسیر.
بە دایریکراوی ئەلتوسیر، تیڕوانینی خۆی داوە بە مەحکەمی لە کتێبە
سەرەکییەکانیدا، لەوباوەڕەدام کە دەبێت زۆر بە ئاگاییەوە ئەم وێکچونی
دابەشکردنە بەکاربھێنین. وە بە شیوەیەکی دیاریکراوی، دەنا دەکەوینە
کورتکردنەوە و لە دەستدانی فکریی. لە سەردەمی ستالینیشدا ئەم
بەکارھێنانە زۆر خراپ کاریگەری ھەبوو تا ئاستی بێزارایی، وە زیندوێتی
مارکسیەت و تێکچڕان و دەوڵەمەندییەکەی گۆڕی بۆ ھاوکێشەیەکی ڕوکەش، بۆ
داپۆشینی واقیع و شاردنەوەی.
پرسیار: لە ژێر ڕوناکایی ئەو گەشە مەزنەی
دەستکەوتەکانی تازەگەرێتی زانستیی و خێراییە گەورەیەیی زانیارییە
تەکنیکیەکان و پەیوەندییەکان کە دەرھاتەی جیھانگیرییە. لە ژێر ئەم
ڕوناکاییەدا ڕۆمانسیەتی شوناسی نەتەوەیی و نیشتیمانیی دابەزیی و
دڕندەیی سەرمایەداریی و ئاڵۆزیی مافیاکان لە جیھاندا فروان بوو لەگەڵ
ئەختەبوتی جیھانگیرییدا. پرسیار: ئەم شوناسە بۆ کوێ دەڕوات و دەگات کوێ
بە ڕای هیشام غهسیب؟
وەڵام: خۆم لە بەکارھینانی دەستەواژەی جیھانگیریی لادەدەم دوور
لە سەرمایەداریی و ئیمپریالیی. سیستەمێکی سەرمایەداریی ئیمپریالی
جیھانیمان ھەیە کە بە ڕوونی و ئاشکرا لە سەرەتای سەدەی بیستەوە
دەرکەوتوە، وە ھەموو جیھانی گرتوەتەوە و سنوری نەتەوەکانی تێپەڕاندوە.
تیبینی دەکەین تێکچڕان و قوڵبونەوەی زیاتر دەبێت وزیاتر فراوان دەبێت.
بەڵام وەک سیستەمێکی سەرمایەداریی ئیمپریالیی دەمێنیتەوە. لەم
سیستەمەدا دەوڵەتانی نەتەوەیی زاڵ ھەیە، وە گەلان و نەتەوەگەلێکی زاڵ
ھەیە کە دەستیان بەسەردا گرتوە لە پێناوی دزین و بە تاڵانبردن و
داگیرکردنی سامانی گەلان و نەتەو بچوک و لاوازەکان. دەشزانین کە
یاساگەلێک ھەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سیستەمە، ئەوەی بووە بە خێمە بەسەر
ئەم نەتەوە زاڵانەوە یاساگەلێکی یەکگرتو و یەکبوون و قوڵبونەوەیەتی،
ئەوەشی باڵیکێشاوە بەسەر گەلان و نەتەوە ژێردەستەکاندا یان گالان و
نەتەوە لاوازەکاندا لەبەریەک ھەڵوەشان و پارچە پارچە بوون و بەش بەش
بوونە. ئەم نەتەوە و گەلە سەردەست و زاڵانە بەردەوام لە خۆ بەھێزکردن و
یەکگرتندان لە چوارچیوەیەکی یەکێتییدا وەک یەکێتی ئەوروپا بە نمونە.
بەلام نەتەوە و گەلانی لاواز بەردەوام لە پارچە پارچە بوون و
لەبەریەکھەڵوەشانەوەدان، ئەو چوارچێوە یەکێتییە نەتەوەییەش کە بە
دیاریکراوی لە سەردەمی جەنگی ساردا ھەبوو بە تەواوی ڕوخا و وێران بوو.
بە ڕای ئێمە ئیمپریالیەتی جیھانی بەردەوام ھەوڵئەدات بۆ پاکتاوکردنی
ھەستی نەتەوەیی لای نەتەوە لاوازەکان ڕوخان و تێشکانی تێگەیشتنە
گرێدراوەکانی ئەم ھەستە، یەکێتی نەتەوەیی، لە ھەمانکاتدا ھەوڵدەدات بۆ
چەسپاندنی شوناسەکانی پێش سەرمایەداریی، وەک عەشیرەتگەریی و
تایەفەگەریی و ڕەگەزگەرایی و ناوچە و دەڤەرچێتیی. بێگومان ئەم پرۆسەی
لەبەریەکھەڵوەشاندنەوەیە زیاتر نەتەوە و گەلانی لاواز دوادەخات و
ئیمپریالیەت و دزین و تاڵانکردن و داگیرکردنی سامان بەھێز دەکات لە لای
ئیمپریالیەت، بەکاربردنی گەلانی لاواز زیاتر دەکات و بەرخۆدان و
خەباتکردن دژی بەکاربردنی ئیمپریالیی و سەرمایەداریی لاواز دەکات.
_________________________________________________
پەراوێزی وەرگێڕ:
*
(( بە پێچەوانەی ڕۆژھەڵاتەوە ڕۆژ ئاوا کوندەبەبو
بە سیمبولی حیکمەت دادنێن، منیرفا: خوای حکمەت بووە لای ڕۆمانیەکان،
ھیگڵ ئەم زاراوەیە ـ بومە منیرفا ـ بۆ فەلسەفە بە گشتی و فەلسەفەی
سیاسیی بەکار ھێناوە.... وەرگێر))
*
((دۆزینەوە جوگرافییەکان و دەرکەوتەی میرکنتیلیە،: ئەوروپا لە سەدەی ١٥
و ١٦ دا بە ھاندانی ئابووریی و دینی گرنگی دا بە گەڕان بە دوای شوێنە
جوگرافییە گەورەکاندا، کە توانی بگاتە ھند و جیھانی نوێ بدۆزێتەوە، لە
ئەنجامی ئەم دۆزینەوانەشدا ئاراستەی پەیوندیە مێژووییەکان لە ئەورپادا
گۆڕا و چینێکی بۆرژوازی مرکنتیلیە دەرکەوتن.
پێناسەی مرکنتیلیەی بازرگانی:
ئەمە ڕەوتێکی فکریی بوو لە سەدەکانی ١٥ و ١٦ دا
دەرکەوت و تا سەدەی ١٨دە بەردەوام بوو، مرکنتیلیە دەگەڕێتەوە بۆ
وشەی"مرکنتی" کە لە بنەچەدا وشەیەکی ئیتالیە و بە مانای بازرگان دێت،
ئەم فکرەی مرکنتلیە لەسەر دوو بنەما پێکھاتوە، یەکێکیان ھێزی دەوڵەت لە
کۆکردنەوە و زۆری مەتریالە ناوازەکاندا، دوەمیش بە ھێزکردنی دەوڵەت لە
ڕوی ئابوورییەوە و بە ھێزکردنی بازار و بەھێزکردنی توانای کێبڕکێی
ئابوریی و بەرزکردنەوەی ئاستی ھەناردە و نزمکردنەوەی ئاستی ھاوردە و
گەشەو پەرەسەندنی توانستی دارای دەوڵەت)).
سەرچاوە: (الحوار
المتمدن - العدد: ٣٥٩٩ - ٢٠١٢\١\٦
- ٠٧:١٦)
http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=290402
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|