٢١\٢\٢٠١١
(خادم الحرمین
الشریفین) ى کورد و کلتورى بڕینەوە.

هیوا رەش
لە شاخ و لە شار و هەتا کاتى ئەم نووسینەش - استحمام و استجمام - ى
بەرپرسەکانمان لە ئەوروپا بووە ، تووشى نەخۆشییەکى سووک بووبن بە مانگ
لە ئوتێلە نایابەکانى ئەوروپا بنەوبارگەیان خستووە و عیلاجى سووریان
کردووە ، گەشتوگوزارى خۆیان و خاووخێزانیان لە ئەوروپایە ، سەردانە
فەرمى و نافەرمییەکانیان لە ئەوروپایە ، دراوسێ و پاسەوانەکانیان بە
ئیفاد ئەنێرن بۆ ئەوروپا ، وێڕاى دزینى پارەى ئێرە چاویان لە سۆشیال و
خانەنشینى ئەوروپایە ، بۆ تەنگانە ڕەگەزنامەى ئەوروپایان لە بەڕکدایە ،
ئەوروپا بۆتە نیشتمانى سەرەکییان ، بەڵگە و بەراوورد و نمونەکانیان لە
سەر ئەوروپایە ، نەخشەى خانووەکانیان و دیزاینى ئەپارتمانەکانیان لە
سەر شێوازى ئەوروپایە ، قات و جلوبەرگ و هەڵسوکەوتیان لە ئەوروپاوە
هەڵئەهێنجێنن ، ( شڕە ئەدیداس ) ەکانیشیان هى ئەوروپایە ، هەتا پرۆسە
سەقەتەکەى پەروەردەشیان دەقاودەق لاسایى کردنەوەى ئەوروپایە ، بەڵام
مەسخەرەکەیان لەوەدایە عەقڵ و مەکینەکەیان ڕێک عەقڵ و مەکینەى میر و
شاکانى دوڕگەى عەرەبی و سەدان ساڵەى پێش ئێستایە ، لە گەڵ ئەواندا
ئەشیایان هەمان ئەشیایە و بەس هەیکەلیان جیایە ، لەم تەرزە پیاوانە
دەمێکە لە ناو ئێمەدا هەن بۆیە پێشینان وتوویانە : بە ڕیش نیە بە ئیشە
.
مافى مرۆڤ ، دادپەروەرى ، دیموکراسى ، دەسەڵاتى تەکنۆکرات ، کۆمەڵگاى
مەدەنى ، بیروڕاى ئازاد ، ئازادى ڕۆژنامە گەرى ، سەروەرى یاسا ، مافى
ڕادەربڕین و مانگرتن و خۆپیشاندان ، مافى ژن ، یەکسانى ، شەفافیەت
----- و کۆڵێک دەستەواژەى وا بەکار ئەهێنن لەوانەیە نەزانن ماناکەشیان
چییە ؟ ! ئەوان ، بەرپرسەکان هەمیشە خوانى قسە زلەکانیان پڕە لەو جۆرە
خواردەمەنییانەى کە خۆیان ئیشتیهاى ناکەن ، ئەو هەموو دەستەواژانەى لاى
ئەوان بەکار ئەبرێت لە شێنەیى ، لە سەغڵەتى و تەنگانەدا ، لەو کاتەى کە
گیڤ ئەبنەوە وەکو عەلەشیش ، ئاوازێکى تر ئەژەنن ، نەک هەر گوللە بە
خەڵکییەوە ئەنێن ، نەک هەر تۆمەت ئەبەخشنەوە ، بەڵکو دەستیش ئەبڕنەوە ،
چەشنى شێخەکانى خەلیج بۆیان بکرێت یاساکان ئەگۆڕن و هەموو ئەوانەى لەوە
پێش ئیدیعایان کردووە ئەکەنە بڵقى سەر ئاو ، لە جێى ئەوانەدا
یاساگەلێکى تر ، یاساى جەهل و نەفامى لە جێیاندا دا تۆو ئەکەن ،
ناوەڕۆکى خۆیان دەرئەخەن ، ئەمڕێنن و کەڵبەى تیژیانمان پیشان ئەدەن .
