په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٣\٢٠١١

وتووێژ و هەوڵدان لە پێناو یەکگرتنێکى لواودا.
- وتووێژ لەگەڵ بەڕێز مستەفا هیجرى، سکرتێرى گشتی حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران -

وتووێژ: سیرووس مەلەکووتى


پاش داڕمان یان داهێزرانى حیزبە چەپ و سوسیالیستییەکانى ئورووپا لە دەیەى حەفتاداو هاتنەئاراى شێوازە نوێکانى داڕشتنى پێکهاتە و دامەزراوە نوێ تەشکیلاتى ـ سیاسییەکان و، هەروەها شێوەدەربڕینى جیاوازى داخوازییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، حیزب سیاسییەکانى وڵاتگەلێک وەک تورکیە، ئێران، عێراق، ئامریکاى لاتین و زۆر لایەنى دیکەش بە یەک دەیە مەوداى زەمەنییەوە لێک هەڵوەشانەوە. ئەوەى کە ئەم داڕمانانە بەرهەمى ناچارییەک بوون کە نیشاندەریی پێکدژى بەرنامەکانى ئەم حیزبانە لەگەڵ داتا مێژووییەکان بوون یان بە هۆى سەرکوتەوە روویان دا، لەوانەیە پێویستى بە باسێکى تایبەت بێ. بەڵام هیچکام لە حیزبە داڕماو و لێکهەڵوەشاوە و تەنانەت کەرت کەرت بووەکان، ئیدى نەیانتوانى لە کەشوهەواى ئازادى تاراوگە یان لە باردۆخى بوونى ئازادیی رێژەیی سیاسییدا، خۆیان نۆژەن بکەنەوە و بەشداریی سیاسیی خۆیان لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە رەهەندە رووداوسازەکانیدا بەکردەوە دەربێنن. حیزبگەلێک وەک توودە، فەداییان، پەیکار، رێگەى کرێکار، تەنانەت جیبهەى میللى و زۆر حیزبى دیکە... هەموو ئەو حیزبانە بە ناو و شێوەى جیاوازی خۆیان ماون یان رەنگە بە هۆى تاکەکەسەکانى میراتگریانەوە رۆڵ دەگێڕن، بەڵام وێناچآ لە رەوتى چالاکییەکان یان بەردەوامیی خۆیاندا سەرکەوتنێکى ئەوتۆیان لە رەوتى رێکخستنى خەباتدا بەدەست هێنابێ. بەرهەمى ئەم رەوتە لەوانەیە بوون یان نەبوونى ئاڵتێرناتیڤ بێ بۆ بزووتنەوەیەک کە لە پێشماندایە و نەبوونى جەمسەربەندی بێ لە داخوازییەکانى بزاڤى دژەویلایەت کە باس لە دەستێوەردانى سیاسی وەکوو پارسەنگێکى کۆمەڵایەتى دەکەن. بە شێوەیەک لە شێوەکان لەوانەیە رادەى زەبرە نێوخۆیی و مێژووییەکان لە هۆکارى سەرکوت لەم بارەوە زیاتر کاریگەر بوون و لێکبڵاوى و لێکهەڵوەشانى نێوخۆیی ئەم حیزبانە وەکوو پێویست ئاکامى سەرکوت نەبووبێ یان لانیکەم سەرکوت تەنیا یەکێک لە هۆکارە دیاریکەرەکانى بووب و نە زیاتر. زۆربەى ئەمجۆرە حیزبانە ئیمرۆکە بەبێ ئەوەى لە بوارى بەرهەستى (ئۆبژێکتیڤ) خەبات و رێکخستنى خەباتدا بەشدار بن، لە بوارى دەرهەستى (سۆبژێکتیڤ) خەباتیان خستۆتە ژێر کاریگەرى بێناونیشانى خۆیان، کەوابوو نە ده‌کرێ حاشایان لێ بکر و نە ده‌کرێ لە بەرامبەر رووداوەکاندا ئەوان بە شایەت بهێنرێنەوە. دەمهەوێ لە سەرەتادا، پرسیارى یەکەمى خۆم روو لە رێبەرانى ئەم حیزبانە و بۆ وەرگرتنى وەڵامى بەردەوامى و داڕمانى حیزبەکانیان تەرخان بکەم. با بزانین خۆیان چۆن بیر دەکەنەوە و بە تێگەیشتنەکانى ئیمڕۆیان چ خوێندنەوەیەکى نۆییان بۆ خۆیان هەیە یان چۆن خۆیان وێنا دەکەنەوە. بە هۆى ئەم پرسیارەوە دمانهه‌وێ بزانین چۆن بەشداریی خۆیان لە ژیانى کۆمەڵایەتیی سەرزەوینى هاوبەشمان پێناسە دەکەن. لە نێوان بیریاران و چالاکانى گۆڕەپانى سیاسەتى ئیمرۆدا، دو روانگەى لێک جیاواز هەیە، روانگەیەک کە بوونى حیزبى سیاسیی رابردوو بە رەتکراو دەزان و ئەوان لە ئاڵتێرناتیڤسازییەکانیاندا لە بەرچاو ون دەکەن و هەر لەم ئاڵتێرناتیڤسازییانەیاندا چاویان لە تاکەکەسگەریەتى بۆ پێکهاتەیەکى نو و شایانى سیستمە. دواتریش هێزێکى دیکەى ئەندیشەیی کە روو لەم حیزبانە بە هەموو جۆار وجۆرییەکانى بەشدارییان داواى جەمسەربەندییەکى سیاسی دەکات. لە هەر دوو روانگەدا پێویستیمان بە زانیارى لەسەر ناسیارى نێوخۆیی و چۆنیەتیی لەدایکبوونى ئەم حیزبانە هەیە.


ئەم زەنجیرە گوتارە بە شێوەی یەک لە دواى یەک دەخرێتە بەردەست ماڵپەڕی"اخبار روز"ەوە و دواتر کۆى ئەم زەنجیرە لە پەرتووکێکدا بە چاپ دەگەیەنرێ.


بەڵام لە نێوان ئەم حیزبانەدا، نموونەیەک لە بەردەوامیش دەبینرێ کە توانیویەتى پتر لە شەست ساڵ هەبوونى خۆى سەرەڕاى هەموو کەند و کۆسپەکانى گۆڕەپانى سیاسی ئێران و بە تایبەت کوردستان، بە روونى نیشان بدات، واتە حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران. سەرنجڕاکێشە کە بزانین خەڵک و نەوەى نو و تاکى رووناکبیرى کورد سەرەڕاى ئەو رەخنانەى لە حیزبە سیاسییەکانى خۆیان دەیگرن، دیسانیش پەیوەندییەکى قووڵیان لەگەڵ ئەوان هەیە، حیزب کوردستانییەکان هێشتا رێکخەرى خەبات لە کوردستانن و ئەم رێکحستنە لە نموونەگەلێکدا توانى بە دەربڕینى هاوپێوەندیی گشتى بۆ هەموو چاوەدێران سەرسووڕهێنەر بێ. بە بۆچوونم ئیدى ناکرێ حیزبەکانى کوردستان وەکوو حیزبى قەومى لە بەچاو بگرین و لە دەرەوەى گوتارى سیاسیی سەرانسەریدا چاویان لێ بکەین. بەشداریی ئەم حیزبانەو بەرنامەکانیان بە تەواوى نیشاندەرى خواستى گۆڕانکارى لە سیاسەتى گشتى و نەک ناوچەییدایە. لە قسەو وتووێژى یەکەمدا دەمانهەوێ بزانین ئەم بەردەوامییە بەرهەمى چەقبەستوویى گوتار و سەرهەڵدراوى نۆستالۆژییە یان ئاکامى تێکۆشانى نێوخۆیی؟ دمانهه‌وێ بزانین ئەوان خۆیان چۆن بۆ هۆکار یان هۆکارەکانى دەڕوانن و بە چ داتاگەلێک سەیرى پێکهاتەى ئیمڕۆى خۆیان دەکەن. وەڵامدانەوە بەم پرسیارە سەرەتاییە لەوانەیە بۆ خوێنەر درێژ بنوێنێ بەڵام پێویستە لە زارى کاربەدەستان و رێکخەرانى هەر ئەم حیزبانەوە وەڵام و لێکدانەوەى هۆکارەکان بزانین و دواتر بتوانین گوتارەکە لە گۆڕەپانێکى گشتیتردا تاوتۆى بکەین. ئەمە پرسیارى یەکەمى من لە بەڕێز مستەفا هیجرى، سکرتێرى گشتى حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێرانە.


پرسیار: بەڕێز کاک مستەفا هیجرى ئێوە سکرتێرى یەکێک لە گەورەترین حیزبەکانى کوردستان و ئێرانن. حیزبێک کە پتر لە شەست ساڵە مێژینەى خەباتى هەیە و هێشتا بەردەوامە و لە لایەن خەڵکى کوردستان و حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکانى ئێران و جیهانییەوە پشتگیرى لێ دەکر و رێزى لێ دەگیرێ. هەر لەم ماوە زەمەنییەدا ئێمە شایەتى داڕمانى زۆر حیزب و رێکخراوى سیاسی لە ئاستى ئێران و جیهان بووین. بە چ هۆکارگەلێک پێتنوێیە حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران توانى بەردەوام و لە روانگەیەکەوە وەها پتە و بمێنێتەوە؟


وه‌ڵام: لە وەڵامى ئەم پرسیارەى ئێوەدا ده‌کرێ ئاماژە بە هۆکارگەلێکى زۆر بکەین، بەڵام من هەوڵ دەدەم وەکوو نموونە ئاماژە بە چەند هۆکارى یەکلاکەرەوە کە لە بەردەوامى و پێشکەوتنى حیزبدا رۆڵى بەرچاویان هەبووە، بکەم:


ئا ـ داخوازیی حیزب رەنگدەرەوەى راستینى داخوازییەکانى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بووە. بەرزبوونەوەى وشیاریی نەتەوەى کورد بە درێژایی سەدەى رابردوو ئەوانى بەو ئاکامە کردەکییە گەیاندووە کە زوڵمە کۆمەڵایەتى، ئابوورى، کولتوورى، مەزهەبى و هتدەکان کە لە لایەن حکوومەتە دیکتاتۆرییەکانەوە بۆ ئەم خەڵکە بە ڕەوا بینراون و دەبینرێن، ریشەیان لە نەبوونى مافى دیاریکردنى چارەنووسیان و نەبوونى دێموکراسیدایە، بەم پێیە بۆ رزگارى لە دەستى ئەم هەمووە زوڵم و نادادپەروەرییە دەبوو خەبات بۆ بەدیهێنانى ئەم مافە ستراتژیکە لە سەرەوەى داخوازییەکان دیکەیان جێى گرتبایە. حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران لە ساڵى 1324ى هەتاوى لەسەر ئەم کوڵەکە پتەوە لە ئیرادەو خواستى جەماوەرى خەڵکى کورد پێک هات.
لە نێوان لێکدانەوە و تێگەیشتنە جیاوازەکان (بۆ مافى دیاریکردنى چارەنووس)، حیزبى دێموکرات هەر لە سەرەتاى پێکهاتنیەوە "خودمختارى کوردستان" لە نێو ئێرانى بە هۆگەلێکى مێژوویی، کولتوورى و ... وەک گونجاوترین شکڵى ئەم "مافە" دیارى کرد و کردیە ئەجێنداى داخوازییەکانى و تەنیا چەند مانگ پاش پێکهاتنى حیزب، رێبەرە لێوەشاوەکانى حیزب و پێش هەموویشان قازى محەممەد بە کەڵکوەرگرتن لە بۆشایی دەسەڵات بە هۆى شەڕى دووهەمى جیهانییەوە و بوونى هێزە بیانییەکان، حکوومەتى کۆمارى خودموختارى کوردستانیان لە شارى مەهاباد راگەیاند. تەمەنى ئەم کۆمارە کەمتر لە ساڵێک بوو، بەڵام هەر لەم ماوە کورتەدا حیزبى دێموکرات هەموو هەوڵى خۆى خستەگەڕ تا داخوازییەکانى خەڵک کە خەون و خەیاڵیان بوو، لەم کۆمارەدا وەدى بێنآ. دێموکراسى، ئازادییە تاکەکەسى و کۆمەڵایەتییەکان، ئازادیی ژنان، ئازادیی رادەربڕین، حکوومەتى یاس و بە گشتى دێموکراسى و ئازادی بە مانا بەربڵاوەکەیان لە دەستکەوتەکانى کۆمارى کوردستان بوون و بەمەش ئەو نایەکسانى، هەڵاواردن و سووکایەتییانەى بە درێژایی چەندین دەیەى یەک لە دواى یەک بۆ خەڵک بە رەوا بینرابوون، لەو چەند مانگەدا بار وبنەیان لە ناوچەکدا پێچایەوە و خەڵک بۆ یەکەمین جار هەستیان بە سەربەرزى و هێمنى کرد.
بە کورتى بە کردەوەدەرهێنانى سەرەکىترین داخوازیی خەڵک لە لایەن حیزبى دێموکراتەوە، لە رەهەندێکەوە نیشاندەریی پێشڕە وبوونى حیزب لە هەڵبژاردنى داخوازییەکانى بوو کە شتەیەک جگە لە داخوازییەکانى خەڵک نەبوون و لە رەهەندێکى دیکەوە نیشاندەرى نیازپاکى حیزب لە بەکردەوەدەرهێنانى داخوازییەکان لە یەکەمین دەرەتاندا بوو. ئەم رووداوانە لە بیرۆکەى مێژوویى خەڵکى کورد نەتەنیا لە کوردستانى ئێران بەڵکوو لە هەموو بەشەکانى کوردستاندا نۆستالۆژیایەکە کە سەرلەنوێ گەیشتنەوەیان پێى بە هەموو نرخێک قەبووڵە و لەم پێناوەدا ئامادەى فیداکارین. حیزبى دێموکرات لەو رۆژەوە تا ئێستا ئاڵاهەڵگرى راستین و راستبێژى وەدیهێنانى ئەم مافە پێشێلکراوەى خەڵک بووە و سەرەڕاى هەموو پیلانەکانى دوژمنانى دێموکراسى و هەڵکردن لەگەڵ زۆر هەلومەرجى دژوار و تاقەتپڕوکێندا، دیسانیش بە بڕواهەبوون و پشتبەستن بەم خەڵکە توانیویەتى هەروا راوەستاو و بەردەوام درێژە بە خەبات لە رێگەى ئارمانەکانى خەڵکدا بدات(1).
1ـ لە بەراوردنێکدا ده‌کرێ چارەنووسى ئەو حیزبانەى لەم ماوە زەمەنییەدا لە سەر بنەماى هەلومەرجى هەستەیەکى یان چینایەتى و گرووپى دامەزراون و بە زۆریش لەسەر بنەماى پاراستنى بەرژەوەندیى هێزە بیانییەکان یان گرووپێکى تایبەت لە کۆمەڵگا راوەستاون، تاوتوآ بکەین و لەم پێناوەشدا، چارەنووسى ئەو گرووپانەش تا ئێستا لە حیزبى دێموکرات جیا بوونەتەوە، بەدەر لەم رێسا گشتییە نەبووە.


ب: پاراستنى سەربەخۆیى حیزب:
سەربەخۆیى حیزب لە پێناسەى حیزبى دێموکراتدا بە ماناى رەچاوکردنى هەڵوێست و تاکتیکگەلێک لە بەرنامەى کاردایە کە پێش هەموو شتێک لەگەڵ ستراتیژیى حیزب کە بریتییە لە مافى دیاریکردنى چارەنووسى خەڵکى کورد لە کوردستانى ئێران دژایەتى نەب و دواتریش بڕیارەکانى پێوەندیدار بە داڕشتنى سیاسەتە گشتییەکان نەکەونە ژێر کاریگەریى خۆشەویستى یان رق و قینەوە و ئەو بارودۆخە هەستەکى کورتماوانە کە بە زۆرى لە نێو ئێمەى خەڵکى رۆژهەڵاتدا بە خێرایى پێک د و بە هەمان خێراییش بێڕەنگ دەب و هەروەها بە هۆى کاریگەرییە نەرێنییەکانى هۆکارە دەرەکییەکانەوە بەلاڕێدا نەچن.
دیارە حیزبى دێموکرات بەو هەلومەرجە دژوار و کێشە زۆرانەى لەگەڵیان رووبەڕوو بووە و هەیە، بە دژوارى توانیویەتى ئەم سەربەخۆییە بپارێز و تەنانەت لە قۆناغى جۆراوجۆردا نرخى قورسى بۆ داوە.


ج: رێبەر و پێشمەرگە:
بە درێژایى تەمەنى حیزب بە تایبەت لە سەرەتاى هاتنەسەرکارى رێژیمى کۆمارى ئیسلامییە کە حیزب تێکۆشانى ئاشکراى خۆى بە شێوەى فەرمى راگەیاند، ژیانى ئەندامانى رێبەریى حیزبى لەگەڵ پێشمەرگەکان کەم تا زۆر هاوئاست بووە. لە رووى یارمەتى مادییەوە، جیاوازییەکى زۆر کەم لە نێوان یارمەتیى ئەندامى رێبەرى لەگەڵ پێشمەرگەیەکدا هەیە. بەپێى ئەو رێساگەلەى لەم بارەوە لەبەرچاو گیراون، هێندآ جار یارمەتیى پێشمەرگەیەک و بنەماڵەکەى لە یارمەتیى ئەندامێکى کومیتەى ناوەندى زیاترە و ئەمەش زیاتر ئەو کاتەیە کە پێشمەرگەیەک ژمارەى ئەندامانى بنەماڵەکەى لە ژمارەى بنەماڵەى ئەندامێکى رێبەرى زیاتر بێ. شوێنى ژیانى ئەندامانى رێبەرى هەر ئەو شوێنەیە کە پێشمەرگەکان و کادرە حیزبییەکان لەوێدان. بەم پێیە، لە بۆمبارانەکاندا، تۆپبارانەکاند و ئەو زەبرانەى تا ئێستا کۆمارى ئیسلامى لە شوێنى ژیانى ئەندامانى حیزبى وەشاندووە، هەمووان بە شێوەى یەکسان کەوتوونەتە بەر هەڕەشە و خەسارەوە. لە مەیدانەکانى شەڕ لەگەڵ بەکرێگیراوانى رێژیمدا، ئەندامانى رێبەرى لەگەڵ پێشمەرگەکان بوون، هەر بۆیە ژمارەى ئەندامانى رێبەریى حیزبى دێموکرات کە شەهید بوون، لەگەڵ هیچکام لە حیزبى سیاسییە ئێرانى و ناوچەییەکاندا بەراورد ناکرآ. سەرما، گەرما، شوێنە جوغرافیاییە نالەبارەکان کە زۆرجار ئەشکەوتەکان وەکوو پەناگاى کوێستانى کەڵکیان لـآوەرگیراوە، هەموویانى بە یەک ئەندازە ئازار داوە.
شایانى باسە هەر ئێستا کە رێبەرایەتیى زۆربەى حیزبە سیاسییەکانى ئێران نیشتەجێى ئورووپ و بە گشتى رۆژئاوان و لەوێدا لە ئیمکاناتى پەنابەرى پشکدارن، لە حیزبى ئێمەدا تەنیا دوو کەس (سکرتێر و جێگرى سکرتێر) پاسپۆرتى دەرەوەیان هەیە کە ئەویش تەنیا بۆ کار و راپەڕاندنى کاروبارى حیزبى کەڵکیان لێ وەردەگرن.


د: دووربینى بە واتاى پێشڕەوبوون:
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى حیزبى سیاسى خوێندنەوەى دیاردەکان و رووداوە سیاسییەکانە نەتەنیا لە کاتى روودانیان بەڵکوو لە داهاتووشدا. پرسە سیاسییە رۆژەڤەکان ئەگەر لە دەلاقەى ئاکامەکانى داهاتوویان تاوتوآ نەکرێن و تەنیا لە چوارچێوەى کاتى روودانیان لێکدانەوە بکرێن، لەوانەیە هەڵوێستە رەچاوگیراوەکان لە کاتى روودانەکەدا هێندآ قازانجى کەم و کورتماوەى بۆ ئەو حیزبە بە دواوە بێ، بەڵام لە درێژماوەدا ئەگەرى ئەوە هەیە زۆر زیان و شوێنەوارى خراپى بۆ ئەو حیزبە و ئەو کۆمەڵگایە بە دواوە بێ. ئەگەر لەم روانگەوە رابردووى سى وچەند ساڵى ئەم دواییەى حیزبى دێموکرات تاوتوآ بکەین، چاومان بە زۆر خاڵ دەکەوآ کە هەنووکە وەکوو بەشێک لە هەڵوێستە مێژووییە باڵاکانى ئەم حیزبە ئەژمار دەکرێن، وەک نموونە:


1ـ لە سەرەتاى هاتنەسەرکارى کۆمارى ئیسلامى و لەو کاتەدا کە سەرانسەرى وڵات لە کەفوکوڵ و ورووژانى سەرکەوتندا! نوقمى هەست و شادى بوون، خەڵکى ئێران لە بە رواڵەت رێفراندۆمێکدا دەنگى ئەرێیان بە کۆمارى ئیسلامى دا، کۆمارى ئیسلامییەک کە تا ئەو رۆژە لە جیهاندا نەناسراو بوو، بەڵام حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران بە دوور لە هەراوهوریاى رووکەشبینانەى خەڵک و پاش خوێندنەوەى پێویست بڕیارى بایکۆتکردنى ئەو رێفراندۆمەى دا. ئارگۆمێنتى ئەو کاتەى حیزب ئەمە بوو کە خستنە رێفراندۆمى "رێژیمى پاشایەتى یان کۆمارى ئیسلامى" هەر هەمان کۆمارى ئیسلامییە، چوونکە خەڵک رێژیمى پاشایەتییان سەرونخوون کردبوەوە و دەنگیان بەو بژارە نەدەد و کاربەدەستانى تازە بەدەسەڵاتگەیشتوو ئامادە نەبوون تەنانەت "کۆمارى دێموکراتیک"ى لێ زیاد بکەن. کەوابوو حیزبى دێموکرات بەو ئاکامە گەیشت کە وەها حکوومەتێک هیچکام لە داخوازییەکانى خەڵک کە لە سەرى سەرەوەى ئازادى بوو، دابین ناکات.
2ـ کاتێک کە باڵوێزخانەى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئامریکا لە تاران لە لایەن گرووپێک بەناو خوێندکارى موسڵمانەوە داگیر کراو و زۆر لایەن لە کردەوەى ئەو گرووپە رێزیان گرت و دنەیان دان، حیزبى دێموکرات لە بەیاننامەیەکدا ئەو کارەى شەرمەزار و مەحکووم کرد و رایگەیاند کە داگیرکردنى باڵوێزخانەى هەر وڵاتێک بە پێچەوانەى یاس و رێسا نێونەتەوەییەکانە و دووکەڵەکەى دەچێتە چاوى خەڵکى ئێرانەوە. راگەیاندنى ئەم هەڵوێستە سیاسییانە لەو رۆژە سەرەتاییانەدا سێڵاوى تۆمەت و بەرچەسپى جۆراجۆرى بەرەو حیزبى دێموکرات وەڕآ خست، لە چەپە دژەئیمپریالیستەکانەوە تا ئەو موسڵمانانەى لە سەرکەوتنى گەیشتن بە سەڵتەنەتى ئایینى سەرخۆش ببوون، هەموویان حیزبى ئێمەیان بە دواکەوتووى بەستراوە بە ئامریک و ... ناو دەبرد. بەرهەمى ئەم هەڵوێستە سیاسییانە کە لەو کاتەدا بە پێچەوانەى خواستى گشتى بوو، حیزبى دێموکراتى خستە پەراوێزەوە ـ جگە لە خەڵکى کوردستان کە دیسانیش متمانەى قایمى خۆیان بە حیزبى خۆشەویستیان پاراستبوو.
رەنگە ئەمڕۆکە، زۆربەى خەڵک و بە تایبەت نەوەى پاش شۆڕش بە ئاسانى بەم هەڵانەیان زانیبێ، چوونکە سى وچەند ساڵ ئەزموونکردنى رۆژانەى رێژیمێک کە خۆیان هێنایانە سەرکار و ئەو خەسار و زەبرانەى بە هۆى داگیرکردنى لانەى سیخوڕى! لە جەستەى ئێرانیان دا، خۆى لە خۆیدا ئەوانى گەیاندووەتە ئەو دەرەنجامە، دەرەنجامێک کە 30 ساڵ لەمەوبەر حیزبى دێموکرات پێى گەیشتبوو و رایگەیاندبوو و ئەمەش بە واتاى پێشڕەوبوونى حیزبێکى سیاسییە.


و: سیاسەتى ئێعتدال و میانەڕۆیى:
ئەگەر سیاسەتى حیزبە سیاسییەکانى ئۆپۆزیسیۆنى ئێران لە سەرەتاى هاتنەسەرکارى رێژیمى کۆمارى ئیسلامییەوە تاوتوێ بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە زۆرێک لەوان لەم ماوەدا تووشى رێکردنى زیگزاگى بوون و بە هۆى ناسەقامگیرى لە ئیدئۆلۆژییەکان و بارودۆخى نێوخۆیى ئێران و ناوچە لە قۆناغگەلى جیاجیادا لە ژێر کاریگەریى بارودۆخى ناڕاست و هەستەکى یان بە هۆى لەپێشگرتنى سیاسەتى پۆپۆلیستى و هێندێ جار چەپگەرایانەوە هەڵوێستگەلێکیان گرتووە کە بە قازانجى خودى ئەو حیزبانە ـ لانیکەم لە درێژماوەد و کۆمەڵگا نەبووە، هەر بۆیە گۆڕینى شێوازەکان و گۆڕینى زۆر سیاسەتمان لە لایەن ئەم گرووپە لە حیزبەکانەوە بینیوە. لە بیرمان نەچآ کە گۆڕینى سیاسەت بە مەبەستى یەکگرتنەوەى لەگەڵ رۆژەڤ بەو مەرجەى ستراتیژى تووشى خەسار نەکات، کارێکى جێى پەسەند و پێویستە، بەڵام ئەوکاتەى ستراتیژى لەگەڵ هەڵوێست و سیاسەتەکانى رۆژ ناتەبا بن، ئەمە بۆ حیزبێکى سیاسى یان تەنانەت حکوومەتێک ماڵوێرانکەرە.


حیزبى دێموکرات هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستە سیاسییەکانى خۆى لەسەر بنەماى بەدەستهێنانى دێموکراسى و مافى نەتەوەیى لە شێوەى خودموختارى لە چوارچێوەى ئێراندا رۆ نا. ئەم سیاسەتە لەو کاتەوە تا بە ئەمڕۆ ستراتژى حیزبى ئێمە بووە و لە هەموو ئەم ماوەدا لە رەچاوکردنى تاکتیکەکان لە پێوەندى لەگەڵ پرسە نێوخۆییەکانى ئێران و پرسە دەرەکییەکاندا هیچکات ئەم ستراتژییەى لەبەر چاو ون نەبووە. لە ساڵەکانى سەرەتاى حکوومەتى کۆمارى ئیسلامیدا کە بەشێکى بەرچاوى کوردستان لە ژێر دەسەڵاتى پێشمەرگەکانى حیزبى دێموکراتدا بوو و ئێستاش کە حیزبى ئێمە چالاکییە چەکدارییەکانى هەڵپەساردووە و رووى کردووەتە چالاکییە تەشکیلاتى و پەیوەندیکارى و راگەیەنییەکان، ستراتژى حیزب ئاڵوگۆڕى بەسەردا نەهاتووە و لە درێژایى ئەم رێگەیە، بە شێوەیەکى میانەڕۆیانە و بێ پسانەوە رێى کردووە. دوورەدیمەنى ئەم ستراتژى و خەباتى میانەڕۆیانە لە پێناو گەیشتن پێى بووەتە هۆى ئەوەى لە کاتى رێبەریکردنى خەباتى چەکدارانە لە کوردستان لە کردەوەگەلێک وەک بارمتەگرتن، تەقەکردن لە کەسانى سڤیل و دامەزراوەکانى لەخۆگرى بەرژەوەندیى گشتى و خەڵکى خۆ بپارێزین. هەڵسوکەوتى شارستانییانە لەگەڵ دیلەکانى شەڕ و رەچاوکردنى مافەکانیان لەو کارانە بوون کە بوون بە هۆى بەدەستهێنانى متمانە و حەقانییەت بۆ خەباتەکەمان لە روانگەى نێونەتەوەیى و تەنانەت لە روانگەى ئەو زیندانییانەى کە لە کاتى شەڕى چەکداریدا لە زیندانەکانى حیزبدا ماونەتەوە.


لەپێشگرتنى ئەم جۆرە لە سیاسەت و کردەوانە بوونە هۆى ئەوەى حیزبى دێموکرات سەرەڕاى وێکەوتنى زەبرى قورس و پیلانگەلى زۆرى کۆمارى ئیسلامى لە تێرۆرى رێبەرانى تا بە هەڵوەشاوەراگەیاندنى حیزب و بەکارهێنانى توندترین هەڵسوکەوت لەگەڵ چالاکانى ئەم حیزبە لە نێوخۆ و دەرەوەى وڵاتدا، دیسانیش لە گۆڕەپانەکەدا بە شێوەى چالاک و کاریگەر بمێنێتەوە و سەرەڕاى هەموو گوشارەکانى رێژیم، دیسانیش خەڵکى کورد و زۆر لایەنى دیکە هەروا پتەوترین و بەرینترین پاڵپشتى حیزب بن.


پرسیار:
ئێوە لە شوێنێک لە قسەکانتاندا باسى سەرهەڵدانى تێگەیشتنێکتان کرد کە کۆمارى مهاباد توانى وەدى بێنێ. تەمەنى ئەم کۆمارە کەمتر لە ساڵێک بوو، بەڵام هەر لەو ماوە کورتەدا حیزبى دێموکرات هەموو هەوڵى خۆى خستەگەڕ تا داخوازییەکانى خەڵک کە خەون و خەیاڵیان بوو، لەم کۆمارەدا وەدى بێنآ. ئایا ئەم رووداوە مێژووییە بە هەموو دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکانى کە بە دروستى ئاماژەتان پێدان، نەبووە هۆى سەرهەڵدانى زەینییەتێکى جیاییخواز لە کۆیەکى هاوپێوەند؟ گەر ئەم زەینییەتە تووشى وەها لێکدانەوەیەک بوو، حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران لەم ماوەدا چۆن لەگەڵ ئەم زەینییەتە بەرەوڕوو بووەتەوە؟ بێگومان قبوڵ دەکەن کە وەها رووداوێک توانى لە نێوان کوردەکان لە چوار بەشى بوونیاندا بنەماى هاندەرێکى بەهێزى سیاسى بۆ سەرزەوین یان وڵاتى کوردستان دابڕێژ و هێندآ لە لایەنە سیاسییەکانیش ئەجێنداى وتراو یان نەوتراوى خۆیان هەر لە سەر ئەم باوەڕە رۆ ناوە. ئێستا حیزبێک کە بە هۆى وەها زەینییەتێک لە درێژایى تەمەنى سیاسى خۆى خوازیارى جۆرێک لە بەشداریى خۆى لە پاڵ دێموکراسى لە ئێراندایە، ده‌کرێ لەگەڵ چ هێزگەلێکى هاوپێوەند یان دژەپێوەندیى نێوخۆیى و دەرەکیدا بەرەوڕوو ببێتەوە؟


وەڵام:
هەر لەو کاتەوە کە بەشێک لە خاکى کوردستان لە ئاکامى لێکەوتەکانى شەڕى چاڵدران (1514) و واژۆکرانى رێککەوتننامەى 1629ى زایینى لە نێوان شاعەباسى سەفەوى و سوڵتان مورادى عوسمانى کەوتە ژێر دەست عوسمانییەوە و دواتر پاش شەڕى یەکەمى جیهانى و لێکهەڵوەشانى دەوڵەتى عوسمانى، ئەو بەشە لە کوردستان کە لە ژێر دەسەڵاتى عوسمانیدا بوو، سەرلەنوێ لە نێوان وڵاتانى عێراق و سووریەدا دابەش کرایەوە، خەباتى کوردەکان بۆ رزگارى خاکى خۆیان لە چنگ وڵاتانى زاڵ بە سەر کوردستان لە بەشە جیاجیاکانیدا هەمیشە درێژەى هەبووە. راپەڕینى شێخ عوبەید وڵڵاى نەهرى لە ساڵى 1880ى زایینى و رزگارکردنى بەشێک لە خاکى کوردستان (مەوداى نێوان گۆلى ورمآ تا وان) لە لایەن ئەوەوە، یەکێک لە تێکۆشانە خەباتگێڕانەکانى کورد بوو بە مەبەستى رزگارى کوردستان. کەوابوو ده‌کرێ بڵێن زەینییەتى خۆجیاکردنەوە و جیاییخوازى (بە تێگەیشتنێک) و یەکگرتنەوەى سەرلەنوێى بەشە دابەشکراوەکانى کوردستان (یەکگرتن) بە پێى تێگەیشتنى ئێمەى کورد و هەروەها راپەڕین و خەباتى زۆر لە پێناو بە واقعییەت دەرهێنانى ئەم زەیینیەتە بەردەوام لە ئارادا بوون. بەڵام بەرەبەرە کە راپەڕینەکان و خەباتە نەریتییەکان بەرەو کامڵبوون دەڕۆن و خەباتى کورد شێوەیەکى مۆدێڕنتر بە خۆیەوە دەگرێ، راستییە سیاسییە جیهانى و ناوچەییەکان لەسەر بەرنامەى کارى خەبات، ئامانجەکان و شێوەى خەباتى خەڵک پتر کاریگەرى دادەنێن. دامەزراندنى حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران بە بەرنامەیەکى پێشکەوتووانە و مۆدێڕن و ماوەیەکى کورت دواى ئەوە پێکهاتنى کۆمارى کوردستان و بەرنامەى پێشکەوتووانەى ئەم کۆمارە بە خاڵێکى وەرچەرخان لەم رەوتە مێژووییەدا دەژمێردرآ، بەو مانا کە ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریی خۆیان لەسەر شێوازى خەبات لە بەشەکانى دیکەشدا دادەنێن، لەوانەیە هەر بە هۆى ئەم کاریگەرییەوە بووبێ کە راست دواى تێپەڕینى ساڵێک بە سەر تەمەنى حیزبى دێموکرات، حیزبى دێموکراتى کوردستانى عێراق هەر بەو دروشمە سەرکییەوە ـ دێموکراسى بۆ عێراق، خودموختارى بۆ کوردستان ـ پێک هات.


هەڵبەت لە سەرەتاى ئەم قۆناخە نوێیە تا ئێستاشى لەگەڵدا بێ مەیلگەلێک بۆ خەبات بە مەبەستى بەدەستهێنانى سەربەخۆیی و یەکپارچەیی کوردستان لە نێوان هێندآ کەس و حیزبى کوردستانیدا لە بەشە جیاوازەکانى ئەم نیشتمانەدا لە ئارادا بوون، بەڵام ئیمڕۆکە پارادایمی زاڵ بەدەستهێنانى ئازادى و مافى سیاسیی کوردەکانە لە چۆارچێوەى سیستمى حکوومەتیی فێدراڵ لە و وڵاتانەدا کە بەشێک لە کوردستان بەڕێوە دەبەن و لە ئاکامدا خودموختاربوونى کوردەکانە لە چۆارچێوەى ئەم وڵاتانەدا.


حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران بە بەرجەستەکردنى دێموکراسى کە نەبوونى لە ئێراندا یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانى سەرکوت و زوڵمەکانى سەر خەڵکى کورد و هاوڵاتییانى دیکە بووە و بە سەرنجدان بە راستییە سیاسییە جیهانى و ناوچەییەکان و کارى بەردەوام و بێ پسانەوەى سیاسى و تەشکیلاتى لە نێو خەڵکدا بە درێژایی دەیان ساڵ توانیویەتى لە پێناو گەشەى هەستى هاوپێوەندیدا کاریگەرى بێ، بە شێوەیەک کە ده‌کرێ بڵێین ئێستا لە کوردستانى ئێراندا هیچ حێزبێکى سیاسی جیددى سەربەخۆییخواز نیە.


هەڵبەت هێنانەبەرباسى ئەم مەسەلە بە هیچ شێوەیەک ئەو واتایە ناگەیەنآ کە بیرۆکەى سەربەخۆییخوازى کوردەکان بیرۆکەیەکى نەرێنى و رەتکراوە، بە پێچەوانەوە سەربەخۆیی کوردەکان هەر وەک هەموو ئەو نەتەوانەى تا ئێستا بە سەربەخۆیی وڵاتى خۆیان گەیشتوون، مافى رەو و بێ ئەمل وئەولاى ئەوانە و سەرکوتى ئەم مافە لە ژێر هەر ناوێکدا رەتکر و و مەحکوومە. بەڵام قسەى ئێمە ئەوەیە کە لە کوردستانى ئێراندا ـ و ده‌کرێ بڵێین لە هەموو بەشەکانى کوردستاندا ـ خەڵک پتر شێوەى خودموختارییان لا پەسندە.


پڕسیار: حیزبى ئێوە چەندین دەیە بە دروشمى دێموکراسى بۆ ئێران و خودموختارى بۆ کوردستان خەباتى سیاسیی خۆى لە ئێراندا بەڕێوە برد. چەند ساڵێکە ئەم دروشمە بووەتە ئێرانى فیدراڵ. بۆچى و بە پێى چ هۆکارگەل و شرۆڤەگەلێکى کۆمەڵایەتى ـ مێژوویی ئەم دروشمە سەرەکییەى حیزبەکەتان گۆڕى؟ هەروەها لە هێنانەبەرباسى دروشمى پێشتردا، چاوتان بڕیبووە دێموکراسى بۆ ئێران، واتە ئەوە لەسەر بنەماى دێموکراسى بوو کە چاوەڕوان دەکرا داخوازیی خەڵکى کوردستان وەڵام وەربگرێتەوە. بەڵام ئایا پێتنوێیە دروشمى ئێرانى فیدراڵ وەک پێویست ده‌توانێ وەکوو گەرەنتیکەرێکى بنەڕەتى وەڵامدەرى دادخوازیی خەڵکى ئێران بێ؟


وه‌ڵام:
گۆڕینى دروشمى سەرەکى حیزب لە "دێموکراسى بۆ ئێران و خودموختارى بۆ کوردستان" بە "ئێرانى فیدراڵ" دەرهاویشتەى خوێندنەوەى ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتى، سیاسی و ئابوورییە بەربڵاوانەیە کە لە کاتى هەڵبژاردنى دروشمى پێشتر لە کونگرەى سێهەمى حیزب (1352) تا کاتى جێگرتنەوەى بە دروشمى "ئێرانى فیدراڵ" (پووشپەڕى 1383)، واتە لە مەوداى زەمەنیى پتر لە 30 ساڵدا لە جیهان و ئێران و کوردستاندا روویان داوە.


لە دەیەى چلى هەتاویدا دابەشبوونى جیهان بە سەر دوو ناوچەى رۆژهەڵات و رۆژئاوا یان سەرمایەدارى و کۆمۆنیستى و درێژەکێشانى شەڕى سارد، شوێنەوارى فیکرى و سیاسیی خۆى لەسەر کۆمەڵگاى جیهانى دانابوو، چوونکە هەرکام لەو ناوچانە (رۆژهەڵات بە رێبەریی یەکیەتیی سۆڤیەتى سۆسیالیستى) و رۆژئاواى سەرمایەدار (بە رێبەریی ئامریکا) لە پەڕەپێدانى بیرۆکەى زاڵخوازانەو ئازادیخوازانەى خۆیان لە وڵاتانى ژێر نفووزى سیاسی و بیرۆکەیى خۆیاندا ـ هەرکام لە روانگەى خۆیانەوە ـ زۆر چالاک بوون. کەشوهەواى بیرۆکەیی ئەو رۆژانە لە نێوان زۆربەى رووناکبیرانى رۆژهەڵاتى ناڤین و لەوانە ئێران و بە تایبەت کوردەکان و هەروەها بیرۆکە چەپەکانى هەڵخڕاو لە حیزبى توودەى ئێران، بە واتاى شوێنکەوتووبوونى بێ ئەملاوئەولاى سیاسەتەکانى شۆرەوى بوو، چوونکە لەم وێناکردنەدا، نەمانى ئەو نادادپەروەرى و زوڵمە چینایەتى و نەتەوەییانەى لە سیستمە سەرەڕۆکانى وەک سەرەڕۆیی پاشایەتى لە ئێران و دیکەى سیستمە سەرمایەدارییەکاندا هەن، تەنیا لە رێگەى دامەزراندنى سوسیالیزم (لە جۆرى شۆرەوى یان چینییەکەى) دەلو و شێوەبەخشین بە فۆرمى خەبات بە مەبەستى گەیشتن بەم بەهەشتە بەڵێندراوە! کاریگەریی بێ ئەملاوئەولاى خۆى لەسەر بیرۆکە رووناکبیرییەکانى ئەو سەردەمەدا دانابوو.


رێکخراوو چالاکانى سیاسی لە کوردستانیش نەتەنیا لە کارتێکەرى ئەم بەریەککەوتنانە بە دوور نەبوون، بەڵکوو لە لایەکەوە ئەو هەڵاواردن و زوڵم و سەرکوتانەى کە لە لایەن رێژیمى ئەوکاتەوە دژ بە خەڵک رەوا دەبینران و لە لایەکى دیکەوە خاوەنداریی خودموختارى لە نێو یەکیەتیی سۆڤیەت لە لایەن ئەو نەتەوە جۆر وجۆرانەى ئەو یەکیەتییە فرەجۆرەیان پێک دەهێنا، لە هەڵبژاردنى دروشمى "خودموختارى کوردستان" بێ کاریگەرى نەبوون.


دیارە دامەزراندنى حکوومەتى "کۆمارى خودموختارى کوردستان" لە ساڵى 1324ى هەتاوى لە لایەن حیزبى دێموکراتى کوردستان بە رێبەرایەتیی شەهید پێشەوا قازى محەممەد کە کەمتر لە یەک ساڵ بەردەوام بوو  و دواتریش نۆستالۆژى کوردەکان بۆ ئاواتى دامەزراندنەوەى حکووموتى خودموختاریش لە هەڵبژاردنى ئەم دروشمە سەرەکییە بۆ حیزبى دێموکرات، وەکوو میراتگرى حکوومەتى خودموختارى کوردستان هۆکارێکى زێدەتر بووە. هەر لەو کاتەدا هەڵبژاردنى ناوى "کۆمارى خودموختار" بۆ حکوومەتى نێوخۆیی کوردەکان لە ساڵى 1324 و هەڵبژاردنى دروشمى خودموختارى لە لایەن رێبەرایەتیی حیزبى دێموکرات لە ساڵەکانى دواترد و هەروەها جێگرتنەوەى ئەو دروشمە بە فیدراڵیزم، پنچیان لە نێو ئۆگرى و هەڵبژاردنى وشیارانەى ئەم حیزبە و خەڵکى کوردستان بۆ پێکەوەژیان لەگەڵ خەڵکى ئێران و پاراستنى یەکپارچەییەکەیدا داکوتاوە، هەر چەند لەو کاتەوە تا هەنووکە خزمەتکارانى (نۆکەرانى) رێژیمى پاشایەتى و کۆمارى ئیسلامى داخوازیی خودموختارى و فێدراڵیزمى حیزبى دێموکراتیان بە پیشاندەرى جیاییخوازى ئەم حیزبە ناساندووە و ژمارەیەک لە چالاکانى سیاسی ئێرانیش ئاگایانە یان لە ژێر کارتێکەریی پروپاگەندەى ژەهراوى ئەم دوو رێژیمە ئەمەیان دووپات کردووەتەوە.


پاش کۆتاییهاتنى شەڕى سارد و بە بەرەکەتى پەیوەندییە خێراکان، خێرایی ئاڵوگۆڕى زانیارى و لە ئاکامدا بەرزبوونەوەى ئاستى  وشیاریی جەماوەری خەڵک و لەوانە نەتەوەکانى نیشتەجێى ئێران، سیاسەتە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکان بە ئاراستەیەکى نوێدا رۆیشتن. داڕمانى حکوومەتى ئیدئۆلۆژیک ـ سەرەڕۆی یەکیەتیى سۆڤیەت و پێکهاتنى زۆر حکوومەتى سەربەخۆی نەتەوەیی لەسەر وێرانەکانى ئەم ئیمپراتۆرییە و گۆڕانکاریی قووڵى کەم تا زۆر لێکچوو لە یوگوسلاوى، ئاشنایی پترى نەتەوە زوڵملێکراوەکانى ناوچە بە تایبەت لە ئێران بە پێشێلکارى مافەکانیان لە لایەن حکوومەتى سەرەڕۆیی مەزهەبیی کۆمارى ئیسلامییەوە، سووککردنى زمان، کولتوور و تەنانەت مەزهەبەکەیان، چەواشەکردنى مێژووى خەباتى ئەم نەتەوانەو زۆر هۆکارى دیکە دەستیان دایە دەست یەکتر و بوونە هۆى ئەوەى چاوەڕوانییەکان و داخوازییەکانى نەتەوە زوڵملێکراوەکانى ئێران زیاتر بن و لەمە زیاتر گوێڕایەڵى سیاسەتە دواکەوتووانەو یەکدەستکەرەکانى رێژیم لە ژێر ناوى ئیسلامدا نەبن.


کوردەکان بە پێى ئەزموونە مێژووییەکانى خەباتى نەتەوەیی خۆیان لە ماوەى یەک سەد ساڵى رابردوود و خاوەندارى حیزبى ریشەدارو بەئەزموون لەوانە حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران، هەر لە دەستپێکى هاتنەسەرکارى کۆمارى ئیسلامییەوە بەم تێگەیشتنە راستە گەیشتن کە بە رێبەرایەتیی ئەم رێژیمە نەتەنیا هیچکام لە داخوازییە سیاسییەکانیان وەدى نایەن، بەڵکوو خەڵکى دیکەش لە ئێراندا رووى ئازادى و خوشگوزەرانى بە خۆیانەوە نابینن. بەشدارینەکردنى خەڵکى کورد لە ریفراندۆمى دیاریکردنى جۆرى حکوومەت و خەباتى ئەوان دژى رێژیمى تازەدامەزراوو هەروەها زۆرێک لە هەڵوێست و سیاسەتەکانى رۆژە سەرەتاییەکانى حکوومەت هەموو نیشاندەرى ئەم راستییەن، بەڵام مخابن ئەو رۆژانە هێشتا بە هۆگەلێکى زۆرەوە ئەم وشیارییە لە نێوان نەتەوەکانى دیکەى ئێراندا پێک نەهاتبوو، هەر بۆیە زۆر سروشتى بوو کە حیزبى دێموکرات هەر خواستى "خودموختارى بۆ کوردستان"ى پآ بەس بوو.