ڕژێمەکى سەدام حوسێن زاراوەگەلێکى زۆریان بۆ ئەوانە دائەتاشى کە
هاوڕایان نەبوون ، غەوغائى و موخەریبیان زۆر بە ئاسانى و لە ماوەى
چاوترووکانێکا وەکو خائیننانە بە بەرۆکى خەڵکدا ئەکرد و لە پێشدا بە
حوکمێکى بچووک کەوتنە وێزەى کەسى تۆمەتبارکراو و گوێچکەیان ئەبڕى ، کە
بۆیان چووە سەر ئینجا حوکمەکەیان گەورە کردەەوە و کەوتنە لووت بڕین ،
لە دواییشدا گەورەتریان کردەوە گەییشتە ڕادەى دەسبڕین و لەوێدا خەڵک
کەوتنە دەنگ هەڵبڕین و بارەگا و دەزگا چەواشەکارییەکانیان لە بنا
هەڵتەکان ، ئێمەى دڵپاک وامانزانى کە بەعس داڕما ئیتر قۆناغى بڕین
کۆتایى دێت و سەر هەڵناداتەوە ، کەچى دواى تێپەڕ بوونى هەشت ساڵ ،
قۆناغى دەسبڕین بووە سەرەتاى قۆناغى نوێى بڕینەوەى بەرپرسە ( شۆڕشگێر )
ەکانمان ، قیروسیا لە دەسمان بەڵام ئەترسین دواى ئەم قۆناغە کابراى
بەرپرسمان وەکو پاڵەوانێکى قۆڵبڕ پەیامى قۆڵبڕینمان ئاراستە بکات ،
ئەگەر بێت و نەک پەنجەرەى بارەگاکەى بشکێنین نەخاسمە بە لاى
پەنجەرەکەشیاندا گوزەر بکەین واوەیلا بە حاڵمان ، دڵنیاشم کە کار بگاتە
قۆڵبڕین بەوەوە ناوەستێتەوە بەڵکو لە ناوقەدیشمان دێتە پێشەوە ، بە (
مەقسەڵە ) نا ، چونکە لەم چاخى عەولەمە و مودێرنەیەدا باوى ئەو دەزگا
دواکەوتووانە نەماوە ، ئێستا سەردەمى عەسڕى سورعە و ڕێژنەى گوللەیە ،
تا کڵاشینکۆف و بیکەیسى وەستابن بڕوا ناکەم پەنا وەبەر ( مەقسەڵە )
ببەن ، بەرپرسەکانى ئێمە گەلێک لەوانەى پێشووتر مۆدێرنتر و شارستانیتر
و شارەزاتر و بێئەمەکترن ، بۆ ڕاستیى ئەمەش ، ئێمەى لاوى کوردى ئەو
دەمەى بیستونۆ ساڵ بەر لە ئێستا ، لە کەرکوکدا خۆپیشاندانمان ئەنجام دا
بەڵام بەعسییەکان نە دەبابەیان هێنایە سەرمان و نە بە قەد ئێستاى شارى
سلێمانیش خەڵکمان لێ پێکرا ، ئەشەدوبیللا لەیەک شتدا ڕەفتاریان
هاوشێوەیە ، ئەوانیش و ئەمانیش بریندارەکانى بیمارگەکانیان بە ناوى
لێکۆڵینەوەوە دەست بە سەر کردووە .
ئەمە وڵاتە یان قەسابخانەیە ، ئەمانە بەرپرسن یان قەساب ؟ ! ئێستاش
ئێمە بە بەرخى نێر ئەزانن بۆیە باس لە سەر ( بڕین ) مان ئەکەن ، یان
پێیان وایە : دارى گەندەڵى بە خوێن ئاو نەدرێ قەد بەر ناگرێ - بە
کوشتوبڕ نەبێ ، پێیان دیزە بە دەرخۆنە ناکرێ .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|