بەڵام لە ساڵانى دواییدا، پاش تێپەڕینى چەندین ساڵ و پێکهاتنى گۆڕانکاریی بەرین و قووڵى فرەچەشن بەتایبەت گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ناوچەد و لەوانە ناسیارى رێژیمى کۆمارى ئیسلامى و بەرزبوونەوەى ئاستى وشیاریى نەتەوەکانى ئێرانى، ئەو داخوازییەى کە رۆژێک داخوازیى خەڵکى کورد بوو و حیزبى دێموکرات وەکوو حیزبى خۆشەویستى زۆربەى خەڵکى کورد دەربڕى ئەم داخوازییە، واتە خودموختارى بوو، بووەتە داخوازیى گشتیى نەتەوەکانى ئێرانى. خەباتى سیاسى ئەم نەتەوانە لە ئازەربایجان، بەلووچستان، ئەهواز و ... لەم ساڵانەد و سەرەڕاى هەموو سەرکوتە دڕندانەکانى رێژیم، پێکهاتنى حیزبەکانى ئەم نەتەوانە بە شێوەى ئاشکر و نهێنى لەسەر بنەماى داخوازییە نەتەوەییەکاندا، دەرکەوتە راستەقینەکانى ئەم داخوازییانەن و تۆمەتبارکردنى حیزب و چالاکانى سیاسیى ئەوان لە لایەن رێژیمى کۆمارى ئیسلامى بە بەستراوە بە بێگانە، قاچاخچى ماددە هۆشبەرەکان، تیرۆریست و ... نەیتوانیوە شتێک لەم راستییە کەم بکاتەوە.


کەوابوو لەبەر ئەوەى لە دەیەى یەکەمى حکوومەتى کۆمارى ئیسلامیدا، مەیلێکى شایانى سەرنج بۆ داخوازیى نەتەوەیى لە نێو نەتەوە جۆراوجۆرەکانى ئێراندا بوونى نەبووە، داخوازى خودموختارى بۆ هەموو نەتەوەکانى ئێران (حکوومەتى فیدراڵ لە ئێراندا) لە لایەن حیزبى دێموکراتەوە لەگەڵ راستییەکانى ئەوکاتەدا یەکى نەدەگرتەوە، چوونکە ئەم حیزبە ئەو مافەى بۆ خۆى بە رەوا نەزانیوە لە لایەن نەتەوەکانى دیکەى ئێرانەوە قسە بکات و داخوازییەکانیان بێنێتە بەرباسەوە، بەڵام ئەم داخوازییە بەرە بەرە ـ بە هۆگەلێک کە پێشتر ئاماژەمان پآدا ـ بوو بە داخوازى هەموو نەتەوە ئێرانییەکان و هەموویان ئەم مافانەیان داوا کرد و هەر بۆیە خواستى بنیاتنانى حکوومەتێکى دێموکراتیکى فیدراڵ لە ئێراندا بە مەبەستى بەدیهاتنى مافە سیاسییەکانى نەتەوە زوڵملێکراوەکان هاتە ئاراوە و بوو بە دروشمى سەرەکیى حیزب. لەم روانگەوە ده‌کرێ بڵێین ئەوەندەى کە داخوازیى خودموختارى لە دەورەیەکى مێژوویى دیاریکراودا داخوازیى راستەقینەى خەڵکى کورد بووە و هێنانەئاراى ئەم دروشمە لە لایەن حیزبى دێموکراتەوە لەگەڵ بارودۆخى سیاسى و کۆمەڵایەتیى ئێران و کوردستاندا یەکى دەگرتەوە، هەر بەو جۆرەش جێگرتنەوەى بە دروشمى سەرەکیى فیدراڵیزم لەگەڵ بارودۆخى سیاسیى ئەمڕۆى ئێران، نەتەوەکانى ئێران و ناوچەدا یەک دەگرێتەوە.


با ئەم راستییەش بە هۆکارە باسکراوەکان زیاد بکەم کە پێکهاتنى حکوومەتى فیدراڵ لە ئێراند و حکوومەتە خودموختارەکان لە ناوچە نەتەوەییەکان بۆ نەتەوەکانى ئێران، خۆى ده‌توانێ لە پتەوبوون و پەرەسەندنى دێموکراسى لە سەرانسەرى ئێراندا رۆڵێکى زۆر بەرچاوى هەب و هەروەها وەکوو جێى متمانەترین گەرەنتى بۆ مانەوە و پاراستنى ئەم خودموختارییانە دەژمێردرآ، بەو مانا کە ئەگەر لە هەلومەرجێکدا حکوومەتى ناوەندى ئێران خودموختارى بۆ یەکێک لە نەتەوە ئێرانییەکان بە فەرمى بناسێ، هەر ئەم حکوومەتە لە هەلومەرجێکى دیکەدا ئاسانتر دەتوانێ باروبنەى ئەم خودموختارییە تێکەوەپێچێ، بەڵام ئەوەندەى کە نەتەوەکانى دیکەش خاوەنى ئەم مافە بن، تێکەوەپێچانى هەموویان بۆ حکوومەتى ناوەندى هێندە ئاسان نابێ.


لێرەدا بە پێویستى دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە حیزبى دێموکرات لە ماوەى ئەو ساڵانەدا کە خودموختارى کردبووە دروشمى سەرەکیى خۆى، هەمیشە لەسەر ئەم مەسەلەش پێداگرى کردووە کە لە وڵاتێک وەک ئێران کە نەتەوەگەلێکى جۆراوجۆر هەرکام لە ناوچەى جوغرافیایى تاڕادەیەک دیاریکراودا ژیان بەسەر دەبەن، فیدرالیزم باشترین شێوەى حکوومەتە.


لەمەڕ بەشى دووهەمى پرسیارەکەتان دەبێ بڵێم کە لە هەڵبژاردنى دروشمى فیدرالیزمیشدا "دێموکراسى بۆ ئێران" دیسانەکە کەوتووەتە پلەى یەکەمەوە، چوونکە لە کۆنگرەى سێزدەهەمدا، مەسەلەى فێدرالیزم بەم شێوە باس کراوە: "دروشمى ستراتژیکى حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران، دامەزراندنى سیستمێکى دێموکراتیکى فیدراڵ لە ئێراند و دابینکردنى مافى نەتەوەیى بۆ نەتەوەى کورد لە کوردستانى ئێراندایە". داڕشتنى چەمکى "سیستمى دێموکراتیکى فیدراڵ" بە سەرنجدان بەم راستییە هەڵبژێردراوە کە دێموکراتیکبوونى سیستمەکە لە سەرەوەى ئامانجەکاندایە و بە هیچ شێوەیەک لەبیر نەکراوە. چوونکە دێموکراسى لە هەر هەلومەرجێکدا لە سەرى سەرەوەى ئامانجەکانى خەباتى حیزبى دێموکراتدا بووە و هەیە.


پرسیار: ئاغاى هیجرى ئاماژەتان بە پرسى فێدرالیزم کرد، ئەوەى کە فێدرالیزم لە ئێراندا گەرەنتیکەرى دێموکراسى و هەروەها دابەشکردنى دەسەڵاتى سیاسى دەبێ. هەر لەم پێناوە لەوانەیە قبووڵى بکەن کە پرسى دابەشکردنى دەسەڵاتى سیاسى و پشتکردن لە سیستمێکى ناوەندگەراى سیاسى ـ کولتوورى ده‌توانێ رێگەگەلى جۆراوجۆرى هەب و دەبینین کە ریزبەندى بۆچوونە سیاسییەکانى هێزە سیاسى و فیکرییەکان لە ئێراندا بە جۆرێکە کە دابەشکردنى دەسەڵاتى سیاسى پەسەند دەکەن بەڵام ئاڵتێرناتیڤى جۆراوجۆرى بۆ پێشنیار دەکەن. هەر لەم پێوەندییەدا خوازیارم چەند پرسیارە لەم پێوەندییەدا بخەمە ڕوو. ئایا فیدرالیزم تەنیا ئاڵتێرناتیڤى لواو بۆ دابەشکردنى دەسەڵاتى سیاسییە؟


وەڵام: ئەزموونى دەسەڵاتدارى لە یەکسەد ساڵى رابردووى ئێراندا نیشانى داوە کە تۆتالیتاریزم لە ناوەنددا وەکوو پاڵهێزێکى بەهێز بۆ سەرکوتى داخوازییە نەتەوەییەکانى نەتەوە ئێرانییەکان و لەوانە خەڵکى کورد کەڵکى لێ وەرگیراوە، ئەم سیاسەتە سەرەڕاى گونجاندنى خاڵگەلێکى جێى پەسەند و بە رواڵەت دێموکراتیک لە یاساى بنەڕەتیى وڵات بۆ ناوچە نەتەوەییەکانى ئێران وەک لەبەرچاوگرتنى ئیختیارگەلێک بۆیان، بە شێوەى بەردەوام کەڵکى لێ وەرگیراوە.


پرسیار: شێوازێک لە ئەندێشەى سیاسى خوێندنەوەیەکى نەوتراو بەڵام روونى لە داخوازییەکانى ئێوە هەیە. ئەوان وێڕاى رێزگرتن لە بوونى کورد، ئەم گومانە دەچێنن کە داواکاریى فێدرالیزم بیانوویەکە بۆ جیابوونەوە. ئەم بانگەشە توانى ئیمڕۆکە لە زەینییەتى بەشێک لە خەڵکى ئێراندا گومان بخاتە سەر فێدرالیزم و ئەو بەشە لە خەڵک لەگەڵ خۆى بخات. تۆمەتلێدان لە داخوازییەکانى کورد بێ شک ده‌توانێ هەستێکى دووفاقیانە لە زەیندا دروست بکات. هەر چۆنێک بێ ئەم هێزە فیکرییە لەوانەیە لە زەینییەتى چەپ یا دێموکراتیشدا بدۆزرێتەوە، راست هەر ئەو بەشە کە بانگەشە بۆ دیسانترالیزەکردنى دەسەڵاتیش دەکەن. وەڵامى بەڕێزتان؟


وەڵام:
لە ئێرانێکدا کە لە هەموو مێژووى خۆیدا رووى دێموکراسى بە خۆیەوە نەبینیوە، بە درێژایى چەندین سەدە و بەتایبەت لە نیو سەدەى رابردوودا هەڵاواردن و ستەم نەتەنیا لە کردەوە و ئەندێشەى دەسەڵاتداراندا، بەڵکوو لە ئەندێشەى گرووپێک لەو کەسانەشدا کە بانگەشە بۆ دێموکراسى و یەکسانى دەکەن و خۆیشیان لە ژێر زوڵم و هەڵاواردنى دەسەڵاتداراندان، هێندە پنچداکوتراوە کە توانایى خۆرزگارکردن لە بەرهەمهێنانەوەى سەرەڕۆیى و هەڵاواردنیان نیە، کەوابوو تەنیا فێدرالیزمە کە ده‌توانێ نەتەوە زوڵملێکراوەکان دڵنیا بکاتەوە و داهاتووى سیاسییان بۆ مافى یەکسان لەگەڵ هەمووان لە چوارچێوەى ئێراندا گەرەنتى بکات. نەتەوەکانى نیشتەجێى سەرزەوینى ئێران و لەوانە ئێمە کوردەکان لە هەلومەرجە هەستیار و گرنگەکاندا، زۆر پێداهەڵگوتن و ستایشمان بیستووە و خوێندووەتەوە وەک ئەوەى کە کوردەکان ئاریایی رەسەنن، سنووردارى بەغیرەتن، نیشتمانپەرەستى دلێرن و ...، بەڵام هەر ئەم نەتەوە بەم تایبەتمەندییە نوێزانەوە هەرکات خوازیارى سەرەتاییترین مافە ئینسانییەکانى خۆیان وەک خوێندنى منداڵانیان بە زمانى زگماکى بن، زوو بە زوو دەبن بە جیاییخواز، دژە شۆڕش، مۆرە و بەکرێگیراوى بێگانە و ... و بە تۆمەتى ئەو تاوانە نەکراوانە سزا دەدرێن. لە لێدانى ئەم تۆمەتانە و سزادرانیان، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەو گرووپە دێموکراسیخواز و یەکسانیخوازانە! و رێژیمە توتالیتێر و سەرەڕۆکاندا نەبووە. بەم هۆیە و زۆر هۆى دیکە، لە روانگەى ئێمەوە فێدرالیزم تاقە ئاڵتێرناتیڤى لواو بۆ دابەشکردنى دادپەروەرانەى دەسەڵاتى سیاسى لە ئێراندایە.


ئەو هێزە ئەندێشەییانەى ئێوە باسى دەکەن، هەر ئەو هێزە ئەندێشەییە بەڕواڵەت دێموکراتانەن کە تێئۆریگەلێکى زۆر دادەتاشن و بە زۆر رێگەى زیگزاگدا دەڕۆن تا بەڵکوو بتوانن ئەگەر پێویستى کرد یان ناچار بوون کە باسى لابردنى نیوەچڵى هەڵاواردن بکەن، لە داهاتوود و پاش بەدەستەوەگرتنى دەسەڵات هەرکات ویستیان بتوانن بە کردەوە پشتگوێى بخەن و رێگە بۆ دەکارکردنى سەرەڕۆیى شاراوەى نێو زەینیان خۆش بکەن. ئەگەر ئەوان بەڕاستى باوەڕیان بە فێدرالیزمە، بۆچى قامک لەسەر شێوەیەکى دانانێن کە رەزامەندیى نەتەوەکانى ئێرانى بەدواوە ب و هەمووان بە قەدەر یەک بکاتە خاوەن و دڵسۆزى ئەم سەرزەوینە؟


پرسیار:
بەڵام لەبەرامبەر ئەم ئەندێشەدا، هێزى ئەندێشەیى خوازیارى فێدرالیزمیشمان هەیە. ئیمڕۆکە زۆرتر هێزى کۆمەڵایەتى وەک بیرمەندان، فێدرالیزم وەکوو تاقەرێگاى دێسانترالیزەکردنى دەسەڵات سەیر دەکەن، بەڵام چۆنییەتى دامەزران و جۆرى تێگەیشتنیان لە فێدرالیزم ده‌کرێ هێنانەبەرباسى ئاڵتێرناتیڤى جیاوازى لێ بکەوێتە، وەک فێدرالیزم لەسەر بنەماى جوغرافیایى ـ ئوستانى و فێدرالیزم لەسەر بنەماى جوغرافیاى کولتوورى ـ زمانى.ئایا پەسەندکردن یان رەتکردنەوەى هەرکام لەم باوەڕانە پێویستى بە کارى کارناسانە لە بیاڤى تاوتوێى قووڵى بوارە ئابوورى ـ سیاسى و کولتوورییەکان نیە؟ ئەگەر وەڵامەکە ئەرێنییە، لە روانگەى ئێوەوە ئێمە چ داتاگەلێکمان بۆ پەسەندکردن یان رەتکردنەوەى ئەم ئاڵتێرناتیڤانە لەبەر دەستدایە؟


وەڵام:
لە لایەکەوە جێگرتوونەبوونى دێموکراسى کە بەشێکى بۆ تاقینەکردنەوەى دێموکراسى لەم وڵاتەدا دەگەڕێتەوە ـ تەنانەت لە زەین و ئەندێشەى گرووپێک لەوانەى کە بانگەشە بۆ دێموکراسى دەکەن ـ  و لە لایەکى دیکەوە ئەزموونى فێدرالیزم لە زۆر وڵاتى دێموکراتیک و پێشکەوتووى ئەمڕۆى جیهان کە پێکهاتەى حەشیمەتییان لە نەتەوە جۆراوجۆرەکانى نێشتەجێى جوغرافیاى دیاریکراوى ئەو وڵاتانە پێک هاتووە و زۆر هۆکارى دیکە بوونە هۆى ئەوەى فێدرالیزم تاقە بەربژارى دێموکراتیک و متمانەپێکراو و لواو بۆ ئێرانى فرەنەتەوەیى بێ. ئەم شێوە لە بەڕێوەبردنى وڵات، هەڵبەت لە وڵاتانى دیکەدا بە پێى خوێندنەوەى کارناسانە هەڵبژێردراوە و دەمێک ساڵە بە کردەوە بەڕێوە دەبر و زۆر ئەزموونى بە پێز لەم پەیوەندییەدا لە بەردەستدایە. مەبەستى من ئەوە نیە کە ئێمە بین و فێدرالیزم لە شوێنێکى دیکەوە کۆپى بکەین و لە وڵاتى خۆماندا دایبەزێنین، بەڵکوو بە پاراستنى بنەڕەتى ئەم ئەزموونە سەرکەوتووە بە جۆرێک لە وڵاتى خۆماندا دایبەزێنین کە وەڵامدەرى تایبەتمەندییەکانى ئێران بێ، هەڵبەت لەم بەشەدا پێویستیمان بە کارى کارناسانە هەیە.


پرسیار: وێدەچآ رەوتى وتووێژى سیاسی لە نێوان هێزە فیکرى و سیاسییەکان یان دەستى پآ نەکردووە یان زیاتر خۆیان بە پەراوێزەکانەوە لەسەر ئەم بەربژار و ئاڵتێرناتیڤانە خەریک کردووە. ئێوە بۆ ئەوەى کە ئەم وتووێژە بە شێوەى جیددى بێتە دى، چیتان کردووە و چ بەرنامەیەکتان بۆ داهاتوو هەیە؟


وەڵام:
رەوتى وتووێژى سیاسی لەسەر ئێرانى فێدرال لە بەراورد لەگەڵ ساڵە سەرەتاییەکانى حکوومەتى کۆمارى ئیسلامیدا بە تایبەت لە دەیەى رابردوودا پێشکەوتنى زۆرى بە خۆوە بینیوە، ئێستاکە بەشێکى زۆر لە چالاکانى سیاسیی نەتەوەکانى ئێران لەم بارەوە باس دەکەن، وتار دەنووسن و کۆڕ و کۆبوونەوە پێک دێنن.


چەند ساڵ لەمەوبەر کونفرانسگەلێک لە زانستگاکانى قەزوین، تەورێز و تاران لە لایەن مامۆستایان و خوێنداکارانى نەتەوەکانى ئێران بە تایبەت تورکە ئازەربایجانییەکان بەڕێوە چوون و تێیاندا لە فێدرالیزم پشتیوانییان کرد. لە دەرەوەى وڵاتیشدا چالاکیگەلێکى بەرچاوى سیاسی لە لایەن رووناکبیران و گرووپە سیاسییە فێدرالـخوازەکان و هەموو ئەو کەسانەى بیر لە داهاتووى ئێرانێکى هێمن و پێشکەوتوو دەکەنەوە و باوەڕیان بە دروشمى "ئێران بۆ هەموو ئێرانییەکان"ە، بەردەوامە. "کۆنگرەى نەتەوەکانى ئێرانى فێدرال" کە نوێنەریی فیکریی زۆربەى نەتەوەکانى ئێرانە، لە بەشگەلێکى زۆرى کۆمەڵگاى نێونەتەوەیی پێشوازى لێ ده‌کرێ.


ئێمە لەم پێناوەدا هەوڵە تەشکیلاتى و راگەیێنی و پەیوەندیکارییەکانى خۆمان خستۆتە گەڕەوە تا بە هاوکارى باقى چالاکانى سیاسیی باوەڕمەند بە فێدرالیزم ئەم گوتارە جیددیتر و بەرینتر بەرەوپێش ببەین. کارەکانى حیزب لەم پێناوەدا کاریگەرییان داناوە و لەوانەشە هەر بەم هۆیە بێ کە لەم رۆژانەدا تۆتالیتاریزمى باڵادەست و بندەست لە چەپ و راستەوە زیاتر لە پێشوو دەستیان کردووە بە هێرش بۆ سەر چالاکانى فێدرالـخواز لەوانە حیزبى دێموکرات. لە بەرنامەماندایە هاوڕآ لەگەڵ هێزەکانى دیکەى باوەڕمەند بە دێموکراسى و یەکسانى لە داهاتووشدا لە پێناو پێکهێنانى کەشوهەوایەکى باشتر بۆ تێگەیشتن لەم پرسە لەگەڵ هاووڵاتیانمان سەر بە هەر بیرۆکەیەک بن، بکەوینە وتووێژەوە.


پرسیار: لە یەکێک لە دیمانەکانم لەگەڵ ئێوەدا پرسیارێکم سەبارەت بە رەوتى وەدیهاتنى ئاڵتێرناتیڤى سیاسیی ئێوە کە ئێرانێکى فێدراڵ و دێموکراتە هێنایەئاراوە. وەڵامى ئێوە روون و رەپوڕاست بوو. فەرمووتان دادخوازى و ئاڵتێرناتیڤى سیاسیی خۆتان لە رێگەى خەباتى سیاسى و دێموکراتیک و ریفراندۆم دەبەنە پێش. ئێستا جارێکى دیکەش خوازیارم ئەم پرسیارە بێنمە بەرباس کە ئەگەر ئەم داواکارییە لە ریفراندۆمێکدا پەسند نەکرا، سیاسەتى حیزبى ئێوە چى دەبێ؟


وەڵام: هەڵبەت رێگەى ئێمە بۆ گەیشتن بەم داخوازییە سیاسییە درێژەدانى خەباتى سیاسی و دێموکراتیک و دواجار ریفراندۆمە، بەڵام ریفراندۆم لەسەر دیاریکردنى چارەنووسى نەتەوەیەک دەبێ لە نێو هەر ئەو نەتەوەدا بکرێ. ئەگەر لەم ریفراندۆمەدا نەتەوەى مەبەست ـ بۆ نموونە کوردەکانى ئێران ـ سیستمى فێدرالى رەت بکەنەوە، بێگومان حیزبى ئێمە لە دەنگى زۆرینە پێڕەوى دەکات. بەڵام ئەگەر مەبەستى ئێوە ریفراندۆم لە هەموو خەڵکى ئێران لەسەر کوردەکان بێ، بەو مانا کە هاووڵاتیی من لە شیراز لەسەر کوردەکانى کوردستانى ئێران یان تورکە ئازەربایجانییەکان بڕیار بد و دەنگ بدا یان بە پێچەوانەوە، وەها ریفراندۆمێک بە دێموکراتیک نازانم، چوونکە ئەگەرى هەیە ئاکامەکانى وەها ریفراندۆمێک ئاڵوگۆرێک لە بار ودۆخى نالەبارى نەتەوەکانى لـآنەکەوێتەوە، واتە دووپاتبوونەوەى هەمان بارودۆخ و دەستپێکردنەوەى دەورێکى دیکەى خەبات لە پێناو وەدەستهێنانى مافى سیاسیدا. ریفراندۆم دەبێ لە نێو نەتەوەکانى ئێرانیدا بکرێ، بۆ نموونە دواجار ئەو خەڵکى کوردن کە مافى دیاریکردنى چارەنووسى خۆیان هەیە و چۆنیەتیی بەڕێوەبەریی ناوچەکانى خۆیان دیارى دەکەن.


پرسیار: هێندآ پرس هەن کە پێویستیان بە ریفراندۆمى گشتى هەیە. بۆ نموونە کاتێک لە بارەى سیستمى دێموکراتیکى داهاتووەوە دەدوێنن، بڕیاردان لە سەرى دەکەوێتە چوارچێوەى یەکەیەکى نەتەوەییەوە. پرسیارەکەى من راست بەم واتایە کە ئەگەر خەڵکى ئێران بە سیستمێکى دێموکراتیک و ناناوەنداگەرا بەڵام نافێدراتیو دەنگ بدەن، هەڵویستی سیاسیی ئێوە چى دەبێ؟


وەڵام: ئێمە لە دەنگدانى خەڵک بە سیستمى دێموکراتیک پێشوازى دەکەین و گەر ئەم سیستمە دێموکراتیکە داخوازییەکانى ئێمە وەدى نەهێنآ، ئەوکات لە دێموکراتیکبوونى سیستمەکە بە مەبەستى گەیشتن بە داخوازییەکانى دیکەمان کەڵک وەردەگرین، هەروەک هەموو جەماوەرى کۆمەڵگ و نەتەوەکانى دیکەى ئێران. کەوابوو دابەشکردنى دەسەڵاتى ناوەندى لە هەر شێوەیەکدا ـ کە ئێوە ئاماژەتان بە هێندێکیان دا ـ کە خەڵکى دیکە لە بەڕێوەبەرى کار وبارى وڵاتدا بەشدار بک و لە رادەى ئەو ستەم و هەڵاواردنانەى دژى نەتەوەکان و شارۆمەندانى ئێرانى بە رەوا دەبینرێن، کەم بکاتەوە، ئەمە هەنگاو یا هەنگاوگەلێکن کە ئێمە لە ئامانجەکانمان نزیک دەکەنەوە، بەڵام لەوانەیە بەس نەبن و بۆیە دەبێ ئەو رێگەى کە ماوە تا گەیشتن بە دوائامانج تێپەڕ بکەین.


پرسیار: ئاماژەتان بە کۆنگرەى نەتەوەکانى ئێرانى فێدرال کرد کە لەم پێوەندییەدا بێگومان دەنگە گشتییەکان جۆرگەلى جیاوازییان هەیە. کۆنگرەى نەتەوەکانى ئێرانى فێدرال لە حیزب و هێزە جیاوازەکان لە سەرانسەرى ئێراندا پێک هاتووە. جگە لە حیزبە کوردستانییەکان، حیزبەکانى دیکە هیچ مێژینەیەکى خەبات و هیچ بەڵگەیەکى نیشاندەرى خاوەندارى پێگەى خەڵکى ناخەنە بەردەستمان، ژمارەیەکى زۆر هەر لەم حیزبانە هاوکات لەگەڵ دامەزراندنى کۆنگرە بۆ یەکەمین جار ناسێنران و هەر لەم ماوەشدا نەیانتوانى پێوەندییەکى ئۆرگانیک لەگەڵ خەڵکەکەیان پێک بێنن. بەڵام بێگومان توانییان سەرنجى هێندآ لە دامەزراوە جیهانییەکان بەرە و خۆیان رابکێشن. ئایا کۆنگرە لەسەر بنەماى راکێشانى سەرنجى دامەزراوە جیهانییەکان دامەزراوە؟ هەر لەم پێوەندییەدا حیزبى ئێوە، کۆنگرە و ئالتێرناتیڤى سیاسی خۆى لەسەر هاوپێوەندى لەگەڵ کۆنگرەى نەتەوەکانى ئێرانى فێدرال داناوە. زۆرێک لەو حیزب سیاسییانەى کە هەنووکەش لەگەڵ ئێوەن، بڕوایان بەم ئاڵتێرناتیڤە نیە. ئەم بارودۆخە چەندفاقیانە چۆن ده‌توانێ رێگەیەکى روونى خەبات پێناسە بکات؟


وەڵام:
لە پێوەندى لەگەڵ کۆنگرەى نەتەوەکانى ئێرانى فێدرال و رێکخراوەکانى ئەندامى، دەبێ بڵێم کە تەنیا هەبوونى مێژینەى خەبات بۆ حیزبێک وەک پێویست نابێتە هۆى پێگەى خەڵکى بۆ ئەو حیزبە، تەنانەت دەبینین حیزبە لەمێژینەکانى ئێران ئێستا کەمترین پێگەى خەڵکییان هەیە و پێچەوانەکەشى وەڕاست دەگەڕ و ئەویش ئەوە کە ئێمە لە جیهان و لە رۆژهەڵاتى نێوەڕاستدا زۆر حیزبى تازەدامەزراو دەناسین کە لە هەر بارێکەوە وەپێش حیزب لەمێژینەکان کەوتوون. بەدەستهێنانى پێگەى کۆمەڵایەتى بۆ حیزبێک بۆ چونیەتیی بەستێنى فیکرى و بەرنامەى کارى ئەو حیزبە دەگەڕێتەوە، لە کوردستاندا کەم نەبوون حیزبگەلێک کە خۆیان بە زۆر پێشکەوتوو دەزان و بە چاوى سووک سەیرى حیزبە لەمێژینەکانى کوردیان دەکرد، بەڵام چوونکە هەڵگرى داخوازیی خەڵک نەبوون بەرە بەرە کەوتنە بیرەوەریی مێژووەوە. لەمەڕ حیزبەکانى نەتەوەکانى دیکەى ئێرانیش بارودۆخەکە هەروایە، حیزبەکانى ئەندام لە کۆنگرە ئاڵاى خەبات بۆ مافە نەتەوەییەکانى نەتەوەگەلێکیان بە دەستەوە گرتووە کە بە درێژایی دەیان ساڵ لە ژێر هەموو جۆرە زوڵمێکدا بوون، کەوابوو هۆکارێک لە گۆڕێدا نیە بۆوەى لە نێو ئەم خەڵکدا پێگەى کۆمەڵایەتییان نەبێ. من لەسەر ئەو باوەڕەم کە هەر کام لەوان کەم تا زۆر لەگەڵ خەڵکەکەى خۆیان پێوەندیی ئۆرگانیکیان پێک هێناوە، بەڵام نابێ چاوەڕوان بین کە ئەم پەیوەندییانە هەروەک پێوەندیی نێوان هێندآ لە حیزبە کوردستانییەکان و خەڵک بێ، چوونکە ئەم پەیوەندییە لە کوردستاندا لە ماوەى چەندین دەیە کار و تێکۆشان پێک هاتووە. لە کاتێکدا لانیکەم هێندێ لە حیزبەکانى کۆنگرەى نەتەوەکانى ئێرانى فێدرال مێژینەیەکى ئەوتۆى خەباتیان نیە، بەڵام بە تێپەڕینى کات و کار و تێکۆشان، پێوەندى ئەوانیش لەگەڵ خەڵکەکەیان هەنگاو بە هەنگاو بەرینتر دەبێ.


پرسیار: حیزبى ئێوە لە بارودۆخێکى ئاڵۆزدایە، لە لایەکەوە لە بەرامبەر رێژیمێکدا راوەستاوە کە لەنێوبردنى ئەم حیزبەى کردووەتە ئامانجى و لە هیچ جۆرە جینایەت و تێرۆرێکیش دژى ناسڵەمێتەوە. لە لایەکى دیکەوە لە لایەن هێندآ لە سیاسەتمەدارانەوە رووبەڕووى تۆقاندن و تۆمەتگەلێک وەک جیاییخوازى بووەتەوە و لە لایەکى دیکەشەوە رووبەڕووى هێزێکى فیکرى بووەتە کە هەرچەند کەمن بەڵام لە نێو رووناکبیران و چالاکانى کورددا هەن و ئالتێرناتیڤى سەربەخۆییان کردووەتە مەبەستى سیاسى خۆیان. بەڕێزتان بارودۆخى خۆیان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ هەروەها چ سیاسەت و گوتارێک لەم گۆڕەپانە جۆراوجۆرانەدا پێشنیار دەکەن؟


وەڵام:
ئێوە لەم پرسیارەدا لەسەر چەند خاڵ قامکتان داناوە کە حیزبى ئێمە بەرەوڕوویان بووەتەوە، رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رێژیم کە حیزبى ئێمەى بە هەڵوەشاوە راگەیاندووە و هەر جۆرە چالاکییەک لە ژێر ئەم ناوەدا بە توندترین شێوە سەرکوت دەکا. خەبات دژى ئەم رێژیمە یان رێژیمانە بە مەبەستى وەدەستهێنانى مافى سیاسى و دێموکراتیک بۆ خەڵکى کوردستانى ئێران، ئەرکى مێژوویى و چییەتیى حیزبى دێموکراتە، ئەم خەباتە بە درێژایى 65 ساڵى رابردوو سەرەڕاى زۆر کەند و کۆسپ دیسانیش درێژەى هەبووە. درێژەدانى ئەم رێگا تا گەیشتن بە دوائامانج هەروا درێژەى دەب و هەموو ئەندامان و لایەنگرانى حیزب هەروەک رابردوو ئەم رێگەیە دەبڕن و هەڵبەت ئەو کەسانەى لەم رێگایەدا رێ دەکەن ئاگادارى کەند وکۆسپەکانیشن، هەر بۆیە سەرەڕاى دژوارى رێگەکە، تێگەیشتن لە بارودۆخەکە بۆ ئەوان دژوار نیە. هەروەها ئەوەى ژمارەیەک لە چالاکانى سیاسى کورد ئالتێرناتیڤى سەربەخۆییان رەچاو کردووە، زیاتر بۆ بەرکارهێنانى سیاسەتى سەرکوتکەرانە و هەڵاواردن دژى خەڵکى کورد دەگەڕێتەوە و ئەوەندەى کە ئەم جۆرە سەرکوت و هەڵاواردنانە توندتر و بەربڵاوتر بن، ئەوەندەش هێزى سڵکردنەوە لە ناوەندیش بەهێزتر دەبێ. هەر بۆیە سەربەخۆییخوازى لە نێو نەتەوە ئێرانییەکانى دیکەدا لە بەراورددا زەقتر بووەتەوە. ئێمە وێڕاى رێزگرتن لەم روانگانە، لە پێوەندى لەگەڵ "مافى دیاریکردنى چارەنووسى نەتەوەکان" خوازیارى حکوومەتێکى دێموکراتیکى فێدرال لە ئێرانداین و لە لایەن ئەم گرووپەشەوە رەخنەمان ئاراستە کراوە، بەڵام سەرەڕاى ئەم هەمووە گرفتەش، هێشتا لە نێو کوردەکانى ئێراندا خواستى خودموختارى بۆ کوردستان لە چوارچێوەى ئێرانى فێدرالدا بەریانى زاڵە. ئێمە لەگەڵ ئەم بەشە لە هاوڕێیانمان هیچ جۆرە دژایەتییەکمان نیە، بەڵکوو بۆ راى ئەوان رێز دادەنێین.


بەڵام ئەوەى کە هێندآ لە هاووڵاتیانمان داخوازییە سیاسییە دێموکراتیکەکانى ئێمە بە جیاییخوازى دەزانن و لەم پێوەندییەدا تۆمەتگەلى ناڕەواى جۆراوجۆرى دیکە لە ئێمە کوردەکان یان لە حیزبى ئێمە دەدەن، بۆ خراپ تێگەیشتنیان لە دێموکراسى و دابەشکردنى دەسەڵاتى ناوەندى دەگەڕێتەوە کە ئێمە هیوادارین بە خستنەڕووى روونکردنەوەى زیاتر لە لایەن ئێمە و لایەنگرانى دیکەى حکوومەتى فێدرالەوە ئەم خراپ تێگەیشتنانە نەمێنن و بگەینە ئەو رۆژەى کە هیچ کەسمان خۆمان بە ئێرانیتر لەوانى دیکە نەزانین و بەم بیانووەوە لەسەر درێژەدانى هەڵاواردنەکان و زوڵمەکان دژى کوردەکان و نەتەوە ئێرانییەکانى دیکە پێداگرى نەکەین و هاودەست و هاوڕێى رێژیمە تۆتالیتێرەکان نەبین.


لێرەدا بە پێویستى دەزانم ئاماژەیەک بکەم بەم راستییە کە پەرەسەندنى ئەم جۆرە تۆمەتدانە بە حیزبى ئێمە زیاتر نیشاندەرى پەرەسەندنى رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاترى بەریانى پێکهاتنى ئێرانێکى دێموکراتیک و فێدرال لە نێو ئازادیخوازان و نیشتمانپەروەرانى راستەقینەى ئێراندایە تا بەڵکوو بۆ هەمیشە کۆتایى بەم هەڵاواردنە بێ.


پرسیار: لەم ساڵانەى دواییدا لەگەڵ گەشەى زەینى نەتەوەکانى ئێرانى لەسەر بنەماى باوەڕ بە بوونى مێژوویى و مرۆیى خۆیان و گەشەکردنى رۆژ لەگەڵ رۆژ پترى وشیارى لە پێناو وەدەستهێنانى یەکسانى لە بوارەکانى کۆمەڵایەتى ـ ئابوورى و کولتوورییەوە، جۆرێک ئەندێشەى مێژووسازى و لێکجیاکردنەوەى بنچینەکان و بایەخەکان پێک هاتووە.هێندێک خەبات لە پێناسەى نەژادى، زاڵى یان زەبوونى کولتوورى یەکدیدا دەبیننەوە. هێرش دەکەنە سەر بنچینەکانى و هێماکان و بایەخە کولتوورى و زمانییەکانى یەکتر تا لەسەر حەق بوونى خۆیان بسەلمێنن. چەمکگەلێک وەک پان فارسیزم، فارسى فاشیست، فارسى داگیرکەر، شۆڤێنیزمى فارس خەریکن دەبنە دەستەواژەگەلێکى رۆژانەى وتووێژەکان. لە راستیدا دوامەنزڵى یەکسانیخوازى کولتوورى سیاسى بەرەو دژەکولتوورى دەڕوات. من گومانم نیە کە بەشێک لە هێزى بزوێنەرى ئەم هەڵسوکەوتە دەگەڕێتەوە بۆ کردەوەکانى رێژیم و دامەزراوە سیخوڕییەکانى، بەڵام بەشێکى دیکەى بۆ خۆمان دەگەڕێتەوە و ئەوەى کە هەستە سەرکەوتکراوەکان لە جیاتى راستى و ئاوەزى خەباتگێڕانە دادەنێین. بە بۆچوونى من ئەم بارودۆخە هەم دڵەڕاوکێى لێ دەکەوێتەوە و هەم زەینییەتى یەکگرتوو بۆ خەبات دژى کۆمارى ئیسلامى سست دەکات. حیزبى ئێوە هیچکات لەم جۆرە باسانەدا بەشدار نەبووە و هەموو هەوڵ و تێکۆشانى بۆ یەکیەتیى سیاسى بە کار هێناوە. بەڵام ئایا پێتان وا نیە خەباتتان لەم پێناوەدا بەس نەبووە و دەبوا رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وەها خراپ تێگەیشتنگەلێکتان لە بەرنامەى کارى خۆتاندا بگونجاندبا؟ لەم بوارەدا، چۆن بیر دەکەنەوە و چ پێشنیارێکتان هەیە؟


وەڵام: حیزبى ئێمە وەکوو حیزبێکى دێموکرات و یەکسانیخواز بە چاوى رێزەوە سەیرى کولتوور، زمان، مێژوو و بیروباوەڕى مەزهەبى هەموو هاووڵاتییانى ئێرانى و غەیرەئێرانى دەکا، لەسەر ئەم بنەمایە بە درێژایى ساڵانى خەباتمان دژى هەڵاواردن، هەمیشە لە نێو ئەندامان و لایەنگرانى خۆمان بۆ ئەم کولتوورە تەبلیغاتمان کردووە. حکووومەتى 11 مانگەى کۆمارى کوردستان لە مهاباد لە ساڵى 1324ى هەتاویش بەڵگەیەکى تەواوە بۆ سەلماندنى ئەم باوەڕە. کولتوورى حیزبى ئێمە لە سەرەتاوە تا ئێستا لەسەر بنەماى پێکهێنانى یەکسانى و بەرابەرى بووە، بۆیە ئێمە کە لە رێگەى وەدیهاتنى ئەم یەکسانى و بەرابەرییەدا خەبات دەکەین دمانهه‌وێ هەر جۆرە زاڵخوازییەک نەهێڵین تا هەموومان پێکەوە بین، نە ئەوەى کە خۆمان بە زیاتر لە خەڵکى دیکە بزانین. لەوانەیە لە نێو هێندآ لە هاووڵاتییانى فارس و نەتەوە ئێرانییەکانى دیکەى ئێمەدا کەم و زۆر روانگەى شۆڤێنیستى هەبێ، ئەم بەریانە بە گشتى مەحکوومە، چوونکە دەبێتە بەربەست لە بەردەم رێگەى پێکەوەژیانى نەتەوەکاندا. لە روانگەیەکەوە بەکەمزانینى نژاد یا کولتوورێکى دیکە هیچکات نابێتە هۆى بەرزبوونەوەى کولتوورى هێرشبەر. دژە کولتووربوون، بە کەمزانینى خەڵکى دیکە و مافى تایبەتى بۆ خۆت بە ڕەوازانین، لەگەڵ یەکسانیخوازى و نەمانى هەڵاواردندا ناکۆکى هەیە، هەر بۆیە ئێمە مەحکومى دەکەین.


لە پەرەپێدانى ئەم روانگەدا، حیزبى ئێمە کارى بێ پسانەوە و بەربڵاوى کردووە، لەوانەیە هەر بەم هۆیەشەوە بێ کە لە نێو کوردەکاندا بەکەمزانین و سووکایەتى کەمتر لەوانى دیکە دەبینرآ، بەڵام بۆ پەرەپێدانى رێزگرتن لە یەکتر و بایەخ دانان بۆ کولتوورەکان پێویستى بە کارى زۆر و لێبڕاوى هەموو روناکبیران و چالاکانى سیاسى دێموکرات لە سەرانسەرى ئێراندا هەیە. بەتایبەت کە کۆمارى ئیسلامى بە بەکاربردنى سیاسەتە توندوتیژانە و هەڵاواردنییەکانى خۆى بە زۆرى خەریکى پێکهێنانى دووبەرەکى و دوژمنایەتى لە نێو نەتەوە جیاجیاکانى ئێراندایە.


پرسیار: نەوەى لاوى ئێرانى ئیمڕۆ بێگومان زۆر جیاوازییان لەگەڵ نەوەى خەباتگێڕانى پێشوودا هەیە. یەکێک لە لایەنە دیارەکان و تایبەتمەندییەکانى نەوەى لاو، تاکەکەسگەراییەتى. یەکێکى دیکە بەشدارییەتى لە بوارى چەندایەتى و چۆنایەتییەوە لە گۆڕەپانى زانست و زانستە ئاکادێمیکیەکاندا. پێتنوێیە حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران تا چەند توانیویەتى لەگەڵ ئەم نەوەدا پێوەندى دابمەزرێنآ؟ ئایا داخوازییەکانى نەوەى لاوى کورد لە خستنەڕووى ئەندێشەى حیزبى ئێوەدا وەرگیراوە؟ لە بنەڕەتدا، ئێوە پێگەى هەنووکەى حیزب لە نێو گرووپە تەمەنى و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟


وەڵام: پرسیارێکى سەرنجڕاکێشە، نەوەى لاوى کوردەکان راست ئۆگرییەکى زۆریان بە خوێندنى ئاکادێمیک و پێشکەوتوو هەیە، زۆر کونجکۆڵ، ئاگ و خاوەن کولتوورن. ئەگەر هەڵە نەکەم ئامارى خوێندکارانى کورد لە ئێران بە نیسبەت حەشیمەت، خاوەنى رێژەیەکى بەرزە و هەر ئەمەش بووەتە هۆى ئەوەى کە ئەگەر حەشیمەتێک لە نێو نەوەکانى رابردوودا بە بزووتنى هەست وەدووى بەدەستهێنانى مافى سیاسى خۆیانەوە بوون، نەوەى ئەمڕۆ بە وشیارى تەواو و شعوور و ئەندێشەوە لە رێگاى خەبات بۆ وەدەستهێنانى ئەم مافانەدا هەنگاوى ناوە، چالاکییە بەرچاوەکانى خوێندکارانى کورد لە زانستگاکانى شارە کوردنشینەکان و شارەکانى دیکەى ئێران پنچى لە نێو ئەم وشیارییەدا داکوتاوە.


ده‌کرێ یەکێک لە هۆکارەکانى ئەم راستییە لە بارودۆخى پڕ لە هەڵاواردن و سووکایەتیدا ببینینەوە کە رێژیمى کۆمارى ئیسلامى بۆ نەتەوەى کورد و هەم ئەم نەوەیە پێکى هێناوە. چۆن ده‌کرێ چاوەڕوان بکرێ نەوەى لاو و خوێندەوارى ئیمڕۆى کورد کە لە رۆژێکەوە کە چاوى هەڵهێناوە بەوەى زانیوە کە خوێندن بە زمانى دایکى لێ قەدەغە کراوە، باوەڕە مەزهەبییەکانى بە شێوەى رۆژانە سووکایەتى پێ ده‌کرێ، بە تاوانى کوردبوون و سووننىبوون خراوەتە پەراوێزەوە و نیشتمانەکەى خاپوور و دواکەوتووە، دەسەڵاتدارانى نیشتمانەکەى لە تاران و ئیسفەهان و ...ەوە هاتوون، چوونکە کوردەکان لێهاتوویى بەڕەبردنى ناوچەکانى خۆیان نیە؟! و وەکوو کەسانێکى هەتیو و دواکەوتووى زەینى دەبێ لە لایەن کەسانێکى باڵاترەوە سەرپەرستى بکرێن!، کاتێک داواى ئازادى دەکا، دژى شۆڕشە!، گەر خوازیارى کەمکردنەوەى سێبەرى ئەم سەرپەرستە داسەپاوانە بێ، جیاییخوازە! و هەرکات لە برسییەتى و بێکارى دەنگى هەڵهێنا، بەستراوە بە ئیستکبارە! و بەم تۆمەتانە دەبێ ئێعدام یان زیندانى بکرێ، سەرچاوەى هەموو ئەم ئێش و ئازارانە لە بیر بکات و لە ئەندێشەى تاکەکەسیى خۆیەوە ـ بەپێى لێکدانەوەى ئێوە ـ رۆ بچێ؟ مەگەر ئەوە نیە کە تاکى ئەو بە هۆى کوردبوونییەوە کەوتووەتە بەردەم هێرشى بێ بەزەییانەى گرووپێک دواکەوتوو؟ کەوابوو ئەو بە بۆنەى تاکەکەسگەرایى ئازادى خۆیشییەوە بێ، وشیارانە بەم راستییەى زانیوە کە بۆ گەیشتن بەم تاکە ئازادە لە پێشدا دەبێ لە ژێردەستەبوون رزگارى ب و بتوانێ هەر وەک لاوێکى کورد خۆى بنوێن و ئەو دەستانەى کە دەیانهەوێ بێ شوناسى بکەن و بیکەنە پێچ ومۆرە لە کۆڵ خۆى بکاتەوە، هەر بۆیە بۆ گەیشتن بەم مەبەستەیە کە دێتە نێو رێکخراوەوە و پەیوەستى خەبات دەبێ.


حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران لەوێڕا کە هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا بە بێ هیچ گومانێک رزگاى ئەم تاکەکەسییە و دواجار کۆى ئەوان وەکوو نەتەوەى کوردى لە وەدەستهێنانى مافى خودموختاریدا بینیوەتەوە و لە هەر هەلومەرجێکدا ئالاهەڵگرى راستەقینەى خەبات بۆ بەدەستهێنانى ئەم مافانە بووە، زۆربەى جەماوەرى ئەم خەڵکەى لە دەرودا کۆ بوونەتەوە. ئەم خەباتە و لەپێشگرتنى ئەم سیاسەتە ئێستاش پردى پێوەندى نێوان ئەم نەوە لەگەڵ حیزبى دێموکراتە، جگە لەمەش، داخوازییە دێموکراتیکەکانى دیکەى ئەم نەوەش لە بەرنامەى حیزب و ستراتژى و تاکتیکەکانیدا بە روونى باس کراون.


ئەم باسانە و خستنەڕووى ئەم رێگاچارانە، پرسگەلێکى وەها ئاڵۆز و تێکچڕژاو نین کە پێویستییان بە پۆلێنبەندى بە سەر پێش و پاش دێموکراسى هەبێ. لەسەر ئەم روانگانە، ئامانجى هەرەسەرەکى گوتارى سیاسى بۆ ئێمە، بەفەرمىناسینى ئەم مافە روون و ناسراوانەن، چوونکە ئەم بەفەرمىناسینە خاڵى دەسپێکى هەنگاونان بەرەو دێموکراسى راستەقینە، پێکهاتنى ئێرانێک بۆ هەموو ئێرانییەکان و ئاشتى نەتەوەییە. رێگەیەک کە پێچەوانەکەى لە یەک سەدەى رابردوودا نەیتوانیوە ئێرانێکى یەکپارچە ـ بە زۆرى سەرەنێزە ـ دروست بکات و ببێتە پردێکى متمانە لە نێوان هەموو نەتەوەکانى ئێرانیدا.

 


qasimlopdki@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک